یانەی وەرزشیی دهۆک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-23-14:55:00 - کۆدی بابەت: 8035
یانەی وەرزشیی دهۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یانەی وەرزشیی دهۆک (بە ئینگلیزی: Duhok Sports Club، بە عەرەبی: نادي دهوك الرياضي، بە بادینی: یانه‌یا وه‌رزشی یا دهوکێ) یانەیەکی کوردییە و مەڵبەندەکەی لە شاری دهۆکە و لە ساڵی ١٩٧٠ دامەزراوە. یانەیەکی بەهێزی خولی کوردستان و عێراقە و لە خولی پلەیەکی عێراقدا یاری دەکات. لەگەڵ یانەی زاخۆ وەک دوو پێشبڕکێکار دەردەکەون و ساڵانە دێربی بادینان ئەنجام دەدەن.

مێژوو

یانەی تۆپی پێی دهۆک لەلایەن گەنجانی شاری دهۆکەوە دامەزراوە کاتێک سێ تیپ لە ١٩٧٠/١٢/١٤ ڕۆشتنە پاڵ یەکتری و یانەکەیان دروست کرد. یانەکە تاوەکوو ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ لە خولەکاندا بەشداری دەکرد، بەڵام لەو ساڵانەدا بە مەبەستی پشتگیری شۆڕش و مافەکانی گەلی کورد چالاکییەکانی هەڵپەسارد. لە ساڵی ١٩٧٦ لە خولی پلە سێیەمی عێراق بەشداری کرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٩٠ لە خولی پلە دووی عێراق مایەوە. لە ١٩٩٠ - ١٩٩١ بەشداری هیچ چالاکییەکی نەکرد بەهۆی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ـەوە.

تیپی تۆپی پێی یانەکە لە وەرزی ١٩٩٢ - ١٩٩٣ وەک پلە چوار دەستی بە چالاکی کردەوە و دوای ساڵێک سەرکەوت بۆ خولی پلە سێ. لە وەرزی ١١٩٤-١٩٩٣ یانەکە بەشداری لە خولی سێیەمدا کرد و جارێکی تر یانەکە بۆ خولی دووەم سەرکەوت. وەرزی ٩٥-١٩٩٤ وەرزێکی پڕ لە سەرکەوتن بوو بۆ تیپی دهۆک کە خولی دووەمی مسۆگەر کردبوو و لە وەرزی ١٩٩٥ - ١٩٩٦ چووە خولی پلەیەکی عێراق. 

لە وەرزی ١٩٩٧ - ١٩٩٨ یانەکە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە خولی نایابی عێراقی. دوای ئازادکردنی عێراق و ئازادبوونی گەلی کورد و بوژانەوەی هەرێم چالاکی زیاتر ڕوویان لە یانەکە کرد.

لە وەرزی ٢٠٠٩ - ٢٠١٠ بۆ یەکەمین جار یانەی دهۆک توانی لە یاریی کۆتایی خولەکە بە ئەنجامی (١ - ٠) لە یانەی تەڵەبەی عێراقی بباتەوە و ببێتە یەکەمی خولی نایابی عێراق.

ساڵی ٢٠١١ چووەتە قۆناغی هەشتی جامی یەکێتیی ئاسیا.

یاریگا

یاریگای دهۆک یاریگای سەرەکی یانەی تۆپی پێی دهۆکە. ساڵی ١٩٨٦ بە شێوەیەکی سادە دروست کراوە، دواتر لە ١٩٩٢ و ١٩٩٨ نۆژەنکراوەتەوە. سەرەتا ١٠,٠٠٠ کەسی لەخۆی دەگرت، بەڵام دواتر نۆژەنکرایەوە و ٢٥,٠٠٠ بۆ ٣٠,٠٠٠ کەس لەخۆی دەگرێت و بەوەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین یاریگاکانی عێراق.

لۆگۆ

لۆگۆی یانەی دهۆک هەڵۆیەکە لەسەر تۆپێکی پێ، لە ژێریشیەوە نیشانەیەکی ئۆڵۆمپیات هەیە. ناسناوی یانەکەش (هەڵۆکانی شاخ یان هەڵۆی شاخەکان)ـە. 


سەرچاوەکان



658 بینین