ئەسمای کچی ئەبووبەکر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-15-22:33:00 - کۆدی بابەت: 8265
ئەسمای کچی ئەبووبەکر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسمای کچی ئەبوبەکری سدیق (بە عەرەبی: اسماء بنت ابي بكر صديق)، کچی ئەبوبەکری سدیقی هاوەڵ و یاوەری پێغەمبەر ﷺـە، هەروەها ژنی هاوەڵ زوبەیری کوڕی عەوام و دایکی عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیرە، خوشکی گەورەی عائیشەی کچی ئەبوبەکری خێزانی پێغەمبەر ﷺـە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەهۆی باوکییەوە باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، لەو کەسانە بووە کە لە سایەی ئایینی ئیسلام پەروەردە بووە و بەپێی گێڕانەوەکان ئەسما 17ـیەمین کەسی نێو ئیسلام بووە.
لە شاری مەککە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ زوبەیری کوڕی عەوام کردووە، بوونەتە خاوەنی پێنج کوڕ و سێ کچ.
بەهۆی نەگونجاندن و سوێندێکی زوبەیری کوڕی عەوام، هاوسەرگیرییەکەیان کۆتایی پێهات و جیابوونەتەوە، هۆکاری جیابوونەوەکەشیان چەند ڕاجیاییەکی لەسەرە و نادیارە. 

هەڵوێست و پێگەی لە ئیسلامدا

ئەسمای کچی ئەبوبەکر وەکوو ژنێک ڕۆڵی کارای هەبووە لەسەرخستن و پاڵپشتی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، نازناوی "خاوەنی دوو پشتوێن - ذات النطاقين"ـی هەبووە، ناوی ئەسما بەند و پەیوەستە بە یەکەم کۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ شاری مەدینە، ئەسما وەکوو ژنێک ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لەو کۆچەدا، کاتێک پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکری سدیق بڕیاری کۆچکردنیاندا بۆ شاری مەدینە، لەکاتی مانەوەیان لە "کێوی سەور - غار ثور" ئەسما خواردن و ئاو و کۆمەکی بۆ دەبردن، لەکاتێکدا کە دووگیان بووە و تەنها خۆی بووە، خۆراک و شمەکی دەخستە سەر حوشتر و بە پشتوێنەکەی خۆی شمەکەکانی لەسەر پشتی حوشحرەکە دەبەست، بۆیە پێغەمبەر ﷺ کاتێک ئەو هەڵوێستەی بینی، فەرمووی "خودای گەورە پشتوێنێکت لە بەهەشت پێ بدات"، بۆیە لە پاش ئەو ڕووداوەوە ئەسما بە خاوەن دوو پشتوێن ناودار بوو. ئەسما سەرەڕای ئەوەی دووگیان بوو، بەڵام لەگەڵ هاوسەرەکەی "زوبەیری کوڕی عەوام" بەیەکەوە کۆچی شاری مەدینەیان کرد و لە ناوچەی "قیبا" نیشتەجێ بوونە، یەکەمین منداڵیان لە مەدینە بوو و ناویان لێنا "عەبدوڵڵا"، بووە یەکەمین ژنی کۆچەرییەکانی مەککە کە لە مەدینە بوو بە دایک و عەبدوڵڵای کوڕیشی بووە یەکەمین منداڵی کۆچەرییەکانی مەککە، لەدایکبوونی کوڕەکەی ئەسما مژدە و خۆشی بەخشییە موسڵمانان، چونکە لەو کاتەدا دەنگۆیەک هەبووە کە گوایە جوولەکەکانی مەککە جادوویان لە موسڵمانەکان کردووە و نەیاندەتوانی چیتر منداڵیان ببێت، بە لەدایکبوونی عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر ئەو دەنگۆیە بەدرۆ خرایەوە.
بەهۆی هەڵوێستێکی ئەسماوە ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دابەزی، ئەسما هاوڕێیەکی نزیکی هەبووە کە باوەڕی بە ئیسلام و پێغەمبەر ﷺ نەبووە، ئەو هاوڕێیەی چەند دیارییەکی پیشکەشی ئەسما کرد، ئەسمایش ڕەتیکردەوە کە دیارییەکان وەربگرێت تاکوو مۆڵەتی لە پێغەمبەر ﷺ وەرگرت، پاش ئەم ڕووداوە خودای گەورە ئایەتی 8ـی لە سوڕەتی "الممتحنة" دابەزاند کە تێیدا دەفەرموێت: (لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) واتا: دڵنیابن که‌ خودا قه‌ده‌غه‌ی ئه‌وه‌تان لێ ناکات که‌ چاك ڕه‌فتاری و دادپه‌روه‌ری بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی جه‌نگیان دژ نه‌کردون و دژایه‌تی ئایینیان نه‌کردون و له‌ شوێنه‌وارتان ده‌ریان نه‌کردون، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا دادپه‌روه‌رانی خۆش ده‌وێت.
ئەسما کەسێکی ژیر و زیرەک بووە، بەپێی بەڵگە ئایینییەکان نزیکەی 58 بۆ 65 فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ گێڕاوەتەوە، هەروەها خانمێکی دانای زمانپاراو بووە، تێڕوانین و بۆچوونەکانی ڕاست و دروست بوونە. 

کۆچی دوایی

ئەسمای کچی ئەبوبەکر لە پاش کوژرانی عەبدوڵڵای کوڕی کە نۆیەم خەلیفەی موسڵمانان بوو چاوەکانی کوێر بووە، لە تەمەنی سەد ساڵی لە ساڵی 73ـی کۆچی، کۆچی دوایی کردووە و ئەو کۆتا ژنی کۆچەرییەکانی مەککە بوو کە کۆچی دوایی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی سەد ساڵی تێپەڕاند بوو بەڵام هەر بە کەسێکی ژیر و دانا ماوبووەوە.


سەرچاوەکان



1126 بینین