هاوڕێکان (١٩٩٤) 

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-17-01:22:00 - کۆدی بابەت: 8282
هاوڕێکان (١٩٩٤) 

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی زنجیرە 

هاوڕێکان (بە ئینگلیزی: Friends, بە عەرەبی: الأصدقاء) زنجیرەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی لە چەشنی کۆمیدییە، لەلایەن دەیڤید کرەین و مارتا کاوفمەن بەرهەمهاتووە، لە ٢٢ـی ئەیلوولی ١٩٩٤ لە ئێن بی سی نمایشکراوە و تا ٦ـی ئایاری ٢٠٠٤ بەردەوام بوو، لە ١٠ وەرز و ٢٣٦ ئەڵقە پێکهاتووە، براوەی شەش خەڵاتی ئێمییە. بە بەژداری ئەکتەران جێنیفەر ئانستن، کۆرتنی کۆکس، لیسا کودرۆو، مات لێبلاک،  ماثیو پێری و دەیڤد شوێمەر. لە ستۆدیۆی وارنەر بڕۆس لە بوربانک لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدرا. لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی وارنەر بڕۆس و کێڤن برایتە.

چیرۆکی زنجیرە 

باس لە ژیانی تایبەت و هاوڕێیەتی و ژیانی پیشەگەری شەش هاوڕێ دەکات سێ کچ و سێ کوڕ کە هاوڕێی نزیکی یەکترن و هاوژوور و دراوسێن لە تەمەنی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدان و لە مەنهاتان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا دەژین. 

ئامادەکردن و پەخشکردنی زنجیرە 

دەیڤد کرەین و مارتا کاوفمەن لە نێوان تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ دەستیان بە ئامادەکردنی زنجیرەکە کرد و بیرۆکەکەیان پێشکەش بە برایت کرد و حەوت لاپەڕەی زنجیرەکەیان بۆ ئێن بی سی ئامادەکرد. دوای ئامادەکردن و گۆڕانکاری لە چەند دەقێک و گۆڕینی ناونیشانەکەی بەڵام لە کۆتاییدا ناوی هاوڕێکانی بۆ هەڵبژێردرا. زنجیرەکە لە ٦ ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٤ کۆتا وەرزی پەخش کرا و بوو بە پڕبینەرترین زنجیرەی ساڵی ٢٠٠٠ کان. لە سایتی IMDB کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە ڕیزبەندی ٤٣ـەمین باشترین زنجیرەی گرتووە لە ٢٥۰ زنجیرە و ڕەیتینگی ٨.٩ ی وەرگرتووە. ئەڵقەی ١٤ لە وەرزی پێنجەم بە ناوی "The One Where Everybody Finds Out" بەرزترین ڕەیتینگی ئەڵقەی زنجیرەکەی هەیە کە ڕەیتینگی ٩.٧ـە، هاوڕێکان بەدرێژای کات یەکێک بووە لە بەناوبانگترین زنجیرەکان. لە ٢٧ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ هاوڕێکان پاش ١٧ ساڵ گەڕانەوە بە دۆکۆمێنتاریەک بە ناوی یەکگرتنەوەکە (Friends: The Reunion) و باس لە یادگاری و ناوەڕۆک و بەرهەمهێنانی کرا لەلایەن ئێچ بی ئۆ ماکس پەخشکرا.

زانیاری گشتی

دەرهێنەران دەیڤید کرەین، مارتا کاوفمەن 
بەرهەمهێنان وارنەر بڕۆس، کێڤن بڕایت 
دەستپێکردن I'll Be There for You" by The Rembrandts 
ژمارەی وەرز ١٠ 
ژمارەی ئەڵقە ٢٣٦ 
کاتی ئەڵقە ٢٠ بۆ ٢٢ خولەک 
ئاوازدانەر مایکڵ سکڵۆف، ئالی ویڵس 
ڕەیتینگ ٨.٩ 
شوێنی بەرهەمهێنان ستۆدیۆی وارنەر بڕۆس لە بوربانک لە کالیفۆڕنیا 
ئەکتەران جێنیفەر ئانستن، کۆرتنی کۆکس، لیسا کودرۆو، مات لێبلاک،  ماثیو پێری و دەیڤد شوێمەر 
یەکەم نمایشکردنی لە ٢٢ـی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٤ لە کەناڵی ئێن بی سی 

دەربارەی زنجیرەکە و کارەکتەرەکان 

زۆربەی زنجیرەکە لە شوقەکانی هاوڕێکان و قاوەخانەیەک کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، کە کارەکتەرەکان بەدوای پەیوەندی سۆزداری و کێشە سۆزداریەکانەوەن و باسی ژیانی کار و کێشەکانیان دەکات لە چوارچێوەی کۆمیدی. 

مۆنیکا گێڵەر

لە دەستپێکی زنجیرەکەدا مۆنیکا گێڵەر چێشتلێنەرە و کە زۆربەی کات کارەکان و خۆشەویستەکانی دەگۆڕێت و بە دوای ژیانێکی خۆشەوەیە. 

ڕۆس گێڵەر

برای مۆنیکا گێڵەرە و زەویناسە و لە مۆزەخانە کاردەکات، تازە جیابووەتەوە و خاوەنی منداڵێکە، هەروەها ماوەیەکی درێژخایەن ڕەیچڵ گرینی خۆشدەوێت. 

ڕەیچڵ گرین

حەزی لە جلوبەرگ و مۆدەیە کە لە خێزانێکی دەوڵەمەند گەورە بووە، پاش هەڵهاتن لە ڕۆژی هاوسەرگیریەکەی چاوی بە مۆنیکا گێڵەر کەوت کە هاوڕێی دێرینی بووە و دەستی بە کاری کارگوزاری کرد لە قاوەخانە بەناوبانگەکەی زنجیرەی هاوڕێکان و لە کۆتاییدا لەگەڵ کۆمپانیای ڕاڵف لەورین کاری کرد. 

فیبی بوفەی

مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژە بیرکردنەوەی جیاواز و سەیری بۆ ژیان هەیە. 

جۆوی تریبیانی 

ئەکتەرێکی سەرنجڕاکێش و گاڵتەچییە پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتاندا باشە، کە زۆربەی جار بێکارە و هاوژوور و هاوڕێی نزیکی چاندلەر بینگە. 

چاندلەر بینگ

لە ئاماردا باشە و شیکەرەوەی داتایە و گاڵتەچییە کە زۆربەی کات گاڵتەی بێمانا دەکات و بەختێکی خراپی لەگەڵ ئافرەتاندا هەیە.

خەڵاتەکان 

ئەکتەرەکان و زنجیرەکە براوە و پاڵێوراوی چەندەها خەڵاتن، پاڵێوراوی ٢٥٦ خەڵات و براوەی ٦٥ خەڵاتن، هەروەها پاڵێوراوی ٦٢ خەڵاتی ئێمی و براوەی ٦ خەڵاتە و لەوانە براوەی خەڵاتی باشترین زنجیرەی کۆمیدییە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە هەشتەم وەرزی زنجیرەکەدا.

کارەکتەرەکان 

  • جێنیفەر ئانستن لە ڕۆڵی ڕەیچڵ گرین
  • کۆرتنی کۆکس لە ڕۆڵی مۆنیکا گێڵەر
  • لیسا کودرۆو لە ڕۆڵی فیبی بوفەی
  • مات لێبلاک لە ڕۆڵی جۆوی تریبیانی
  • ماثیو پێری لە ڕۆڵی چاندلەر بینگ
  • دەیڤد شوێمەر لە ڕۆڵی ڕۆس گێڵەر


سەرچاوەکان



689 بینین