دەرمانساز 

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-17-22:32:00 - کۆدی بابەت: 8293
دەرمانساز 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرمانساز یان دکتۆری دەرمانساز (بە ئینگلیزی: Pharmacist) کە له زۆر شوێن بە کیمیاگەر (Chemist) ناسراوە و لە کۆندا پێی دەوترا ئەجزاچی (Apothecary)، پیشەگەرێکی بواری تەندروستییە کە پسپۆڕی ئامادەکردن، تایبەتمەندی، کاریگەری، کارلێککردن و بەکارهێنانی دەرمانە. دەرمانساز ئەو پیشەگەرەیە کە زانستی کیمیا بە زانستی پزیشکییەوە پەیوەست دەکات بۆیەش زۆرکات بە کیمیاگەر دەناسرێت و سنووری چالاکییەکەی لە سیستمی تەندروستی، زانستی تەندروستی و زانستی کیمیایە. دەرمانساز چاودێریی دەرمانەوانی بۆ نەخۆشەکان و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی دابین دەکات. بە بەکارهێنانی زانیارییەکانی میکانیزمی ئیشکردنی دەرمانەکان، دەرمانساز دەتوانێت بڕیار بدات کە دەرمانەکە چۆن بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی زۆرترین سوود و کەمترین کاریگەریی لاوەکی هەبێت هەروەها دوور بێت لە کارلێککردن لەگەڵ دەرمانەکانی تر. دەرمانساز هاوکات لەگەڵ توێکاری، فیسیۆلۆجی و نەخۆشیزانیی لەشی مرۆڤ، بەوردی لەسەر چارەسەرییەکان، (فارماکۆلۆجی) زانستی دەرمان، کیمیای دەرمانی و میکانیزمە زیندەکیمیایییەکان لەگەڵ ئیشکردن، بەکارهێنان، کاریگەریی لاوەکی و کارلێککردنی دەرمانەکان و پشکنەرە پێوەرییەکان دەخوێنێت. هەروەها دەرمانساز لەسەر ژەهرناسیی دەرمانسازی، شێوە و تەکنیکەکانی دروستکردن، گەشەپێدان و پیشەسازیی دەرمان هەروەها (فارماکۆگنۆسی) زانستی ڕووەک و سەرچاوە سروشتییەکانی تر کە بۆ بەکارهێنان وەک دەرمان و چارەسەر دەشێن، دەخوێنێت. دەرمانساز هەموو ئەم زانیارییانە ڕووندەکاتەوە و هاوبەشیی پێ دەکات بۆ یارمەتیدانی نەخۆش و پێدانی زانیاریی ورد و ڕێنوێنی بۆ پزیشکان و دابینکەرانی تری بواری تەندروستی. 

ئەرک و بەرپرسیارییەتی

دەرمانساز ڕۆڵێکی گرنگی لە سیستمی چاودێریی تەندروستیدا هەیە، دەرمانساز ئامۆژگاری نەخۆشەکان و دابینکەرانی تری بواری تەندروستی دەکات لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی دەرمان، چاودێری و پشکنینی تەندروستی و ڕەوتی نەخۆشەکان دەکات بۆئەوەی دڵنیاببێتەوە لە سەلامەتی و کاریگەریی دەرمانی بەکارهێنراو، هەرچەندە لە ئێستادا زۆربەی تێکەڵەی دەرمانەکان ئامادەکراون، بەڵام دەرمانساز بەرپرسە لە تێکەڵکردنی دەرمانی گونجاو بۆ نەخۆش، لە هەندێک وڵاتدا دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشی لەلایەن پزیشکەوە، دەرمانساز دەرمانی گونجاوی بۆ دەنووسێت بەبێ دەستتێوەردانی پزیشکەکە یانیش بەهاوبەشیی نێوان هەردووکیان ڕەچەتەکە دەنووسرێت. 

لە ئێستادا کۆمەڵگەکان زیاتر پێویستیان بە کارامەییی دەرمانسازی ڕاوێژکاری کلینیکی هەیە و یەکێک لە گرنگترین ڕۆڵەکانی دەرمانساز بریتییە لە چاودێریی دەرمانسازی. چاودێریی دەرمانسازی (Pharmaceutical care) بریتییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی ڕاستەوخۆی نەخۆش و بارودۆخی نەخۆشییەکەی لەگەڵ چاودێریی دەرمانەکان و ڕێکخستنیان. چاودێریی دەرمانسازی سوودی زۆری هەیە، وەکوو کەمکردنەوەی هەڵەی دەرمان، زیادکردنی گوێڕایەڵی و ڕەزامەندیی نەخۆش، باشتر ڕێکخستنی بارودۆخی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو، بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی تری دڵەلوولەکۆئەندام و شەکرە. 

دەرمانسازەکان زۆرجار یەکەم هێڵی بەرکەوتن و پەیوەندین لەگەڵ نەخۆش، بۆیە دەرمانساز ڕۆڵێکی گرنگی لە هەڵسەنگاندنی ڕێکخستنی  دەرمان لە نەخۆش و ڕەوانەکردنی نەخۆش بۆلای پزیشکانی پسپۆڕ هەیە. ئەرکی دەرمانساز بەپێی شوێن و بواری کارکردنی دەگۆڕێت، جۆری جیاوازی دەرمانساز هەن، باوترینیان دەرمانسازی نەخۆشخانە، دەرمانسازی کلینیکی و دەرمانسازی کۆمەڵگەن کە ئەمەیان لە هێڵی پێشەوەی کەرتی تەندروستی کار دەکات.

بە گشتی ئەرک و ڕۆڵەکانی دەرمانساز بریتین لە:

  • ڕێکخستنی کلینیکیی دەرمان، وەکوو پێداچوونەوە و پشکنینی پارێزی دەرمان
  • هەڵسەنگاندنی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکەیان دەستنیشاننەکراوە یانیش دەستنیشانکراوە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ڕێوشوێنی پزیشکیی پێویست 
  • پشکنین و چاودێریکردنی بارودۆخی نەخۆشییەکان، وەکوو دیاریکردنی دەرمان و ژەمی دەرمان بۆ پەککەوتوانی گورچیلە و جگەر
  • تێکەڵکردنی دەرمان
  • دابینکردنی زانیاریی دەرمانسازی 
  • سەرپەرشتیکردنی تەککنیکاری دەرمان و ستافی تری تەندروستی 
  • پێدان و ڕاوێژکردن لەسەر ئەو دەرمانانەی پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە
  • ڕەوانەکردنی نەخۆش بۆ پسپۆڕی تری تەندروستی لە کاتی پێویستی
  • هەڵسەنگاندنی کاریگەریی لەش لەسەر دەرمان (Pharmacokinetic) واتە چالاکیی دەرمان لەناو لەش
  • نەخشەسازیی توێژینەوە و تاقیکردنەوەی کلینیکی بۆ گەشەپێدانی دەرمانی نوێ
  • کارکردن لەگەڵ حکوومەت و ئاژانسە ناوخۆیییەکان بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دەرمانی تەندروست و سەلامەت
  • پێدانی ژەمی پلەپلە، بۆ نموونە لە چارەسەری جێگرتنەوەی ئۆپیۆیدەکان (تلیاک) و ماددە هۆشبەرەکانی تر

مەشق و خوێندن

لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکادا بۆ ئەوەی کەسێک ببێت بە دەرمانساز پێویستە بڕوانامەی دکتۆری دەرمانسازی (PharmD) بەدەست بهێنێت لەلایەن دامەزاروەیەکەوە کە لەلایەن ئەنجوومەنی بڕواپێکردن بۆ خوێندنی دەرمانسازی (ACPE) بڕواپێکراو بێت. هەرچەندە مەرجەکانی تۆماربوون بەپێی زانکۆکان دەگۆڕێت، لە هەموو پڕۆگرامەکانی بڕوانامەی دکتۆری دەرمانسازی پێویستە قوتابییەکە بەر له تۆماربوون لە زانکۆ کۆرسی سێیەم لە بواری کیمیا، زیندەزانی و فیزیادا وەربگرێت. جیا لەوەش زۆربەی پڕۆگرامەکانی دەرمانسازی پێویستیان بە دوو ساڵ خوێندنی زانکۆ هەیە، وەکوو خوێندن لە بواری زانستەکان، هەروەها زۆرێکیشیان پێویستیان بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستەکان هەیە بۆ تۆماربوون، دوای ئەوە قوتابییەکان دەتوانن تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی دەرمانسازی بکەن. دوای وەرگرتن لە کۆلێجی دەرمانسازی، پڕۆگرامی دکتۆری دەرمانسازی پێویستی بە چوار ساڵ خوێندن هەیە، هەروەها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە پێویستی بە ساڵێک کۆرسی سەربار لە بواری فارماکۆڵۆجی و ڕەوشتی پزیشکی هەیە. قوتابییەکان بۆ وەرگرتنی ئەزموونی تەواو نۆرەی نیشتەجێبوونی نەخۆشخانە، نۆرینگە و دەرمانخانەکان جێبەجێ دەکەن. هەروەها پێویستە دەرمانساز بەردەوام لە ڕاهێناندا بێت بۆئەوەی لە دوایین پێشکەوتنەکانی بواری فارماکۆڵۆجی دانەبڕێت.

لە زۆرێک لە وڵاتانی تریش وەرگرتن لە کۆلێجەکانی دەرمانسازی پێویستیی بە تەواوکردنی کۆرسی زانستەکانی کیمیا، زیندەزانی و فیزیا هەیە، تەواوکردنی کۆلێجیش پێویستی بە پێنج ساڵ خوێندنی ئەکادیمیی تیۆری و کرداری هەیە. دواتر دەرمانسازەکە دەتوانێت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییەکی وردتر بەدەست بهێنێت. 

لە هەرێمی کوردستانیش خوێندن لە کۆلێجی دەرمانسازی وەکوو کۆلێجە پزیشکییەکانی ترە، قوتابی دوای تەواوکردنی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەتوانێت بەشی پزیشکیی دەرمانسازی هەڵبژێرێت بە مەرجێک کۆنمرەکەی بەرز بێت وەکوو بەشە پزیشکییەکانی تر کە بەپێی ساڵ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، دوای تەواوکردنی پێنج ساڵ خوێندن لە کۆلێجی دەرمانسازی قوتابییەکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە دەرمانسازی بەدەست دەهێنێت و دوای دامەزراندن ساڵێک لە نەخۆشخانەکانی ناوشار وەکوو دەرمانسازی نێشتەجێ (موقیم) کاردەکات، دوای تەواوکردنی ئەم ساڵە دەرمانسازەکە توانای دانانی دەرمانخانەی تایبەت بە خۆی هەیە لە دەرەوەی شاردا، دواتر دوو ساڵ لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی شار وەکوو دەرمانسازی پلەبەند (تدرج) کاردەکات، دوای تەواوکردنی ئەم دوو ساڵەش دەرمانساز توانای دانانی دەرمانخانەی تایبەت بەخۆی هەیە لەناو شاردا. پاش بڕینی هەموو قۆناغەکان و تەواوکردنی پلەبەندیی پزیشکی دەرمانساز دەتوانێت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییەکی وردتر بەدەست بهێنێت.

هەندێک لەو پسپۆڕییانەی کە دەرمانساز دەتوانێت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای تێدا بەدەست بهێنێت بریتین لە:

کوردی ئینگلیزی
دەرمانسازی Pharmaceutics
زانستی دەرمان یان دەرمانزانی Pharmacology
کیمیای دەرمانسازی  Medicinal Chemistry
زانستی ڕووەک و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ دەرمان  Pharmacognosy
دەرمانسازیی ڕووەک و بەرهەمە سروشتییەکان  Phytopharmaceuticals & Natural Products
کاروباری ڕێکخستنی دەرمان  Drug Regulatory Affairs
تەکنەلۆجیای دەرمانسازی  Pharmaceutical Technology
تەکنەلۆجیای زیندەییی دەرمانسازی  Pharmaceutical Biotechnology
دەرمانزانی و ژەهرناسی  Pharmacology & Toxicology
دەرمانسازیی کلینیکی  Clinical Pharmacy
دۆزینەوە و گەشەپێدانی دەرمان  Drug Discovery and Drug Development
دڵنیاییی جۆرێتی  Quality Assurance
شیکردنەوەی دەرمانسازی و دڵنیاییی جۆرێتی  Pharmaceutical Analysis and Quality Assurance
بازاڕکردن و بەڕێوەبردنی دەرمانسازی 

Pharmaceutical market & Management

مێژووی دەرمانسازی 

سەردەمی پێش مێژوو

سەرەتای دەرمانسازی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی پێش مێژوو، وەکوو بەکارهێنانی ڕووەکەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، هەروەها بەکارهێنانی پاشماوەی دارخورماکان لە ئەشکەوتی ڕۆح لە تایلەند. لەو کاتەدا هونەری دەرمانسازی کاریپێکراوە کە مرۆڤەکان ئاوی درەختیان وەک چارەسەر بۆ برینەکان بەکارهێناوە و زۆرجار لاسایی باڵندە و ئاژەڵەکانیان کردووەتەوە لە بەکارهێنانی هەندێک تەکنیک و ئاو و قوڕ و لیتەشیان وەک نەرمکەر و سافکەر بەکارهێناوە. لەمە بەدواوەش وردە وردە جۆرە جیاواەکانی ڕووەکەکان وەک سەرچاوەی چارەسەرکردن بەکارهاتوون. 

سەردەمی کۆن

یەکەم کۆکردنەوەی ماددە چارەسەرییەکان لە سەدەی شەشەمی پێش زایین لەلایەن پزیشکی هیندی (سوشورتا سامهیتا) بووە، هەرچەندە کۆنترین نووسین کە پارێزراوە مێژووەکەی بۆ سەدەی سێیەم و چوارەمی زایینی دەگەڕێتەوە. لە هەزارەی دووەم و چوارەمی پێش زایین، پارچە قوڕینەی نووسینی بزماری وەک ڕەچەتەی پزیشکی لەلایەن سۆمەرییەکانەوە تۆمارکراون. لە میسڕی کۆنیشدا زانیاریی فارماکۆڵۆجی لەسەر زۆرێک لە پەڕە قامیشییەکاندا بە نووسینی عیبری تۆمارکراوە کە مێژووەکەی بۆ ١٥٥٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

لە یۆنانی کۆندا لە سەدەی چوارەمی پێش زایین پزیشک دایەکلیز یەکێک بووە لەو کەسانەی کە تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی ڕووەکی خوێندووە و چەند زانستنامەیەکیشی لەو بوارە نووسیووە، هەروەها پزیشک، دەرمانزان و ڕووەکناسی یۆنانی پێدانیۆس دیۆسکۆریدس بە نووسینی پەرتووکە پێنج بەرگییەکەی لە سەدەی یەکەمی زایینی، بەناوبانگە.

مێژووی دەرمانسازی لە چین بۆ سەدەی یەکەمی زایینی دەگەڕێتەوە کە نامیلکەیەکی چینی بەناوی (Shennong Bencao Jing) لەسەر ماددەی چارەسەری ڕووەکی کۆکراوەتەوە. هەروەها مێژووی دەرمانسازی لە ژاپۆن بۆ سەردەمی ئاسوکا (٥٣٨-٧١٠)ـی زایینی و سەردەمی نارا (٧١٠-٧٩٤)ـی زایینی دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا پێگەی دەرمانساز یان چارەسەرکار لەسەروو پێگەی پزیشکەوە بووە.

چاخەکانی ناوەڕاست

لە بەغداد لەماوەی چاخی زێڕینی ئیسلامی یەکەمین دەرمانخانەکان لە ساڵانی ٧٥٤ـەوە لەژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانییەکان دامەزران. لە چاخی ناوەڕاستی ئیسلامی پێشکەوتنەکانی بواری ڕووەکزانی و کیمیایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکرد زانستی پزیشکی و چارەسەرکردن بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ زانستی دەرمانزانی (فارماکۆڵۆجی) پەرە بسێنێت، بۆ نموونە ئەبوبەکر محەمەد ئیبن زەکەریا ڕازی لە ساڵانی (٨٦٥-٩١٥)ـی زایینی ڕۆڵی هەبوو لە بەرەوپێشبردنی بەکارهێنانی ئاوێتە کیمییاییەکان لە چارەسەری پزیشکیدا، ئەبولقاسم ئەلزەهراوی لە ساڵانی (٩٣٦-١٠١٣)ـی زایینی ڕابەرایەتیی ئامادەکردنی دەرمانی کرد بەبەکارهێنانی تەکنیکەکانی هەڵچوون و دڵۆپاندن. سەبووڕ ئیبن سەهل لە ساڵی ٨٦٩ـی زایینی یەکەم پزیشک بوو کە فارماکۆپیا دابنێت (فارماکۆپیا: پەرتووکێکی چڕوپڕە لەسەر ناساندن و چۆنیەتی ئامادەکردن و بەکارهێنانی دەرمان) کە باسی چەندان دەرمانی بۆ چارەسەری چەندان نەخۆشیی جیاواز کردبوو. ئەبوو ڕەیحان محەمەد بن ئەحمەد ئەلبیروونی لە ساڵانی (٩٧٣-١٠٥٠)ـی زایینی یەکێک لە بەهادارترین و بەسوودترین کارە ئیسلامییەکانی لەبارەی دەرمان بە ناوی (پەرتووکی دەرمان) نووسی، کە زانیاریی وردی لەسەر تایبەتمەندییەکانی دەرمان باسکردبوو، هەروەها ڕۆڵ و گرنگیی دەرمانسازی و ئەرک و کارەکانی دەرمانسازیشی دیاری کردبوو. پزیشک و فەیلەسووف، ئیبن سیناش بەهەمان شێوە زیاتر لە ٧٠٠ جۆری دەرمانی ناساند، بە باسکردنی تایبەتمەندییەکانیان، شێوازی ئیشکردنیان و بەکارهێنانیان و بەشێکی زۆری پەرتووکە پێنج بەرگییەکەی بەناوی (یاسای پزیشکی) بۆ دەرمان تەرخان کردبوو. هەروەها پەرتووکەکانی یەحیا بن مەساوی ئەلماردینی کە پزیشکێکی ئاشووری بوو لە بەغداد و لە میسڕ لەگەڵ ئیبن وافید لە ساڵانی (١٠٠٨-١٠٧٤) یەکێک بوون لە کارە دیارەکانی تری بوارەکە و لەو کاتەدا پەرتووکەکانیان زیاتر لە چەند جارێک وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانی لاتینی بۆ کرا. لە سەدەی دەیەمدا ئەلموەفەق ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕابەرایەتیکردنی بواری دەرمانسازیدا هەبووە و پەرتووکێکی بەناوی (بنچینەی تایبەتمەندییە دروستەکانی چارەسەر) نووسیووە، باسی سیانەئۆکسیدی ئارسنیک و ترشی سیلیسیکی کردووە وەک چارەسەر، جیاوازای لە نێوان کاربۆناتی سۆدیۆم و کاربۆناتی پۆتاسیۆمدا کردووە، سروشتە ژەهراوییەکەی مس و قورقوشمی ناساندووە و باسی دڵۆپاندنی ئاوی دەریای کردووە بۆ خواردنەوە.

لە سەدەی پێنجەم دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی خۆرئاوای ڕۆمانی، زانست و زانیاریی پزیشکی لە ئەورووپا تووشی داڕمان بوو بەهۆی لەناوچوونی نووسراوە پزیشکییە یۆنانییەکان، لە سەدەی ١١ـەمدا پزیشک کۆنستانتیس زۆرێک لە نووسراوە پزیشکییە عەرەبییەکانی بۆ سەر زمانی لاتینی وەرگێڕا. لە سەدەی ١٢ـیەمیشەوە لە ئەورووپا دەرمانخانەکان دەرکەوتن و لە ساڵی ١٢٤٠ـی زایینی ئیمپڕاتۆر فریدریکی دووەم یاسایەکی دەرکرد کە پیشەی پزیشکی و ئەجزاچیی جیاکردەوە، مێژووی یەکەمین دەرمانخانەی کارپێکەر لە ئەورووپا بۆ ساڵی ١٣١٧ـی زایینی دەگەڕێتەوە و دەرمانخانەی ئیستیڤی چاخی ناوەڕاست کە دەکەوێتە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا مێژووەکەی بۆ سەدەی ١٥ دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش وەک مۆزەخانەیەک ماوەتەوە. لە ساڵی ١٤٤١ـی زایینی کۆلێجی شاهانەی ئەجزاچییەکان (The Royal College of Apothecaries) لە شانشینی ڤالێنسیا لە ئیسپانیا دامەزرا، کە بە کۆنترین کۆلێجی بوارەکە لە جیهاندا دادەنرێت. لە ئەمریکاش بنجامین فرانکلین هەنگاوێکی بنچینەییی لە جیاکردنەوەی پیشەی پزیشکی و دەرمانسازی گرتەبەر، کاتێک ئەجزاچییەکی لە نەخۆشخانەی پێنسلڤینیا دامەزراند. لەوکاتەدا وشەی ئەجزاچی بۆ دەرمانساز بەکارهاتووە، کە ئێستا بە دەرمانساز یان کیمیاگەر دەناسرێن. لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەجزاچییەکان بۆ پێکهەنەرە گیایی و کیمیاییەکان بنچینەیەک بوو بۆ زانستی هاوچەرخی کیمیا و دەرمانزانی. لە سەدەی ١٧ـیەمدا ئەجزاچییەکان لە بەریتانیا کۆنتڕۆڵی بازرگانیی تووتنیان کردووە کە وەک دەرمان هاوردە دەکرا.

پیشەسازیی دەرمان

گەشەسەندنی پیشەسازیی دەرمانسازی لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە بووە هۆی دۆزینەوە و بەکارهێنانی دەرمانی نوێ و کاریگەر، هەروەها ڕۆڵی دەرمانسازیشی گۆڕی. مێژووی خوێندن و فێربوون لە بواری دەرمانسازی هاوکات لەگەڵ خوێندنی پزیشکی سەریهەڵداوە، یەکەمین کۆلێجی دەرمانسازی لە ساڵی ١٨٢١ لە ئەمریکا دامەزراوە و ئێستا بە کۆلێجی فیلادلفیای دەرمانسازی و زانست ناسراوە. لە سەدەی ١٨ـیەمەوە کارامەیی و ئاڵۆزیی تەکنیکی دەرمان زیادی کرد، لە ساڵانی ١٨٠٠ـەکانەوە وەبەرهێنە ئەڵمانییەکان پاڵاوتن و پاککردنەوەیان بۆ ماددە ئەندامییە کیمیایییەکان لە قیڕ و سەچاوە کانزاییەکانی ترەوە کردووە. لە ساڵی ١٨٦٩ کلۆرال هایدرەیت وەک خەولێخەر و هێورکەرەوە ناسێنرا، لە ساڵی ١٨٤٧ بۆ یەکەمجار کلۆرۆفۆرم وەک سڕکەر بەکارهات. وەرگرتەکانی فینۆتایەزاینەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر چارەسەری پزیشکی هەبووە، بۆ نموونە مەسیلینی شین کە لە ئەنیلینەوە دروست دەکرێت بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٧٦ وەک بۆیە لە بواری دەرمانسازی بەکارهات، تاوەکوو ساڵانی ١٩٤٠ـیش فینۆتایەزاینەکان وەک دەرمانی دژەمەلاریا، دژەکرم و دژەگەنین (پاککەرەوە) بەکارهاتوون. لە ساڵی ١٩٥٠ کلۆرپرۆمازین دۆزرایەوە کە دەرمانێکی دەروونیی دژەسایکۆسسە و لەو کاتەوە شۆڕشی دەرمانزانیی دەروونی (psychopharmacological revolution) دەستی پێ کرد. لە ساڵی ١٨٥٢ کۆمەڵەی دەرمانسازیی ئەمریکی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی دەرمانساز لە ئەمریکا دامەزرا. لە ساڵی ١٩٢١ فریدریک بانتینگ و چاڕلز بێست هۆڕمۆنی ئەنسۆلینیان بۆ کەمکردنەوەی شەکری خوێن دۆزییەوە و دواتریش لەلایەن جەیمس بی کۆڵیپەوە زیاتر پەرەی پێ درا و توانرا وەک چارەسەری نەخۆشیی شەکرە بەکار بهێنرێت. هەروەها ئەلێکساندەر فلیمینگ پەرەی بە یەکەمین دەرمانی دژەزیندەیی بەناوی پێنسیلین داوە، پاش ئەوەی تێبینی کەڕووێکی کرد کە توانای کوشتنی بەکتریای هەبوو.


سەرچاوەکان



3716 بینین