فرسەت سۆفی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-19-22:09:00 - کۆدی بابەت: 8323
فرسەت سۆفی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فرسەت سۆفی عەلی (بە ئینگلیزی: Firsat Sofi Ali)، سیاسەتوان، مامۆستای زانکۆ، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بووە. لە ٢١ی ئایاری ١٩٧٨ لە گوندی گەزنە، چۆمان لە دایکبووە و لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە ئەنقەرە، تورکیا کۆچی دوایی کردووە. ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو ویساڵ عەبدولعەزیز پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵ بووە. فرسەت دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی ھەبوو و ماوەیەک لە زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر مامۆستای زانکۆ بووە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی پەرلەمان بووە و یەکەمین ئەندام پەرلەمانیش بوو کە مووچەی خانەنشینیی ڕەتکردەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشووی. فرسەت لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ کرا بە پارێزگاری ھەولێر، دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا.

خوێندن و ژیانی پیشەیی 

فرسەت لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتیی سۆران لەدایکبووە و خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەییی لە سۆران تەواو کردووە. بۆ خوێندنی زانکۆ چووەتە ھەولێر، لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە و ھەر لەو زانکۆیە لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی ماستەری لە یاسای گشتی و لە ساڵی ٢٠١٢ـش بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەست ھێناوە. لە ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وانەبێژ بووە.

ژیانی سیاسی

فرسەت لە ساڵی ٢٠٠١ بووەتە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٨ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ ئەندامی کۆمیتەی چاکسازیی ھەرێمی کوردستان بووە. لە ئەیلوولی ٢٠١٩ لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا بە پارێزگاری ھەولێر. ھەروەھا ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بووە.

کۆچی دوایی

لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، فرسەت سۆفی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت و بەھۆی خراپیی تەندروستییەوە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بە فڕۆکەیەکی تایبەت ڕەوانەی تورکیا دەکرێت. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کۆچی دواییی کرد و تەرمەکەی لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ گەڕێنرایەوە ھەولێر. مردنی فرسەت خەڵکێکی زۆری دڵگران کرد و تەرمەکەی پێشوازییەکی گەورەی جەماوەری لێکرا و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک سپێردرا. دوای مردنیشی ئومێد خۆشناو کرا بە پارێزگاری هەولێر.


سەرچاوەکان



367 بینین