ئەحمەد بازگر

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-22-23:40:00 - کۆدی بابەت: 8361
ئەحمەد بازگر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەد بازگر (بە ئینگلیزی: Ahmad Bazgr)، شاعیر و چالاکوانێکی سیاسی کوردە، کوڕی حەسەن ئاغای نەورۆزییە، لە ساڵی ١٩٦١ لە گوندی شندڕەی سەر بە سەردەشت لە دایکبووە، منداڵی و مێرمنداڵی لە ھەژاریدا بەسەربردووە، لە ساڵی ١٩٧٩ دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەستاوەتەوە و چووەتە ڕیزی چەپی خەباتی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بووە بە ئەندامی کۆمەڵە و بە چەک و قەڵەم خزمەتی کردووە، یەکێک بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری (کانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان) کە ھاوینی ساڵی ١٩٨٥ دامەزراوە، لە بەھاری ساڵی ١٩٩٠ ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە، لە ساڵی ١٩٩٧ لە بواری کۆمەڵناسی و کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆتۆبۆری خوێندنی باڵای تەواوکردووە، ئەحمەد بازگر وەکوو بەرپرسی ئیداری سۆسیال لە شارەکانی سەر بە پارێزگای یۆتۆبۆری کاری کردووە.

شیعرەکانی

شیعرەکانی ئەحمەد بازگر ڕەنگدانەوەی بیروڕا سۆسیالیستییەکانییەتی و زیاتر باس لە مافەکانی ژن، خەبات، چینایەتی و ئازادی دەکەن، بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە بەرھەمەکانی بازگر لە ڕێگەی ھونەرمەندانی کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکاندا بڵاودەکرێنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دیوانێک کە ھەموو شیعرەکانی شاعیر لەخۆبگرێت بڵاونەکراوەتەوە، ئەحمەد بازگر لەمێژە سەرقاڵی ھۆنینەوەی شیعرە بەڵام بە ڕادەی پێویست ناسراو نییە و مافی خۆی پێنەدراوە.

بەرهەمەکانی

  • چۆن بۆت بدوێم (کۆمەڵە شیعر)، باس لە ھەوراز و نشێوەکانی شۆڕش دەکات لە نێوان ساڵەکانی ٨٠ تا ٩٠ی زایینی.
  • گۆمەشین (شیعر)، باس لە لەناوچوونی پێشمەرگەیەک دەکات لە ڕووداوێکی سروشتیدا، ئەم شیعرە لەلایەن ناسڕ ڕەزازییەوە کراوەتە بە گۆرانی.
  • بە پیرۆز بێ (شیعر)، ئەم شیعرە لەلایەن ناسر ڕەزازییەوە کراوە بە گۆرانی.
  • بۆ ئێوە (شیعر)، پێشکەش کراوە بە ھەموو ئەو دایکانەی ھاوڕێی خەبات بوون.
  • زولفا (شیعر)، چیرۆکی ڕاستەقینەی کچێک لە ئاوایی بەردەسووری ناوچەی سەردەشت دەگێڕێتەوە کە لەسەر لانکە لە کەسێک مارەکراوە و کاتێک گەورە دەبێت ئەم ژیانە نابەدڵە قبووڵ ناکات و پاییزی ساڵی ١٩٨٨ بە دەستی ئەو کەسە دەکوژرێت.


سەرچاوەکان



319 بینین