شەماڵ سائیب

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-26-21:29:00 - کۆدی بابەت: 8397
شەماڵ سائیب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەماڵ جەلال سائیب (بە ئینگلیزی: Shamal saeb) هونەرمەند و میوزیکژەن‌ و مامۆستایەکی دیار و ناسراوی کوردستانە‌ و بە پێشەنگی نوێکردنەوەی گۆرانی کوردی دادەنرێت‌، خاوەنی دەنگێکی خۆش‌ و بەسۆزە. ئەم هونەرمەندە وەچەرخانێکی گەورەی لە بواری هونەری کوردیدا کرد‌ و یەکەم کەس بوو لە دەرەوەی ستۆدیۆ گۆرانی‌ و کلیپی تۆمارکرد.

ژیاننامە

لە ساڵی 1931 زایینیدا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە کۆلیجی مەلیک فەیسەڵ لە بەغداد کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بە زمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندرا و تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.
دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، لە ساڵی 1951 زایینیدا کۆلێجی ئاداب بەشی مێژوو لە زانکۆی بەغداد وەرگیراوە، لە ساڵی 1956 خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە، پاشان کراوە بە مامۆستا لە دواناوەندی ئەعزەمییەی کوڕان، لە ساڵی 1959 بووە بە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد.

ژیانی هونەری

لە سەرەتای ژیانی لاویدا خولیای هونەری مۆسیقا و گۆرانی بووە‌ و لەو بوارەدا خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کردووە‌، شوێن پەنجەی بە نوێکردنەوە و گەشەپێدانی هونەری گۆرانی کوردییەوە دیارە. لە سلێمانی‌ و بەغداد‌ و ئەمریکا خوێندوویەتی. شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵییەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا لاسایی مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردووەتەوە، یەکەمین کورد بووە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە بواری هونەری موسیقادا  به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی‌ بخوێنێت و بچێتە‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌به‌غداد. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بووەتە خاوەنی ھونەر و دەنگی تایبەتی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ چەندین گۆرانی تازە داناوە و وتوونی و سوودێکی زۆری لە هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆری کوردیش وەرگرتووە. شەماڵ لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە لە گۆڤاری گەلاوێژ و ڕۆژنامەکانی ژین و هیوا و هەتاودا چەندین بابەتی سەبارەت بەمۆسیقا بڵاوکردوەتەوە، پێشەنگ بووه‌ له‌وه‌ی كۆرسی هێناوه‌ته‌ ناو گۆرانیی كوردی‌ و بۆ یەکەمجار گۆرانی بۆ منداڵان وتوه‌، گۆرانیی (دوێت)ـی لەگەڵ ژندا وتوە. لە کۆتایی ساڵی 1963 چووە بۆ ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە، کە گەڕاوەتەوە کوردستان لە ساڵی 1971 لە زانکۆی سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر.

بەرهەمەکان

شەماڵ سائیب لە ساڵی 1956 بەدواوە ژمارەیەک گۆرانی سەرکەوتووی وەک:

  • شوانە هۆ شوانه
  • بەردە بەردە
  • هاتی بۆ هاتی
  • هاتم هاتم
  • هەرە لەیلێ
  • جوان ئێمە جوانین
  • بارزانی
  • زولەیخا
  • ئازیز بەهارە
  • هاوار سەد هاوار

وتوە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە.

کۆچی دوایی

لە ٠٧\١١\١٩٨٦ بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی درێژخایەن لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی و لەگۆڕستانی بنەماڵەکەیان نێژرا.

 


سەرچاوەکان



553 بینین