کەرەوز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-03-13:34:00 - کۆدی بابەت: 8482
کەرەوز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەرەوز یان کەرەویز (بە عەرەبی: کزبرة، بە ئینگلیزی: coriander) ڕووەکێکی گیاییە و بۆنێکی تاڕادەیەک بەهێزی هەیە و درێژییەکەی دەگاتە 50 سانتیم، گەڵاکانی تەنک و بەرزن و گوڵێکی سپی بچووک دەگرێت، هاوشێوەی مەعدەنووسە بەڵام لە تام و بۆن و پێکهاتەی خۆراکی جیاوازن، کەشی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و چەند ناوچەیەکی ئەورووپا گونجاو و لەبارن بۆ ڕواندن و چاندنی ئەم ڕووەکە، بۆیە لە ناوچەکانی ئەو شوێنانە زۆر بەربڵاوە و سوود لە تۆوەکەی و پەل و لاسکەکانی وەردەگیرێت، بە فرێشی وەکوو سەوزە بەکاردەهێنرێت و بە وشکیش وەکوو بەهارات و پاودەر سوودی لێوەردەگیرت، هەروەها تۆوەکەیشی سوودبەخشە. کەرەوز لە زۆرێک لە خواردنە هیندی و عەرەبییەکان بەکاردەهێنرێت و لەسەر خوانی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەیە چونکە کەشی ئەو ناوچانە یارمەتیدەر و لەبارە بۆ گەشەکردنی ڕووەکی کەرەوز.

سوودە تەندروستییەکانی کەرەوز

ـ ڕێگریکردن لە شێرپەنجە: بەپێی چەند توێژینەوەیەکی پزیشکی پێکهاتەی تۆوی وشکی کەرەوز دژی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکانی لەشی مرۆڤە، بڕێکی زۆر لە دژەئۆکسانەکان و کارۆتینات لەخۆدەگرێت، ئەم ماددانە یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن و گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان دەدەن.

ـ کەمکردنەوەی ڕێژە و ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن: بەهۆی بوونی چەند جۆرێک لە ترشی چەوریی بەسوود لە پێکهاتەی کەرەوز، یارمەتیدەرە لە نزمکردنەوە و داگرتنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش و هەروەها یارمەتی بەرزکردنەوی کۆلیستڕۆڵی سوودبەخش دەدات لە لەشی مرۆڤ.

ـ یارمەتیدانی کرداری هەرسکردن: کەرەوز یارمەتیدەری کرداری هەرسە و کاری گەدە و ڕیخۆڵە و جگەر ئاسان دەکات، هەروەها کاری دەردانی چەند ئەنزیمێکی هەرس لە گەدە ئاسان دەکات، یارمەتی جووڵانی ڕیخۆڵەکان دەدات و سوودبەخشە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی بەدخۆراکی و بەدهەرسی و دژی قەڵەوییە.

ـ یارمەتیدان و باشترکردنی تەندروستی ئێسک: بەهۆی بوونی چەند کانزایەک نموونەی کالسیۆم لە پێکهاتەی کەرەوزدا، یارمەتی بەهێزکردنی ئێسک دەدات و ڕێگری لە دروستبونی ئێسکەنەرمە و هەوکردنی جومگەکان دەکات.

ـ ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن: چەند پێکهاتەیەکی کەرەوز یارمەتی ڕێکخستنی ڕێژەی ئەنسۆلینی لەش دەدەن، بۆیە شەکری خوێن ڕێکدەخات.

ـ چارەسەری کەمخوێنی: بەهۆی ئەوەی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددەی ئاسن، یارمەتی و چارەسەری کەمخوێنی دەدات و ئەنیمیا دەدات.

ـ یارمەتیدەری تەندروستی مێشک: پێکهاتە تەندروستییەکانی کەرەوز ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پارێزگاریکردن و باشترکردنی کاری دەمارە گوێزەرەوەکانی مێشک، هەروەها بەهۆی بوونی چەند پێکهاتەیەکی کە ڕێگری لە دروستبوونی هەوکردن دەدات مێشک لە نەخۆشی زەهایمەر دەپارێزێت، هەروەها دژەئۆکسانەکانی نێو ڕووەکی کەرەوز یادەوەری بەهێز و چالاک دەکەن.
ـ کەرەوز سەوزەیەکی بەهێزە بۆ دابەزاندنی کێش: بەهۆی ئەو پێکهاتانەی کە یارمەتی لەش دەدەن لە پارێزگاریکردن لە ڤیتامین و کانزاکانی نێو جەستە، بۆیە لە زۆرێک لە ڕیجیمەکانی خۆلاوازکردندا بەکاردەهێنرێت و دژی قەڵەوییە و ڕێژەی کالۆری تێیدا کەم و دیاریکراوە.

پێکهاتەی خۆراکی کەرەوز

 هەر 100 گرامێک لە کەرەوزی فرێش ئەم پێکهاتە خۆراکییانە لەخۆدەگرێت:

وزە 23 کالۆری
پرۆتین 2.13 گرام
کاربۆهیدرات 3.67 گرام
ڕیشاڵ 2.8 گرام
شەکر 1.83 گرام
چەوری 0.17گرام
کالسیۆم 67 ملیگرام
ئاسن 1.77 ملیگرام
مەگنیسیۆم 26 ملیگرام
فسفۆر 48 ملیگرام
پۆتاسیۆم 521 ملیگرام
سۆدیۆم 46 ملیگرام
ڤیتامین C 27 ملیگرام

زیانەکانی کەرەوز

زیانەکانی کەرەوز زۆر کەمن، خواردن و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی گشتی زیانی نییە، بەڵام بۆ هەندێک کەس دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری پێست، هەروەها زۆرخۆری لە ڕادەبەدەریی لەم ڕووەکە بۆ هەندێک کەس دەبێتە هۆی دروستبوونی وەڵامدانەوەی پێست بۆ هەستیاری خۆر و یارمەتی سووربوونەوەی پێست دەدات.

چۆنییەتی بەکارهێنانی لە خواردنەکاندا

ـ پەلک و لاسکەکانی بەخاوی و بە کوڵاویش دەخورێن
ـ بەکارهێنانی کەرەوز لەگەڵ زەڵاتە و سەوزەکاندا 
ـ بەکارهێنانی لە دروستکردنی شۆربا
ـ دەکرێت کەرەوزی وشک و تۆوەکەی بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبگیرێت، هەروەها وەکوو پاودەر و بەهارات بۆ شەش مانگ هەڵدەگیرێت، لە زۆرێک لە خواردنەکاندا بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



2192 بینین