جۆرە سەرەکییەکانی برنج و هەڵبژاردنی برنجی گونجاو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-04-09:49:00 - کۆدی بابەت: 8500
جۆرە سەرەکییەکانی برنج و هەڵبژاردنی برنجی گونجاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

برنج خواردنێکی سەرەکی سەر سفرە و خوانەکانە یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە لەم سەردەمەی ئێستادا مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری بێت و بووە بە بەشێکی گرنگی ئاسایشی خۆراکیی هەندێک گەلانی جیهان، بۆیە خواردنی سەرەکی زۆرێک لە گەلانی جیهانە نموونەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەیان ساڵە بەربڵاوترین و بەکارهێنراوترین دانەوێڵەی جیهانە.
وڵاتی چین گەورەترین وڵاتی جیهانە کە برنج ڕەوانەی وڵاتان دەکات و گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری برنجە، پاشان هەریەک لە وڵاتانی هیندستان، ڤێتنام، ئەمریکا، پاکستان لە جیهاندا زۆرترین ڕێژەی برنج بەرهەم دەهێنن، وڵاتانی سعوودیە، عێراق، ئێران، کوبا، ڕووسیا و مەکسیک لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە برنجی هەناردەکراوی وڵاتانی تر دەکڕن.

جۆرەکانی برنج

جۆرەکانی برنج لە جیهاندا زۆر و هەمەجۆرن، نزیکی چوار هەزار بۆ دە هەزار جۆری برنج هەیە کە جیاوازییەکەیان پەیوەستە بە سروشتی خاک و ئاو و چۆنیەتی ڕواندنیان

گرنگرتین جۆرەکانی برنج بریتیین لە:

برنجی بەسمەتی

برنجی بەسمەتی (بە عەرەبی: الأرز بسمتي، بە ئینگلیزی: Basmati Rice) باوترین و باشترین جۆری برنجە لە جیهاندا، برنجێکی بۆندار و دەنک درێژە و درێژییەکەی دووهێندەی برنجی ئاساییە، ڕەنگی سپی و قاوەیی هەیە و لەکاتی لێنانی زوو نەرم دەبێت و ناسکە و بۆنێکی تایبەتی هەیە، وڵاتی هیندستان لە پێشینەکانی وڵاتانی جیهانە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە و نزیکەی 70%ـی برنجی بەسمەتی لە جیهاندا لە هیندستان بەرهەم دەهێنرێت.
ئەم جۆرەی برنج خواستێکی زۆری لەسەرە و زۆرێک لەو خواردنانەی کە برنج تێیدا پێکهاتەیەکی سەرەکییە ئەم جۆرەی برنج بەکاردەهێنرێت و بڕی کالۆری تێیدا بەراورد بە برنجەکانی تر کەمترە و ڕێژەی شەکری کەمە و بڕیکی دیاریکراوی ڕیشاڵیشی تێدایە.

برنجی قاوەیی

برنجی قاوەیی یان برنجی دانەوێڵەی تەواو و کامڵ (بە عەرەبی: الأرز البني، بە ئینگلیزی: Brown Rice)، ئەم جۆرە برنجە تەنها توێکڵی دەرەوەی لێدەکرێتەوە و ڕووەکەی چەور دەردەکەوێت، دەنک درێژەکەی ڕەق و چەورە، دەنک کورتەکەی تامی تاڕادەیەک شیرینە و چڕی و لینجی زۆرە، پێکهاتەی خۆراکی ئەم جۆرە برنجە دەوڵەمەندە و چەندان ماددەی تەندروستی تێدایە نموونەی ڕیشاڵ، ڤیتامین b، مەگنسیۆم و ئاسن، بۆیە لەڕووی تەندروستییەوە ئەم جۆرەی برنج زۆر پەسەندە و بڕی کالۆری کەمە و هەستی تێری زیاد دەکات و لە زۆرێک لە سیستم و ڕیجیمەکانی خۆلاوازکردن ئەم برنجە ڕێگەپێدراوە. هەریەک لە وڵاتانی تایلەند و ڤێتنام و هیندستان لە پێشەنگی بەرهەمهێنەرانی ئەم جۆرە برنجەن.

برنجی یاسەمین

برنجی یاسەمین یان برنجی تایلەندی یان برنجی عەنبەر (بە عەرەبی: الٲرز یاسمین، بە ئینگلیزی: Jasmine Rice) برنجێکی دەنک درێژی بۆندارە و درێژییەکەی چوار هێندەی پانییەکەیەتی، خاوەن پێکهاتەیەکی لینجییە کە لە کاتی دروستکردنی بڕی ئاوی زۆر پێویستە، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەی تایلەند بەرهەمهێنانی ئەم برنجە بەربڵاوە.

برنجی لینج

برنجی لینج و خڕ (بە عەرەبی: الأرز الدبق، بە ئینگلیزی: Sticky Rice) جۆرە برنجێکی شیرینە بڕێکی زۆر نیشاستەی تێدایە، دەنک درێژ و خڕی هەیە و ڕەنگی سپییە، لەکاتی دروستکردنیدا چڕی زۆرە دەنووسێنە یەکەوە و شێوەیەکی لینجی هەیە، ئەم جۆرە نابێت لەگەڵ جۆرەکانی تری برنجدا تێکەڵ بکرێت.
وڵاتی چین و بەنگلادیش و فلیپین ئەم جۆرە برنجە زۆر بەکاردەهێنن.

پۆلێنکردنی جۆری برنج بەپێی درێژییەکەی

1ـ برنجی سپی دەنک درێژ (بە عەرەبی: الأرز الأبيض طويل الحبة، بە ئینگلیزی: White long grain rice) برنجێکی تەنکی دەنک درێژە، درێژییەکەی چوار بۆ پێنج هێندەی پانییەکەیەتی، هەندێک جۆری چەڵتووکدارە و هەرسکردنی سووک و ئاسانە، درێژی چەڵتووکدارەکەی 9 بۆ 9.8 ملیمە، جۆری بێ توێکڵەکەیشی درێژییەکەی 6.6 بۆ 7.7 ملیمە. برنجی سپی دەنک درێژ هەریەک لە برنجی بەسمەتی، برنجی ئەمریکی سپی، برنجی یاسەمین لەخۆدەگرێت، ئەمریکا و تایلەند لە پێشەنگی بەرهەمهێنەری ئەم برنجەن.
2ـ برنجی دەنک مامناوەند یان ناوەنجی (بە عەرەبی: الأرز الأبيض متوسط الحبة، بە ئینگلیزی: Medium-Grain Rice)، درێژییەکەی لە جۆری یەکەم کورتترە، چەڵتووکدارەکەی دریژییەکەی 8 بۆ 8.7 ملیمە، بێ توێکڵەکەشی درێژییەکەی 6 بۆ 6.7 ملیمە، ئەم جۆرە پرۆتینی گلۆتینی تێدا نییە و تەندروست و پەسەندە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی هەرسیان هەیە. ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا زۆرترین بەرهەمهێنەری ئەم جۆرەیە.
3ـ برنجی دەنک کورت (بە عەرەبی: الأرز الأبيض قصير الحبة، بە ئینگلیزی: Short- Grain Rice) درێژی برنجی جۆری چەڵتووکداری دەنک کورت 7.5 ملیمە، درێژی برنجی دەنک کورتی پاککراو یاخود بێ چەڵتووک 5.5 ملیمە، هەریەک لە برنجی سووشی، برنجی ئەمریکی، برنجی قاوەیی سەر بەم پۆلێنەن.

 چەند پێوەر و تایبەتمەندییەک بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی برنجی گونجاو

ـ دەنک درێژی برنجەکە: ئەگەر برنجەکە دەنک درێژ و ڕێک بێت، دەنکەکانی نەشکا بێت و باش کۆگا کرابێت، هەموو ئەمانە بەڵگەیە بۆ باشی جۆری برنجەکە.
ـ ڕەنگ و شێوەی برنجەکە: ڕەنگی سپی باوترین ڕەنگی برنجە، نموونەی برنجی بەسمەتی کە ڕەنگێکی سپی شووشەیی بۆری هەیە و پویستە لە کاتی هەڵبژاردنی برنجدا ئاگادار بیت کە ڕەنگەکەی تێکنەچوو بێت.
ـ بۆنی برنجەکە: لەکاتی کۆگاکردنی برنج بە شێوەیەکی ناتەندروست و بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆنی ناخۆش و بۆن کەڕوو لە برنجەکەدا دروست دەبێت، برنجی تەندروست بۆنێکی تایبەتی خۆی هەیە کە بۆنی لە تێکەڵکردنی بۆنی چەند گوڵێکەوە نزیکه و هەندێک جۆری برنجیش هیچ بۆنێکیان نییە.
ـ پاکوخاوێنی برنجەکە: پێویستە دەنکەکانی برنج خاڵی بێت لە چەند جۆرە تەنێک نموونەی وردە بەرد، خۆڵ، دەنکی شکاو، وردە زیخ، لەگەڵ چەندجۆرێکی کرم و ئەسپێ.
ـ کاتی لە ئاوکردن و خوساندنی برنجەکە: ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ برنج لە ئاو بکرێت بێ ئەوەی شێوەکەی تێکبچێت، یان دەنکەکانی بشکێت ئەوە بەڵگەی باشی جۆری برنجەکەیە.
ـ شێوەی برنجەکە: ئەگەر لەکاتی لێنان و دروستکردنی برنجەکە پارێزگاری لە شێوەکەی خۆی کرد و نەنووسایە یەکەوە و شێوەی تێکنەچوو، ئەوە بەڵگەی باشی برنجەکەیە.


سەرچاوەکان



1360 بینین