برینی کاریگەر (٢٠٢١)

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-06-22:06:00 - کۆدی بابەت: 8528
برینی کاریگەر (٢٠٢١)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

برینی کاریگەر (بە ئینگلیزی: mortal wound) (بە فارسی: زخم کاری) زنجیرەیەکی ئێرانییە کە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بڵاوکرایەوە، لە جۆری کۆمەڵایەتی و تاوانکارییە، نمرەی ٧.٧/١٠ وەرگرتووە لە سایتی MIDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان.
ژمارەی ئەڵقەکانی ١٥ ئەڵقەیە و لە یەک وەرز پێکهاتووە، زنجیرەکە لە دەرهێنانی دەرهێنەر (محەمەد حسێن مەهدەویان)ـە.

ئەکتەرەکان

- جەواد عیزەتی لە ڕۆڵی مالیک مالیکی
- ڕەعنا ئازادی وەر لە ڕۆڵی سەمیرا
- هانیە تەوەسولی لە ڕۆڵی مەنسووڕە ڕیزئابادی
- سەعید چەنگیزیان لە ڕۆڵی ناسڕ ڕیزئابادی
- ئیلاهە حیاسری لە ڕۆڵی کیمیا
 - سارا حاتەمی لە ڕۆڵی مائیدە ڕیز ئابادی
 - موڕتەزا ئەمینی تەبار لە ڕۆڵی مەیسەم مالیکی

چیرۆک

چیرۆکی فیلمەکە لە شانۆنامەی ماکبێس (Macbeth)ـی ویلیام شکسپیر و ڕۆمانی بیست برینی کاریگەر (بیست زخم کاری)ـی مەحموود حسێن زادەوە وەرگیراوە

چیرۆکی زنجیرەکە باس لە پیاوێک دەکات بەناوی مالیک کە یەکێکە لەبەڕێوەبەرانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو کە ڕیزئابادی بەڕێوەی دەبات، ڕیزئابادی ڕێنمایی مالیک دەکات تاکوو گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنێکی گەورەی نەوت لەگەڵ نەرویجییەکان بکات، دوای واژووکردنی گرێبەستەکە نەرویجییەکان دەیانەوێت بڕی پارەی گرێبەستەکە بگوازنەوە کە چەند ملیۆن دۆلارێکە بۆ کۆمپانیاکە، بەڵام مالیک ئەم ڕێڕەوە دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی ڕوودانی چەندین کێشە و ململانێ لەنێوان خێزانەکاندا.

کەسایەتی مالیک

مالیک کەسایەتییەکی ناوازەیە، بەشێک لە کەسایەتییەکەی لە شانۆنامەی ماکبێسی ولیام شکسپیر وەرگیراوە و هەندێکی تریش لە ڕۆمانی بیست برینی کاریگەر.
گرنگترین بەشی کەسایەتیی مالیک دەگەڕێتەوە بۆ نمایش و ڕەفتاری خۆی لە زنجیرەکەدا، کە لەلایەن محەمەد حوسێن مەهدەویانەوە نووسراوە و لەلایەن جەواد عیزەتی بەباشترین شێوە نمایش کراوە.
لە برینی کاریگەردا مالیک هێمای هێز و ئاواتە، ئەم ئارەزووی دەسەڵات خوازییە لە مالیکدا وەها سەرکوت کراوە کە ئێستا ئەو دەرفەتەی دۆزیوەتەوە ناچاری دەکات بە یاخیبوویی هەر کارێک بکات، ئەو چیتر منداڵێک نییە کە خەونەکەی هەبوونی تراکتۆرێک بێت لەگەڵ باوکیدا بەشێوەیەک نوێنەرایەتی هەموو شکستخواردووەکانی کۆمەڵگا دەکات، کەسایەتییەکی لەرزۆکی هەیە کە بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە هەرگیز خاوەنی هیچ شتێک نەبووە هەموو پێداویستییە ماددی و دەروونییەکانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا سەرکوت کراون، لە کۆتیاییدا ئەمەی ڕەتکردەوە و دەیەوێت تۆڵەی هەموو ڕۆژانی ڕابردووی لە ئەوانی تر بکاتەوە.

کەسایەتی سەمیرا

وەکوو خاتوونەکەی ماکبێس، کەسایەتیی سەمیرا کەسایەتییەکی خۆویست و دووڕووە کە چاوچنۆکی بۆ دەسەڵات و خواستی پشکی زیاتر دەبێتە هۆی پیلانگێڕانی بۆ کوشتنی ڕیزئابادی، لە ماکبێسدا دوای کوشتنی دانکان، خاتوونەکە بەرەو کەوتن دەچێت، لە برینی کاریگەریشدا لاوازبوونی سەمیرا لە شێوەی خەیاڵکردن، حەب خواردن و دڵەڕاوکێ نیشان دەدرێت، سەمیراکەی برینی کاریگەر جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەڵ خاتوونەکەی ماکبێس ئەویش ڕەوشتەکەیەتی کە بە پێچەوانەی کەسایەتیی میهرەبان و زمان کراوەی خاتوونەکەی ماکبێسەوە، کەسایەتییە ترسنۆک و گوماناوییەکەی لە پشت گاڵتەوە دەشارێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بەهێز نیشان بدات.


سەرچاوەکان



2298 بینین