نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-06-22:09:00 - کۆدی بابەت: 8529
نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە یان نەخۆشیی شێواویی وێنەی جەستە (بە ئینگلیزی: Body dysmorphic disorder) نەخۆشییەکی دەروونیی باو و ڕوو لە زیادبوونە کە تێیدا کەسێک تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبێت لەبارەی ناتەواوییەکی هەستپێکراو لە شوێنێکی جەستەیدا. بەپێی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM-5) ئەم نەخۆشییە بە جۆرێک لە نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو دادەنرێت، کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە دەکرێت لەبارەی هەر ئەندامێکی جەستەیانەوە نیگەران ببن، بەڵام نیگەرانبوون لەبارەی ڕووخسار و قژ باوترینن. هەندێک کەس نیگەرانن لەبارەی ئەوەی لووتیان ناڕێکە، پێکەنینیان چەماوە و ناشیرینە، لێویان ناڕێکە یان هەر تایبەتمەندییەکی تر، هەروەها هەندێکیان پێیان وایە ئەو زیپکە و مووە زیادانەی لەسەر ڕووخساریان هەیە زۆر زیاتر لە ئاستی خۆی دەردەکەوێت و زۆرێکیش ترسی ئەوەیان هەیە کە تەواوی شێوەی جەستەیان پەسندنەکراو و ناشیرین بێت.

نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە چییە؟

زۆربەی خەڵک لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت نیگەرانی ئەندامێکی ڕووخسار یان لەشیان ببن، بەڵام کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە (BDD) کاتێکی زۆر بە بیرکردنەوە لە وردەکارییەکانی جەستەی بەسەر دەبات کە لەلایەن کەسانی ترەوە زۆر بە دەگمەن هەستی پێ دەکرێت یان هەر نابینرێت. ئەم نیگەرانبوونەش دەکرێت سەر بکێشێت بۆ ڕاڕایی و خولیایەکی بەردەوام. نەخۆشییەکە زۆر کەم پەیوەندیی بە شێوەی ڕاستەقینەی دەرکەوتنی جەستەوە هەیە بەڵکوو پەیوەندیی بە وێناکردنی جەستەوە هەیە کە کەسەکە بەم شێوەیە خۆی دەبینێت. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ئەم نەخۆشییە کاریگەریی لەسەر نزیکەی (٪٠.٧ - ٪٤)ـی خەڵکی ئەمریکا هەیە و کەسانی تەمەن ١٥ بۆ ٣٠ ساڵان زیاتر تووش دەبن و زیاتریش لە ڕەگەزی مێیینەدا باوە. هەروەها نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگە (LGBT)ـیەکان واتا لەنێو هاوڕەگەزباز، نێرەمووک و ڕەگەزگۆڕاوەکاندا زیاترە وەک لە خەڵکی ئاسایی. ئەم نەخۆشییە بە گشتی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەست پێ دەکات و بەپێی تەمەنیش شێوازەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە تەمەنی گەنجیدا کەسەکە زیاتر بایەخ بە شێوەی دەرکەوتنی لووت و گوێ دەدات و لە کەسانی بەتەمەنتریش زیاتر چرچولۆچی پێست بایەخی پێ دەدرێت.

ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبنەوە کە کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانیان و جۆرێتی ژیانیان، هەروەها چالاکی و کارەکانیان پەکدەخات، وایان لێ دەکات خۆیان بە کەم و بە ناشیرین بزانن، کێشە بۆ کەسایەتییان دروست دەکات و هەموو جوانیی خۆیان لەچاوی کەسانی ترەوە دەبینن و پێیان وایە کە خەڵک ئەوانیان بەلاوە پەسند نییە، هەرچەندەش کەسی تووشبوو دڵنیابکەیتەوە کە هیچ کێشە و ناتەواوییەکی هەستپێکراوی نییە، هیچ سوودێکی نییە. بەڵام ئەگەر کەسی تووشبوو بە نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە دەستنیشانکردنێکی وردی نەخۆشییەکەی بۆ بکرێت و چارەسەری دەروونی وەربگرێت، ئەوا سوودی زۆری دەبێت.


نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا

ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی باوی سەردەمە و لە هەموو وڵاتانی دونیا لە پەرەسەندندایە، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا نەخۆشییەکە باوە، هۆکاری بەربڵاوییەکەشی بریتییە لە کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەڕووی کۆمەڵگە جیهانییەکاندا، فەراهەمبوون و ئاسانیی دەستکەوتنی سەرچاوەکانی وەکوو ئینتەرنێت و میدیا بە گشتی، بەراوردکاری خانمان بە مۆدێلەکان و کەسانی تر، هەروەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە زۆربەی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکاندا بریتییە لە خۆبەراوردکردن و لاساییکردنەوەی ئەستێرە جوان و بەناوبانگەکان.

پێوەرەکان

 ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان لە چاپی پێنجەمیدا (DSM-5) ئەم پێوەر و مەرجانەی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە داناوە:

  • خۆسەرقاڵکردن بە ناتەواوییەک یان زیاتر لە دەرکەوتنی کەسێکدا کە ئەوانی تر ناتوانن بیبینن یان زۆر کەمە.
  • دووبارەکردنەوەی چەند ڕەفتارێکی بەردەوام وەکوو سەیرکردنی ئاوێنە، دەستلێدان و بەراوردکرنی ئەو شوێنەی جەستەی لەگەڵ کەسانی تردا.
  • خۆسەرقاڵکردنێک کە بگاتە ڕادەی دڵەڕاوکێ و بێزارییەکی زۆر و وا لە کەسەکە بکات نەتوانێت کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕابپەڕێنێت.
  • نابێت نیگەرانییەکە پەیوەندیی بە قەڵەوی و لاوازیی کێشی جەستەوە هەبێت کە لە تووشبوانی نەخۆشیی تێکچوونی خواردندا هەیە وەکوو، دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن.

هۆکار

دکتۆرەکان بە دیاریکراوی نازانن هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە چین، بەڵام دەکرێت لەبەر هەندێک هۆکار ڕووبدەن کە بریتین لە:

بۆماوە: بەپێی توێژینەوەیەکی بچووک کە کراوە تێبینی ئەوە کراوە کە ٪٨ـی ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە، لە خێزانەکانیشیاندا هەیە. 

نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو: ئەم نەخۆشییە زۆرجار تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە خۆیان نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراویان هەیە و زۆر ڕاڕان، بەپێی توێژینەوەیەک کە کراوە (٪٧ بۆ ٪٣٨)ـی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو تووشی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە دەبن.

کەمیی ئاستی دەمارەگوێزەرەوەی سیرۆتۆنین: زاناکان لە زۆربەی تووشبووانی نەخۆشیی ڕازینەبوون بەشێوەی جەستەدا تێبینی کەمیی ئاستی سیرۆتۆنینیان کردووە، هەروەها کاتێک سیرۆتۆنین وەک چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە بەکاردێت، نیشانەکان بەرەو باشتر دەڕۆن، بەڵام هێشتا نازانرێت کە سیرۆتۆنین چ ڕۆڵێکی لەم نەخۆشییەدا هەیە.

پڕۆسەی بینیایی و تایبەتمەندییەکانی تری مێشک: لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا توێژینەوەیەک کرا کە تێیدا بەشداربووان کاریان لەسەر وێناکردن و وێنەکێشان دەکرد، ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم نەخۆشییە بوون لە کەسانی ئاسایی زیاتر سەرنجیان دەخستە سەر وردەکارییەکان و شێواوییە هەستپێکراوەکان، هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نییە کە ئەمە هۆکار یان دەرئەنجامی نەخۆشییەکە بەڵام زاناکان ئەمە بە بەشێک لەو هۆکارانە دادەنێن کە ڕۆڵی لە نەخۆشییەکەدا هەیە.

ئەزموونەکانی منداڵی: بەپێی توێژینەوەیەک ئەو کەسانەی لە منداڵییاندا شەرمیان لە شێوەی جەستەی خۆیان کردووە یان بەنووکی دەرزی دەستکاری جەستەی خۆیان کردووە وەک بەشێک لە یاری، لەوانەیە لە داهاتوودا تووشی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە ببن. هەروەها زۆر گرنگیدان بە جوانی و شێوازی دەرکەوتنیش دەکرێت هۆکار بێت بۆ ئەم نەخۆشییە، هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان دەڵێن ئەمە هۆکار نییە بەڵکوو دەرئەنجامی نەخۆشییەکەیە.

نیشانەکان

سەرەکیترین نیشانە کە کەسی تووشبوو ئەزموونی دەکات بریتییە لە خۆسەرقاڵکردن بە ناڕێکییەکی هەستپێکراو لە شێوەیدا، یانیش بوونی کاردانەوەیەکی زۆر بۆ ناتەواوییەکی بچووک لە جەستەیدا، نیشانەکان درێژخایەنن و ڕادەی تووندییەکان زیاد و کەم دەکات، هەروەها دەکرێت سەرنجی کەسەکە لەسەر شوێنێکی جەستەیەوە بگۆڕێت بۆ شوێنێکی تر. بە گشتی ئەو ناوچانەی کە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە هەوڵی چاککردنیان دەدەن بریتین لە:

  • پێست، بۆ نموونە چەوریی پێست، زیپکە و چرچولۆچیی پێست
  • ڕووخسار، بۆ نموونە نیگەرانبوون لەبارەی مووە زیادەکانی دەموچاو

ئەو ئەندامە تایبەتانەی دەبنەجێی نیگەرانیی تووشبووەکان بریتین لە:


خۆسەرقاڵکردن بەو ناتەواوییانە و نیگەرانبوون لەبارەیانەوە، سەر بۆ ئەم ڕەفتارانە دەکێشێت:

  • زۆر ئاگاداربوون و گرینگیدان بە شێوەی دەرکەوتنی جەستە
  • بەبەردەوامی دەست لە ناتەواوییەکەی جەستەی دەدات، دەستکاری دەکات، دەیپێوێت و تێی ڕادەمێنێت
  • خوێندنەوە و گەڕانی زۆر لەبارەی ناتەواوییەکەی 
  • پێشتگوێخستنی کار، ژیانی کۆمەڵایەتی، خێزان و تەندروستیی خود
  • بەردەوام سەیرکردنی ئەو شوێنەی جەستە لە ئاوێنەدا 
  • هەوڵدانی بەردەوام بۆ شاردنەوەی ناتەواوییەکە بۆ نموونە لەڕێی میکیاج، بارۆکە و جلوبەرگەوە
  • زۆر سەردانکردنی پزیشکی پێست و پزیشکی جوانکاری بۆ ڕاستکردنەوەی ناتەواوییەکەی
  • بەسەربردنی کاتێکی زۆری ڕۆژانە بە بیرکردنەوە لە ناتەواوییەکە بەجۆرێک کە نەتوانێت بیر لە شتی تر بکاتەوە
  • حەزی بە دووپاتکردنەوەیە لەلایەن کەسانی تر و پێی ناخۆشە کە ئەوان ناتەواوییەکەی نابینن
  • بەردەوام پەنا دەباتە بەر گرتنی وێنەی سێڵفی

ڕوونکردنەوە لەلایەن کەسێک یان هاوڕێیەکەوە کە بڵێت هیچ نەنگییەک و ناتەواوییەکت نییە، یاخود زۆر دیار نییە، بێسوودە و یارمەتیدەر نابێت چونکە کەسی تووشبوو باوەڕ بەم قسانە ناکات، تەنانەت کەسەکە لەوانەیە وابزانێت کەسانی تر زۆر سەیری دەکەن، باسی دەکەن و گاڵتەی پێ دەکەن لە کاتێکدا وانییە. ئەم نەخۆشییە زۆر کاریگەریی لەسەر جۆرێتیی ژیانی تاک دەبێت و هەندێکیان ناتوانن کارەکانی ڕۆژانەیان ڕابپەڕێنن و تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن، تەنانەت لەهەندێک حاڵەتدا هەوڵی خۆکوژیش دەدەن.

دەستنیشانکردن

زۆربەی تووشبووانی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە هەرگیز نەخۆشییەکەیان دەستنیشان ناکرێت یاخود چارەسەرێکی گونجاو وەرناگرن، ئەمەش لەبەرئەوەی زۆر کەم لە خەڵک داوای یارمەتی لە پزیشکی دەروونی دەکەن، لەجێی ئەوە داوای یارمەتی  لە دکتۆری ڕاستکردنەوەی ددان، پزیشکی پێست و نەشتەرکاری جوانکاری دەکەن، یان هەر پسپۆڕێکی تر کە بتوانێت شێوازی دەرکەوتنی جەستەی کەسەکە بگۆڕێت بۆ ئەو جۆرەی کە بەدڵیەتی.

ڕۆڵی پزیشکی نەشتەرکاری جوانکاری لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

لە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بڵاوکراوەتەوە بەگوێرەی چاپی پێنجەمی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان، دەڵێت کە (٪٧ - ٪٨)ـی ئەو کەسانەی لە وڵاتی ئەمریکا داوای نەشتەرکاریی جوانکاری دەکەن، تووشبووی نەخۆشیی ڕازیبنەبوون بە شێوەی جەستەن، هەرچەندە توێژەرەوەکان دەڵێن کە ڕێژە ڕاستەقینەکە زۆر لەمە زیاترە. توێژەرەوەکان هانی پزیشک و نەشتەرکارانی جوانکاری دەدەن کە لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە وریابن و ئەگەر هەست بکەن ئەو کەسەی کە داوای جوانکارییەکە دەکات نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستەی هەبێت، پێویستە هانی بدەن بۆئەوەی پزیشکێکی دەروونی ببینێت، لەجێی ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕازی ببن بەوەی نەشتەرکارییەکەی بۆ ئەنجام بدەن. هەروەها پێویستە ئەم پزیشکانە تەنیا لە کاتێکدا نەشتەرکاریی جوانکاری و ڕاستکردنەوە بۆ کەسێک ئەنجام بدەن کە بەهانەیەکی زانستیی هەبێت و کێشەی بۆ تەندروستیی کەسەکە دروست کردبێت. 

ئەگەر کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە نەشتەرکارییەک ئەنجام بدات تەنیا لەبەرئەوەی زۆر نیگەرانە لەبارەی شێوەی دەرکەوتنی ئەو بەشەی جەستەی نەک لەبەر پێویستی، ئەوا لەوانەیە دوای نەشتەرکارییەکەش هەست بە نیگەرانییەکی زیاتر بکات و ئەنجامی نەشتەرکارییەکەی بەدڵ نەبێت، ئەمە زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە ڕاڕان یان نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراویان هەیە. لەم حاڵەتەدا نەشتەرکاری ناتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لابردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەڵکوو خراپتری دەکات. 

هەروەها پسپۆڕی جوانکاریش واتە ئەو کەسەی لەبواری چارەسەری جوانکاریدا کار دەکات دەتوانێت کەسەکە ڕەوانەی لای پزیشکی پسپۆڕ بکات ئەگەر هاتوو:

  • کەسەکە پێوەرەکانی (DSM-5)ـی بۆ ئەم نەخۆشییە تێدا بەدی کرا
  • زیاتر لە جارێک نەشتەرکاریی جوانکاری کردبێت و بە ئەنجامەکەی دڵخۆش نەبووبێت
  • ناتەواوییەکی بچووکی تێبینینەکراو بووبێتە گرنگترین شت لە ژیانی ئەو کەسە 
  • نیگەرانی و دڵەڕاوکێی کەسەکە زیاد لە پێویست بێت لە هەمبەر ئەو ناتەواوییەی کە هەیەتی

چارەسەر 

چەند جۆرێکی جیاوازی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە هەن، ئەگەر هاتوو کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە دەروونییە ناتەواوییەکی هەبوو لە ئەندامێکی جەستەیدا و کێشەی تەندروستی و دەروونیی بۆ دروست کردبوو، بۆ نموونە لووتی بە ئاشکرا خوار بوو و کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست کردبوو، هەروەها پزیشکی پسپۆڕ بە پێویستی زانی کە نەشتەرکاریی بۆ بکات، ئەوا نەشتەرکاریی جوانکاریی لووت چارەسەرێکی گونجاو دەبێت بۆ ئەم تووشبووانە و دوای نەشتەرکارییەکە هەست بە باشی دەکەن هەم لەڕووی دەروونی هەم جەستەیی، بەڵام مەرجە کە پزیشکی دەروونی ئاگاداری ئەم کەسە بێت کە نیازی نەشتەرکارییەکەی هەیە. هەروەها ئەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشییەکەن، بەڵام ناتەواوییەکەیان شتێکی ئاشکرا و دیار نییە و نەبووەتە هۆی کێشەی تەندروستی بۆیان ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک نەشتەرکارییان بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵکوو دەبێت پزیشکی دەروونی چارەسەری کەسەکە بکات.

چارەسەری هزریی ڕەفتار (چارەسەری دەروونی)

ئامانجی چارەسەری هزریی ڕەفتار (CBT) بریتییە لەوەی کە شێوازی ڕەفتارکردنی کەسەکە بگۆڕێت لەڕێی ئاڵنگاریکردن لەگەڵ بڕوا و بیرکردنەوەکانیان. ئەم چارەسەرە وا دەکات کەسەکە باشتر لەوە تێ بگات کە بۆچی بەم جۆرە بیردەکاتەوە و ئەم بیرکردنەوانە چۆن کاریگەری دەخەنە سەر ڕەفتارەکانی. چارەسەری هزریی ڕەفتار یارمەتیی کەسەکە دەدات بۆئەوەی ئەو بیرە نەرێنییانەی کە لەخۆوە دروست دەبن بوەستێنێت و هانیان دەدات کە بەشێوەیەکی ڕاستییانەتر و ئەرێنییانەتر هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان بکەن. هەروەها فێردەبن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ خووەکانیان بکەن وەکوو بەردەوام سەیرکردنی ئاوێنە.

دەرمان

بەڵگەکان سەلماندوویانە کە ڕێگرەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (SSRIs) کە جۆرێکی دەرمانەکانی دژەخەمۆکین، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە لە زۆرێک لە تووشبووەکان، وەکوو فلوکسێتین، فلوڤۆکسامین، سیتالۆپرام.

ورووژاندنی موگناتیسیی دووبارەبووەوەی کاسەی سەر (rTMS)

توێژەرەوەکان لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ئەم تەکنیکەیان وەک شێوازێکی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە ناساند کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت. ئەم تەکنیکە بریتییە لە دانانی ئامێرێکی بچووکی موگناتیسی لەسەر کەللـەی سەر بۆ وریاکردنەوە و ورووژاندنی چەند بەشێکی تایبەتی مێشک، زاناکان لە ئێستادا پەرە بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە دەدەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی خەمۆکی، سایکۆسس و دڵەڕاوکێ.

چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ:

  • چارەسەری ئەو هۆکارانە دەکات کە بوونەتە هۆی نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە
  • نیشانەکان ناهێڵێت و یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کەسەکە بە شێوەیەکی نوێ خۆی ببینێت
  • ڕێگری دەکات لەوەی کەسەکە تووشی نەشتەرکاریی ناپێویست و مەترسیدار ببێت

چارەسەری دەروونی و دەرمان بەیەکەوە یارمەتیدەر دەبن لە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، بەڵام یەکەمجار پێویستە بزانین و ئاگاداربین لەوەی کە نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە چییە و گرنگی و پێویستیی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە چییە، هەروەها میدیا و کۆمەڵگە و پەروەردەش ڕۆڵیان لە وشیارکردنەوەی خەڵک هەیە.


سەرچاوەکان



988 بینین