تیۆریی ڕەنگەکان و بەکارهێنانانیان لە تەلارسازیدا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-08-17:37:00 - کۆدی بابەت: 8560
تیۆریی ڕەنگەکان و بەکارهێنانانیان لە تەلارسازیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە ڕووی فیزیاییەوە ڕەنگ بریتییە لەو شتەی کە تۆڕی چاو وەک ڕەنگدانەوە و تیشکدانەوەی ڕووناکی لە هەر جەستەیەک یان ماددەیەک دەیبینێت، ئیسحاق نیوتن ڕەنگی سپی شیتەڵ کرد بۆ کۆمەڵە ڕەنگێک و شەبەنگی بینراوی دانا و شکانەوەی ڕووناکی ڕوونکردەوە.
تەلارسازیی ڕەنگەکان گرنگترین چەمکی تەلارسازیی و دیزاین و بنیاتنانە، بەکارهێنانی ڕەنگی گونجاو لە دیزاینەکاندا دەرخەری سەرکەوتوویی پڕۆژە و دیزانەکەیە.
هێزی ڕەنگی دیزاینی ناوەوەی شوێنەکان کاریگەری لەسەر دەروون و ناخی مرۆڤ دروستدەکات، هەروەها دەکرێت چەندان تایبەتمەندی گرنگ بە شوێنەکە بدات، وەکوو فراوانکردنی پانتایی شوێنێکی تەسک و بچووک، یان بە پێچەوانەوە بچووککردنەوەی پانتاییەکی فراوان و چەندان تایبەتمەندی تر.

سیستمی ڕەنگەکان 

گرنگترین سیستمی ڕەنگەکان (بە عەرەبی: أهم نظم الألوان، بە ئینگلیزی: Major Color Systems) لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت:
- سیستمی یەکەم سیستمێکە کە لەسەر کۆکردنەوە و بەیەکداکردنی ڕەنگ پێکهاتووە، کورتکراوەی CMYK بۆ بەکاردەهێنرێت، ئەم پیتانە کورتکراوەی ڕەنگەکانی (cyan, magenta yellow, black) (سەوزی شینباو، سووری ئەرخەوانی، ڕەش، زەرد)، ئەم سیستمە لە کارەکانی کۆپیکردن و لەبەرگرتنەوەی تەنەکان بەکاردەهێنرێت، توندی و هێز و چڕی ئەم ڕەنگانە 4 بایتە، هەروەها ئەم ڕەنگانە نزیکەی چوار ملیۆن پلەی ڕەنگی تری لێبەرهەم دەهێنرێت.
- سیستمی دووەم سیستمێکە لەسەر بنەمای ڕووناککردنەوە دانراوە، کورتکراوەی RGB بۆ بەکاردەهێنرێت، کە کورتکراوەی ڕەنگەکانی (Red, Green, Blue) (سوور، سەوز، زەرد)، ئەم سیستمە لە بوارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو نموونەی تەلەڤزیۆن و بوارەکانی تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنرێت. تین و هێز و چڕی ئەم ڕەنگانە 3 بایتە، هەر ڕەنگێک لەم سێ ڕەنگانە توانا و مەودای بەرهەمهێنانی 256 ڕەنگی تری هەیە.

جۆری ڕەنگەکان

ڕەنگە سەرەکییەکان

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە دەمارەگوێزەرەوەکانی چاو بەم ڕەنگانە زۆر کاریگەر دەبن، ئەم ڕەنگانە بنەمای ڕەنگەکانی ترن و لەمانەوە ڕەنگەکانی تر بەرهەم دەهێنرێت. ڕەنگە سەرەکییەکان بریتین لە: 
- زەرد: یەکەمین ڕەنگی سەرەکییە، لە بەکارهێنانی لەهەر دیزاینێکدا تیشکدانەوە و ڕەنگدانەوەی بەتینە و زۆر بەهێزە، ژمارەیەکی زۆر لە پلە و جۆری ڕەنگی تری لێبەرهەم دەهێنرێت.
- سوور: دووەم ڕەنگی سەرەکییە، تیشکدانەوەی بەهێزە، ئەگەر لەگەڵ هەر ڕەنگێکی تردا تێکەڵ بکرێت، پلەیەک لە پرشنگداری و ڕووناکی و گەشی پێدەبەخشێت.
- شین: سێیەم ڕەنگی سەرەکییە، بەهێزی ڕەنگی شین بە پلەی ڕووناکییەوە پەیوەستە، بۆ نموونە ئەگەر ڕووناکی لە شوێنێک بەهێز و زۆر بێت ڕەنگی شین وەکوو ڕەنگێکی بەهێز و تۆخ دەردەکەوێت، لە بوونی ڕووناکییەکی کەمدا ڕەنگی شین کاڵتر دەردەکەوێت، هۆکاری ئەم دژیەکییەش بەهۆی توانای هەڵمژینی ئەم ڕەنگەوەیە.

ڕەنگە لاوەکییەکان

لە تێکەڵکردنی ڕەنگە سەرەکییەکان ڕەنگە لاوەکییەکان دروست دەبن، ڕەنگەکان بریتیین لە:
- پرتەقاڵی: پرتەقاڵی یەکەمین ڕەنگی لاوەکییە، لە تێکەڵکردنی بڕێکی دیاریکراو لە ڕەنگی زەرد و ڕەنگی سوور دروست دەبێت، توانای هەڵمژینی ڕووناکی زۆر کەمە، کاریگەرکردنە سەر بینین و پلەکانی ئەم ڕەنگە پەیوەستە بە دووریی و مەودای ئەو ڕووناکییەی کە پێی کاریگەر دەبێت، بۆ نموونە ڕووناکی خۆر ڕووکەشی پرتەقاڵی و هەموو ڕەنگەکانی تر کە پرتەقالی دروستی دەکات درەوشاوەتر دەردەخات.
- ڕەنگی سەوز: دووەم ڕەنگی لاوەکییە و لە تێکەڵکردنی ڕەنگی زەرد و ڕەنگی شین دروست دەبێت، لە ڕووی هەڵمژین و ڕەنگدانەوە لە نێوان ڕەش و سپی ئاستێکی ناوەندی هەیە، بە ڕەنگێکی  تەواو کامڵ دادەنرێت ئەگەر لە سێ بەشی بڕی زەرد و هەشت بەشی بڕی شین دروست بکرێت.
- ڕەنگی مۆر: لە تێکەڵکردنی سوور و شین دروستدەکرێت و سێیەم ڕەنگی لاوەکییە، سێبەر و تۆخی ئەم ڕەنگە لە ڕەشەوە نزیکە و ڕەنگدانەوە و تیشکدانەوەی مامناوەندە.

ڕەنگە نابنەڕەتییەکان یان ناوەنجییەکان

ئەم ڕەنگانە لە تێکەڵکردنی ڕەنگە لاوەکییەکان دروست دەبن، بریتیین لە:
ـ پرتەقاڵی زەردکار
ـ پرتەقاڵی سوورباو
ـ سەوزی زەردکار
ـ سەوزی مەیلەوشین
ـ مۆری مەیلەوسوور
ـ مۆری مەیلەوشین

ڕەنگی سارد و ڕەنگی گەرم

ئەم جۆرەیان واتا هەندێک لە ڕەنگەکان هەستی ساردی و فێنکی و ئاسوودەیی دەبەخشنە دەوروبەر، هەروەها هەندێکی تریش هەستی گەرمی و گڕووتینی و وزە دەبەخشن، واتا پەیوەسە بە دروستکردنی هەست و سۆزەوە.
ڕەنگە ساردەکان بریتیین لە شین و سەوز و مۆری کاڵ.
ڕەنگە گەرمەکان بریتیین لە زەرد و سوور و پرتەقاڵی و مۆری سوورباو.

کاریگەری بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە دیزاینە تەلارسازییەکاندا

تەلارساز و دیزاینەری بەشی ناوەوەی تەلارەکان پێویستە گرنگییەکی زۆر بدەنە چۆنییەتی هەڵبژاردنی ڕەنگ و گونجاندنیان لەگەڵ شوێنەکە، هەروەها ڕۆشنایی، تاریکی، سێبەر، پلەی تۆخی ڕەنگەکان و جۆری ڕووناکی ناوەوەی شوێنەکە فاکتەری سەرەکیین لە دروستکردنی کاریگەری، دوو جۆر کاریگەری بوونی هەیە کە بریتین لە:

دروستکردنی کاریگەری فسیۆلۆجی

ڕەنگ کاریگەری دەکاتە سەر لایەنی فسیۆلۆجی مرۆڤ، واتا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەندامێک لە ئەندامەکانی جەستە دروست دەکات، بۆ نموونە پلەکانی ڕەنگی شین کاریگەری دەکەنە سەر کۆئەندامی دەمار و چاوی مرۆڤ و هێوری دەکەنەوە، ئاسوودەیی دەبەخشنە مرۆڤ و یارمەتیدەرن لە هێوربوونەوە و ئارامبوونەوەی مێشک، بۆیە لە زۆرێک لە دیزاینی ناوەوەی ژووری نوستن و کلینیکە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان پلەکانی ڕەنگی شین لە دیزاین کردنی بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕەنگی سوور پەستانی خوێن زیاد دەکات و ترپەکانی دڵ خێرا دەکات و هەستی برسیبوون زیاد دەکات، بۆیە دیزاینی ناوەوەی زۆرێک لە چێشتخانە و شوێنەکانی کڕینی خواردن  پلەکانی ڕەنگی  سووری تێدا بەکارهێنراوە.

کاریگەری سایکۆلۆجی

دروستکردنی هەست و سۆز لەڕێگەی ڕەنگی شوێنەکانەوە واتا ڕەنگەکان کاریگەری دەکەنە سەر لایەنی دەروونی مرۆڤ و هەست و سۆزیان لەلا دروست دەبێت، بۆ نموونە بەکارهێنانی چەند ڕەنگێک وادەکات کە ڕووبەر و پانتایی شوێنەکە فراوان دەرکەوێت، نموونەی بەکارهێنانی ڕەنگی سپی و پلە کاڵەکانی ڕەنگی شین لە دیزاینی ناوەوەی شوێنەکان فراوانی و کراوەیی بە شوێنەکە دەبەخشن، یاخود بەکارهێنانی هەندێک ڕەنگ شوێنەکان گرانبەها و شیک دەردەخات، وەکوو ڕەنگی ڕەش و ڕەنگی ئاڵتوونی پێکەوە.
ڕەنگی سەوز و شینی کاڵ هەستی ئارامبوونەوە و ئاسوودەیی دەبەخشن.


سەرچاوەکان



1087 بینین