ئەنسۆلین

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-10-22:25:00 - کۆدی بابەت: 8592
ئەنسۆلین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئەنسۆلین یان ئینسۆلین (بە ئینگلیزی: Insulin) هۆڕمۆنێکی پێپتیدییە کە لەلایەن خانەکانی بێتا، لە دوورگەکانی لانگەرهانسی پەنکریاسەوە دەردەدرێت، ئەنسۆلین ڕۆڵی زۆر گرنگی هەیە لەوانەش، بڕی گلوکۆزی ناو خوێن ڕێکدەخات و لە ئاستێکی ئاساییدا دەیهێڵێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئاسانکردنی هەڵمژینی گلوکۆز لەلایەن خانەکانەوە کە گلوکۆزەکە وەک سەرەکیترین سەرچاوەی وزە لەلایەن خانەکانەوە بەکاردەهێنرێت، بەبێ بوونی ئەنسۆلین خانەکان ناتوانن ئەو گلوکۆزە بەکاربهێنن و بەباشی کاربکەن، هەروەها گلوکۆزی زیادە کە بەکارناهێنرێت بەشێوەی چەوری لە خانەکاندا هەڵدەگیرێت بۆئەوەی بتوانرێت وەک وزە بەکاربێت لەو کاتانەی کە ئاستی گلوکۆزی خوێن زۆر کەمە، ئەمە سەرەکیترین ڕۆڵی ئەنسۆلینە کە دابینکردنی وزەیە بۆ خانەکان، یەکێکی تر لە ڕۆڵەکانی ئەنسۆلین ڕێکخستنی بەکارهێنانی کاربۆهیدرات و میتابۆلیزمی چەوری و پڕۆتینە، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە دەزووە دابەشبوون و گەشەکردنی خانەکان و بەرهەمهێنانی پڕۆتیندا.

دۆزێنەوەی ئەنسۆلین

لە ساڵی ١٨٨٩ دوو زانای ئەڵمانی بە ناوەکانی مینکۆوسکی و ڤۆن مێرینگ کاتێک تاقیکردنەوەیان لەسەر ئاژەڵ دەکرد بۆیان دەرکەوت کە لابردنی تەواوی پەنکریاس لە جەستەی ئاژەڵەکە بووە هۆی نەخۆشیی شەکرەی توند، ئەوان گریمانەیەکیان دانا کە ماددەیەک لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت و بەرپرسە لە کۆنتڕۆلکردنی کردەی مێتابۆلیزم، دواتر چەند زانایەکی تر لەڕێی تاقیکردنەوەی زیاتر بۆیان دەرکەوت کە ئەم نەخۆشیی شەکرەیە پەیوەندیی بە لەناوچوونی دوورگەکانی لانگەرهانسەوە هەیە لە پەنکریاسدا، کاتێک مینۆوسکی و زوێلزەر لە ئەڵمانیا و سکۆت لە ئەمریکا لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ماددەیەدا بوون و ئەنجامی جیاوازیان دەستکەوت، توێژەرەوەی بەلجیکی، دی مایر لە ساڵی ١٩٠٩ پێشنیازی ناوی ئەنسۆلینی کرد، هەروەها توێژەرەوەی بەڕیتانی، شافیەر لە ساڵی ١٩١٦ـدا پێشنیازی هەمان شتی کرد.  

لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٢١ واتە دوای دەیەیەک لە دۆزینەوەی ئەنسۆلین، توانرا ئەنسۆلین جیابکرێتەوە و پوخت بکرێت و بەردەست بێت بۆ بەکارهێنان وەک چارەسەر. لە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٢١ پزیشکی کەنەدی فریدریک بانتینگ لەگەڵ قوتابییەکەی بەناوی چاڕلز بێست لەژێر سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری مێتابۆلیزمی کاربۆهیدرات، میکڵاود دەستیان بە تاقیکردنەوە لەسەر سەگ کرد، ئەوان ئەنسۆلینیان بۆ ئەو سەگانە دادەنا کە بەهۆی لێکردنەوەی پەنکریاسیان تووشی شەکرە بووبوون و تێبینیان کرد کە ئاستی شەکری خوێنیان لەگەڵ ئەنسۆلینەکە دادەبەزێت. بەمجۆرە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٢٢ یەکەم تاقیکردنەوەی سەر مرۆڤ لەسەر منداڵێکی ١٤ ساڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەکرە کرا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٣ زانا میکڵاود و فریدریک بانتینگ خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئەم کارەیان وەرگرت.

شێوە و تایبەتمەندییە کیمیایییەکانی ئەنسۆلین

لە ساڵی ١٩٢٨ ئەنسۆلین وەک فرەپێپتیدێک دۆزرایەوە و ڕیزبەندیی ترشە ئەمینییەکانیشی لە ساڵی ١٩٢٥ دیاریکرا، ئەنسۆلین لە ڕاستیدا دووانەپێپتیدە کە هەردوو زنجیرەی A و Bـی بە ڕیزبەندی تێدایە کە بەهۆی پردی دووانەگۆگردید بەیەکەوە بەستراون و لە ٥١ ترشی ئەمینی پێکهاتووە و بارستە گەردیلەکەشی ٥٨٠٢ـە، هەروەها خاڵی هاوئەلیکترۆلیکییەکەی ڕێژەی ترشێتی ٥.٥ـە. زنجیرەی A لە ئەنسۆلیندا لە ٢١ ترشە ئەمینی و زنجیرەی Bـیش لە ٣٠ ترشە ئەمینی پێکهاتووە.

دروستبوون و دەردانی ئەنسۆلین

ئەنسۆلین لەسەر کڕۆمۆسۆمی ژمارە ١١ کۆدکراوە و لە خانەکانی بێتا لە درووگەکانی لانگەرهانسی پەنکریاس دروست دەکرێت و دروستکەرەکەشی پڕۆئەنسۆلینە. پڕۆئەنسۆلین لەلایەن ڕایبۆسۆم لە ناوکەپلازمە تۆڕی زبرەوە لە ناوکەترشی نامەبەر (mRNA) دروست دەکرێت. سیکڵدانۆچکە دەردەرەکان پڕۆئەنسۆلین لە ناوکەپلازمە تۆڕی زبرەوە بۆ دەزگاری گۆڵجی دەگوازنەوە و ئەنزیمەکانی دەرەوەی دەزگاری گۆڵجی پڕۆئەنسۆلین بۆ ئەنسۆلین و پێپتیدی C دەگۆڕن. ئەنسۆلین گەردی شەشیی زینکی دروست دەکات کە ناتوێتەوە و لە ڕێژەی ترشێتیی ٥.٥ـدا وەک کریستاڵی جێگیری کیمیایی دەنیشێت. کاتێک ئەنسۆلینی پێگەیشتوو لەڕێگەی دەرکردن لە خانەوە دردەدرێتە ناو خوێن، ئەنسۆلین و ڕێژەیەکی یەکسانی پێپتیدی C دەردەدرێن، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەمی پڕۆئەنسۆلین و زینک دەردەدرێت کە دەکاتە ٪٦ـی دەردراوەکانی خانەکانی دوورگەکە. دەردانی ئەنسۆلین دوو قۆناغییە، سەرەتا بڕێکی زۆری هۆڕمۆنەکە بەخێرایی دەردەدرێت، دواتر بڕێکی کەمتر بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوامتر دەردەدرێت. هەروەها ئەنسۆلین کاتێک دەست بە فرمانەکانی دەکات کە لەگەڵ وەرگرەکانی لە جەستەدا یەکدەگرێت.

ڕێکخستن و میکانیزمەکانی دەردانی ئەنسۆلین

دروستبوون و دەردانی ئەنسۆلین لەڕێی دەردەری خۆراکی و ناخۆراکی ڕێک دەخرێت، دەردەرە خۆراکییەکان وەکوو شەکرەکان، بۆ نموونە گلوکۆز کە بەهۆی زیادکردنی وزەی (ATP) خانە هانی دەردانی ئەنسۆلین لە خانەکانی بێتاوە دەدات کە بە میکانیزمی دەردانی ئەنسۆلین بەهۆی گلوکۆزەوە ناسراوە، دەردەرە ناخۆراکییەکانیش وەکوو هۆڕمۆنەکان و هاندەرە ژینگەییەکان، دەردەرە ناخۆراکییەکان لەڕێی هاندانی دەماری، هۆڕمۆنە پێپتیدییەکان و ترشە ئەمینییەکان کاردەکەن. هەروەها دەردانی ئەنسۆلین لەڕێی ئەو هۆکارانەشەوە کاری تێ دەکرێت کە کار لە دروستبوونی ئەنسۆلین دەکەن، وەکوو گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی لەبەرگرتنەوە و وەرگێڕانی بۆهێڵەکان، گۆڕانکارییەکانی دوای وەرگێڕان لە دەزگای گۆڵجیدا، هەروەها گۆڕانکارییە ماوەدرێژترەکان بەهۆی کاریگەری لەسەر بارستەی خانەکانی بێتاوە دەبێت کە ئەمەش هانی دەردانی ئەنسۆلین دەدات.

بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز لە خوێن هانی یەکەم قۆناغی میکانیزمی دەردانی ئەنسۆلین بەهۆی گلوکۆزەوە دەدات لەڕێگەی دەردانی ئەنسۆلین لە خانە دەردەرەکانی بێتاوە. چوونەژوورەوەی گلۆکۆز بۆ ناو خانەکانی بێتا لەڕێی ئەنزیمی شیکەرەوەی گلۆکۆز (گلۆکۆکاینەز)ەوە هەستی پێ دەکرێت کە هەڵدەستێت بە زیادکردنی کۆمەڵەی فۆسفۆڕیلەیت بۆ گلوکۆزەکە و دەیگۆڕێت بۆ گلۆکۆز-٦-فۆسفات (G6P) و وزەی (ATP) دروست دەکات. داخرانی جۆگەکانی پۆتاسیۆمی پشتبەستوو بە وزە (K+-ATP-dependent channels) دەبێتە هۆی نەمانی جەمسەرگیریی پەردەی خانە و چالاکبوونی جۆگەکانی کالسیۆمی پشتبەستوو بە پاڵهێزی کارەبا کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خەستیی کالسیۆم لەناو خانەدا، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەردانی ئەنسۆلین. دەستپێکەرەکانی تری میکانیزمی دەردانی ئەنسۆلین بەهۆی گلوکۆزەوە جگە لەم دوو جۆگە ئایۆنییە بریتین لە چالاکبوونی ئەنزیمی شیکەرەوەی چەورییەفۆسفاتییەکان (فۆسفۆلایپەیز) و ئەنزیمی هاندەری پڕۆتین (پڕۆتین کاینەیز) لەگەڵ هاندانی چالاکیی ئەنزیمی بەئەڵقەکردنی ئەدینیلیل (ئەدینیلیل سایکلەیز) و چالاکبوونی ئەنزیمی هاندەری پڕۆتینی خانەکانی بێتای A، کە ئەم میکانیزمەی کۆتایی دەکرێت بەهۆی هۆڕمۆنەکانیشەوە چالاک بکرێت. هەروەها ئەم هۆکارانە ڕۆڵی گرنگیشیان لە دووەم قۆناغی دەردانی ئەنسۆلین بەهۆی گلوکۆزەوە هەیە. بەم شێوەیە کاتێک گلوکۆز لەناو خوێنی کەسێکی تەندروست زۆر دەبێت ئەنسۆلین دەردەرێت بۆئەوەی ئاستی شەکری خوێن ڕێک بخات. لەکاتی دەردانی ئەنسۆلین لە وەڵامی هاندانی گلوکۆزدا، زۆرترین وەڵامدانەوەی پەنکریاس بە ٣٠ گرام گلوکۆز دەست پێ دەکات کە گلوکۆزەکە بەشێوەی دەرزی ڕاستەوخۆ دەکرێتە ناو خوێنی کەسەکە لەماوەی سێ خولەکدا، لە قۆناغی یەکەمدا دوای وەرگرتنی گلوکۆز، لەماوەی خولەکێکدا ئەنسۆلین دەردەرێت و لەماوەی ٣-٥ خولەک دەگاتە بەرزترین ئاست و بۆ ماوەی دە خولەک بەردەوام دەبێت، قۆناغی دوەمیش کە هێواشترە لەدوای ئەم دە خولەکەوە دەست پێ دەکات و بەردەوام دەبێت بەڵام بڕی ئەنسۆلینەکەی کەمترە. لە قۆناغی یەکەمدا ئەو ئەنسۆلینەی کە بەخێرایی دەردەرێت بریتییە لەو بڕەی کە لە پەنکریاسدا هەڵگیراوە و ئامادەیە بۆ دەردان، بەڵام ئەو ئەنسۆلینەی کە لە قۆناغی دووەمدا دەردەدرێت ئەنسۆلینی هەڵگیراو و ئەنسۆلینی تازە دروستبوو و نوێش دەگرێتەوە.

میکانیزمەکانی دەردانی ئەنسۆلین لەسەر ئاستی خانە

۱. هاندانی دەماری

  • ڕێڕەوی کۆلینی (Cholinergic pathway): هاندانی دەماری ئاوارە (Vagus nerve) لەلایەن مێشکەوە دەبێتە هۆی دەردانی ئەنسۆلین لەلایەن پەنکریاسەوە لەکاتی ئارامیدا واتا لەکاتی وەڵامدانەوەی پشوودان و هەرسکردندا لەلایەن سیستمی دەماریی پاراسیمپاسی، ئەمەش لەکاتێکدا ڕوودەدات کە کەسێک خواردن بۆن دەکات یان دەیخوات، دەردانی ئەنسۆلین بەم میکانیزمە لەخورینی ( واتا حاڵەتی برسییەتی و گەدەی بەتاڵ کە بۆ نزیکەی ١٢ کاتژمێر هیچ شتێک نەخورێت) یان نزمبوونی گلوکۆزی ناو خوێندا ڕوونادات. 
  • ڕێڕەوی ئەدرینی (Adrenergic pathway): کاتیکۆڵەماینەکان لەڕێگەی وەرگری ئەدرینیی ئەلفا-دووەوە (α2-adrenoceptors) لەماوەی فشار و ڕاهێناندا ڕێگری لە دەردانی ئەنسۆلین دەکەن واتا لەکاتی وەڵامدانەوەی شەڕ یان هەڵاتن لەلایەن سیستمی دەماریی سیمپاسی، کە ئەم ڕێگریکردنە لە دەردانی ئەنسۆلین دەبێتە هۆی زیادبوونی گلوکۆز لە خوێن و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەرگەگرتنی بارودۆخە فشارهێنەکان. پەنکریاس وەرگری ئەدرینیی بێتاشی هەیە (β-adrenoceptors) کە هانی دەردانی ئەنسۆلین دەدەن، بەڵام کاریگەرییەکەیان زۆر کەمە.

٢. هۆڕمۆنە پێپتیدییەکان

ژمارەیەک لە هۆڕمۆنە پێپتیدییەکان هانی دەردانی ئەنسۆلین دەدەن، هۆڕمۆنەکانی هەناو هانی دەردانی ئەنسۆلین دەدەن و سۆماتۆستاتین کە هۆڕمۆنی وەستێنەری هۆڕمۆنی گەشەشی پێ دەوترێت (GHIH) ڕێگری لە دەردانی ئەنسۆلین دەکات. هەروەها ئەنسۆلین بە هاوبەشی لەگەڵ هۆڕمۆنی گلوکاگۆن کاردەکات کە هەر لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت، بەشێوەیەک کە ئەنسۆلین ڕێژەی گلوکۆزی خوێن کەم دەکات و گلوکاگۆنیش ڕێژەکە زیاد دەکات ئەگەر زۆر کەم بوو، بەمشێوەیەش ڕێژەی شەکری خوێن لە جەستەدا هەمیشە لە ئاستی ئاساییدا دەمێنێتەوە و ئەمەش ڕێ بە جەستە دەدات کە بەشێوەیەکی گونجاو کاربکات. 

٣. ترشە ئەمینییەکان

ترشە ئەمینییەکانی ئارجنین، لیڤۆ-ئۆرنیتین و لوسین هانی دەردانی ئەنسۆلین دەدەن.

فیسیۆلۆجیی دەردانی ئەنسۆلین

شەکری گلوکۆز هاندەرێکی بنچینەییی دەردانی ئەنسۆلینە، هەرچەندە ماددە خۆراکییە بچووکەکانی تر، هۆڕمۆنەکان، هۆکارە ژینگەیییەکان و هاندانی دەماری لەوانەیە ئەم وەڵامدانەوەیەی ئەنسۆلین بۆ گلوکۆز بگۆڕن. ئەنسۆلین بەیەکەوە لەگەڵ هۆڕمۆنە هاوبەشەکەیدا (گلوکاگۆن) خەستیی گلوکۆز لە خوێندا ڕێک دەخەن. خانەکانی بێتا لە پەنکریاس لە هەر کاتژمێرێکدا (٠.٢٥- ١.٥) یەکە لە ئەنسۆلین دەردەدەن لەماوەی حاڵەتی برسییەتی یان لەخورینیدا بۆ نموونە لە بەیانیاندا، کە ئەم بڕەی ئەنسۆلین بەسە بۆئەوەی وابکات گلوکۆزەکە بچێتە ناو خانەکان و ئاستی گلوکۆزی خوێن لەڕێژەیەکی ئاساییدا بێت. دەردانی ئەنسۆلین لە حاڵەتی برسییەتیدا ٪٥٠ـی سەرجەمی دەردانی ئەنسۆلین لەماوەی ٢٤ کاتژمێر پێکدەهێنێت، کە دواتر ئەنسۆلین بۆ سیستمی خوێنهێنەرە دەرەکییەکان دەردەدرێت کە ٪٦٠ـی ئەم ڕێژەیەش لەڕێی جگەرەوە دەردەکرێت، کەواتە ئەو بڕە ئەنسۆلینەی کە لە خوێنهێنەرە دەرەکییەکانەوە دەگاتە جگەر سێئەوەندی ئەو بڕەیە کە دەگاتە چێوە سوڕی خوێن واتا خوێنەبەر و خوێنهێنەرە دەرەکییەکان. ڕێژەی ئەنسۆلین لەناو خوێنی کەسێکی تەندروستدا لەکاتی برسییەتی لەنێوان (٣-١٥) ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیترە (mIU/L) یان (١٨-٩٠) پیکۆمۆڵ لەسەر لیترە (pmol/L). هەروەها ئەو بەشەی تری دەردانی ئەنسۆلینیش لەکاتی خواردن و جەمەکاندا بەدرێژایی ڕۆژەکە دەردەدرێت. 

ڕێژەی ئاساییی ئەنسۆلینی خوێن لەکاتی پشکنینی ئەنسۆلیندا بەم شێوەیەیە:

  • لە حاڵەتی برسییەتی (لەخورینی): کەمتر لە ٢٥ ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیتر، یان کەمتر لە ١٧٤ پیکۆمۆڵ لەسەر لیتر
  • ٣٠ خولەک دوای وەرگرتنی گلوکۆز: ٣٠-٢٣٠ ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیتر، یان ٢٠٨-١٥٩٧ پیکۆمۆڵ لەسەر لیتر
  • کاتژمێرێک دوای وەرگرتنی گلوکۆز: ١٨-٢٧٦ ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیتر، یان ١٢٥-١٩١٧ پیکۆمۆڵ لەسەر لیتر
  • دوو کاتژمێر دوای وەرگرتنی گلوکۆز: ١٦-١٦٦ ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیتر، یان ١١١-١١٥٣ پیکۆمۆڵ لەسەر لیتر

کارەکانی ئەنسۆلین لەسەر ئاستی خانە

مێتابۆلیزمی کاربۆهیدرات

ئەنسۆلین ڕۆڵێکی گرنگی لە مێتابۆلیزمی کاربۆهیدراتەکان و گەیاندنی گلۆکۆز بەو شانانە هەیە کە بۆ وزە پشت بە گلۆکۆز دەبەستن، وەکوو ماسولکە و چەورییە شانەکان. کاتێک کەسێک کاربۆهیدرات وەردەگرێت ئەوا کۆئەندامی هەرس ئەم گەردانەی کاربۆهیدرات بۆ شەکری سادە شیدەکاتەوە و دەچنە ناو خوێن، لێرەدا ئەنسۆلین کاریگەریی لەسەر ئاسانکارە بڵاوبوونەوەی گلۆکۆز بۆ ناو ماسولکە و خانە چەورییەکان هەیە، کە دروستکردنی گلایکۆجین زیاد دەکات، بەمشێوەیەش ئەنسۆلین وا دەکات ئاستی گلوکۆز لە خوێن کەم ببێت و دەکرێت گلوکۆزەکە لەسەر شێوەی گلایکۆجین هەڵبگیرێت یاخوود ڕاستەوخۆ وەک وزە لەلایەن چەورییە خانەکان و ماسولکەکانەوە بەکاربهێنرێت.

میتابۆلیزمی چەوری

ئەنسۆلین ڕۆڵێکی گرنکی لە میتابۆلیزمی چەوریدا هەیە کە هانی دروستکردنی ترشە چەورییەکان لە چەورییە شانەکان، جگەر و مەمکەڕژێنەکان دەدات، هەروەها هانی دروستکردن و هەڵگرتنی چەوریی سیانەگلیسراید لە چەورییە شانەکان و جگەردا دەدات. کاتێک گلۆکۆزی ناو خوێن بەهۆی ئەنسۆلینەوە دەچێتە جگەر و بڕێکی زۆر لە گلایکۆجین دروست دەبێت کە زیاتر لە (٪٥)ـی کێشی جگەر پێکبهێنێت، ئەوا دروستکردنی زیاتری گلایکۆجین دەوەستێت و هەر گلوکۆزێکی زیادە کە لەلایەن خانەکانی جگەرەوە وەربگیرێت، لە دروستکردنی ترشە چەورییەکاندا بەکاردەهێنرێت کە دواتر بەشێوەی چەورییە پڕۆتینەکان لە جگەرەوە دەردەچن بۆ ناو خوێن و ترشە چەوریی سەربەست بۆ بەکارهێنان لەلایەن خانەکانی ترەوە بەردەست دەکەن. هەروەها ئەنسۆلین ڕێگە لە شیبوونەوەی چەوری دەگرێت لە چەورییە خانەکاندا و بەمەش ئەنسۆلین چەوریی سیانەگلیسرایدی زیاتر لە چەورییە خانەکاندا کەڵەکە دەکات.

دروستکردنی پڕۆتین

ئەنسۆلین لە کۆمەڵێک شانەدا یارمەتیی دروستکردنی پڕۆتین دەدات، کاریگەریی لەسەر لەبەرگرتنەوە و وەرگێڕانی ناوکەترشی نامەبەر (mRNA) هەیە لە ڕایبۆسۆمدا بۆ دروستکردنی پڕۆتین، بۆ نموونە لە جگەر، چەورییە شانەکان، مەمکەڕژێنەکان و پەنکریاس.

نەخۆشی و کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە ‌ئەنسۆلین

١. بەرگریی ئەنسۆلین: بەرگریی ئەنسۆلین دروست دەبێت کاتێک بڕێکی ئاسایی یان بەرزی ئەنسۆلین کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەیە و وەڵامدانەوەیەکی بچووک وەردەگرێت لەلایەن جەستەوە، واتا هەستیاریی گلوکۆز بەرامبەر ئەنسۆلین پەکی دەکەوێت و لێرەدا ئەنسۆلین هەرچەند بڕەکەی زۆر بێت ناتوانێت فرمانی خۆی جێبەجێ بکات. بەرگریی ئەنسۆلین هۆکاری زۆربەی کێشەکانی پەیوەست بە ئەنسۆلینە. 

٢. شەکرە: زاراوەیەکی گشتییە بۆ هەموو جۆرەکانی بەرزیی ڕێژەی گلوکۆز لە خوێن (Hyperglycemia)، کە چەند جۆرێکی هەیە:

  • شەکرەی جۆری یەک (شەکرەی پشتبەستوو بە ئەنسۆلین): ڕوودەدات کاتێک خۆیییەبەرگریی لەش هێرش دەکاتە سەر خانەکانی بێتا لە پەنکریاس کە دەبێتە هۆی کەمیی ڕێژەی ئەنسۆلین.
  • شەکرەی جۆری دوو (شەکرەی پشتنەبەستوو بە ئەنسۆلین): ئەم جۆرە یان دیسانەوە بەهۆی کەمیی ڕێژەی ئەنسۆلین یان بەهۆی بەرگریی ئەنسۆلینەوە ڕوودەدات، یاخوود بەهۆی هەردوو هۆکارەوەیە، ئەم جۆرە بۆیە پێی دەوترێت شەکرەی پشتنەبەستوو بە ئەنسۆلین چونکە ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام خانەکانی لەش بەرگری دژی ئەنسۆلین دروست دەکەن و ئەنسۆلینەکە ناتوانێت کاری خۆی بکات بۆ ئەوەی ڕێژەی گلوکۆزی خوێن داببەزێنێت.
  • شەکرەی کاتی دووگیانی: ئەم جۆرە لە خانمانی دووگیاندا ڕوودەدات کاتێک لە کۆتایییەکانی دووگیانییەکەیان جەستەیان ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست  بەرهەم بهێنێت.

٣. کۆنیشانەی مێتابۆلیکی: بەرگریی ئەسۆلین دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی مێتابۆلیکی، لەوانەش، قەڵەوی، شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵەلوولە کۆئەندام.

٤. کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان (PCOS): بەرگریی ئەنسۆلین لە حاڵەتەکانی فرەکیسیی هێلکەدان لە خانماندا بەدی دەکرێت و هۆکاری زۆرێک لە حاڵەتەکانە.

٥. گرێی ئەنسۆلینی (Insulinoma): گرێییەکە لە خانەکانی بێتا کە دەبێتە هۆی زۆر بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و دابەزینی گلوکۆزی خوێن.


سەرچاوەکان



1277 بینین