گوندی وێزێ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-12-01:23:00 - کۆدی بابەت: 8615
گوندی وێزێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وێزێ (بە ئینگلیزی: Weze) گوندێکی قەزای چۆمانە و بە دووریی ٢٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی باکووری پارێزگای ھەولێر و بە دووریی ١٩ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سەنتەری قەزای چۆمان. ئەم گوندە کۆتا گوندی باشووری کوردستانە و لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی کوردستان هاوسنوورە و کەوتووەتە بناری زنجیرە چیای حەساری سەکران، بناری چیای کۆدۆ، قەڵاتی قەرەد، کوێستانەکانی پرژێ و بەردی قڵشتێ، گوندەکە لە گوندەکانی ئێنێ و مەرانەوە نزیکە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەبێت. گوندی وێزێ ناوچەیەکی فراوانی شاخاوییە و زەوییەکەشی بۆ کشتوکاڵ لەبارە، خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵ، باخداری و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، هەروەها ژمارەیەک ئاژەڵی کێویش لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، وەکوو ورچ و گورگ. هاوکات گوندەکە زۆر ناوچەی گەشتیاریی ھەیە، گرنگترینیان پڕژێیە کە تونێلە بەفرەکانی لێیە و سەرچاوەی ئاوی قەزای چۆمانە. ئەم گوندە یەکەم گوندی کوردستان بووە کە لە ساڵی ١٩٧٧ بەناوی پاراستنی سنوورەوە ڕاگواستراوە کە لەم ساڵەدا قەزای چۆمان چۆڵکرا.

ناوی وێزێ

ناوی گوندی وێزێ یان وێزە لە وشەی هەوێزەوە هاتووە، هەوێز زیاتر بەو شوێنە دەوترێت کە ئاژەڵی لێ بەخێو دەکرێت.

کەشوهەوا

وێزێ ناوچەیەکی کوێستانیی باڵەکایەتییە و کەشوهەوایەکی زۆر ساردی هەیە کە لە چلەی هاوینشدا بەفری لێیە. کوێستانی پڕژێ کە دەکەوێتە ئەم گوندە چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ نابڕێت و بەرزترین پلەی گەرمی لە ھاوینان لە ٢٠ پلەی سیلیزی تێپەڕ ناکات، بەڵام لەبەر نەبوونی ڕێگەوبانێکی باش گەیشتن بە پڕژێ تۆزێک قورسە و بەتەواوی نەبووەتە هاوینەهەوار. خەڵکی ئەم گوندە ڕەوەندن و زیاتر لە وەرزی بەهار، هاوین و پاییز لە گوندەکە دەمێننەوە و ژیان بەسەر دەبەن و لە زستاندا جێی دەهێڵن، لەبەر سەختیی وەرزی زستانی گوندەکە خەڵکەکە ناتوانن تێیدا بمێننەوە و بۆ ناوچەکانی قەسرێ، خانەقا و ڕانیە کۆچ دەکەن.


سەرچاوەکان



762 بینین