گوندی چنگیان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-12-22:25:00 - کۆدی بابەت: 8623
گوندی چنگیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چنگیان (بە ئینگلیزی: Chingyan)، یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی شارباژێر کە دەکەوێتە ناحیەی سیتەکی سەر بە قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، ئەم گوندە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچکەی چوارتایە، لە ئێستادا لە گوندی چنگیان ٥٢ ماڵ نیشتەجێن و قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندییان هەیە، دانیشتووانی گوندەکە زیاتر بە ڕەز و باخەوە سەرقاڵن و میوەی وەک ترێ، هەڵوژە و هەرمێیان زۆرە.

جوگرافیا

چنگیان لە باکوور لەگەڵ گوندی دۆڵەتوو ھاوسنوورە و لە باشوور لەگەڵ گوندی کانی دڕکە و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی باراو و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی نۆدێ.

دانیشتوان

خه‌ڵکی گوندی چنگیان له ‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به‌ هۆز (چنگنی)ـن، ‌له‌ کورده‌کانی خۆراسان بوون و له ئە‌و ناوچه‌یه‌وه‌ کۆچیان کردووه‌ بۆ کوردستان، هه‌ندێکیان نیشته‌جێبوون و هه‌ندێکیشیان به‌ کۆچه‌ری ماونه‌ته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ هۆزی جافدا تێکه‌ڵ بوون و گه‌رمیان و کوێستانیان کردووه‌، هۆزی (چنگنی) یه‌کێک بووه‌ له‌ هۆزه‌ گه‌وره‌کانی کوردانی خۆراسان، له‌مێژه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ و شوێنی خۆیان هه‌بووه‌ و له‌ ڕووداوه‌ مێژووییەکاندا ڕۆڵی تایبه‌تیان گێڕاوه‌.

ناوی گوندەکە

ناوی گوندی چنگیان لە ناوی هۆزی چنگییەوە هاتووە، ئه‌م هۆزه‌ وه‌ک هۆزه‌کانی تر گۆڕانکاری به‌ سه‌ر ناوەکەیدا هاتووه، چەندین ناوی هەبووە وه‌ک (چنگی، چگنی، شاچنگزی، چنگنی)، ته‌واوی ئه‌م ناوانه‌ به‌ ئەم هۆزه‌ گوتراوه‌، هۆی گۆڕانکاری ئه‌م ناوانه‌ش ژێردەستەیی بوونی هۆزه‌ کورده‌کان بووە بە ‌درێژایی مێژوو له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی فارس، تورک و عه‌ره‌ب، له ‌سه‌رده‌می شا (ته‌هماسب)ـی سه‌فه‌وی ئەم هۆزە ده‌که‌ونه ‌به‌ر شاڵاوی ئه‌م شا خوێنڕێژه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هۆزه‌ له ‌کورده‌کانی خۆراسان بوون و له‌ سنووری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ نزیکتربوون په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ناوچەی (هیرات) له‌ ئه‌فغانستان، وه‌ک زانراوه‌ ڕووداوی زۆر له‌ناو هۆزه‌کاندا ڕووده‌دات، ڕووداوی گه‌وره‌ که‌ دووچاری تێکڕای هۆزه‌که‌ ده‌بێت یان ڕووداوی ناوخۆیی که‌ ده‌بێته‌ هۆی کۆچ و په‌رته‌وازه‌یی هۆزه‌که و‌ له ‌ناوچه‌ی خۆیان دوورده‌که‌ونه‌وه، له‌ناو ئه‌م هۆزه‌شدا له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک ڕووداوی وا ڕوویدابێت کە وایکردووە له‌ خۆراسانه‌وه‌ بگەڕێنەوە کوردستان و له‌ ناوچه‌ی شارباژێڕ نیشته‌جێ ببن و گوندێک دروست بکەن به‌ ناوی (چنگنیان) واته‌ چنگنییه‌کان که‌ ئێستا بووه‌ به ‌(چنگیان) کە له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی تریش هه‌ن و هه‌ندێکیان له‌گه‌ڵ هۆزی جافدا تێکه‌ڵ بوون و کۆچه‌ری بوون، ئه‌م ڕووداوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ (٣٥٠) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هۆزی چنگنییه‌کان له‌ چه‌ند گوندێکدا نیشتەجێن، وەک گوندی (ده‌مرکان، فه‌ره‌ج ئاوا، عارف ئاوا)، هەروەها‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌نگاو له‌ چه‌ند گوندێکی تردا و له‌ ناوچه‌ی قادرکه‌ره‌میش له‌ گوندەکانی (چنگنی، وه‌ستا خدر) دەژین.


سەرچاوەکان



818 بینین