بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-16-00:36:00 - کۆدی بابەت: 8668
بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەنداو (بە ئینگلیزی: Dam) پێکهاتەیەکە لەبەر چەمێکدا یان دەریاچەیەکدا دروستدەکرێت و دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو بە مەبەستی ڕێگریکردن لە لافاو، کۆکردنەوەی ئاو بۆ کشتوکاڵ یان خواردنەوە و بەکارهێنان یان بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، دروستکردن و بنیادنانی بەنداوەکان کاری ئەندازیاری شارستانییە. 

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان

لە باشووری کوردستان ١٧ بەنداوی سەرەکی هەن کە جێبەجێکراون و ساڵانە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، دیارترین بەنداوەکان بەنداوی دوکان، دەربەندیخان و دهۆکە. هەروەها ١٧ بەنداو لە جێبەجێکردندان و گەورەترینیان مەنداوەیە لەسەر زێی گەورە و سارتک لەسەر زێی بچووک و بە سەرجەم بەنداوەکان توانای گلدانەوەی ٨٧ ملیۆن و ٤٧ هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە. 

بەنداوەکانی سلێمانی

بەنداوی دوکان گەورەترین و دیارترین بەنداوی باشووری کوردستانە لە پاش بەنداوی مووسڵ دووەم گەورەترین بەنداوە لە عێراقدا، ٦۰ کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانی و ١٠٠ کیلۆمەتر لە پارێزگای کەرکووکەوە دوورە، بەرزییەکەی ١١٦ مەتر و درێژییەکەی ٣٦٠ مەترە، توانای گلدانەوەی ٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئەم بەنداوە لە سەر زێی بچووک دروستکراوە بۆ مەبەستی ئاودان، هەڵگرتنی ئاوی باران، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بەخێوکردنی ماسی و کەمکردنەوەی مەترسی لافاو. لە جۆری کۆنکرێتی کەوانەییە، هەروەها بێل ماوسیشی هەیە بۆ کاتی سەرڕێژبوونی ئاوەکە، لە ناوچەی زاب لە باشووری رۆژاوای کەرکووک دەڕژێتە نێو ڕووباری دیجلەوە. 

بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی باشووری کوردستانە، بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی ٣ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکاردەهێنرێت. ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری سیروان دروستکراوە و دواتر بە ناوچەکانی گەرمیان دەچێتە خوارەوە و لە ناحیەی سەعدیە لە پارێزگای دیالە بەنداوی حەمرینی لەسەر دروستکراوە. 

بەنداوی هەڕاوە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە و یەکێکە لەو بەنداوانەی کە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراوە، هەروەها توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. 

بەنداوی ئاوەسپی توانای گلدانەوەی ١٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەرزی ٢٨ مەتر و درێژییەکەی ٢٢٠ مەترە. جگە لەمانەش سورقاوشان و دیوانە لە سنووری ئەو پارێزگایە دروستدەکرێن. 

بەنداوەکانی گەرمیان

بەنداوی باوەشاسوار دەکەوێتە قەزای کفرییەوە و چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەکەوە دوورە و توانای گلدانەوەی ٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

بەنداوی حەسەن کەنووش دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە. 

بەنداوەکانی خۆرنەوازان و قادر کەرەم لە گەرمیان. بەنداوی قادر کەرەم بەنداوێکی گەورەیە و توانای گلدانەوەی یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە بەنداوی شیوەسوور یەکێکی ترە لە بەنداوەکان. 

بەنداوەکانی  هەولێر

بەنداوی حەمامۆک دەکەوێتە قەزای کۆیەی سەر پارێزگای هەولێر. بەڵام بەهۆی بچووکی ئەم بەنداوەوە لە سنووری کۆیە هەوڵی دروستکردنی چەند بەنداوێکی تر دەدرێت، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوانە لە سنووری پارێزگای هەولێر ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر ئاو گلدەدرێتەوە کە بۆ کشتوکاڵ سوودێکی زۆری لێ وەردەگیرێت، هاوکات ناوچەکە لە وشکەساڵی دەپارێزێت. 

بەنداوەکانی دهۆک

بەنداوی دهۆک سێیەم گەورەترین بەنداوە، دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە و توانای گلدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەتر سێجایە ئاوی هەیە. مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی بۆ دابینکردنی ئاو بووە بۆ کشتوکاڵ، هەروەها بێل ماوسیشی هەیە بۆ کاتی سەرڕێژبوونی ئاوەکە کە توانای خاڵیکردنەوەی بەنداوەکەی هەیە بە قەبارەی ٨١ مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا. 

بەنداوی کەشکان دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە و لەڕووی ڕووبەرەوە زۆر گەورە نییە.


سەرچاوەکان



1885 بینین