پشکنینی بەکتریای گەدە

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین سارا محێدین - به‌روار: 2022-05-16-23:20:00 - کۆدی بابەت: 8678
پشکنینی بەکتریای گەدە

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی بەکتریای گەدە چییە؟

پشکنینی بەکتریای گەدە (بە ئینگلیزی: H.Pylori test) بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریای (Helicobacter Pylori) کە تووشی گەدە و بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە (دوانزەگرێ) دەبێت، زۆرێک لەو کەسانەی تووشبووی ئەم بەکتریایەن نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرناکەوێت، بەڵام بەشەکەی تریان بەکتریاکە زۆر کێشەی هەرسییان بۆ دروست دەکات. لەوانەش هەوکردنی گەدە، برینی هەرسی (برین لە گەدە، ڕیخۆڵە باریکە یان سوورێنچک) هەروەها شێرپەنجەی گەدە.

ناوەکانی تری ئەم پشکنینە

H. Pylori blood antibody, H. pylori stool antigen, H. pylori breath tests, urea breath test, rapid urease test (RUT) for H. pylori, H. pylori culture

پشکنینەکە بۆچی بەکاردێت؟

• گەڕان بەدوای بەکتریای (H.Pylori) لە ڕێڕەوی هەرسدا.
• بۆ دۆزینەوەی ئەوەی ئاخۆ نیشانە هەرسییەکانی تۆ بەهۆی ئەم بەکتریایەوەیە یاخود نا.
• دۆزینەوەی ئەوەی ئاخۆ ئەو چارەسەرانەی بۆ تووشبوون بە بەکتریاکە بەکارتهێناون سوودیان هەبووە یاخود نەخێر.

چی کاتێک پێویستیت بەم پشکنینەیە؟

ئەگەر نیشانەکانی کەموکووڕیی هەرسییت تێدایە ئەوا ڕەنگە پێویستیت بەم پشکنینە هەبێت. بەوپێیەی هەوکردنی گەدە و برینی گەدە هەردووک ڕووپۆشی گەدە تووشی هەوکردن دەکەن، بۆیە زۆرێک لە نیشانەکانیان هاوبەشن کە بریتیین لە:

• ئازاری سک
• هێڵنجدان و ڕشانەوە
سکچوون
• نەمانی ئارەزووی خواردن
• کەمبوونەوەی کێش
• باکردن

ڕێگاکانی ئەنجامدانی پشکنینی بەکتریای گەدە

بەگشتی ئەم پشکنینە لە ڕێگەی خوێن، پیسایی و هەناسەیشەوە ئەنجام دەدرێت.

پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟

پشکنینی خوێن: کارمەندی تاقیگە لەڕێگەی سرنجێکەوە نموونەیەکی خوێن لە دەماری قۆڵی نەخۆش وەردەگرێت و دەیکاتە تیووبی تایبەتەوە، پاشان پشکنینەکەی پێ ئەنجام دەدات. ئەم پشکنینە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ زانینی چاکبوونەوەی کەسەکە لە بەکتریایەکە، چونکە دەکرێت دوای چاکبوونەوەیش بۆ ماوەیەکی درێژ ئەنجامەکەی هەر پۆزەتیڤ بێت.

پشکنینی هەناسە: سەرەتا نموونەیەک لە هەناسەت وەردەگیرێت لەڕێگەی فووکردنە کیسەیەکی تایبەتەوە، دواتر حەپ یاخود شلەیەکی تایبەت بە نەخۆشەکە دەدرێت و دووبارە نموونەیەکی تر لە هەناسەت وەردەگیرێتەوە و هەردوو نموونەکە بەراورد بەیەکدی دەکرێن. ئەگەر نموونەی دووەم ڕێژەی کاربۆن دیۆکسیدی زیاتربوو، ئەوە نیشانەیەکە بۆ تووشبوون بە بەکتریای (H.Pylori). هەروەها ئەم پشکنینە ئەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ کەسەکە بەتەواوی لە تووشبوونەکەی چاکبووەتەوە یاخود نا.

پشکنینی پیسایی: نموونەیەکی پیسایی لە نەخۆش وەردەگیرێت و پشکنینەکەی پێ ئەنجام دەدرێت یاخود زەرعی پیسایی بۆ دەکرێت. ئەم پشکنینە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ زانینی چاکبوونەوە یاخود نەبوونەوەی نەخۆشەکە دوای بەکارهێنانی چارەسەر.

ئەنجامەکان چی واتایەک دەگەیەنن؟

ئەگەر ئەنجام نێگەتیڤ بوو، بەو واتایە دێت کە تووشی بەکتریایەکە نەبوویت. ئەگەر پۆزەتیڤ بوو، بەو واتایە دێت کە تۆ تووشی بەکتریایەکە بوویت.


سەرچاوەکان



941 بینین