ئۆلاجیدەی ئۆلیانکا ویلیامس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-17-16:52:00 - کۆدی بابەت: 8680
ئۆلاجیدەی ئۆلیانکا ویلیامس

ناوه‌ڕۆك

 سەرەتا

ئۆلاجیدەی ئۆلیانکا ویلیامس (بە ئینگلیزی: Olajide Olayinka Williams), جەی جەی ئۆلاتونجی بە ئینگلیزی JJ Olatunji ناسراو بە کەی ئێس ئای KSI یوتوبەرێک و ڕاپەرێکی بەریتیانییە. لە ١٩\٦\١٩٩٣ لە شاری واتفۆرد لەدایکبووە.

زانیاری گشتی

کار یوتوبەر، ڕاپەر، نووسەری گۆرانی، ئەکتەر، یاریزانی مشتەوان (بۆکسەر)
ساڵی دەستپێکردن ٢٠٠٩
کەناڵەکانی یوتوبی KSI, JJ Olatunji, KSIClips
باڵا ١٨٠ سانتیمەتر

ژیاننامە

ئۆلاجیدەی ئۆلیانکا ویلیامس ئۆلاتونجی لە ١٩\٦\١٩٩٣ لە ناوچەی واتفۆردی شاری لەندەنی بەریتانیا لەدایکبووە و گەورە بووە. جایدی باوکی و ینکای دایکی بە بنەچە نەیجیرین. لە قوتابخانەی بێرکهامستد خوێندنی تەواو کردووە و هەر لەوێش نزیکتریین هاوڕێ و یەکێک لە ئەندامەکانی سایدمن (Sidemen)ـی بە ناوی سایمن مینتەر Simon Minter ناسیووە. ئۆلاتونجی پشتگیری یانەی ئارسیناڵ دەکات. 
لە ساڵی ٢٠١٥ ئۆلاجیدەی و براکەی دێجی توانیان خەڵاتی یەکەم و دووەم باشترین یوتوبەری ساڵ لە بەریتانیا بەدەست بهێنن. لە کۆتاییەکانی ٢٠١٨ ئۆلاجیدەی و براکەی تووشی کێشەیەکی خێزانی بوونەوە لە میانەی کێشەکەیاندا دێجی برای ڕێژە پارەی ناو هەژماری بانکی ئۆلاجیدەی برای ئاشکرا دەکات، کە وا لە کێشەکە دەکات گەورەتر بێت و درێژە بخایەنێت، ئۆلاجیدەی ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی گەورەی هۆکاری کێشەکەیان بۆ ناسراوی هەردوو براکە دەگەڕێتەوە کە ئەمەش وایان لێ دەکات هەمیشە کاریگەری قسەی خەڵکیان لەسەر بێت.

پیشەکەی وەکوو یوتوبەر

ئۆلاجیدەی یەکەم کەناڵی خۆی بە ناوی جاید جونیۆر Jide Junior لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراند، پاشان کەناڵێکی بە ناوی کەی ئێس ئای ئۆلاجیدەی بیتی KSIOlajideBTـەوە دامەزراند کە گرتەی یاری ئەلیکترۆنی فیفای تیادا بڵاودەکردەوە. کاتێک ئۆلاجیدەی لای مامۆستاکەی باسی پیشەکەی دەکات، مامۆستاکەی لێی دەرپرسێت کە دەسکەوتی مانگانەی چەندە و ئۆلاجیدەی وەڵامی دەداتەوە: ١٥٠٠ پاوەند، مامۆستاکەی سەری دەسوڕمێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مانگانەی ئۆلاجیدەی لە ڕێی بڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی یارییەکی ئەلیکترۆنی زیاتر بوو لە مانگانەی مامۆستاکەی. لە سەرەتادا دایک و باوکی پشتگیری ئۆلاجیدەییان نەدەکرد کە واز لە خوێندن بهێنێت و پەرە بە پیشەکەی وەکو یوتوبەر بدات، بەڵام بەپێی کات توانی بیسەلمێنێت کە پیشەکەی دەکرێت پەرەی پێ بدرێت و سەرکەوتوو ببێت تیایدا.
لە ١٩\١٠\٢٠١٣ ئۆلاجیدەی بوو بە ئەندامی گروپێکی بەڕیتانی بە ناوی سایدمن Sidemen کە چەندین بڕگەی جیاوازیان لە کەناڵەکەیاندا وەکوو گروپ بڵاودەکەنەوە. 
لە ٢٠١٥ ئۆلاتونجی ژیاننامەیەکی خۆی بە ناوی من خراپەکارم I Am Bellend بڵاوکردەوە و توانی فرۆشێکی زۆری هەبێت.
لە ٢٠١٦ ئۆلاتونجی لەگەڵ گروپەکەیدا پەرتووکێکیان بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٢٦،٤٣٦ له‌به‌رگیراوه‌ی لێ فرۆشرا کە تیایدا باس لە ژیانی تایبەتی و پیشەیی ئەندامەکانی دەکرا.
لە ٤\٨\٢٠١٧ ئۆلاتونجی لە ڕێی توویتێکەوە ئاماژە بەوە دەکات کە چیتر ئەو بەشێک نییە لە سایدمن Sidemen و ئەندام نییە لەو گروپە بەهۆی کێشەی لەگەڵ ئیسن پەینی ئەندامی سایدمن. پاش ئەوەی چەند گۆرانییەک دژی یەک دەنووسن و بڵاودەکەنەوە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت، لە ١١\٢٠١٧ گەڕانەوەی خۆی بۆ گروپەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە کێشەکە سادە بووە و توانیویانە چارەسەری بکەن.
بەهۆی زۆربوونی گوێگر و سەیرکەرەکانی، لە ٢٠١٩ توانی لە ڕیزبەندی کاریگەرترین و بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی وڵاتی بەریتانیا دەربکەوێت.

ژیانی هونەری

لە سەرەتادا ئۆلاجیدەی گۆرانییەکی وەکو گاڵتەیەک لە کەناڵەکەیدا بڵاوکردەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی (لامبەرگینی - Lamborghini) بڵاوکردەوە و توانی لە ڕیزبەندی ٣٠ـەم باشترین گۆرانییەکانی هەفتە لەسەر ئاستی بەریتانیا دەربکەوێت، ئەمەش زۆر چاوەڕواننەکراو بوو. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕێی ئەو ژمارە زۆرە گوێگرەی نەدەکرد و لامبەرگینی بوو بە هۆکار کە ئۆلاجەیدەی بەرهەم هێنانی مۆسیقا وەکوو پیشەیەک سەیر بکات.
پاشان گۆرانییەکانی بە ناوی (بەردەوام بوون - Keep Up) و (هاوڕێی کەڵک - Friends With Benefit) بڵاوکردەوە کا توانیان ڕیزبەندی ٤٥ و ٦٩ بۆ باشترین گۆرانی هەفتە لەسەر ئاستی بەریتانیا بەدەست بهێنن.
لە ٢٠١٨ گۆرانییەکی بە ناوی (کۆنتڕۆڵ نەکراو - Uncontrollable) بە بەژداری ڕاندۆڵف بڵاوکردەوە لە کاتی ڕۆشتنی بۆ ناو مەیدانی شەڕەمستەکە لە یارییەکەی بەرامبەر جۆو وێڵەر بەکاری هێنا.
لە ٢٠١٩ یەکەم ئەلبوومی بە بەژداری ڕاندۆڵف بڵاوکردەوە کە توانی لە ڕیزبەندی ١٧ بێت بۆ باشترین ئەلبوومی ساڵ لەسەر ئاستی بەریتانیا.
لە ٤\١١\٢٠١٩ تراکێکی بە ناوی Down like that بڵاوکردەوە کە توانی ڕیزبەندی ١٠ بەدەست بهێنێت بۆ باشترین تراکی هەفتە لەسەر ئاستی بەریتانیا و خەڵاتی سلڤەر وەربگرێت.
لە ٢٠٢٠ یەکەم ئەلبوومی تایبەت بە خۆی بڵاوکردەوە کە ١٠٠،٠٠٠  له‌به‌رگیراوه‌ی لێ فرۆشرا و خەڵاتی زێڕینی بەدەست هێنا. هەر لە هەمان ساڵدا تراکی ڕووناکترم Lighter بە بەژداری نەیسن داو توانی لە ڕیزبەندی ١ـی باشترین گۆرانی ساڵ بێت و خەڵاتی پلاتنیۆم لەسەر ئاستی بەریتانیا بەدەست بهێنێت.
لە ٦\٥\٢٠٢٢ ئاماژە بە بڵاوکردەوەی ئەلبوومێکی نوێ دەکات.

شەڕەمست

لە کۆتاییەکانی ٢٠١٧ چەند کێشەیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە دروست بوو لەگەڵ هاوپیشە و یوتوبەر جۆو وێڵەر پەرەی سەند و لەئەنجامدا یارییەکی شەڕەمست ڕوویدا کە تیایدا لە جێمی سێیەمدا ئۆلاتونجی توانی بیدا بە زەویدا و جۆو وێڵەر ببەزێنێت.
پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ دووەم یاری شەڕەمستی لەگەڵ هاوپیشە و یوتوبەری ئەمریکی لۆگن پاوڵ ئەنجامدا, کۆتایی یارییەکە بە یەکسان بوون کۆتایی پێهات بەڵام هەردووکیان قایل بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت براوەیەک هەبێت لەبەر ئەوە یاری دووەمیان لە ٩\١١\٢٠١٩ ئەنجامدا و تیایدا ئۆلاجیدەی توانی لۆگن پاوڵ لە خاکی ئەمریکادا ببەزێنێت.

نواندن

ئۆلاجیدەی بە بەژداری کاسپەر لی توانیان فلیمێک بە ناوی (مانەوە لە ئەمریکا - Laid In America) دروست بکەن، گۆرانی (بازبدەن - Jump Around) لە سەرەتای فیلمی (بەیواچ - Baywatch)ـدا دەرکەوت کە دەسکەوتێکی گەورە بوو بۆ ئۆلاجیدەی لە ڕووی ژیانی هونەرییەوە.

دارایی

جگە لە دەسکەوتەکانی لە ڕێی یوتوب، مۆسیقا و یاری شەڕەمستەکان ئۆلاجیدەی لە چەندین ڕێگەی جیاوازی ترەوە پارە بۆ هەژماری بانکی زیاد دەبێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا سایدمن پەرە دەسەنێت و گەورەتر دەبێت لە ٢٠١٤ لە ڕێگەی فرۆشتنی جل و بەرگی تایبەت بە خۆیان توانیان پەرە بە لایەنی دارایی ئەندامەکانیان بدەن و لە ساڵی ٢٠٢١ خواردنەوەی ڤۆدکای تایبەت بە خۆیان دروست کردوو بڵاویانکردەوە، پاشان لە ٢٠٢٢ خواردنگەیەکی خواردنی خێرایان تایبەت بە خۆیان بە ناوی (سایدس - SideS) دامەزراند و ئێستا لە زۆربەی شارەکانی بەریتانیا دەست دەکەوێت و لقیان هەیە. ئۆلاجەیدەی دوای چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ هاوپیشەکەی لۆگن پاوڵ توانیان خواردنەوەیەکی هێز بەخش بە ناوی Primeـەوە دروست بکەن کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و فرۆشێکی زۆری هەیە. خەمڵاندنی بۆ کراوە کە بە ١٥ ملیۆن پاوەند لەناو هه‌ژماری بانکی ئۆلاجیدەی بوونی هەیە و کەسایەتییەکە خۆی ئاماژەی بەوە داوە بە بڕی ١٠ ملیۆن پاوەند زەوی داندراوی هەیە.

گشتی

ئۆلاجیدەی توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چەندین کەس هەبێت بە تایبەتی کەسانێک کە بە هەژاری گەورەبوون، هانیان دەدات بۆ دەسبەردار نەبوون، کۆڵ نەدان و بەردەوام بوون بۆ بەدەست هێنانی ئەو شتانەی کە دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. باس لە ئاستەنگییەکانی ژیانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتادا تەنانەت دایک و باوکیشی پشتیگرییان نەکردووە بەڵام تواناکانی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەر شتێک بە پێی پێویست هەوڵی بۆ بدەی بەدەستی دەهێنیت هانیداوە بۆ گەیشتن بەوەی کە ئێستا خاوەنیەتی. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باس لەوە دەکات ئامانجی ئەوەیە دوای جێهێشتنی ئەم ژیانە خەڵک باسی بکەن و بە یەکێک لەو کەسانەی کە کاریگەرییەکی باشی هەبووە لەسەر خەڵک ناوی ببەن.


سەرچاوەکان



229 بینین