ئایا بێدەنگی سوودی هەیە؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-18-21:40:00 - کۆدی بابەت: 8697
ئایا بێدەنگی سوودی هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بێدەنگی بابەتێکی بەسوودە و کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە و بەسوودە بۆ ئاسوودەیی و ئارامی مێشک، دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە و چڕی و داهێنانی تاک زیاد دەکات، ئەگەر بێدەنگی لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا بێت، بەدڵنیاییەوە ئەنجامی دەبێت، ڕێگری لە زۆر ڕوودانی زۆر شتی ناخۆش دەکات، مەبەستێکی سەرەکی هەیە، ئەویش بە ئاگا هینانەوەی هۆشیارییە، سوودەکانی بێدەنگی بۆ مێشک زۆرن، لەوانە نۆژەنکردنەوەی مێشک، دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مێشک، نەهێشتنی گرژی و چالاککردنی تۆڕی مێشکی گریمانەیی، هەروەها ئارامی و بەرگەگرتن لە تاکدا زیاد دەکات بەشێوەیەک ئەگەر لەڕۆژدا پلانێکی دیاریکراو دابنێیت بۆ بێدەنگی و خەڵوەتکردن لەگەڵ خۆتدا، دەتوانیت کارامەیی و چالاکی مێشکت بۆ ئاستێکی بەرزتر بەرز بکەیتەوە، هەڵبەت بێدەنگی سوودی بۆ مرۆڤ دەبێت ئەگەر لەگەڵ بیرکردنەوە و داناییدا بێت، چونکە ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت لە کۆتاییدا هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە پەشیمانی.

هەندێک لە سوودەکانی بێدەنگی

  • زیادبوونی ئاسوودەیی: یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی بێدەنگی ئەوەیە کە یارمەتیتان دەدات بۆ بەدەستهێنانی ئاسوودەیی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون ئەو کەسانەی لە زۆربەی کاتەکاندا بێدەنگن زیاتر حەز بە ئارامی دەکەن و لەڕاستیدا ئەمجۆرە کەسانە بەڕێژەیەکی زۆر کەم دووچاری بیرکردنەوە و هەستە نەرێنییەکان دەبن، لەسەر ئەم بنەمایە ئەو کەسانەی کە زۆربەی کاتەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە کەسانی دیکە سەرکەوتووتر دەبن.
  • ڕێگریکردن لە لادان لەسەر ڕێگای ڕاست: هەندێک کات کەسەکان بەمەبەستی خۆدەرخستن لەناو کۆمەڵێکدا بڕیاردەدەن تەنانەت دەربارەی بابەتێک قسە بکەن و ڕای خۆیانی لەسەر دەرببڕن کە هیچ زانیارییان لەسەری نییە، لەبەرئەوەش کە لەناو خەڵکەکەدا شەرمەزار نەبێت ڕێگە بەخۆی دەدات کە بەرگری لە بیروڕای خۆی بکات بەمەبەستی ئەوەی کە خەڵکی قسەکەی قبووڵ بکەن چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە خۆشی باوەڕ بە قسەکەی خۆی بکات و قبوڵی بێت، هەڵبەت دەکرێت هەندێک کەسیش قسەکەی قبوڵ بکەن، ئەمەش دەبێتەهۆی لەناوچوونی کارەکانی چونکە بیروباوەڕ و کارەکانی بەرەو ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات، بۆیە مرۆڤ دەبێت لەو بابەتانەی کە زانیاری تەواوی لەسەریان نییە بێدەنگ بێت تاوەکوو بۆ بەرگریکردن لە قسەکەی خۆی ناچار نەبێت زیان بەکەسانی تر بگەیەنێت.
  • باشتر تێگەیشتن لە هەستەکان: یەکێک لە ڕێگاکان کە دەبێتەهۆی ئەوەی کە باشتر لە هەستەکانتان تێبگەن بێدەنگییە، ئەم کارە یارمەتیتان دەدات کە لەگەڵ خۆتاندا گفتوگۆیەکتان هەبێت و ئەمەش دەبێتەهۆی تێگەیشتنێکی باشتر و قوڵتر لە هەستەکانتان لەکۆتاییدا وادەکات متمانە بەخۆبوونتان زیاتر بێت.
  • زیادکرنی لێهاتوویی: زۆربەی سەرچاوە و لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە کاتێک کەسێک لە دۆخی بێدەنگیدایە زیاتر سەرقاڵ دەبێت لەگەڵ بیر و هۆشی خۆی، لەم بارودۆخەدا کەسەکە زیاتر وتووێژ لەگەڵ خۆیدا دەکات و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لە مێشکیدا دروست بوون، لەکۆتاییدا لەم ڕێگایەوە کارامەییەکانی خۆی بەرەوپێش دەبات و بە رێژەیەکی زیاتر کارایی مێشکی خۆی بەکاردەهێنێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی کە کاتێکی زیاتر لەتەنهاییدا بەسەردەبەن زیاتر گرنگی دەدەن بە بابەتی کارامەیی، حەز دەکەن کاری داهێنەرانە ئەنجام بدەن، بەجۆرێک کە زۆربەی زاناکان لەکاتی تەنیاییدا هێزی خەیاڵ و لێهاتوویی خۆیان بەکارهێناوە و لەم ڕێگەیەوە بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتوون.
  • سڕینەوەی بیرۆکە نەرێنی و ژەهراوییەکان لە مێشکدا: لەڕاستیدا بێدەنگی ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوون لەتەواوی بیرۆکە و وزە نەرێنییەکان، چونکە کە جیهانی ئەمڕۆ پڕە لە بێئاگایی و کاریگەرییە نەرێنی و زیانبەخشەکان، کەواتە باشترین کار ئەوەیە هەندێک کات ڕاهێنان لەسەر بێدەنگی بکەن تاکوو لەم ڕێگایەوە بیر و مێشکتان پاک بکەنەوە.
  • باشترکردنی هۆشیاری: کاتێک بێدەنگ دەبیت هۆشیاریت لە زۆرێک لە کردارەکانت زیاد دەکات.
  • بەرهەمهێنانی خانەکانی مێشک: سوودێکی گرنگی بێدەنگی گەشەی مێشکە، بەپێی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە دوو کاتژمێر بێدەنگی خانەی نوێ لە بەشێکی مێشکدا دروست دەکات، بەشێک کە پەیوەندی بە یادەوەری، هەست و فێربوونەوە هەیە.


سەرچاوەکان



791 بینین