چەند یاسایەک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-19-17:54:00 - کۆدی بابەت: 8706
چەند یاسایەک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەرکە گرنگەکانی ڕۆژانە بووە بە خووی زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، بۆیە زۆرێک بەدەست دواخستن جێبەجێ نەکردنی کارەکانیانەوە دەناڵێنن، لە ژیانی پیشەیی و کارکردنیاندا دووچاری ڕاڕایی و کێشە و ئاڵۆزی زۆر دەبنەوە.
چەندان ڕێگای سادە و ئاسان هەیە کە مرۆڤ پەیوەستی ئەرک و کارەکانی دەکات، بڕیاردانی دروست و پەیوەستبوون بە کات و ڕێکخستنی کاتەوە، هاوکات پلاندانان و باوەڕبەخۆبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ناخی خۆت لە هەنگاوە پێشەنگەکانی زوو ئەنجامدانی هەر ئەرک و کارێکن.

چەند یاسایەکی جیهانی بۆ زوو جێبەجێکردنی ئەرکەکانت

تەکنیکی پڕۆمۆدۆرۆ Promodoro

پڕۆگرامی پڕۆمۆدۆرا یان پڕۆمۆدۆرۆ جۆرە تەکنیکێکی جیهانی باوە و زۆر کەس لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی سوودی لێ دەبینێت، بیرۆکەی ئەم تەکنیکە بریتییە لە دیاریکردنی دوو کاتژمێری تەواو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی کە پێویستە ئەنجامی بدەی، ئەو دوو کاتژمێرە دابەش دەکەیتە سەر چوار 25 خولەکی بۆ سەرنجدانی ڕژد و چوار 5 خولەکی پشوو لەنێوایاندا، واتا بەسەریەکەوە هەموو ئەو دوو کاتژمێرە ئەرکەکە ئەنجام نادەیت، بەڵکوو 25 خولەکی یەکەم بە چڕی سەرنج دەکەیتە سەر ئەرکەکەت، پاشان بۆ ماوەی پێنج خولەک پشوویەکی کورت وەردەگرێت دواتر 25 خولەکی تر بەردەوام دەبیت و پێنج خولەکی تر پشوو وەردەگریت، بەم شێوەیە تاکوو دوو کاتژمێرەکە تەواو دەکەیت دەتوانی ئەرکەکەت بە ڕێکی و لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدەیت، لە ئێستادا چەند ئاپێکی مۆبایلە زیرەکەکان هەن کە لەم تەکنیکە پێکهاتوون، هەرەها دەکرێت لە ڕێگەی کاتژمێری ئاگادارکردنەوەی مۆبایلەوە ئەم تەکنیکە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت جێبەجێ بکەیت، بە بەردەوام بوون لەسەر ئەم تەکنیکە دەتوانی خودکارانە ماوەی کارکردن زیاتر بکەیت و کاتی پشووەکان کەمتر بکەیتەوە، چونکە ئامانجی ئەم شێوازە بریتییە لە پەیوەستبوونی خودکاری و خۆڕسکانە بە ئەرکەکانتەوە.

یاسای پاریتۆ Pareto Principle

یاسای پاریتۆ یان یاسای هەشتا بە بیست، پاریتۆ ناوی زانایەکی ئابووریی ئیتاڵییە، لە دوای چەند توێژینەوەیەک بۆی دەرکەوت کە 20%ـی هەوڵدان و ماندووبوونەکان بەرپرسن لە 80%ـی دەرەنجامەکان، بە نموونە هەندێک کات لە کۆمپانیایەک یان دەزگایەک 20%ـی ئەندام و فەرمانبەران دەتوانن ڕێژەی 80%ـی قازانج و دەسکەوتی کۆمپانیاکە دەستەبەر بکەن. ئەم ڕێژەیە جێگیر نییە و هەندێک کات بەپێی جۆری ئەرک و کارەکە دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، گرنگترین بەشی ئەم یاسایە ئەوەیە کە تۆ پێویستە ئەو ڕێژەی کارکردنە دیاری بکەیت کە بەرپەرسە لە بەدەستهێنانی دەرەنجام و قازانجێکی زۆری کارەکەت و یارمەتیدەرت دەبێت لە زوو بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکەت.

یاسای پارکنسۆن Parkinson's Law

ئەم یاسایە لەسەر بنەمایەک دانراوە کە هەر ئەرکێک یان هەر کارێک بەپێی ئەو کاتەی بۆی دادەنرێت درێژ دەبێتەوە و کات داگیر دەکات، بۆ نموونە ئەگەر تۆ توێژینەوەیەکت هەبێت و ماوەی هەفتەیەکت بۆ تەواوکردنی هەبێت ئەوە کاتی تەواوکردنی هەر هەفتەیەک دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر هەمان توێژینەوە ماوەی ڕۆژێک بۆ تەواوکردنی دانرابێت ئەوە کاتی تەواوکردنی ئەو ئەرکە ڕۆژێک دەخایەنێت. ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لەوەی کە پێویستە هەموو ئەرکێک کاتێکی سنووردار بۆ ئەنجامدان و کۆتایی پێهێنانی دیاری بکرێت، چونکە ئەگەر کات و ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەرکەکان دانەنرێت، بێگومان هەموو ئەرکێک ماوەکەی درێژ دەبێتەوە و ئەنجامدانی دوادەخرێت و جێبەجێ ناکرێت.

یاسای کارلسۆن Carlson's Law

كارلسۆن مامۆستایەکی سویدی بوو لە پاش ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەک بۆی دەرکەوت، کە هەر ئەرکێک یان هەر کارێک ئەگەر ناوبڕی زۆر و لەناکاوی تێکەوت و بچڕا، واتا ئەنجامدانی کارەکە پچڕپچڕ بوو، دەرەنجامی کارەکە دوادەکەوێت و بە کوالێتییەکی باش ئەنجام نادرێت، کاتێکی زۆر دەخایەنێت و بەرهەمەکەی کەم دەبێت، بۆیە ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لەوەی کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەرنج بخرێتە سەر ئەرکێک بەبێ دابڕان، بەردەوام بوون لەسەر کارەکە تاکوو کۆتایی پێهێنانی یارمەتیدەرە لە زوو تەواوبوونی ئەرکەکە و بە پشتبەستن بە پڕۆگرامی پڕۆمۆدۆرا دەکرێت ئەم یاسایە جێبەجێ برێت و دەرەنجامی باش بەدەست بهێنرێت.

یاسای ئایڵش Illigh'sh Law

یاسای ئايلش یان Diminishing Returns ئەم یاسایە لە ئابووریدا زۆر بەربڵاوە، لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە ئاستێکی دیاریکراو هەیە دوای ئەو ئاستە کوالێتی و توانایی کەسەکان بە پلەبەندی دادەبەزێت، واتا لە ئەنجامدانی هەندێک کاردا لە ڕادەیەکی تایبەت بەدواوە بڕی قازانج و دەسکەوتەکان هەرچەند بەرز و زۆر بێت دادەبەزێت و کەم دەبێتەوە.

ئەم یاسایە لە زۆرێک لە ڕووداوە سادەکانی ژیان بەدی دەکرێت، بۆ نموونە لە وانەیەکی دوو کاتژمێریدا تەنها نیو کاتژمێری یەکەم سەرنج و ئاگایی تەواوت هەیە، دواتر بێزار و ماندوو دەبیت، بۆیە لەم یاسایەوە ڕوون دەبێتەوە لە کاتی ئەنجامدانی کار و ئەرکەکانت کاتێک گەیشتیتە ئەو ئاستەی کە هەست بە ماندووبوونی مێشکت کرد و تواناکانت لاواز بوون، پێویستە ڕێست وەرگرێت و پشوویەک بدەیت تاکوو وزە و هێزت نوێ بکەیتەوه، هیچ کاتێک بەزۆر کارەکان بەخۆت ئەنجام مەدە.

ـ یاسای لابوورەیت Laborit's Law

ئەم یاسایە جۆرە فەلسەفەیەکی لەخۆگرتووە کە بریتییە لەوەی پێویستە تاک لە سەرەتای ڕۆژەکەیدا قورسترین و گەورەترین کار و ئەرکی خۆی ئەنجام بدات، چونکە سروشتی مرۆڤ وایە کە ئەرکە گرنگ و قورسەکان دوادەخات و ئەم دواخستنەش ڕێگری لێدەکات کە ئەرکەکانی تری ڕۆژانەی ئەنجام بدات، بە دواخستنی ئەو ئەرکە گرنگە شڵەژاوی و ڕاڕایی لە تەواوی ڕۆژەکە بۆ دروست دەبێت و ناتوانێت سەرنج بخاتە سەر ئەرکەکانی تری، بۆیە ئەگەر هەر لە سەرەتای دەسپێکی ڕۆژەوە ئەو ئەرکە گرنگ و قورسەت بەئەنجامگەیاند کە هەمیشە دوایدەخەیت، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانیت ئەرک و کارەکانی تری ڕۆژەکەت بە باشی ئەنجام بدەیت.

یاسای هۆفستادەر Hofstadter's Law

بنەمای ئەم یاسایە بریتییە لەوەی کە هەندێک کات ئەنجامدانی چەند ئەرک و کارێک کات و ماوەی زیاتر دەخایەنێت بە بەراورد بەو کاتەی کە بۆی تەرخان کراوە، واتا تۆ گەشبین و دڵنیای کە کارێک بە ماوەیەکی دیاریکراو تەواو دەکەیت و کۆتایی پێدەهێنت، بەڵام بەهۆی چەند بارودۆخێک ئەنجامدانی ئەرکەکە کات و ماوەی زیاتر دەخایەنێت، بۆ ئەوەی نەکەویتە ئەم بارودۆخەوە کاتێک ماوەی ئەنجامدانی هەر کارێک یان پڕۆژەیەک دیاریی دەکەیت پێویستە 30% بۆ 50% ماوەیەکی درێژتری بۆ دابنێیت، بۆ نموونە ئەگەر ئەنجامدانی پڕۆژە و کارێک بۆ کەسێک دە ڕۆژی پێویست بوو، تۆ پێویستە لە جیاتی ئەو دە ڕۆژە کاتی زیاتر دانبێیت و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە بکەیت بە دوو هەفتە، چونکە پێویستە پێشبینی هەموو بارودۆخێک بکەییت کە دەکرێت ببێتە هۆی دواکەوتنی بەڕێوەچوونی ئەو پلانەی کە داتڕشتووە.


سەرچاوەکان



782 بینین