یانەی کڕیارانی داڵاس (٢٠١٣)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-24-22:57:00 - کۆدی بابەت: 8780
یانەی کڕیارانی داڵاس (٢٠١٣)

ناوه‌ڕۆك

دەربارە

فیلمی یانەی کڕیارانی داڵاس (بە ئینگلیزی: Dallas buyers club) فیلمێکی درامیی مێژوویە و لە چیرۆکی ڕاستییەوە وەرگیراوە، لە بەرواری ١٧-١١-٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە. لەلایەن دەرهێنەر (ژان ماڕک ڤاڵێی) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، هەروەها کاری نووسینی لەلایەن (مێلیسا واڵاک و گرەیک بۆڕتن) بۆ کراوە. لەلایەن نواندنکارانی بە توانا (ماتیو مەکۆنەهی، جێنیفەر گاڕنەر و جارید لیتۆ) کاری نواندنی بۆ کراوە. ماوەی فیلمەکە ١١٧ خولەکە و بودجەکەی تەنها پێنج ملیۆن دۆلاربووە. فیلمەکە لە ماڵپەڕی IMdb کە تایبەتە بە دەنگدان بە فیلم و زنجیرەکان، نمرەی ٧٫٩/١٠ وەرگرتووە. فیلمی یانەی کڕیارانی داڵاس یەکێکە لە فیلمە سەرکەوتووەکانی مێژوو، کە پاڵێورای ٨٧ خەڵاتە و براوەی سێ خەڵاتی ئۆسکارە بۆ (باشترین ڕۆڵی سەرەکی بۆ ماتیو مەکۆنەهی، باشترین ڕۆڵی نواندنکاری پاڵپشت بۆ جارید لیتۆ، باشترین ئارایشت و ستایلی قژ بۆ ڕۆبن ماتێوس و ئەدریسا لیی).

چیرۆکی فیلم

فیلمەکە باس لە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی (ڕۆن ودڕەف) دەکات، کە پیاوێکی ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانە و لە ساڵی ١٩٨٦ پزیشکەکان پێی ڕادەگەیەنن بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی ئایدز تەنها ٣٠ ڕۆژی لەژیاندا ماوە. پاشان ڕۆن دەست دەکات بە دانانی یانەیەک بۆ فرۆشتنی هەندێک جۆری دەرمان وەک چارەسەری نەخۆشییەکە.

کەسایەتییەکان

ڕۆن ودڕەف 

نواندنکار ماتیو مەکۆنەهی ڕۆڵی دەگێڕێت، کە کارەباچی و گاوانێکی ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرە و لە داڵاس لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورەبووە. پێش ئەوەی کە نەخۆشییەکەی دیاری بکرێت کەسێکی ڕێزلێگیراوی کۆمەڵەکەی بوو. بەڵام دوای ئەوەی کە دەردەکەوێت تووشبووی ئایدزە و پشکنینەکەی ئەرێنی دەبێت، سەرەتا بڕوا بە پشکنینەکان و نەخۆشییەکە ناکات، دواتر تەواوی ژیانی پێچەوانە دەبێتەوە. ئەم پێچەوانەبوونەوەی ژیانی لەبەر خراپبوونی باری تەندروستی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەو بیروبۆچوونە نەخوازراوانەی لەسەر ڤایرۆسی HIV هەیە لەلایەن هاوڕێکانییەوە پشتگوێ دەخرێت. ودڕەف تەواوی ئەو ژیانەی ماویەتی بۆ بەدەستھێنان و فرۆشتنی دەرمانی ناژەهراوی بە تووشبووانی تری ئایدز لە ڕێگەی یانی کڕیارانی داڵاسەوە تەرخان دەکات. هەرچەند کاتێک نەخۆشییەکەی دیاری دەکرێت پزیشک پێی دەڵێت تەنها ٣٠ ڕۆژی لە ژیاندا ماوە، بەڵام بۆ ماوەی ٧ ساڵی تر دەژی.

ئێڤێ ساکسی پزیشک

ئەم پزیشکە خانمێکە کە بەرپرسە لە تەندروستی ودڕەف، چونکە یەکێکە لە ئەو کەسانەی کە قسە لەگەڵ ودڕەف دەکات دەربارەی ئایدز و پاشان ودڕەف باوەڕ بە ئەوە دەکات کە تووشبووی ئایدزە و پشکنینەکانی دروستن. بەدرێژایی فیلمەکە ئێڤێ زیاتر لە ودڕەف نزیک دەبێتەوە، لە کاتێکدا کە ئەو تەنها پزیشکە کە توێژینەوەکانی ودڕەف دەربارەی ئایدز دەخوێنێتەوە، لە هەمان کاتدا تاکە کەسە کە دەیەوێت تاقیکردنەوەکان بوەستێنێت، چونکە ئەو زیانانە دەزانێت کە بەهۆی دەرمانی AZT تووشی بەکارهێنەرانی دەبن.

ڕایۆن

ڕایۆن خانمێکی ڕەگەزگۆڕاوە کە ودڕەف لە نەخۆشخانەی داڵاس چاوی پێی دەکەوێت. بە هەمان شێوە تووشبووی ئایدزە و بە قوورسی ئالوودەی ماددەی هۆشبەرە، هەروەها هاوڕێی منداڵی ئێڤێیە و یەکێکە لە ئەو نەخۆشانەی دەرمانی AZT وەک چارەسەری ئایدز تاقی دەکاتەوە. هەرچۆنێک بێت دەبێت بە کەسایەتییەکی گرنگی چیرۆکەکە و یارمەتی ودڕەف دەدات بۆ دەستکەوتنی کڕیار لە ئیشەکەیدا. ڕایۆن بەپێی تێپەڕبوونی کات دەبێت بە هاوپیشە و هاوڕێی نزیکی ودڕەف.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • بودجەی فیلمەکە بەگشتی زۆر کەم بوو و لەبەر ئەم هۆیە بودجەی ئارایشتەکەی تەنها ٢٥٠ دۆلاربوو. ئارایشتکارەکە ڕازی بوو بەوەی کە بە ئەم بڕە کەمە کاری ماکیاجی نواندنکارەکان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکە توانی خەڵاتێکی ئۆسکار بۆ باشترین ئارایشت و ستایلی قژ بباتەوە.
  • ماتیو مەکۆنەهی بۆ ڕۆڵگێڕانی لە فیلمەکەدا وەک تووشبوویەکی ئایدز و ئالوودەبوویەکی ماددەی هۆشبەر، ٢١ کیلۆگرامی لە کێشی خۆی دابەزاند. ڕۆژنامەکان دەربارەی ئەم کێش دابەزاندنەی وتوویانە: "لاوازێکی سامناکە و تەنها پێست و ئێسکەکانی ماونەتەوە". 
  • سیناریۆی فیلمەکە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ و بۆ سەدان جار بە بەردەوامی ڕەت کراوەتەوە، تاکوو لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن دەرهێنەر ژان ماڕک ڤاڵێی کاری دەرهێنانی بۆ کرا.
  • تەواوی فیلمەکە تەنها لەماوەی ٢٥ ڕۆژدا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە.
  • ئەم فیلمە بوو بەهۆی ئەوەی لەدوای ٥ ساڵ دوورکەوتنەوە جارید لیتۆ بگەڕێتەوە بۆ کاری نواندنکاری، بۆ ئەوەی لە فیلمەکەدا وەک ڕەگەزگۆراوێک ڕۆڵ ببینێت، تەواوی مووی لەشی بە واکس لابرد. هەروەها بە هەمان شێوەی نواندنکار ماتیو مەکۆنەهی جاریدیش ١٣٫٦ کیلۆگرامی لە کێشی خۆی دەبەزاند تاکوو لە فیلمەکەدا وەک تووشبوویەکی ئایدز و ئالوودەبوویەکی ماددەی هۆشبەر ڕۆڵ بگێڕێت. لە ئەنجامدا بوو بە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ ڕۆڵی نواندنکاری پاڵپشت.
  • چونکە بودجەی فیلمەکە سنوورداربوو، لەماوەی ٢٥ ڕۆژی وێنەگرتنی فیلمەکەدا هیچ ڕێکخستنێکی ڕووناکی بەکارنەھاتووە و تەنها بە یەک کامێرای دەستی کاری وێنەگرتنی فیلمەکە کراوە.


سەرچاوەکان



343 بینین