گوندی واژە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-25-21:51:00 - کۆدی بابەت: 8791
گوندی واژە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوندی واژە (بە ئینگلیزی: Wazha) گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی چوارتا (ناوەند) لە قەزای شارباژێڕ سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان. (١٣)کم لە چوارتاوە دوورە، واژە دووری (٣٠)کم کەوتوەتە باکووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، هەروەها (٩٤٢م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ڕووبەری گشتی زەوییەکەی (١٠،٨)کم٢ و دەکەوێتە بناری گرد و چیاکانی (کەڵکان و کێوی وەڕاز و خلەیەر و هەڵەزگە و کەڵەکن و بان هەڵێرە و باسکی گۆیژە).

ناو

واژە بەمانای وتە، قسە یان دەنگی لق و گەڵا لەبەر با دێت. ناوەکەش لە ناوی گوندی واژەی لای شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگیراوە. لە پێشتردا بنەماڵەیەک بەناوی (شێخ عوسمان) لەوێوە هاتوونەتە ئەم گوندە کە پێشتر ناوی (ئیشکێ) بووە و ناوێکی تورکی سەردەمی عوسمانییەکان بووە، لەبەر خۆشەویستییان بۆ زێد و گوندەکەی خۆیان، هەمان ناویان بەسەر ئەم دێیەشدا دابڕیوە و لەوکاتەوە ناوی گوندەکە بووە بە واژە .

جوگرافیا

واژە لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی باخی ئاشی و لە باشوور لەگەڵ گوندی قشڵاغ، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی بەردەزەرد و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی سنکێ هاوسنوورە.

مێژوو

  • واژە گوندێکی زۆر دێرینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی ئەشکانی و دەوڵەتی ساسانی، چەندین گۆزە لەژێر خاکەکەیدا دۆزراونەتەوە کە بۆ لاشەی مردووەکان و هەڵگرتنی دانەوێڵە لەسەردەمی ساسانیەکاندا بەکارهێنراون. یەکێک لەو گۆزانە گۆزەیەکی ساغی گەورەی گڵینە، کە لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە، بەپێی شێوە و نەخشی گۆزەکە و شێوازی دروستکردنەکەی بێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (ئەشکانی ١٤٨ پێش زایین – ١٢٦زایینی، ساسانی ٢٢٦ – ٦٣٦ زایینی). جگە لەوەش چەند شوێنەوارێکی دێرین هەن وەک: (بەردی قەڵات و کەڵەکاوی و چەم خاتوون، گۆڕستانی کۆن و ( سۆفی حەسەن و خدری زیندە)) کە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم گوندە زۆر لەمێژە ژیانی تێدابووە.
  • لە واژە گۆڕستانی کۆنی واژە هەیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندەکەوە و لە بەرزاییەکدایە. بیست گۆڕیان لێ‌ماوەتەوە و گۆڕەکان بە بەردی زۆر گەورە هەڵچنراون و کێلەکانیشیان زۆر بەرزن. جگە لەوە گردێکی تری گوندەکە هەیە، جۆری خاکەکەی سپییە، کە لەناو دێکەوە سەیری دەکەیت، شەوقدەداتەوە. بەتایبەت کە خۆر یان تریفەی مانگ یان ڕووناکیەک لێی بدات. هەربۆیە گوندەکە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ناونراوە (ئیشکێ) کە بەمانای ڕووناکی دێت. هەروەها جۆرە بەردێکی تایبەتی هەیە کە بەوتەی شوێنەوارناسان بەردی کێلی گۆڕستانەکانی شاری قەڵاچوالان لەسەردەمی میرنشینی بابانەکان دا لە ساڵانی (١٦٦٩- ١٧٨٤) زایینی لەم گردەی گوندی واژەوە براون بۆ قەڵاچوالان. دواتریش ئەم بەردانەیان بە بەکارهێنانی ئاژەڵ وەک هۆکاری گواستنەوە لە ئەم گوندەوە بردووە بۆ پیاوماقوڵان و شێخانی سلێمانی.
  • سێ سەدەیەک بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٧٥٥ زایینی بنەماڵەیەک لەگوندی واژەی شارستانی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی بنەماڵەی (شێخ عوسمان شێخ ئیسماعیل) لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ئەو سەردەمەی بانە دەبێتە ناکۆکیان و بەشێکیشیان ڕوودەکەنە باشووری کوردستان، بەهۆی دۆستایەتییان لەگەڵ شێخانی نۆدێ و میرانی بابان لەم ناوچەیە جێگیر دەبن. دێکە ئاوەدان بووە و خەڵکی تێدا ژیاوە، ئەو بنەماڵانەی پێشتر لێرە بوون، بریتی بوون لە بنەماڵەی (مام وەسمان، ماڵی کەریم نادر و بنەماڵەی کاکەسور). هەروەها کۆمەڵێکی تر کە دواتر چوونەتە کەڵەکنی نزیک سلێمانی.

خوێندن

  • لە کۆنداو لەسەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ زایینی لەبواری ئایینیدا مەلایەک بەناوی (مەلا شەمسەدینی واژە) هەبووە و فەقێی زۆربووە. هەروەها (مەلا فەرەجی واژەیی ناسراو بەشەکیب) و (مەلا عەبدولەتیف واژەیی) و (مەلا ئیبراهیمی کوڕەداوێ) لەوێ خزمەتیان کردووە. لەدوای ڕاپەڕینیش (مەلا جەبار واژەیی) بووەتە مەلای گوند. پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت مامۆستا شێخ عیزەددینی حسێنی کە مەلایەکی ئایینی بووە و یەکێک بووە لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ شێخانی واژەدا خزمن. هەربۆیە (شێخ جەلال حسێنی) برای کە دامەزرێنەری (سازمانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بوو، گۆڕەکەی لە واژەیە. لە بواری ئەدەبیشدا چەند شاعیرێکی تێدا هەڵکەوتووە، وەک (مامۆستا شەکیب، مامۆستا جەمال شارباژێڕی، شێح عەلادین واژەیی، خالید واژەیی).
  • سەبارەت بە خوێندنی میریش، بۆ یەکەمجار لە ٥-٩-١٩٦٩ قوتابخانە لە واژە کراوەتەوە و مامۆستا (ئەبوبەکر ڕەشید محەمەد) وەک یەکەم مامۆستا وانەی تێدا وتووەتەوە و (١٥) قوتابی لە کوڕ و کچ هەبووە. پآشان لە ساڵی ١٩٨٦ گوندەکە وێرانکراوە، هەتاکوو دوای ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە، بۆ جاری دووەم قوتابخانەی لێکراوەتەوە و مامۆستا (سەمیع حسێن عەبدوڵڵا واژەیی) وەک یەکەم مامۆستا و بەڕێوبەر بۆ هەشت ساڵ بەردەوام بوو. لە ١-٩-١٩٩٥ مامۆستا (عەزیز کەریم عەبدوڵڵا واژەیی) وەک یەکەم مامۆستا و بەڕێوبەری ناوەندی واژە دەستبەکاربوو.

دانیشتوان

لەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ حکوومەتی عێراقدا (٣٠) ماڵی تێدابووە. هەروەها بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ کە لەگەڵ گوندی قشڵاغ پێکەوە سەرژمێری کراون (٦٦) ماڵ بووە. چونکە قشڵاخ پێشتر موچەی واژە بووە. لەساڵی ١٩٨٦ کاتێک حکوومەتی عێراق گوندەکەی بەخەڵک چۆڵکرد و وێرانیکرد، (٦٠) ماڵ بووە. دوای ڕاپەڕین لەساڵی ١٩٩٢ ئاوەدانکراوەتەوە و (٧٠) ماڵبووە.

کشتوکاڵ

واژە کەرتی کشتوکاڵی بریتییە لە ژمارە (٦٢). (٧) کانی و کارێزی هەیە و گوزەرانی خەڵکەکەی لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە. لە کۆندا بژێوییان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و خەڵووزکردن و تووتن بووە. بە ئاژەڵ و بە کاروان بارە هەڵووژە و قەیسی و ترێیان بردووە بۆ سلێمانی و هەندێ جاریش ڕۆشتوون بۆ قەرەداغ و سەنگاو و گەرمیانیش. 


سەرچاوەکان



399 بینین