پشکنینی ئەنسۆلینی خوێن

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-25-22:07:00 - کۆدی بابەت: 8793
پشکنینی ئەنسۆلینی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی ئەنسۆلینی خوێن (بە ئینگلیزی: Insulin blood test) یان پشکنینی ئەنسۆلینی لەخورینی (بە ئینگلیزی: Fasting insulin test)، بریتییە لە پشکنینێک کە بۆ پێوانەکردنی بڕی ئەنسۆلین لە جەستەدا بەکاردێت. هەروەها بۆ چاودێریکردنی چارەسەری ئاستی نائاساییی ئەنسۆلین و بەرگریی ئەنسۆلینیش بەکاردێت. 

ئەنسۆلین هۆڕمۆنێکە یارمەتیی گواستنەوەی گلوکۆز لە خوێنەوە بۆ خانەکان دەدات، گلوکۆز لەڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە بە لەش دەگات و سەرەکیترین سەرچاوەی وزەیە بۆ خانەکانی لەش. ئەنسۆلین ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن، ئەگەر ئاستی شەکری گلوکۆز لە خوێندا ئاسایی نەبێت کێشەی تەندروستیی زۆر بۆ کەسەکە دروست دەبێت، ئاستەکانی گلوکۆزی نائاسایی لە خوێن بریتین لە:

بەرزبوونەوەی گلوکۆزی خوێن (Hyperglycemia): کاتێک لەش ناتوانێت بڕێکی پێویست لە ئەنسۆلین دروست بکات، ئاستی ئەنسۆلینی خوێن نزم دەبێت، لە نەبوونی ئەنسۆلینیش گلوکۆز بۆ نێوخانەکان ناگوازرێتەوە و ئاستی گلوکۆزی خوێن بەبەرزی دەمێنێتەوە.

دابەزینی گلوکۆزی خوێن (Hypoglycemia): کاتێک لەش بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنێت و دەینێرێت بۆنێو خوێن ئەوا ئاستی ئەنسۆلینی خوێن بەرز دەبێت، ئەنسۆلینەکە گلوکۆزی نێوخوێن بۆ خانەکان دەگوازێتەوە و بەمەش ئاستی گلوکۆزی خوێن دادەبەزێت. 

زۆربەی جار هۆکاری نائاساییبوونی ئاستی گلوکۆزی خوێن، نەخۆشیی شەکرەیە کە ئەویش دوو جۆری هەیە:

شەکرەی جۆری یەک: لێرەدا لەش بڕێکی کەم یان هیچ ئەنسۆلینێک بەرهەم ناهێنێت، بۆیەش ئاستی شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە.

شەکرەی جۆری دوو: لێرەدا لەش هێشتا ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنێت، بەڵام خانەکانی لەش بەباشی وەڵامدانەوەیان بۆ ئەنسۆلینەکە نییە و ناتوانن بە ئاسانی گلوکۆزی خوێن وەربگرن، ئەمەش پێی دەوترێت بەرگریی ئەنسۆلین، ئەم بەرگریی ئەنسۆلینە زۆرجار پێش تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو دەست پێ دەکات.

ناوەکانی تر 

ناوەکانی تری پشکنینی ئەنسۆلینی خوێن بریتین لە: 

  • ئەنسۆلینی لەخورینی
  • ئەنسۆلینی سیڕەم 
  • تێکڕای ئەنسۆلین
  • ئەنسۆلینی سەربەست یان ئازاد

پشکنینی ئەنسۆلین بۆچی بەکاردێت؟

  • بۆ دۆزینەوەی هۆکاری دابەزینی گلوکۆزی خوێن
  • دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی بەرگریی ئەنسۆلین
  • چاودێریکردنی تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو
  • بۆ دۆزینەوەی هەبوونی گرێ لە پەنکریاس کە بە گرێی ئەنسۆلینی (Insulinoma) ناسراوە، هەروەها لە کاتی لابردنی گرێیەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە لادانی گرێیەکە بە سەرکەوتوویی بەکاردێت.
  • هەروەها پشکنینی ئەنسۆلین زۆرجار لەگەڵ هەندێک پشکنینی تر بۆ دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک بەکاردێت، وەکوو پشکنینی گلوکۆزی خوێن و HbA1c.

چ کاتێک پێویستە پشکنینی ئەنسۆلین بکرێت؟ 

کەسێک پێویستی بە پشکنینی ئەنسۆلین دەبێت ئەگەر نیشانەکانی دابەزینی شەکری خوێنی هەبوو، وەکوو:

  • ئارەقکردنەوە
  • لەرزین
  • ناڕێکیی لێدانی دڵ
  • شڵەژان
  • وڕی یان سەرگێژبوون
  • لێڵبینی
  • برسییەتیی لەڕادەبەدەر

ئامادەکاری بۆ پشکنینەکە

پشکنینی لەخورینیی ئەنسۆلین وەک لە ناوەکەی دیارە پێویستی بە خۆ ئامادەکردن هەیە کە کەسەکە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر هیچ شتێکی نەخواردبێت و نەخواردبێتەوە.

ڕاییکاری و چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

پشکنینی ئەنسۆلین پێویستی بە وەرگرتنی خوێن لەلایەن پیشەگەرێکی تەندروستییەوە هەیە کە خوێنەکە بە دەرزییەکی بچووک لە خوێنهێنەری قۆڵ وەردەگیرێت و دواتر دەکرێتە ناو لوولەکێکی تایبەتەوە و دەنێردرێت بۆ پشکنین، ئەنجامەکانیش لەهەمان ڕۆژدا بەردەست دەبن.

ئاستی ئاساییی ئەنسۆلینی خوێن

ڕێژەی ئاساییی ئەنسۆلینی خوێن لەکاتی برسییەتی یان لەخورینیدا بریتییە لە ٣-٢٥ ملی-یەکەی نێودەوڵەتی لەسەر لیتر. 

ئەنجامەکان واتای چی دەگەیەنن

ئەگەر ئاستی ئەنسۆلینەکە لە ئاستی ئاسایی زۆر بەرزتر بێت، واتای ئەم ئەنجامانە دەگەیەنێت:

ئەگەر ئاستی ئەنسۆلینەکە لە ئاستی ئاسایی زۆر نزمتر بێت، واتای ئەم ئەنجامانە دەگەیەنێت:

  • بەرزبوونەوەی گلوکۆزی خوێن
  • هەوکردنی پەنکریاس

لێکدانەوەی ئەنجامەکان

  • لەکاتی برسییەتی یان لەخورینیدا، ئەگەر ئاستی گلوکۆزی خوێن لەژێر ٤٠ ملیگرام لەسەر دیسیلیتر بوو، ئاستی ئەنسۆلین بەرز بوو هەروەها ئاستی پڕۆئەنسۆلین و پێپتیدی سیش بەرز بوو ئەوا ئاماژەیە بۆ هەبوونی گرێی ئەنسۆلینی.
  • لە تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک ئاستی ئەنسۆلین هەمیشە نزمە.
  • لە قۆناغە سەرەتایییەکانی شەکرەی جۆری دوو ئاستی ئەنسۆلین دەکرێت ئاسایی یان بەرز بێت، هەروەها لە قۆناغی دووەمی شەکرەی جۆری دوو ئاستی ئەنسۆلین هەمیشە نزمە.
  • لە کەسانی تەندروست و ئاسایی ئاستی ئەنسۆلین لەگەڵ ئاستی گلوکۆزی خوێن هەمیشە هاوڕێژەیە، واتا بەیەکەوە زیاد و کەم دەکەن.


سەرچاوەکان



557 بینین