دانی کارڤاخال

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-26-14:14:00 - کۆدی بابەت: 8798
دانی کارڤاخال

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دانیێڵ کارڤاخال ڕامۆس ناسراو بە دانی کارڤاخال (بە ئینگلیزی: Daniel Carvajal Ramos, بە عەرەبی: داني كارفاخال) یاریزانێکی پیشەگەری هێڵی بەرگری یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە. لە ١١\١\١٩٩٢ لە ناوچەی لێگانیسی شاری مەدریدی وڵاتی ئیسپانیا لەدایکبووە.

ناوی تەواوەتی دانی کارڤاخال ڕامۆس
ناوی کورتکراوە کارڤاخال
بەرواری لەدایکبوون ١١\١\١٩٩٢
شوێنی لەدایکبوون لێگانس، ئیسپانیا
باڵا ١٧٤ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن باڵی ڕاستی بەرگریکردن

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

بەپێی ئەوەی کارڤاخال لە لێگانس لەدایکبووە کە ناوچەیەکی نزیک شاری مەدریدە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆ منداڵان دەستی بە تۆپی پێ کرد. توانی لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی زیاتر پەرە بە بەهرەکەی بدات تا گەیشت بە یانەی ڕیاڵ مەدرید کاستێلا یاخود یانەی ژمارە دووی ڕیال مەدرید.
لە یەکەم وەرزیدا بۆ یانەکە توانی ببێت بە سەرکردەی یانەکە و ڕیاڵ مەدرید کاستیلا دوای پێنج ساڵ لە دابڕان لە خوولی ژمارە دووی ئیسپانی توانی بگەڕێتەوە.

گواستنەوەی بۆ یانەی بایەرن لیڤەرکوزن

لە ١١\٧\٢٠١٢ کارڤاخال گرێبەستێکی ٥ ساڵی بە بڕی ٥ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یانەی بایەرن لیڤەرکوزنی ئەڵمانیدا بەست. لە ١\٩\٢٠١٢ یەکەم یاری بۆ یانە نوێیەکەی ئەنجامدا و بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە لە یەکەم هەفتەی لە بۆندسلیگادا وەکوو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی هەفتە بۆ خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانی بۆندسلیگا هەڵبژێردرا. لە کۆتایی وەرزەکەدا بە کۆکردنەوەی ٪١٦ـی دەنگەکان وەکوو سێیەم باشترین بەرگریکاری باڵی ڕاستی بۆندسلیگا دیاریکرا.

گەڕانەوە بۆ ڕیال مەدرید

دوای بینینی ئاستە بەرزەکەی کارڤاخال لە خوولی بۆندسلیگادا پێشکەشی کرد، یانەی ڕیاڵ مەدرید گرێبەستێکیان پێشکەش بە یاریزانەکە کرد و کارڤاخال قبووڵی کرد بگەڕێتەوە یانەی ڕیاڵ مەدرید. لە دوای بەستنی گرێبەستەکەوە کارڤاخال وتی: زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوە بۆ یانەکە و سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی.
لە ١٨\٨\٢٠١٣ کارڤاخال یەکەم یاری فەرمی خۆی لە لالیگادا ئەنجامدا. لە وەرزی ٢٠١٣ - ٢٠١٤ بەژداری ٤٥ یاری یانەکەی کرد.  لە ٨\٧\٢٠١٥ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٠ درێژکردەوە.
کاتێک ٢٠١٦ یانەی ڕیاڵ مەدرید نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی بەدەست هێنا کارڤاخال بەژداری ٨ یاری کردبوو، گۆڵێکی تۆماکردبوو و بە یەکێک لە هۆکارەکانی بردنەوەی نازناوەکە داندرا.
سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین پێکان بوو لە وەرزی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ توانی بەژداری ٢٣ یاری یانەکە بکات. لە ١٧\٩\٢٠١٧ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٢ درێژکردەوە.
لە وەرزی ٢٠١٧ - ٢٠١٨ تووشی کێشەیەک بوو لە دڵیدا بەڵام بۆ یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکان گەڕایەوە و ڕیال مەدرید نازناوەکەی بەدەستهێنا.
لە وەرزەکانی ٢٠١٨ - ٢٠٢١ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی بەژداری یارییەکانی یانەکەی کردووە.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە ٢٩\٨\٢٠١٤ کارڤاخال بۆ یارییەکانی هەڵبژاردەکەی دژی فەڕەنسا و مەقدۆنیا بانگهێشتکرا. بۆ جامی یۆرۆی ٢٠١٦ بە هەمان شێوە دووبارە بانگهێشتکرا بەڵام بەهۆی پێکانەکەیەوە نەیتوانی بەژداری هیچ یارییەک بکات. وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییەکەی هەڵبژاردەی ئیسانیا بۆ جامی جیهانیی ٢٠١٨ دەستنیشانکرا.

ژیانی تایبەتی

لە منداڵیدا باوکی کارڤاخال هاندەری کوڕەکەی بوو و پشتگیری کرد تاوەکو کوڕەکەی تۆپی پێی خۆشبوێت. بەپێی تێپەڕینی کات کارڤاخال زیاتر و زیاتر حەزی بۆ وەرزشەکە زیادی کردوو و ئەمەش وایکرد کە دایک و باوکی یارمەتی بدەن و بتوانێت بچێتە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بۆ منداڵان. کارڤاخال لە ٢٠١٣ پاش ئەوەی گەڕایەوە بۆ یانەی منداڵی وتی: زۆر دڵخۆشم بە هاتنەوە بۆ یانەی خەونەکانم و هەوڵی تەواوەتی خۆم دەدەم بۆ پێشکەشکردنی باشترین ئاست.


سەرچاوەکان



255 بینین