ئەبێڵ تێسفەی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-03-19:35:00 - کۆدی بابەت: 8883
ئەبێڵ تێسفەی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەبێڵ تێسفەی یاخوود زە ویکێند (بە ئینگلیزی: The Weeknd, بە عەرەبی: ذە ویکیند). گۆرانیبێژێکی کەنەدییە لە ١٦\٢\١٩٩٠ لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لەدایکبووە.

سەرەتاکانی ژیانی

ئەبێڵ لە ١٦\٢\١٩٩٠ لە شاری تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک ئەسیوبییە. ئەبێڵ باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دایک و داپیری گەورە بووە و باوکی هەرگیز لەگەڵیان نەبووە، ساڵانێکی زۆر دوای ئەوەی چاوی بە باوکی دەکەوێتەوە دەبینێت خێزانێکی نوێی دروستکردووە. ئەبێڵ دەربارەی باوکی وتوویەتی: دڵنیام ئەو کەسێکی خراپ نییە بەڵام هەرگیز وەکوو باوکم نەمبینیوە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لەگەڵ ٢ هاوڕێیدا خانوویەکییان بەکرێ گرتووە و تیایدا ژیاون، بە گشتی ماددەی هۆشبەر و خواردنەوەی کحولی زۆری بەکارهێناوە کە وای لێکردووە بکەوێتە سەر شەقامەکان و ماوەیەک لەسەر شەقام بمێنێتەوە. لە ٢٠٢٠ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو چیتر مادەی بێهۆشکەر بەکارناهێنێت و خواردنەوە کحولییەکان زۆر کەمکردووەتەوە.

ژیانی پیشەیی

لە سەرەتادا و لە ساڵی ٢٠١٠ ئەبێڵ دوو بەرهەمی لە کەناڵی یوتوبی خۆی بڵاوکردەوە. بەرهەمەکان دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبوو و ڕاپەری ناسراو درەیک بەرهەمەکانی ئەبێڵی بەرز هەڵسەنگاند. ناوەکەی The Weeknd لەوەوە دروست بووە کاتێک ویستوویەتی بۆ هەفتەیەک ماڵەوە بەجێ بهێڵێت بەڵام هەرگیز نەچووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١١ سێ میکستەیپی بڵاوکردەوە و لە ساڵی ٢٠١٢ بە کۆکراوەی ئەلبوومێکی لێ دروستکرد کە توانی چەندین خەڵات لە سەرتاسەری کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستبهێنێت. سەرکەوتنەکانی ئەبێڵ درێژەی کێشا و لە میانەی ساڵەکانی ٢٠١۳-٢٠٢١ چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە و چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. هەموو کۆنسێرتەکانی بلیتی تەواوەتی دەفرۆشرا و سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست دەهێنا. بە درێژایی ئەم ٨ ساڵە چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە و ژمارەیەکی زۆری لێدەفرۆشرا و چەندین خەڵاتی گرامی، باشترین ئەلبوومی ساڵ و باشترین گۆرانی ساڵی بردەوە.

ئەبێل بۆ بەرهەم هێنانی گۆرانییەکانی هەریەک لە (مایکڵ جاکسۆن، پرینس (شازادە) و ئاڕ کێڵی) بە هاندەری خۆی دادەنێت. ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک گۆرانیبێژی ئەسیوبی کاریگەرییان لەسەر شێوازی گۆرانی وتنەکەی هەیە و هەوڵدەدات شێوازەکەی زیاتر لە گۆرانی ساڵی ٨٠ـاکان بچێت. 

ژیانی تایبەتی

ئەبێڵ کەسێکی زۆر داخراوە و حەزناکات کە هیچ شتێکی ژیانی تایبەتی بڵاوببێتەوە و هەوادارەکانی پێی بزانن. لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٩ لەگەڵ مۆدێلی ئەمریکی بێلا حەدید لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بوو کە دەنگۆیەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەبێل ئاماژەی بەوە داوە لە کاتە بەتاڵەکانیدا چێژ لە سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێت.

بەرهەمەکانی

میکستەیپەکان

  • House Of Ballons
  • Up For Days
  • Echoes Of Silence
  • Thursday  

ئەلبوومەکان

  • Kiss Land
  • Beauty Behind The Madness
  • Starboy After Hours
  • Dawn MF 

پوختە

ئەبێڵ تێسفەی یاخوود The Weeknd لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک ئەسیوبی. لە سەرەتادا ژیانێکی ئێجگار قورسی هەبووە و بە چەندین ناخۆشیدا تێپەڕیوە و ئاماژە بەوە دەدات کە هەموو ئەو ناخۆشییانەی پیایدا تێپەڕیوە زیاتر هانیان داوە بۆ سەرکەوتن. بە شێوازی ئاڕ ئێن بی R&N گۆرانی دەڵێت و گۆرانییەکانی زیاتر شێوازێکی ڕۆمانسی لەخۆدەگرێت. بە یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین گۆرانی بێژەکانی دەیەی ٢٠١٠-٢٠٢ دادەنرێت و گۆرانییەکانی بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە.


سەرچاوەکان



288 بینین