سپایدەرمان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-13-23:29:00 - کۆدی بابەت: 9009
سپایدەرمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێکجار خوێندکار، هەندێکجار زانا و هەندێکجاریش وێنەگر. پیتەر پارکەر پاڵەوانێکی هەمیشەیی و کەسایەتییەکی خەیاڵی کۆمیکەکانی مارڤڵە کە بە سپایدەرمان یان پیاوی جاڵجاڵۆکە (بە عەرەبی: الرجل العنكبوت بە ئینگلیزی: Spiderman) ناسراوە، توانای تۆڕ هەڵدان و هەڵزنانی هەیە بەسەر دیواردا. کەسایەتی سپایدەرمان بە هاوبەشی  لەلایەن ستانڵی و ستیڤ دیتکۆوە دروستکراوە و بۆ یەکەمجار لە کتێبی کۆمیکی (Amazing fantasy 15) لە ساڵی ١٩٦٢ دەرکەوت. وەکوو منداڵێکی بێ دایباب لەلایەن مامە بێن و ئامۆژنە مەیەوە بەخێوکراوە. لە پێشەنگایەکی زانستیدا، پیتەر لەلایەن جاڵجاڵۆکەیەکی تیشکدەرەوە دەگەسترێت، کە کۆمەڵێک هێزی جاڵجاڵۆکەیی پێ دەبەخشێت. لە سەرەتادا هێزەکانی تەنها بۆ کاتبەسەربردن بەکاردەهێنا، هێندە لەخۆی بایی بوو کە خۆی بە وەستاندنی دزێکەوە سەرقاڵ نەکرد. لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا هەمان دز مامە بێن دەکوژێت، ئەمەش ئەو ڕاستییەی بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دەبێت هێزەکانی بە بەرپرسیارانە بەکاربهێنێت، لەوکاتە بەدواوە سپایدەرمان دەبێتە ئێشکگری بەرەنگاربوونەوەی تاوان.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

پیتەر بێنجامین پارکەر لە هەرێمی کوینز لەدایکبووە. دایک و باوکی ڕیچرد و ماری پارکەر هەردووکیان بریکاری دەزگای سی ئای ئەی (CIA) بوون کە لە ئەرکێکدا لەلایەن ڕێد سکوڵەوە کوژراون و تۆمەتبار کراون بە ناپاکی. پێش مردنیان ڕیچرد و ماری منداڵێکی تریان هەبوو کە پیتەر نایناسێت، تریسا خوشکی گەورەی پیتەرە. دوای مردنی دایبابی پارکەری گەنج لەلایەن مامە بێن و ئامۆژنە مەیەوە هەڵدەگیرێتەوە و دەگوازێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوان لە ناوچەی فۆڕێست هیڵز، نیویۆرک. دوای هەڵگرتنەوەی، بێن و مەی بوون بە دایبابی جێگرەوەی و وەکوو کوڕی خۆیان بەخێویان کرد.

لەکاتی ئامادەبوونی لە پێشەنگایەکی گشتی کۆمپانیای جەنەڕاڵ تەکترۆنیکس، پیتەر پارکەری ١٥ ساڵ لەلایەن جاڵجاڵۆکەیەکی تیشکدەر دەستی دەگەسترێت، کە جاڵجاڵۆکەکە بەرکەوتەی تیشکی ئامێری خێراکەری تەنۆلکەکانی پێشانگەکە بوو. لەکاتی کەوتنە خوارەوەی لەسەر دەستی پیتەر جاڵجاڵۆکەکە بەو هێزەی پێی مابوو پاژنەی پێی کچێکی تریشی گەست بە ناوی سیندی موون، دوای ئەوە جاڵجاڵۆکەکە بە تیشکدانەوە مرد. دواتر لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە ڕێگا خەریک بوو ئۆتۆمبێلێک لێی بدات تا بازێکی بەرزی دا بۆ سەر ڕووی بینایەک کە بەرزییەکەی نزیکەی دوو مەتر دەبوو. پیتەر ئەوەی بۆ دەرکەوت بەهەر جۆرێک بێت هێز، چالاکی و پێوانەکردنی ڕووکاری بەهێز و سەرسوڕهێنەری بەدەستهێناوە، هەموویان سیفاتی جاڵجاڵۆکەن و هەر زوو هەمووی بەستەوە بە گازی جاڵجاڵۆکەکە لە پێشەنگاکە.

ڕۆژێک ڕیکلامێک دەبینێت بانگەشەی ئەوە دەکات بڕێک پارەی نەخت دەدرێت بەو کەسەی بتوانێت سێ خوولەک لەگەڵ جۆسف هۆگندا لەناو یاریگا ئەڵقەییەکەدا بمێنێتەوە، بەلای پیتەرەوە ئەمە ڕێگایەکەی باشە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی. ڕووپۆشێک دەپۆشێت بۆ ئەوەی ئەگەر دۆڕا شەرمەزار نەبێت. بەبەکارهێنانی تواناکانی بە ئاسانی ڕکابەرەکەی دەبەزێنێت. ماکسوێڵ شیفمنی بەرهەمهێنەری تەلەڤزیۆنی نمایشەکەی دەبینێت و ڕازی دەکات بێتە سەر تەلەڤزیۆن. بە دیزاینکردنی جلوبەرگی تەواو و دروستکردنی تۆڕی جاڵجاڵۆکەی دەستکرد و هەڵدەری تۆڕی سەر مەچەک، پیتەر بۆ یەکەمجار وەکوو سپایدەرمان دەرکەوت لە نمایش و بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا. دوابەدوای یەکەم دەرکەوتنی لەسەر شاشە، بەناوبانگ بوون لەناو جلوبەرگی سپایدەرماندا بووە هۆی لووتبەرزی و بە بیانووی ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو نییە، ڕێگەی دا ڕووداوێکی دزیکردن بەسەریدا تێپەڕببێت و نەیوەستاند. لەگەڵ زیادبوونی ناوبانگیدا پیتەر ڕووداوەکەی بیرچووەوە، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ئەوە گەڕایەوە ماڵەوە و بینی مامە بێنی کوژراوە لە ڕووداوێکی دزیکردندا و دزەکەش لەلایەن پۆلیسەوە لە عەمبارێکدا دەستبەسەرە. پیتەر خێرا جلوبەرگی سپایدەرمانی پۆشی و بە ئاسانی دزەکەی گرت و بۆی دەرکەوت هەمان ئەو کەسەیە کە ڕێگەی دا دزییەکەی بەسەردا تێپەڕێت. هەستی پەشیمانی دایگرت بەوەی بەهۆی بێ هەڵوێستی ئەمەوە ئەم تراژیدیایە ڕووی داوە، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە کاتێک کەسێک هێزێکی هەیە ناچارە بەرپرسیارانە بەکاری بهێنێت، لەمەوە بڕیاری دا ببێتە پاڵەوانێکی ئێشکگر و یارمەتی هەرکەسێک بدات کە پێویستی بە یارمەتییە.

کەسایەتی

سپایدەرمان بەوە ناسراوە پاڵەوانێکی بەهێز و ڕاستگۆیە و خاوەنی هەستێکی بەهێزی دادپەروەری و بەرپرسیارێتییە. مردنە تراژیدیەکەی مامی و ئەو بەڵێنەی بە خۆی داوە بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی بەرپرسیار خستووێتییە سەر ڕێگەی پاڵەوانێتی و خزمەتکردنی مرۆیی. یەکێک لە سیفەتە دیارەکانی سپایدەرمان گاڵتەچییەکەیەتی. هەندێکجار وەکوو گاڵتەچی هەر کۆمەڵەیەک دادەنرێت کە تێیدایە، تەنانەت لەکاتی ساتە سەختەکان کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، سپایدەرمان گاڵتە و نوکتەی خۆی هەر دەکات، ئەمەش هەم دۆست هەم دوژمنەکانی تووڕە دەکات. ئەم سیفەتەی چەند هۆکارێکی هەیە یان ئەوەیە دەیەوێت فشاری بارودۆخە سەختەکە کەمبکاتەوە یان دەیەوێت ترسەکەی بشارێتەوە لە کاتی تەنگژەدا. لەهەمان کاتیشدا ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی دەماری ڕکابەرەکانی بگرێت بەوە وایان لێدەکات جڵەو لەدەست بدەن و بێهێز ببن و ئاسانتر لەناوببرێن. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کاتێک ژیانێک دەکەوێتە مەترسییەوە واز لە گاڵتە و نوکتە دەهێنێت و زۆر بە جدی بارودۆخەکە وەردەگرێت.

سەرەڕای ئەوەش لە پشت ئەم ڕووپۆشە گاڵتەچییەوە، ڕۆحێکی بریندار هەیە کە ئازاری زۆری چەشتووە. لەکاتێکدا سپایدەرمان لە شەڕدایە و کەسێکی تر دەمرێت، تووشی خەم و ناڕەحەتی دەکات بەوەی نەیتوانیوە بەرپرسیارێتییەکەی جێبەجێ بکات. هەستکردن بە تاوانی لەدەستدانی مامە بێنی بە بەردەوامی هاندەری سەرەکییە لە ژیانی پاڵەوانێتی و ژیانی گشتیشیدا. سپایدەرمان کەسێکی تەنهایە و خووی بە تەنهاییەوە گرتووە. بەهۆی شێوازی ژیانی تاکگەرایی و دوورەپەرێزی لە گەنجیدا، بەلایەوە زەحمەتە بتوانێت بە کۆمەڵ کاربکات. هەرچەندە ئەم خووە بەرەبەرە بەرەو کەمبوونەوە چووە بە درێژایی ساڵان تا گەشتووەتە ئەو ڕادەیەی سپایدەرمان بووەتە ئەندامێکی چالاکی تۆڵەسێنەکان.

پیتەر پاڵەوانێکە خاوەنی ویست و ئیرادەی بەهێزە، هەر کۆسپێک بێتە ڕێگای، پەیوەندی بێت، هەڵەتێگەشتن یان مردنی کەسێک بێت دووبارە هەڵدەستێتەوە. ئیرادەی بەهێز و خووی وازنەهێنانی هەمیشە پاڵنەری بوون بۆ ئەنجامدانی کاری سەرسوڕهێنەرانە. جیا لە پاڵەوانێتی، سپایدەرمان کەسێکی گۆشەگیر و شەرمنە. ئەم سیفەتانە لەگەڵ گەورەبوونی پارکەر وردە وردە کاڵ بوونەتەوە، بەڵام هێشتا تۆوی گەنجێکی شەرمن و گۆشەگیر لە کەسایەتیدا ماوە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی سپایدەرمان

دۆست و هاوڕێکانی

١.دێدپووڵ

٢.دکتۆر سترەینج

٣.مایڵز مڕاڵز

٤.ڵوک کەیج

٥.ۆڵڤرین

٦.بڵاک کات

٧.دێردێڤڵ

٨.هیومن تۆرچ

دوژمنەکانی

١.بوومەرانگ

٢.کارنج

٣.کەمیڵیەن

٤.دکتۆر ئاکتەپس

٥.ئیلێکترۆ

٦.گرین گابڵن

٧.هامەرهێد

٨.هۆبگابڵن

٩.ڵیزرد

١٠.مۆربیەس

١١.مستیریۆ

١٢.ساندمان

١٣.سکۆپیۆن

١٤.ڤێنەم

تواناکانی سپایدەرمان

ئەنزیمەکانی خوێنی جاڵجاڵۆکەکە تیشکدەر، ئاڵۆز، بازدانیان بەسەردا هاتبوو و گۆڕابوون لەکاتی گەستنی دەستی پیتەردا بوونە هۆی کۆمەڵە گۆڕانکاریەک لە سەرانسەری جەستەی پیتەردا و توانای فیسیۆلۆجی جاڵجاڵۆکەی بەخشی بە جەستەی پیتەر، وەکوو:

خاڵە بەهێزەکانی

١.توانای هەڵزنان بە دیواردا

٢.هێزی سەروو مرۆیی: لە توانایدایە چەندین تەن بەرز بکاتەوە

٣.خێرایی سەروو مرۆیی

٤.توانای سەروو مرۆیی

٥.توانای بەرگەگرتنی جەستەیی سەروو مرۆیی

٦.چوست و چالاکی سەروو مرۆیی

٧.فاکتەری چاکبوونەوەی دووبارە دروستبوونەوە

٨.سیستمی بەرگری بەهێز

٩.توانای هاوسەنگ ڕاگرتنی جەستەیی سەروو مرۆیی

١٠.توانای پەرچەکرداری سەروو مرۆیی

١١.هەستی جاڵجاڵۆکەیی هەیە کە ئاگاداری دەکاتەوە لە نزیکبوونەوەی مەترسی

١٢.ئیرادەی بەهێزە

١٣.زیرەکییەکی زگماکی هەیە

١٤.داهێنەر و ئەندازیارێکی شارەزایە

١٥.وێنەگرێکی شارەزایە

١٦.جگە لە زمانی ئینگلیزی زمانی ماندەرینیش دەزانێت

خاڵی لاوازەکانی

١.تێکچوونی هەستە جاڵجاڵۆکەییەکان لە کاتی بەکارهێنانی دەرمان یان هەر شتێکی تر

٢.کلۆریدی ئەسیل

٣.توانای لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی نییە

٤.یادەوەری لاوازە

٥.نزیکبوونەوەی لە دژە-ڤێنەم

٦.هێرشی گاز

٧.نەبوونی باڵەخانەی بەرز دەبێتە هۆی کێشەی ڕۆشتن لەکاتی شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەدا

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی سپایدەرمان تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

١.تۆبی مگوایەر

٢.نیڵ پاتریک هێرس

٣.درەیک بێڵ

٤.ئاندرو گارفیڵد

٥.دۆناڵد گڵۆڤەر

٦.نیکڵس کەیج

٧.ئۆسکار ئایزک

٨.تۆم هاڵند

٩.شمەیک مۆر

١٠.کریس پاین

دیارترین فیلم و زنجیرەکانی

١.فیلمی The amazing spiderman 2012

٢.فیلمی The amazing spiderman 2 2014

٣.زنجیرەی ئەنیمەیشنی The spectacular spiderman (2008-2009)

٤.فیلمی Spiderman: homecoming 2017

٥.فیلمی Spiderman: far from home 2019

٦.فیلمی Spiderman: no way home 2022

٧.فیلمی Spiderman into the spider verse 2018

٨.فیلمی Spiderman 2002

٩.فیلمی Spiderman 2 2004

١٠.فیلمی Spiderman 3 2007


سەرچاوەکان



795 بینین