موحەڕەم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-17-18:00:00 - کۆدی بابەت: 9058
موحەڕەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موحەڕەم یان مانگی موحەڕەم (بە عەرەبی: محرم، بە ئینگلیزی: Muarram) یەکەمین مانگی ساڵنامەی کۆچییە لە ئیسلامدا، یەکی موحەڕەم ڕۆژێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و بە سەری ساڵی ئیسلامی ناوزەند دەکرێت.
واتای وشەی "موحەڕەم" لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە "قەدەغەکراو" ئەم مانگە بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە چونکە لە ئیسلامدا بەرپاکردنی جەنگ و خوێن ڕشتن و کوشتن لەم مانگەدا قەدەغەیە. دیاریکردنی مانگی موحەڕەم وەکوو سەرەتای ڕۆژژمێری کۆچی لە کۆتا ڕۆژی مانگی زولحیجە لە ساڵنامەی کۆچی، لە ڕێگەی بینینی مانگەوە فەلەکناسانی ئیسلامی یەکەم ڕۆژی مانگی موحەڕەم دیاری دەکەن. لە سەردەمی دەسەڵاتی "عومەری کوڕی خەتتاب" ساڵنامەی کۆچی دیاریکرا و بە فەرمانی ئەو دانرا، ڕووداوی کۆچی پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکری سدیقی هاوەڵی لە مەککەوە بۆ مەدینە بووە دەسپێکی ساڵنامەکە، مانگی موحەڕەم بە یەکەمین مانگ هەڵبژێردرا.

پێگەی مانگی موحەڕەم لە ئیسلامدا

کار و کردەوەی مانگی موحەڕەم پیرۆز و پەسەندە، بە تایبەتی ڕۆژووگرتن چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: "باشترینی ڕۆژووەکان لە دوای ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بریتییە لە ڕۆژووی مانگی موحەڕەم."
ڕۆژی نۆ و دەی مانگی موحەڕەم کە ڕۆژی تاسووعا و عاشوورای پێدەگوترێت، ڕۆژووگرتنی ئەو دوو ڕۆژە زۆر پەسەندە و خێر و چاکەیان زۆرە، بە جۆرێک کە لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ هاتووە کە ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عاشوورا دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەکانی ساڵێکی پێشوو.
حیکمەتی ڕۆژووگرتنی عاشوورا بریتییە لە سوپاسگوزاری، خودای گەورە لەو ڕۆژەدا مووسای پێغەمبەر و گەلەکەی لە ڕێگەی کەرتکردنی ڕووباری نیلەوە لەدەست فیرعەون ڕزگار کرد، هاوکات فیرعەون و سەربازەکانی نوقمی ئاوەکە کرد. بۆیە لەو ڕۆژەدا مووسا و گەلەکەی کە نەوەی ئیسرائیلییەکان بوون وەکوو دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ خودا بەڕۆژوو بوون، پێغەمبەر ﷺ کاتێک کۆچی بۆ مەدینە کردووە، لە هۆکاری بەڕۆژووبوونی جوولەکەکانی مەدینەی پرسیوە، ئەوانیش وتوویانە کە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە ڕۆژی ڕزگارییە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ پێی وتوون کە "ئێمە بۆ مووسا پێشەنگتر و نزیکترین"، بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازی مووسا و دەربڕینی سوپاسگوزاری بەهەمان شێوە بەڕۆژوو بووە و فەرمانی ڕۆژووگرتنی ئەو ڕۆژەی داوە.

مانگی موحەڕەم لە ڕووانگەی پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەوە

لە ساڵی 61ـی کۆچی بەرامبەر بە ساڵی 680ـی زایینی، لە ڕۆژی دەی مانگی موحەڕەم "جەنگی کەربەلا" ڕوویداوە کە بەڕۆژی عاشوورا ناسراوە، ئەم جەنگە لە نێوان ئیمام حسێنی کچەزای پێغەمبەر ﷺ و لەشکری یەزیدی کوڕی موعاوییەی کوڕی ئەبوسوفیان لە کەربەلا ڕوویدا، لە ئەنجامدا ئیمام حسێن شەهید کرا و دەوڵەتی ئومەوی ڕاگەیەنرا.
بۆیە مانگی موحەڕەم لەلای شیعەکان مانگی خەم و دڵتەنگییە، لەو مانگە زۆرێک لە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە بە شێوازی تایبەتی خۆیان لە ڕێگەی گێڕانی مەراسیمی تایبەتەوە یادی شەهیدکردنی ئیمام حسێن دەکەنەوە و سەردانی مەزارگا و شوێنە ئایینییەکانی پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا لە عێراق دەکەن.
زۆرێک لە پەیڕەوانی ئەو ڕێبازە لەو مانگەدا وەکوو تازێبار دەردەکەون و کۆڕی ماتەم دەبەستن، جلی ڕەش دەپۆشن و هیچ جۆرە ڕازاندنەوەیەک بەکارناهێنن، بۆنە و ئاهەنگی شایی و خۆشی ناگێڕن و هۆڵی بۆنەکانیان دادەخەن، هەندێکیان خۆیان لە خواردنی گۆشت و چەور و چێژبەخش دەگرنەوە، تەنانەت چەند جۆرێکیان پێیان وایە لەدایکبوونی منداڵ لەم مانگەدا مایەی شووم و بەدبەختییە، ئەوان لەڕێگەی لەخۆدان و شیوەن و ماتەم گێڕانەوە یادی شەهیدکردنی ئیمام حسێن دەکەنەوە.


سەرچاوەکان



1035 بینین