جەڵتەی مێشک

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-06-18-03:07:00 - کۆدی بابەت: 9066
جەڵتەی مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەڵتەی مێشک یان سەکتەی مێشک (بە ئینگلیزی: Stroke) حاڵەتێکە لە مێشکدا ڕوودەدات کاتێک پاڵپشتیی خوێن بۆ مێشک بلۆک دەبێت و خوێن بە مێشک ناگات یان کاتێک لوولەیەکی خوێن لە مێشکدا دەپچڕێت و خوێنی لێ بەر دەبێت. هەردوو حاڵەتی پچڕان و گیرانی لوولە خوێنەکان ڕێگر دەبن لەوەی خوێن، ئۆکسجین و ماددەخۆراکییە پێویستەکان بە مێشک بگەن، بەبێ بوونی ئۆکسجینیش خانەکانی مێشک بەخێرایی لەماوەی چەند خولەکێکدا زیانیان پێ دەگات و دەمرن. جەڵتەی مێشک دووەم هۆکاری مردنە لە سەرانسەری جیهاندا و سێیەم هۆکاری بێتوانابوونی مرۆڤیشە. بەپێی داتاکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC)، جەڵتەی مێشک هۆکاری سەرەکیی مردنە لە وڵاتی ئەمریکادا و ساڵانە ٧٩٥ هەزار کەس لەو وڵاتەدا جەڵتەی مێشکیان لێ دەدات.

سێ جۆری سەرەتایی جەڵتەی مێشک هەن کە بەپێی هۆکارەکانیانەوە جیاکراونەتەوە، ئەوانیش جەڵتەی مێشک بەهۆی پێنەگەیشتنی خوێن، جەڵتەی مێشک بەهۆی خوێنبەربوون لەگەڵ خوێنپێنەگەیشتنی کاتی یان جەڵتەی بچووکی مێشکن.

نیشانەکان

  • ئیفلیجی و سڕبوونی ڕووخسار، دەست و قاچەکان بەتایبەتیش لە یەک لای جەستەدا
  • دەم تەتەڵەکردن و کێشە لە قسەکردن و تێگەیشتنی کەسی بەرامبەر
  • شڵەڕاژن، سەرلێشێوان و نەمانی کاردانەوە
  • گۆڕانی لەناکاوی ڕەفتار، وەکوو زیادبوونی هەژین یان لەرزین
  • کێشە لە بینین وەکوو نەبینین لە چاوێکدا، جووتبینی، لێڵبینی و بەرچاو ڕەش بوون
  • کێشە لە ڕۆیشتن
  • لەدەستدانی هاوسەنگی
  • سەگێژخواردن
  • گەشکە
  • سەرئێشەیەکی توند و لەناکاو
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە

کەی سەردانی پزیشک بکرێت

پێویستە دەسبەجێ و بەخێرایی داوای فریاکەوتن بکرێت لەکاتی هەبوونی هەر نیشانە و هێمایەکی جەڵتەی مێشک لە خۆت یان کەسێکی تردا، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیش بێن و بڕۆن یان نەمێنن. وشەی خێرا (Fast) بۆ نیشاندانی هێماکانی لەناکاوی جەڵتە و کردنی ئەو کارەی پێویستە بکرێت، دانراوە، بەم شێوەیە:

  • ڕووخسار (Face (F)): داوا لە کەسەکە بکە پێبکەنێت و تێبیی بکە ئەگەر لایەکی ڕووخساری جووڵە نەکات. 
  • قۆڵەکان (Arms (A)): داوا لە کەسەکە بکە قۆڵێکی بەرزبکاتەوە و تێبینی بکە ئاخۆ هەردوو قۆڵەکان بەرزدەبنەوە یاخوود قۆڵێکی بەرەوخوارەوە دەکەوێت.
  • قسەکردن (Speech (S)): داوا لە کەسەکە بکە قسەیەک دووبارە بکاتەوە و تێبینی بکە ئاخۆ قسەکردنی سەیرە و دەمی تەتەڵە دەکات.
  • کات (Time (T)): ئەگەر هەر یەکێک لەم هێمایانەت تێبینی کرد، دەستبەجێ پەیوەندی بە فریاکەوتنی ناوچەکەتەوە بکە.

لە حاڵەتی جەڵتەی مێشکدا پەیوەندیکردن بە فریاکەتنەوە بەخێرایی زۆر گرنکە و هەر خولەکێک زیاتر ژیانی کەسەکە دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە پێویست ناکات چاوەڕێ بکەیت تا بزاینت نیشانەکان دووبارە دەبنەوە یان نامێنن، چونکە هەرچەندە جەڵتەی مێشک درەنگتر چاسەرەر بکرێت ئەوا کاریگەریی زیاتری لەسەر کەسەکە دەبێت. زوو چارەسەرکردن کەسەکە لە زیانگەیشتن بە مێشک، بێتواناییی درێژخایەن و مردن دەپارێزرێت.

هۆکار 

هۆکاری جەڵتەی مێشک لەسەر جۆری جەڵتەکە بەندە، کە بە گشتی سێ جۆر هەن:

جەڵتەی خوێن پێنەگەیشتنی مێشک (Ischemic stroke): باوترین جۆری جەڵتەی مێشکە، کە تێیدا ئەو خوێنبەرانەی پاڵپشتیی مێشک دەکەن و خوێنی بۆ دەبەن تەسک دەبنەوە و دەگیرێن کە بەتوندی دەبێتە هۆی نەگەیشتنی خوێن بە مێشک. ئەم تەسکبوونەوه و گیرانی خوێنبەرانە بەهۆی چەورییەکان لە خوێندا یان بەهۆی مەیینی خوێن دروست دەبن. ئەمەش بە گشتی دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان (Cerebral embolism) کە بە جەڵتەی ئیمبۆلیی مێشک ناسراوە، بریتییە لەوەی کڵۆخوێن یان خوێنی مەییو لە شوێنکی جەستەدا بە گشتی لە دڵەوە دێتە ناو ڕێڕەوی خوێن و لە شوێنێکی تر خوێنبەرێک دەگرێت، بۆ نموونە خوێنبەرەکانی مێشک دەگرێت، هۆکاری دووەمیش بریتییە لە (Cerebral thrombosis) کە بە جەڵتەی سرۆمبۆتیی یان مەیینی مێشکیش ناسراوە، بریتییە لەوەی کڵۆخوێن هەر لەناو خوێنبەری ئەو شوێنەدا گەشەدەکات و دەمەیێت و دەبێتە هۆی گیرانی. 

جەڵتەی خوێنبەربوونی مێشک (Hemorrhagic stroke): ئەم جۆرە ڕوودەدات کاتێک لوولەخوێنێکی مێشک دەپچڕێت یان خوێنی لێ بەردەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لە مێکشدا و پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر مێشک. ئەو نەخۆشی و حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی خوێنبەربوونی مێشک بریتین لە:

  • بەرزەپەستانی خوێنی کۆنتڕۆڵنەکراو
  • زۆر بەکارهێنانی ڕوونکەرەوەکانی خوێن
  • ئاوسانی لوولەخوێن، واتا بوونی بلۆق لەدیواری ناوەوەی خوێنبەر (Aneurysm)
  • زەبر، وەکوو ڕووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبێل

نۆرەی خوێن پێنەگەیشتنی کاتی (Transient ischemic attack) یان جەڵتەی بچووکی مێشک (Ministroke): ئەم حاڵەتە بریتییە لە ماوەیەکی کاتی لە هەبوونی نیشانەکانی هاوشێوەی جەڵتەی مێشک و نابێتە هۆی زیانی هەمیشەیی. جەڵتەی بچووک بەهۆی کەمبوونەوەی پاڵپشتی خوێن بۆ مێشک بۆ ماوەیەکی کاتی ڕوودەدات کە بۆ ماوەی پێنج خولەک بەردەوام دەبێت. بەهەمان شێوەی جەڵتەی مێشک بەهۆی خوێن پێنەگەیشتنەوە، جەڵتەی بچووکیش بەهۆی کڵۆخوێن و خوێنی مەییو یان پاشماوەی خوێن کە دەبنە هۆی گیرانی خوێنبەر و کەمبوونەوەی ڕۆشتنی خوێن بۆ مێشک، ڕوودەدات. هەرچەندە ئەم نۆرە خوێن پێنەگەیشتنە وەک جەڵتەی سەرەکی نییە بەڵام دەکرێت وریاکردنەوەیەک بێت و نابێت پشتگوێ بخرێت چونکە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێک لە خوێنبەرێکی مێشک گیراوە یان تەسکبووەتەوە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا کەسەکە تووشی جەڵتەی خوێن پێنەگیشتنی مێشک دەکات.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکەن بریتین لە: 

شێوازی ژیان

نەخۆشییەکان

  • بەرزەپەستانی خوێن
  • بەرزیی کۆلیستڕۆڵ
  • شەکرە
  • هەناسەبڕانی کاتی خەو
  • نەخۆشییەکانی دڵەلوولە کۆئەندام، وەکوو پەککەوتنی دڵ، ناڕێکیی لێدانی دڵ، تووشبوونی میکرۆبیی دڵ و کێشە لە مەیینی خوێن
  • هەبوونی مێژووی کەسی یان خێزانی بە جەڵتەی مێشک، جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی بچووکی مێشک
  • تووشبوون بە COVID-19

هۆکارە جێی مەترسییەکانی تر 

  • تەمەن: ٥٥ ساڵ و بەرەو سەرەوە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە لە کەسانی گەنج زیاترە.
  • نەژاد: ئەفریقییە ئەمریکییەکان و هیسپانیکەکان مەترسیی تووشبوویان بە جەڵتە زیاترە.
  • ڕەگەز: مەترسیی تووشبوونی پیاوان بە جەڵتە لە ئافرەتان زیاترە، بەڵام ئەگەری مردنی ئافرەتان بە جەڵتە لە پیاوان زیاترە.
  • هۆڕمۆن: بەکارهێنانی حەبەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی و چارەسەرە هۆڕمۆنییەکان کە ئیسترۆجینیان تێدایە، مەترسی تووشبوون زیاتر دەکەن.

دەستنیشانکردن

پزیشکەکان پرسیار لەبارەی نیشانەکان دەکەن کە ڕوویانداوە هەروەها دەپرسن کە کەسەکە چی کردووە کاتێک نیشانەکانی دروست بوون، مێژووی نەخۆشی و مێژووی خێزانی بە نەخۆشییەکان وەردەگرن بۆئەوەی هۆکاری جێی مەترسیی جەڵتەکە بدۆزنەوە، پرسیار لەبارەی دەرمانی بەکارهێنراو دەکەن، گوێ لە لێدانی دڵ دەگرن و پەستانی خوێنیش دەپێون. هەروەها پزیشکەکان پشکنینی جەستەییش دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی هاوسەنگیی جەستە، لاوازی، ڕێکخستن، سڕبوونی ڕووخسار و پەلەکان، کێشەی بینین و نیشانەکانی شڵەژان. دواتر پزیشکەکان هەندێک پشکنین دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە دەستنیشانکردنی جەڵتەی مێشک و هۆکارەکەی، دیاریکردنی بەشە کارتێکراوەکانی مێشک و هەبوونی خوێنبەربوونی مێشک. ئەو پشکنینانەش بریتین لە: 

پشکنینی خوێن: وەکوو شەکری خوێن، ژمارەی پەڕەکانی خوێن، خێراییی مەیینی خوێن و ئاستی کۆلیستڕۆڵ.

ئێم ئاڕ ئای سکان و سی تی سکان: بۆ دیاریکردنی زیانپێگەیشتنی مێشک و هەبوونی خوێنبەربوون.

هێڵکاریی کارەباییی دڵ (ECG): بۆ دیاریکردنی چالاکیی کارەبایی دڵ و لێدانی دڵ و هەر حاڵەتێکی دڵ کە بووبێتە هۆی جەڵتەی مێشک.

وێنەی لوولەخوێنەکانی مێشک یان قەستەرە (Cerebral angiogram or catheterisation): بۆ پشکنینی خوێنبەرەکانی سەر و مل، ئاخۆ گیران و کڵۆخوێن بوونی هەیە یان نا.

سۆنەری کارۆتید یان خوێنبەری سەرەکیی مل (Carotid ultrasound): بۆ دیاریکردنی هەبوونی تۆپەڵەی چەوری لە خوێنبەری سەرەکیی مل کە پاڵپشتی گەیشتنی خوێن بە ڕووخسار، مل و مێشک دەکات. 

هێڵکاریی دەنگدانەوەی دڵ یان ئیکۆی دڵ (Echocardiogram): بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی مەیین و کڵۆخوێنەکان لە دڵ، کە بە ڕێڕەوی خوێندا هاتبنە نێو مێشکەوە.

چارەسەر

هەڵسەنگاندنێکی گونجاو و چارەسەرکردنێکی دەستبەجێ زۆر گرنگ و ژێوەرە (ژیانبەخش) بۆ چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشک، لەدەستدانی کات واتا لەدەستدانی مێشک. لەکاتی تێبینیکردنی نیشانە و هێماکانی جەڵتەی مێشک پێویستە دەستبەجێ پەیوەندی به فریاکەوتنەوە بکرێت. چارەسەری جەڵتەی مێشک بەندە لەسەر جۆرەکەی:

چارەسەری جەڵتەی خوێن پێنەگەیشتنی مێشک و جەڵتەی بچووکی مێشک

  • دەرمانی تێکشکێنەری کڵۆخوێن (Clot-breaking drugs): دەرمانەکانی شیکەرەوەی مەیینی خوێن (Thrombolytic drugs) دەتوانن کڵۆخوێنەکانی ناو خوێنبەرەکانی مێشک تێکبشکێنن، وەکوو دەرمانی چالاککەری ئەنزیمی پلازمینۆجینی شانەکانی خوێن (tPA) یان ئاڵتپلەیز (Alteplase) کە لە خوێنهێنەر دەدرێت.
  • بڕین و دەرهێنانی مەیینی میکانیکی (Mechanical thrombectomy): ئەم کردارە بریتییە لەوەی سۆندەیەک دەخرێتە نێو لوولەخوێنە گەورەکانەوە دواتریش لەڕێی ئامێرێکەوە کڵۆخوێنەکانی ناو لوولەخوێنەکە دەردەهێنن. ئەم کردارە زۆر سەرکەوتووە و لەماوەی شەش بۆ ٢٤ کاتژمێر دوای تووشبوون بە جەڵتەی مێشک ئەنجام دەدرێت.
  • دانای لوولەی تۆڕ (شەبەکە و باڵۆن) (Stents or angioplasty): ئەم کردارە بریتییە لە دانانی قاڵبێکی شێوە لوولەیی بۆ فووتێکردن و فراوانکردنی خوێنبەرە گیراوەکان.
  • نەشتەرکاری: لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا کە چارەسەرەکانی تر سوودیان نەبێت، ئەوا کڵۆخوێن و تۆپەڵەکانی نێو خوێنبەرەکان بەڕێگەی نەشتەرکاری لادەبرێن، ئەم نەشتەرکارییە لەڕێی لوولە یان سۆندەوە ئەنجام دەدرێت ئەگەریش کڵۆخوێن و تۆپەڵەکانی نێو خوێن زۆر گەورە بن ئەوا پزیشکەکە ناچار دەبێت خوێنبەرەکە بکاتەوە و مەیینەکە دەربهێنێت.

چارەسەری جەڵتەی خوێنبەربوونی مێشک

ئەو جەڵتانەی کە بەهۆی خوێنبەربوون و خوێن لێهاتنی مێشک دروست دەبن پێویستییان بە ستراتیجیی جیاوازی چارەسەر هەیە کە بریتین لە:

  • دەرمان: جیاواز لە جەڵتەی خوێن پێنەگەیشتنی مێشک، لەکاتی ڕوودانی جەڵتەی خوێنبەربوونی مێشک ئەوا ئامانجی چارەسەر بریتی دەبێت لەوەی وا لە خوێن بکات بمەیێت بۆیە دەرمانی پێچەوانەی شلکردنەوە و ڕوونکردنەوەی خوێن بەکاردێن. هەروەها دەرمانەکانی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، کەمکردنەوەی پەستانی مێشک، دژەگەشکە، دژەتەسکبوونەوەی لوولەخوێنەکانیش بەکاردێن.
  • دانانی کۆیل (لوولپێچ) (Coiling): پزیشکەکان لوولەیێکی درێژ دەبەنە نێو ناوچەی خوێنبەربوون یان خوێنبەرە لاوازبووەکان دواتر ئامێرێکی شێوە کۆیلی دەخەنە ناوچەکە، ئەمەش ڕێگری لە تەوژمی خوێن دەکات بۆ ناوچەکە و خوێنبەربوونەکەش کەمدەکاتەوە.
  • دانانی پێچۆک یان پێکبەست (Clamping): لەماوەی پشکنیندا ئەگەر پزیشکەکە تێبینی (Aneurysm) بلۆق  و ئاوسانی دیواری ناوەوەی خوێنبەرەکانی کرد کە هێشتا دەستی بە خوێنبەربوون نەکردووە یان لە خوێنبەربوون وەستاوە، ئەوا هەڵدەستێت بە دانانی پێکبەستێکی بچووک لەسەر شوێنی ئاوسانەکە وەک ئەوەی کونێک پڕبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕینی پاڵپشتیی خوێن و ڕێ لە خوێنبەربوونی تر و کونبوونی لوولەخوێن دەگرێت.
  • نەشتەرکاری: ئەگەر پزیشک تێبینی ئەوەی کرد کە بلۆقی خوێنبەرەکە تەقیوە ئەوا نەشتەرکاری ئەنجام دەدات بۆ بڕینی بلۆقەکە و ڕێگری لە خوێنبەربوون.

لێکەوتەکان

ڕێگریکردن 

گۆڕینی شێوازی ژیان ناتوانێت ڕێ لە هەموو جۆرەکانی جەڵتەی مێشک بگرێت، بەڵام مەترسیی تووشبوونیان کەمتر دەکاتەوە، ئەو ستراتیجییانەی پێویستە بگیرێنە بەر بریتین لە:

  • وەستان لە جگەرەکێشان
  • ڕاهێنان و وەرزش
  • پەیڕەوی خواردنی تەندروست و خواردنی سەوزە و میوە
  • کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول
  • هێشتنەوەی کێشی جەستە لە ئاستێکی ئاسایی
  • زوو زوو ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی هۆکارەکان
  • کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە
  • وەرگرتنی دەرمانەکانی شلکەرەوەی خوێن یان دژەمەیینی خوێن (Anticoagulants) وەکوو کلۆپیدۆگریل، دەرمانەکانی دژەپەڕەکانی خوێن (Antiplatelets) وەکوو وارفارین و دەرمانەکانی ستاتینەکان (Statins) کە ڕێگری لە تۆپەڵبوونی کۆلیستڕۆڵ دەکەن وەکوو ڕۆسوڤاستاتین، ئەتۆرڤاستاتین و سیمڤاستاتین، هاوکات ئەم دەرمانانە بۆ چارەسەری جەڵتەکەش بەکاردێن بەپێی جۆرەکەی.

چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشک

جەڵتەی مێشک هۆکارێکی سەرەکیی بێتوانابوونی مرۆڤە و بەشێک لەوانەی تووشی جەڵتە دەبن بەتەواوی چاک نابنەوە و کاریگەرییەکان بەسەریانەوە دەمێنێت. بۆیە ستراتیجییەکانی چاکبوونەوە و هاتنەوەسەرخۆ زۆر گرنگن و پێویستە بەزوویی دەست بە ئەنجام دانیان بکرێت و زۆرجاریش لە نەخۆشخانەوە دەست بەم ستراتیجییانە دەکرێت. چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشک سەرنجدەخاتە سەر چارەسەر کە بریتین لە:

  • چارەسەر بۆ ئاساییبوونەوەی قسەکردن.
  • چارەسەری هزری بۆ ئاساییبوونەوەی توانا هزرییەکانی وەکوو بیرکردنەوە و گفتوگۆکردنی لۆجیکییانە.
  • چاکبوونەوەی توانا هەستییەکان بۆ هەستکردنەوە بەو شتانەی کە پێشتر بەهۆی زیانپێگەیشتنی مێشک توانای هەستکردنیان لەدەست درابوو.
  • چارەسەری جەستەیی، بەهۆی لاوازیی ماسولکەکان ڕەنگە توانای جووڵە لاواز بووبێت ئەم چارەسەرە یارمەتی باشبوونەوەی توانای جووڵە دەدات.


سەرچاوەکان



4436 بینین