میڵتۆن فریدمان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-20-14:02:00 - کۆدی بابەت: 9094
میڵتۆن فریدمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میڵتۆن فریدمان (بە ئینگلیزی: Milton Friedman، بە عەرەبی: ميلتون فريدمان) ئابووریناس و ئامارناسێکی ئەمریکی بوو، لە ٣١ـی تەممووزی ساڵی ١٩١٢ لە گەڕەکی بڕۆکلینی ویلایەتی نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٦ لە زانستە ئابوورییەکان بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ ، لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٦ لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە شاری سان فراسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیا کۆچی دوایی کرد. فریدمان تەمەنی یەک ساڵ بوو کاتێک خێزانەکەی لە گەڕەکی بڕۆکلینی ویلایەتی نیویۆرک کۆچیانکرد بۆ شاری ڕاوەی لە ویلایەتی نیو جیرسی و لەوێ گەورەبوو. فریدمان لە ساڵی ١٩٣٨ لەگەڵ ڕۆز هاوسەرگیریان کرد و بوونە خاوەنی سێ منداڵ.

خوێندن و پیشە

میڵتۆن فریدمان لە زانکۆی ڕۆتگرس بەخششی خوێندنی بەدەستهێنا و بیرکاری و ئابووری خوێند و لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ساڵی ١٩٣٢ وەرگرت. لە کاتێکدا کە لە ڕۆتگەرس بوو ئارسەر بێرنزی ناسی کە ئەوکاتە یاریدەدەری نوێی پڕۆفیسۆری ئابووری بوو کە فرێدمان وەک ڕاوێژکار و گرنگترین کاریگەری لەسەر خۆی سەیری دەکرد. بێرنس فریدمانی بە بنەماکانی ئابووری ئەلفرێد مارشاڵ ناساند و پێی سەرسام بوو، فریدمان هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە لێکۆڵینەوە لە ئابووری تەنها یارییەکی بیرکاریانە نییە و پێویستە مرۆڤ بتوانێت لەوە تێبگات جیهانی ڕاستەقینە چۆن کاردەکات.  فریدمان درێژەی بە خوێندنی ئابووری داوە و لە زانکۆی شیکاگۆ بڕوانامەی ماستەری لە ساڵی ١٩٣٣ و لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بڕوانامەی دکتۆرای لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئابووری بەدەست هێناوە. لە کاتێکدا لە شیکاگۆ بوو خولی تیۆری جەیکۆب ڤاینەری وەرگرت و هاوسەری داهاتووی ناسی، پاشان لە ساڵی ١٩٣٥ ڕووی لە شاری واشنتن دی سی کرد و وەک ئابووریناسێک بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی نموونەی دەستەی پلاندانانی سەرچاوە نیشتیمانییەکان کاری کرد، پاش دوو ساڵ فریدمان کاری لە فەرمانگەی نیشتیمانی توێژینەوەی ئابووری لە نیویۆرک وەرگرت بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە توێژینەوەکانی داهات و دابەشکردنی سامان لەگەڵ (سایمۆن کۆزنەتز) بکات بە تایبەتی دابەشکردنی داهاتی پیشەیی.  لە ساڵانی سەرەتای جەنگی جیهانیی دووەمدا فریدمان لە بەشی گەنجینە لە توێژینەوەی دابەشکردنی باج و دواتر لە گرووپی توێژینەوەی ئامار لە زانکۆی کۆڵۆمبیا کاری کردووە و لەوێ ئەندامی دەستەیەک بوو کە شیکاری ئامارییان بۆ جەنگ کرد. هەروەها جێگایەکی لە بەشی ئابووری زانکۆی شیکاگۆ وەرگرت جاروبار و کاتی سەردانکردنەکان دەڕۆشت و بووە ماڵی ئەکادیمی ٣٠ ساڵی داهاتووی. لە ساڵی ١٩٤٨ بەرزترین پلەی مامۆستایەتی زانکۆ بەدەست دەهێنێت و لە ساڵی ١٩٨٣دا خانەنشین دەبێت. لە شیکاگۆ فریدمان وانەی بیردۆزی نرخ و ئابووری دراوی فێری خوێندکاران دەکرد، لە ساڵی ١٩٥٣ شوێنکاری پارە و بانکی دامەزراند کە بیرگەیەکی گرنگ بوو بۆ ئەندامانی کۆلێژ، خوێندکارە دەرچووەکان کاریان لە بوارەکەدا دەکرد و جاروبار سەردانی دەرەوەیان دەکرد، شوێنکارەکە بە پێشکەشکردن و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی توێژینەوەکان لە ئابووری دراویدا بەناوبانگ بوو.

کارەکانی

ناسراوترین کاری فریدمان لە ئابووری دراویدایە کە لێرەدا وەک دامەزرێنەری پارەتەوەری سەیردەکرێت کە سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی بڕی پارەی بەردەستە. فریدمان تیۆرییەکەی بەرەوپێش برد و بە پێی تیۆرییەکەی گۆڕانکارییەکان لە خستنەڕووی پارەدا و کاریگەری لەسەر چالاکی ئابووری ڕاستەقینە لە ماوەی کورت خایەن و ئاستی نرخەکان لە ماوەی درێژخایەندا هەیە. فریدمان باسی تیۆرییەکەی لە کتێبی "لێکۆڵینەوەی بڕی پارە" لە ساڵی ١٩٥٦دا باسکردووە . هەروەها کتێبی "سەرمایەداری و سەربەستی" لە ساڵی ١٩٦٢ بڵاوکردەوە.

خەڵاتی نۆبڵ

پڕۆفیسۆر فریدمان بووەتە خاوەنی چەندین خەڵات لەوانە لە ساڵی ١٩٧٦ خەڵاتی نۆبڵی لە زانستی ئابووری بۆ تیۆری شیکردنەوەی بەکاربردن و مێژووی دراو لەگەڵ تێگەیشتن لە ئاڵۆزی سیاسەتی سەقامگیرکردن پێ بەخشرا، فریدمان بە باوکی پارەتەوەری دەناسرێت.


سەرچاوەکان



495 بینین