نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرا چین؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-20-16:52:00 - کۆدی بابەت: 9102
نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرا چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆلێرا (بە ئینگلیزی: cholera) نەخۆشییەکی بەکتریاییە کە بەهۆی بەکتریای (vibro cholerae) دروست دەبێت. دەبێتە هۆی سکچوونێکی توند، لە ئەنجامیشدا وشکبوونەوەی جەستە، بەگشتی لە ڕێگەی خواردنی پیس و ئاوی پیسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.
ساڵانە نزیکەی ١.٤ بۆ ٤.٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

کێ ئەگەری تووشبوونی زیاترە؟

  • ژیانکردن لە شوێنی پیس و بەکارهێنان و خواردنەوەی ئاوی پیس.
  • کەمی ڕێژەی ترشێتی گەدە، چونکە ئەگەر ڕێژەی ترشێتی گەدە زۆر بێت بەکتریاکان ناتوانن بمێننەوە و لەناودەچن.
  • نزیکبوونەوە لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون هۆکارێکە تاکوو لەوانەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسی تەندروست.
  • خواردنی حەلەزۆنی خاو و هەر جۆرە گۆشتێکی خاو و خواردنی پیس.
  • ئەو کەسانەی گرووپی خوێنیان (O)ـیە، هەرچەندە هۆکاری ئەمە ڕوون نییە بەڵام ئەم کەسانەی سەر بەم گرووپی خوێنەن ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.

نیشانەکان

دوای تووشبوون بە کۆلێرا بۆماوەی حەوت بۆ ١٤ ڕۆژ لەڕێگەی پیساییەکەتەوە بەکتریاکانی کۆلێرا دەکرێتە دەرەوە، وەک هەر نەخۆشییەکی تر کەسانی تووشبوو دووچاری سکچوونی کەم یان مامناوەند دەبنەوە و دەکرێت بەبێ هیچ نیشانەیەکیش تووش ببن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کەس بە توندی دەیگرن، نیشانەکانی لەماوەی پێنج ڕۆژدا دەردەکەون کە بریتین لە:

سکچوون

ئەو سکچوونەی کە بەهۆی کۆلێراوە ڕوودەدات لەناکاو دەست پێ دەکات و توندە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوی جەستە. ڕەنگی پیسایەکە ڕوون و شیرییە، وەک بڵێی ئەو ئاوەیە کە پاش شۆردنەوەی برنج دەستت دەکەوێت.

دڵتێکچوون و ڕشانەوە

بەگشتی لە سەرەتاکانی نەخۆشییەکەدا دڵتێکچوون و ڕشانەوە دەست پێ دەکات، و ڕشانەوەکە بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت.

وشکبوونەوەی جەستە

وشکبوونەوەی جەستە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی جەستەوە ڕوودەدات، کە لە ئەنجامدا جەستە ماددە خۆراکییەکانی لەدەست دەدات، لەدەستدانی ٪١٠ی کێشی جەستە نیشانەیەکە بۆ وشکبوونەوەی جەستە. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ماندوویەتی، بەرچاوڕەشبوون، وشکبوونەوەی پێست و دەم و ناو لووت، کەمبوونەوەی میزکردن، ناڕێکی لێدانی دڵ، ناڕێکی پەستانی خوێن، بێتاقەتی، کەشەنگبوونی ماسولکەکان.

نیشانەکانی کۆلێرا لە منداڵدا

  • خەواڵوویی زۆر
  • تا
  • کەشەنگبوونی ماسولکەکان
  • لە ئەگەری وشکبوونەوەی جەستە بێ هۆشبوون

دەستنیشانکردن

دوای ئەوەی هەستت بە نیشانەکان کرد دەبێت بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت، پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی فیزیایی و پشکنینی پیساییەوە دەتوانێت بەکتریاکە دیاری بکات.


سەرچاوەکان



2797 بینین