کەسایەتی داکۆکیکار

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-26-16:52:00 - کۆدی بابەت: 9178
کەسایەتی داکۆکیکار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

داکۆکیکار (بە ئینگلیزی: Advocateکەسێکی گۆشەگیر و ژیر و بەهەست و بڕیاردەرە، بە بیرکردنەوە و خەیاڵی قووڵ لە ژیان دەڕوانێت، تێڕووانینی ناخ و بەها تاکەکەسییەکان و هێمنی و هەستی مرۆڤایەتی بەڕێوەی دەبات، ئەم جۆرە کەسانە دەگمەنترین جۆری کەسایەتین بەڵام شوێن پەنجەی خۆیان لەسەر جیهان جێدەهێڵن، نموونەیی و ڕاستین و دەیانەوێت جیاوازی دروست بکەن، هەروەها وا بیردەکەنەوە کە پارە سەرکەوتن ناهێنێت بەڵکوو لە ڕێگەی گەڕان و یارمەتیدانی ئەوانی تر و بوون بە هێز بۆ چاکەکردن بەدیدەهێنرێت، کەسانی داکۆکیکار گرنگی بە ڕاستی و دروستی دەدەن و کارەکانیان ناکەن تا دڵنیا نەبنەوە و بە ویژدان و داناییەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

مەبەستی گەڕان لە کەسی داکۆکیکار

لەبەرئەوەی کەسایەتی داکۆکیکار باو نییە و دەگمەنە، ئارەزوو دەکەن جیاوازبن لە کەسانی تر و بەردەوام بن لە گەڕان تا ئامانجی ژیانیان دەدۆزنەوە هەر کە دۆزیانەوە تێدەکۆشن بۆ بەدەستهێنانی، ئەم جۆرە کەسانە بەردەوام لەگەڵ چواردەوریان ناگونجێن بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کەسی داکۆکیکار کۆمەڵایەتی نین، هۆکاری ئەم نەگونجاندنەش لێک تێنەگەشتن و ناکۆکییە لەگەڵ خەڵکیدا، بەڵام ئەم ناکۆکییانە نابێتە ڕێگر لێیان لە بەرەوپێشبردنی جیهان بۆ باشتر، بەگشتی کەسانی داکۆکیکار کەسانی خۆپەرست نین، بەردەوام حەز دەکەن هێز و توانای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی بەزەیی و بەرزکردنەوەی ئەوانی تر بەکاربهێنن و یارمەتیدانی کەسانی تر بە ئەرکی سەرشانیان دەبینن، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕاستی و چاککردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، بەهۆی کەسایەتییانەوە زۆربەی کات دووچاری فشار و دڵگرانی دەبنەوە.

پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر

لەوانەیە داکۆکیکارەکان گۆشەگیر بن، بەڵام پەیوەندییە قووڵ و ڕەسەنەکانیان لەگەڵ ئەوانی تر بەرز دەنرخێنن و دڵسۆزن بۆ ئەوانی تر، حەز بە گفتوگۆی قووڵ و واتادار دەکەن، گەرمی و هەستیاری و ڕاستگۆییان کاریگەری بەهێزی دروست کردووە لەسەر چواردەوریان و هەمیشە وزە دەبەخشن بە کەسانی تر، بەردەوامن لە سەرنجدان و بیرکردنەوە دەربارەی ئەوەی لەگەڵ کەسی ڕاستن یاخود نا، ئەوان دەیانەوێت بە دوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی گەشە بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ هاوڕێکانیان بەهێز بکەن، داکۆکیکارەکان ناترسن لە دەربڕینی خۆشەویستی خۆیان ئەوان بە هەموو دڵیانەوە هەستی پێ دەکەن، وا بیر دەکەنەوە کە خۆشەویستی هەستێکی نەرێنی نییە بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەشەکردن و فێربوون، بەڵام کاتێک نیازباشییان نابینرێت دڵگران دەبن و ڕەخنە بنیاتنەرەکانیش ئازاربەخش دەبێت بۆیان، لە کاتێکدا سەرقاڵن بە گرنگیدان بە هەموو کەسێکی تر خۆیان لەبیر دەکەن، بۆیە پێویستە بیر بهێنرێنەوە کە ئیتر بوەستن و زیاتر گرنگی بەخۆیان بدەن.

خاڵە بەهێزییەکان

• داهێنەر
• تێگەشتوو
• واقیعی
• بەسۆز
• خۆنەپەرست

خاڵە لاوازییەکان

• هەستیاری بەرامبەر ڕەخنەکان
• دوودڵی لە تێکەڵبوون
• ئارەزوو دەکەن هەموو کارێک نموونەیی بێت
• ئارەزووی ئەو شتانە ناکەن کە کەسانی ئاسایی ئارەزووی دەکەن 
• حەز بە ئەنجامدانی کاری تایبەت و ناوازە دەکەن

دایک و باوکایەتی

کەسایەتییە داکۆکیکارەکان بەرپرسیارییەتی خۆیان بەجدی وەردەگرن و ئەگەر ببنە دایک و باوک بە قووڵی بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن دەتوانن ژیان و ئەزموونەکانی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕێک بخەن، دایک و باوکایەتی ئاسان نییە، بەڵام ئەم کەسایەتیانە بیرکردنەوەیان یارمەتییان دەدات بۆ پاراستنی دڵخۆشی و ئاسوودەیی لە هەوڵی ڕۆژانەی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، دایک و باوکی داکۆکیکار ئامادەن بۆ باشترکردنی ژیانی منداڵەکانیان هەموو شتێک بکەن، بەڵام هەندێک جار دەتوانن زۆر تووند بن بەرامبەر پابەندبوونیان بە گەشەکردنی کەسایەتی منداڵەکانیان، ئەم جۆرە کەسانە لەوانەیە منداڵەکانیان بە پێوەری ناواقیعی ڕابگرن کە ڕەچاوی کەسایەتی یان قۆناغی گەشەسەندنی هەر منداڵێک ناکەن، چاوەڕێی ئەوە لە منداڵەکانیان دەکەن کە  پاک و ڕاستگۆ بن وەک خۆیان، هەر کاتێک بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن هەست بە نادروستی یان کەم‌ڕەوشتی دەکەن لە منداڵەکانیاندا.

داهاتووی داکۆکیکار

کەسی داکۆکیکار هەوڵ دەدات پیشەیەک هەڵبژێرێت کە لەگەڵ خەون و بەهاکانی گونجاو بێت، بەڵام کاتێکی زۆر دەخایەنێت لە دۆزینەوەی پیشەی گونجاو، ئەم کەسانە چێژ لە کاری داهێنەرانە دەبینن، ئەو کارانەی کە یارمەتیدانن و لە پەیوەندی کردن بە خەڵکەوە بەشدارن، زۆر بەتوانان لە قایلکردنی کەسانی تردا، داکۆکیکارەکان لەوانەیە حەزیان لە بەهێزکردنی هێزەکەیان نەبێت، لای ئەوان وا گونجاوە بە یەکسانی بیر لە هەموو کەس بکرێتەوە، زۆر جار پێیان باشە  بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیر بکەنەوە و کار بکەن، ئەوان بەقورسی هەوڵ دەدەن بۆ هاندانی ئەوانی تر و خولقاندنی کەش و هەوای ڕێزگرتن، زۆرێک لە داکۆکیکارەکان وەک ڕاوێژکار، چارەسەرکار، دەروونناس، توێژەری کۆمەڵایەتی، مامۆستا، ڕاهێنەری یۆگا، و ڕابەرە ڕۆحییەکان کار دەکەن. ئەوان لەوانەیە چێژ لە شوێنی خزمەتگوزاری پیشەسازی وەربگرن کە ڕێگە بە ئەوان دەدات ڕاستەوخۆ کار بکەن و پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ کڕیارەکانیان دروست بکەن. هەروەها دەتوانن لە چاودێری تەندروستیدا بن، لەوانە پیشەی وەک پەرستاری، چارەسەری جەستەیی، پیشەی دەرمان، یان خۆراک.


سەرچاوەکان



509 بینین