ژیشکی ئاویی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-01-00:51:00 - کۆدی بابەت: 9237
ژیشکی ئاویی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژووشک یان ژوو ژوو یاخود ژیشکی ئاویی (بە ئینگلیزی: Sea urchin)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە، نزیکەی ٩٥٠ جۆری جیاوازی هەیە و نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و لە ناوچە تەنکەکانەوە هەتاکوو قوڵاییەکان دەژی، لەبەر ئەوەی توانای مەلەکردنی نییە بۆیە جێگەی ژیانکردنی لەسەر کەنارەکانە یاخود لە بنکی زەریاکاندایە، واتە پێویستە لەسەر زەوی بێت، ژمارەی تاکەکان دیاریکراو نییە بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاو، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی ئەو ماسییانەی کە ژووشک ڕاودەکەن دوو سەرەکیترین هەڕەشەن، سەرەڕای ئەمانە لە وەرزی زۆربووندا ژمارەیەکی زۆریان لە هێلکە دەردەچن و پێگەیشتووەکانیش دەتوانن بۆماوەی چەندین ساڵ بە خەوتوویی و بێ خۆراک بمێننەوە، لەبەر ئەمانە ژمارەیان بە ئاسانی دانابەزێت و لەناوچوونیان خێرا نابێت.

شێوەی دەرەوەی

بەگشتی ئەم گیانەوەرە قەبارەی بچووکە و شێوەیەکی خڕی هەیە، بەشی دەرەوەی جەستەی بە پێستێکی وەک پەڕە داپۆشراوە و دڕکاوییە، هەموو مەمکدارەکان جەستەیان لە دوو بەشی هاوشێوە پێکهاتووە، بەڵام ژووشک جیاواز لە زۆرینەی بوونەوەران جەستەی لە پێنج بەشی تەنیشتە هاویەک پێکهاتووە، چاوی نییە بۆ بینین بەڵام زاناکان بڕوایان وایە کە تەواوی جەستەی بریتییە لە تۆپێکی هاوشێوەی چاو کە هەستیارە بە ڕووناکی، پێی بچووکی هاوشێوەی بۆری هەیە کە لەگەڵ دڕکەکاندا هاوکاری دەکات بۆ جووڵەکردن، ڕەنگی جەستەشی دەکرێت چەندین ڕەنگی جیاوازبێت وەک، ڕەش، سپی، سوور، سەوز، پرتەقاڵی، قاوەیی، مۆر، ڕەساسی، شین، پەمەیی یاخود زەرد، کێشی جەستەی زۆرینەیان بە نزیکەیی دەگاتە ٤٥٠ گرام، بەڵام درێژی تیرەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە و لە نێوان ٢.٥-٣٥.٥ سانتیمەتر دەبێت، ناسینەوەی ژووشکەکان ئاسانە و زۆرینەیان بە گشتی دڕکیان هەیە لەسەر جەستەیان، بەڵام دەکرێت جۆری جیاوازیش هەبێت، بۆ نموونە ژووشکی دۆلاری لم جەستەی تەنها بە مووی کورت داپۆشراوە، یاخود ژووشکی قەڵەمیی دڕکی تیژی نییە وەک زۆرینەی جۆرە سەرەکییەکان بەڵکو دەرپەڕیوەکانی دڕکی خڕ و بازنەین.  

خۆراک

ژووشک گیانەوەرێکی هەموو شتخۆرە، واتە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە قەوزە و ماسییەکان، لە نێویشیاندا قەوزە خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ گیانەوەرە ئاوییەکانی وەک ماسی، قرژاڵ، سەگی دەریا و باڵندەکانیش، بەڵام بۆ خۆپاراستن لە دژی ڕاوچییەکانی سوود لە ڕەقی پێستەکەی و دڕکەکانی وەردەگرێت، جگە لە ئەمەش هەندێکیان ژەهراوین، ژەهرەکە دەکرێت لەناو دڕکەکاندا بێت یاخود لە ڕژێنی تایبەتدا بێت لە ناوچەی پێیەکانیدا، بۆ مرۆڤەکان ژەهراویترین جۆریشیان بە دەگمەن دەبنە هۆی مردن، بەڵام نیشانەی نەخۆشی دەردەکەوێت وەک ڕشانەوە و دڵتێکەڵهاتن لەگەڵ لاوازبوونی ماسولکەکان، جگە لە ئەمانەش ئەو جێگەیەی کە ژەهرەکەی تێچووە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر هەستی سووتانەوە بە کەسەکە دەدات.

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەکان هێلکە بەرهەم دەهێنن و دەریدەدەن بۆ ناو ئاو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو تۆوەی کە نێرینەکان دەریانداوە هێلکە بپیتێنرێت، پاشان زۆرینەی هێلکە پیتێنراوەکان بەهەڵواسراوی لەسەر ڕووی ئاو دەمێننەوە هەتا کاتی هەڵهاتنیان دێت، بەڵام مێینەی هەندێک لە جۆرەکان هێلکەکان بە دڕکەکانی جەستەیانەوە دەنووسێنن و دەیانپارێزن، پاش ١٢ کاتژمێر لە پیتاندن کۆرپەلە لە هێلکەکە دەردەچێت، بە قۆناغی دوای هێلکە دەوترێت کرمۆکە، لەم قۆناغەدا بێچووەکە کلکی هەیە و دەتوانێت خۆراکی زۆر بچووک بەدەستبهێنێت و گەشە بکات، پاش چەند مانگێک  کرمۆکەکە دەبێت بە ژووشکێکی پێگەیشتوو، لە هەرجارێکی زۆربووندا نزیکەی ٢ ملیۆن بێچوو لە هێلکەکان هەڵدێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنیش بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و لە نێوان ١٥-٢٠٠ ساڵ دەبێت، بەڵام چەندین نەخۆشی بەکتریایی هەیە کە دەکرێت ژمارەیەکی زۆریان لەناوببات تەنانەت ئەگەر ژووشکەکان پێگەیشتووشبن، بەڵام ئەگەر بارودۆخ و هەلومەرجەکان گونجاوبن ئەوا هەندێکیان دەتوانن بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵیش بژین.

جۆرە سەرەکییەکان

چەندین جۆری جیاواز لە ژووشکی دەریا هەیە و بەنزیکەیی بە ١٠٠٠ جۆر دەخەمڵێنرێن، لە ناوچە و جێگەی جیاوازی زەویدا دەژین، هەروەها سوود و تایبەتمەندییان جیاوازە لە ڕووی ڕەنگ و قەبارەوە، تەنانەت هەندێکیان شێوەی جەستەیان جیاوازە لە زۆرینە یاخود دەکرێت ژەهراوی بن و ڕژێنی تایبەتیان هەبێت، هەندێک لە جۆرەکان وەک پێکهێنەری سەرەکی سوشی لە ژاپۆن سوودیان لێ وەردەگیرێت، کە خەڵکی ژاپۆن ساڵانە ٥٠٠ هەزار تەن لە ژووشک دەخۆن، هەندێکی تریان تەندروستی خاکەکەیان بە دروستی دەهێڵنەوە و هاوکاری دەکەن لە گەشەکردنی ڕووەکە ئاوییەکانی ناوچەکەدا، نموونەی بەناوبانگترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • ژووشکی مۆری زەریای هێمن
  • ژووشکی مرەکەبی ڕەشی دیادیما
  • ژووشکی گوڵ
  • ژووشکی زەبەلاحی سوور
  • ژووشکی قەڵەمی ئەردوازی
  • ژووشکی دۆلاری لم
  • ژووشکی سەوز


سەرچاوەکان



427 بینین