ڕۆبیان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-13:22:00 - کۆدی بابەت: 9259
ڕۆبیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆبیان (بە ئینگلیزی: Shrimp or prawn)، گیانەوەرێکی توێکڵداری کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە کە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە و دەگاتە نزیکەی ٢٠٠٠ دانە، لەبەر ئەوەی ئێسکە پەیکەری نییە لە بەشی ناوەوەی جەستەیدا بۆیە لە هەمان کۆمەڵەی ماسییەکاندا پۆلێن ناکرێت، ئەم بوونەوەرە پەیوەندی و پەیوەستی بە قرژاڵەکانەوە هەیە، نشینگەکەی بە گشتی زەریاکان دەگرێتەوە و شوێنی ژیانکردنی لە قوڵایی ئاودایە لە ناوچە بەردەڵانەکاندا، لە هەردوو ئاوی سوێر و سازگاردا توانای ژیانکردنیان هەیە و هەر جۆرێک شێوازێکی پێویستە، هەروەها بە یەکێک لە خواردنە پەسەندەکانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دادەنرێت بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە ڕۆبیانەکان بە چەندەها شێواز ئامادە دەکرێن و دەخورێن، هەرچەندە وشەکانی (Shrimp) و (prawn) لە کاتی پۆلێنکرنی زانستیدا لە کۆتا قۆناغەکاندا لە کۆمەڵەی جیاوازدا دادەنرێن، بەڵام لە زۆرینەی جیهاندا بەهەمان بوونەوەر دەناسرێن و شێوازی دەرکەوتن و خۆراکیان هەمان شتە، وشەکانیش بە هاو واتای یەکتری دادەنرێن و بەکاردەهێنرێن.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ڕۆبیان ئەوەیە کە ١٠ قاچی هەیە، جەستەی بە بەرگێکی ڕەق داپۆشراوە کە لە کیتین پێکهاتووە ڕەنگەکەشی دەکرێت هەریەک لە ئەمانە بێت، ڕەساسی، ڕەش، سپی، سوور یاخود پەمەیی، ئەم ڕەنگانەش بە گوێرەی ناوچەکان کە ڕۆبیانەکەی تیادا دەبێت دەتوانێت بیگۆڕێت، بە سوود وەرگرتن لە ئەو خانە تایبەتانەی کە لە پێستیدا هەیە و هەڵگری بۆیەن، ڕەنگەکان دەکرێت بگۆڕێن بۆ سوور، شین، زەرد، قاوەیی تۆخ یاخود ڕەنگی کاڵ، شێوازی جەستەی باریک و درێژکۆلەیە هەروەها لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تری پەستێنراوە، بەشی ناوەوە و بەشی دەرەوەی هەیە و لە شەش پارچە پێکهاتووە، هەر پارچەیەک بەستراوەتەوە بە بەشە سەرەکییەکەی جەستەیەوە بەڵام لە نێوانیاندا هیچ جومگەیە نییە، لەبەر ئەمە ناتوانن شێوازی جەستەیان بگۆڕن یاخود بچەمێنەوە، درێژی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و لە نێوان ٠.٥-٢ سانتیمەتر دەبێت، دەکرێت هەندێکیان زۆر لەوەش گەورەتر ببن، هەروەها قەبارەی مێینەکان گەورەترە بە بەراورد بە نێرینەکان.

خۆراک

ڕۆبیان بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە واتە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە ماسی، مێروو، قەوزە، هێلکە شەیتانۆکە، کرم، گوێچکە ماسی، قوڕاو، ماددە ئەندامییە خراپبووەکان لەگەڵ هەڵواسراوەکان تەنانەت ئەگەر سەرچاوەی خۆراکیان دەستنەکەوێت ئەوا یەکتری دەخۆن، لە ناویشیاندا ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازە، لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنیاندا ڕۆبیانەکان دەبنە سەرچاوەی خۆراک بۆ بوونەوەرە ئاوییەکانی تر و بە تایبەتیش لە قۆناغی کرمۆکەییدا ژمارەیەکی زۆریان دەخورێت، باوترین ڕاوچییان مەرەکەبە کە لە قوڵایی ئاودا دەژی و ڕاویاندەکات، جگە لە مەرەکەبیش هەریەک لە ماسی، مرۆڤ، قرش، قرژاڵ، ئەستێرەی دەریا، نەهەنگ، دۆلفین و ژووشکەکانیش ڕاویاندەکەن.

زۆربوون

وەرزی زۆربوون بە گوێرەی ناوچە و جۆرەکان دەگۆڕێت، مێینەکان دەتوانن سەدان و هەزاران هێلکە بکەن کە ئەمەش بەندە لەسەر قەبارە و جۆر، هەر مێینەیەک لە ماوەی یەک وەرزی زۆربووندا دەکرێت چەندین جار یەکگرتن ئەنجام بدات، بۆ یەکگرتن پێویستە بەرگی نێرینەکە ڕەق ببێت و هی مێینەکەش نەرم بێت، پاش یەکگرتن مێینەکە تۆوی نێرینەکە کۆگا دەکات و دەکرێت بە هەمان تۆو چەندین هێلکە بپیتێنرێت، هێلکەکان لە جەستەی مێینەکەدا دەپیتێنرێن و پاشان هێلکەکان دەکرێنە دەرەوە، دواتر مێینەکە هێلکەکان لەسەر سکی هەڵدەگرێت یاخود دەکرێت لە قوڵایی ئاودا و لەسەر زەوی دابنرێن بۆ ئەوەی بێچووەکان گەشە بکەن و هەڵبێن کە نزیکەی ٢-٣ هەفتە دەخایەنێت، ناوەندە ڕێژەی ئەو بێچووانەی کە لە هەرجارێکدا دەبن دەگاتە نزیکەی ١٠٠ دانە، لە سەرەتادا بێچووەکان تەنها گوڵ و ڕووەکە ئاوییەکان دەخۆن، دواتر کاتێک تەمەنیان دەگاتە ساڵیک دەتوانن خۆراکی جیاوازی تر بخۆن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ڕۆبیانەکان لە نێوان ٢-٤ ساڵ دەبێت یاخود هەندێکیان دەکرێت بگەنە شەش ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکان

  • ڕۆبیانی لیمۆ
  • ڕۆبیانی مۆز
  • ڕۆبیانی ئاوی سازگار
  • ڕۆبیانی پڵنگی
  • ڕۆبیانی پاشایی
  • ڕۆبیانی پێ سپی
  • ڕۆبیانی پەمەیی
  • ڕۆبیانی ئاکیامی


سەرچاوەکان



925 بینین