ئەشکەوتی هەزارمێرد

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-07-18:04:00 - کۆدی بابەت: 9315
ئەشکەوتی هەزارمێرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەشکەوتی هەزارمێرد (بە ئینگلیزی: Hezarmerd Cave، بە عەرەبی: كهف هزار مرد) بە قەدپاڵی چیای بەرانانەوەیە، دەکەوێتە ١٣ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژاوای شاری سلێمانی، نزیک گوندی هەزارمێرد. ئەم ئەشکەوتە بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی کوردستان و عێراق دەناسرێت. بە دووەم گەورەترین ئەشکەوت لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر ناسراوە.

ناوی هەزارمێرد

هەزارمێرد بە واتای هەزار مێرد یاخود هەزار مێرگ دێت. ڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەو دوو ناوە، یەکەمیان هەزار مێرد، بە واتای هەزار (پیاو) یان هەزار (مەرد) دێت، وشەی مەرد لە کوردیدا واتا (ئازا)، بەڵام مەرد لە فارسیدا واتا (پیاو)، کە دیسان دەبێت بە هەزار پیاو. هەرچەندە ئەم ڕایەی کە دەڵێت وشەکە لە فارسییەوە هاتووە، زۆر لاوازە، بیروڕاکەی تریش کە دەڵێت هەزار مێرگ، بە واتای شوێنێکی بەپیت و پڕخێر و فەڕ دێت.

دەربارەی ئەشکەوتەکە

ئەشکەوتی هەزارمێرد دووەم گەورەترین ئەشکەوتە لە کوردستانی عێراق لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر. ئەم ئەشکەوتە نزیک دێی هەزارمێردە کە دێیەکی زۆر کۆنە و لە زووەوە بەهۆی پەتای تاعون لە شوێنی خۆیان گواستویانەتەوە و هاتوونەتە جێگەیەکی خوارتر لە ئەشکەوتەکە.

هەڵکەوتەی ئەشکەوتی هەزارمێرد بە جۆرێکە، کە بەیانیان خۆر هەڵدێت ڕاستەوخۆ یەکەم گزنگی خۆرهەڵهاتن دەیدات لە دەمی ئەشکەوتەکە و دەچێتە ناوەوە و هەتا چێشتەنگاو دەمێنێتەوە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد ئەشکەوتێکی گەورەی دەم فراوانە، قووڵییەکی کەمی هەیە. لە لای ڕاستییەوە پێنج ئەشکەوتی تر هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر قووڵن و دەمەکانیان فراوان نییە، هەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناویان و بگاتە کۆتاییەکەیان، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئۆکسجین کەم بێتەوە و مەترسی دروست بێت بۆ سەر ژیان، مەگەر ئامێری ئۆکسجین بەکار بهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی کە پاش ماوەیەک ڕۆیشتن لە ناویاندا زۆرێک لە باڵندە، بەتایبەتی شەمشەمەکوێرە هێرش دەهێنن و بەرەنگاری دروست دەکەن، سەرەڕای ئەمانە، ڕێگەی گەیشتن بە ئەشکەوتەکە ڕێگەیەکی سەختە و بە ئۆتۆمبێلیش نزیکبوونەوە لێی ئەستەمە.

پاشماوە دۆزراوەکانی ناو ئەشکەوتی هەزارمێرد، هێمایەکن بۆ بوونی کۆنترین ژیانی مرۆڤ لە کوردستان. ئەم ئەشکەوتی هەزارمێردە ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، لە شێوەیدا هەزار چیرۆکی مێژوویی هەڵگرتووە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ٥٠ هەزار ساڵ، بەڵام  لەبەر نەبوونی لێکۆڵینەوەی پێویست و پشتگوێخستنی، زۆرێک لەو چیرۆک و ڕووداوانە هێشتا نەزانراون.

مێژووى دوور و درێژى ئه‌شكه‌وتى هه‌زارمێرد، سه‌رنجى زۆر شوێنه‌وارناسى جیهانى ڕاكێشاوه‌،‌ دەڵێن ئه‌و كه‌لوپه‌ل و گۆڕانه‌ى له‌ نێو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا دۆزاونه‌ته‌وه‌،  هێمان بۆ كۆنیەتی ژیانى مرۆڤ له‌ كوردستان.

لێکۆڵینەوەکان

زۆرێک لە شوێنەوارناسەکانی جیهانی سەردانی ئەم ئەشکەوتەیان کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، هەروەها بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سلێمانیش لە ساڵی ١٩٩٨ بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. لە هەموو پشکنینەکانیدا سێ چین شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە ئەمانەن:

  • چینی سەرەوە یاخود چینی یەکەم: لەم چینەدا کۆمەڵێک گۆزە، دیزە و ئیشی گڵی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە کە زۆر کۆنن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زوو، هەروەها سێ گۆڕیش دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان گۆڕی منداڵێکە و سێ گۆزەشی لەگەڵ نێژراوە، سێ پارچە ئاسنیش دۆزراونەتەوە، یەکێک لە پارچە ئاسنەکان سەری تیرە و دووانەکەی تر دوو پارچە دراون کە بۆ دوو سەردەمی جیاواز دەگەڕێنەوە، یەکێکیان هی سەردەمی بێزەنتییەکانە و ئەوی تریان هیی سەردەمی ساسانییەکانە.
  • چینی دووەم: ئەم چینە، بە چینێکی تەنک دادەنرێت و بریتییە لە هەندێک بەردی سروشتی ئەستێ.
  • چینی سێیەم: لەم چینەدا ئێسک و پروسکی ئاژەڵ و باڵندە دۆزراونەتەوە لەگەڵ زۆرێک لە بەردی ئەستێ، بەڵام  بەشێوەی جیاواز و مێژووکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی ناوڕاست. هەروەها دوو تەور دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.


سەرچاوەکان



6006 بینین