بیردۆزی پیلانگێڕی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-07-18:02:00 - کۆدی بابەت: 9316
بیردۆزی پیلانگێڕی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیردۆزی پیلانگێڕی یان پیلان بۆ دانراو (بە عەرەبی: نظریة المؤامرة، بە ئینگلیزی: Conspiracy theory) هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوێکی زیانبەخش و تراژیدی کە دەکرێت هۆکارەکەی کۆمەڵەیەکی کەمینەی بەهێزبن. ڕوونکردنەوە پیلانگێڕییەکان هەموو گێڕانەوە و بەڵگەکان لەمەڕ ڕووداوەکەوە ڕەتدەکەنەوە و بە دڵنیاییەوە وەشانە ڕاستەقینەکەی ڕووداوەکە بەڵگەیە بۆ پیلانگێڕییەکە. زۆربەی جار کۆمەڵە خاوەن دەسەڵاتەکان بە پاڵنەری سیاسی پەنا دەبەنە بەر ئەم کارە.

بیردۆزی پیلانگێڕی

زاراوەکە واتایەکی نەرێنی هەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە پەنابردنە بەر پیلانگێڕی بەندە لەسەر لایەنگیری و بەڵگەی ناتەواو. بیردۆزی پیلانگێڕی و پیلانگێڕی هەمان شت نین، بەڵکوو بیردۆزی پیلانگێڕی بریتییە لە پیلانگێڕییەکی گریمانەیی کە تایبەتمەندی دیاریکراوی خۆی هەیە، بۆ نموونە دژایەتی کردنی ئەو بیروڕایانەی زانا و مێژووناسان لەسەری کۆکن.

بڵاوبوونەوەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان لە ماوەکانی نادڵنیایی، دڵەڕاوکێ و کاتە سەختەکاندا وەکوو کاتی جەنگ، داڕمانی ئابووری و دوای کارەساتە سروشتییەکان وەکوو تسۆنامی، بومەلەرزە و پەتادا زیاد دەکات. بیرۆکە پیلانگێڕییەکان سەرچاوەکەیان ویستێکی بەهێزی مرۆڤە بۆ ئەوەی واتایەک بەو هێزە کۆمەڵایەتیانە ببەخشن کە پەیوەندیان بە خودەوە هەیە، گرنگن و جێگای هەڕەشەشن.

بیردۆزە پیلانگێڕییەکان بەرەنگاری ئەو قسانە دەبنەوە کە بیرکردنەوەکانیان بەناڕاست دادەنێن و بە شێوازی هۆکارهێنانەوەی بازنەیی کاردەکەن، واتا هەم بەڵگەکانی دژی بیردۆزەکە و هەم نەبوونی بەڵگەش لە دژیان بە بەڵگەی ڕاستی لە قازانجی خۆیان لێکدەدەنەوە. لەم کاتەشدا پیلانگێڕییەکە دەبێتە بابەتێک زیاتر پەیوەندی بە باوەڕەوە دەبێت تا سەلماندنی دروستی و نادروستیەکەی.

کاریگەرییەکانی باوەڕکردن بە بیردۆزە پیلانگێڕییەکان

بەرکەوتن بەو لایەنە میدیاییانەی کە پشتگیری بیردۆزە پیلانگێڕییەکان دەکەن، وا لە خەڵک دەکات زیاتر باوەڕ بە بیردۆزە پیلانگێڕییەکان بکەن. بە پێی تۆمار و بەڵگەکان فیلمی JFK (1991) بووە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر باوەڕ بەو پیلانگێڕییە بکات کە دەڵێت جۆن کەنەدی لەلایەن چەند کەسێکەوە تیرۆر کراوە و کەمتر باوەڕ بەوە دەکەن کە حکوومەت بکوژەکەی دەستگیرکردووە و دووپاتیشی کردووەتەوە تەنها کاری خۆی بووە. لێکەوتەکانی تریش ئەوە بوون ئەو کەسانەی فیلمەکەیان بینیبوو حەزیان کەمبووبووەوە بۆ بەشداریکردن لە کایە سیاسییەکاندا.

توێژەران لە بارەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکانی سەبارەت بە نەخۆشی ئایدز و کاریگەرییەکانی بەسەر بەکارهێنانی کۆندۆمەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، ئەو بیردۆزەی کە دەڵێت حکوومەتی ئەمریکا ئەم ڤایرۆسەی بۆ کوشتنی هاوڕەگەزخوازەکان و ئەفریقی–ئەمریکییەکان دروستکردووە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە پیاوە ئەفریقی – ئەمریکییەکانی کە باوەڕێکی بەهێزیان بەم بیردۆزە پیلانگێڕییە هەیە ئەوا باوەڕیان بە بەکارهێنانی کۆندۆم نییە.

بەڵگەش لەو بارەیەوە هەیە کە ئەمە بووەتە هۆی بێ متمانەیی بە دامەزراوەکانی تایبەت بە توێژینەوە و بەربەستێکی دیاری پێکهێناوە لە بەشداری پێکردنی ئەفریقی - ئەمریکییەکان لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی سەبارەت بە نەخۆشی ئایدز. هەڵبەتە ئەم بێ متمانەییەش لە خۆوە سەری هەڵنەداوە. لە ساڵی ١٩٣٢ـوەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ، خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی ئەمریکا لەگەڵ دامەزراوەی توسکیجی توێژینەوەیان دەکرد لەسەر ٣٩٩ پیاوی ئەفریقی - ئەمریکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی نەخۆشی سفڵس. سەرەڕای دۆزینەوەی پەنسڵین وەکوو چارەسەری ستاندارد لە ساڵی ١٩٤٧، بەڵام توێژەرەکان چارەسەریان لەسەر پیاوەکان ڕاگرت و بوونە هۆی مردنی ١٠٠ کەس. ئەمەش بەو واتایەی هەندێکجار حکوومەت خۆشی لە دژی هاوڵاتییەکانی پیلان دەگێڕێت.

ڕوونکردنەوەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان

مێژووناسی ئەمریکی (ڕیچرد هۆفستاتەر) بە پێشنیارکردنی تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە دیموکراسی، بەدواداچوونی کرد بۆ سەرهەڵدانی بە بیردۆزکردنی پیلانگێڕی. کۆمەڵە کێبڕکێکارەکان هەریەکەیان نوێنەرایەتی ویستی تاکەکانیان دەکرد بەڵام لە چوارچێوەی سیستمێکی سیاسیدا کە هەمووان ڕازیبوون بەوەی سنووری ململانێکان لە چوارچێوەدا بێت. (هۆفستاتەر) تێبینی کرد ئەو کەسانەی نەیاندەتوانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان بگەیەننە کۆمەڵەکەی کە نوێنەرایەتی خەڵکیان دەکرد، ئەوا دەبوونە بەشێکی جیا لە سیستمەکە. ئەم کەسانەی دەرەوەی سیستمەکە لێدوانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە بریتین لە ناکۆکی و هاوڕانەبوونێکی ڕەوا قبووڵ ناکەن، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە بە گومانێکی قووڵەوە سەیری بیروڕا جیاوازەکان دەکەن. ئەم کەسانە تووشی ترسێکی پارانۆیا دەبن و دەست دەدەنە پیلانگێڕی، بەمەش دەبنە سەرکردەیەک کە لاوازە و ناتوانێت ببێتە کاریزما، ناشتوانێت لۆژیکییانە و کردەییانە سەرکردایەتی بکات. بەمەش فەرمانڕەوایی لە دیموکراسییەوە دەبێتە تۆتالیتاری.

لە کتێبی شێوازی پارانۆیی سیاسەتی ئەمریکا (١٩٦٥)، هۆفستاتەر ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەمە دەردێکی تاکەکەسیی نییە بەڵکوو بنچینەکەی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ململانێی پێگە لە نێوان کۆمەڵە ئۆپۆزسیۆنەکاندا. یەکێک لە کۆمەڵەکان پەنا دەباتە بەر بیردۆزی پیلانگێڕی لەبەرئەوەی هەست بە مەترسی دەکات لەسەر کولتوور، شێوازی ژیان و زۆر شتی تر سەبارەت بە کۆمەڵەکەی. زیادەڕەوی کردن لەسەر مەودای سیاسی بۆ پەرەپێدانی شێوازی پارانۆیی، لە هەردوو لایەنەکە چاوەڕوان دەکرێت، بۆ نموونە لە ئەمریکا لە باڵی ڕاستڕۆکان، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیران بیرۆکەیەکی پارانۆیی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دزەکردنی شیوعییەکان بۆ ناو دامەزراوە ئەمریکییەکان.

بیردۆزی پیلانگێڕی QAnon لەناو لایەنگرە دەمارگیرە ئەمریکییەکاندا زۆر بەناوبانگە، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکان کە دەستی هەیە لە بڵاوکردنەوەی ئەم بیردۆزەدا دۆناڵد ترەمپە کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢١ سەرۆکی ئەمریکا بوو. دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کەسایەتییە دیارەکانی حیزبی دیموکراتەکان بەشێک بوون لە کۆمەڵەیەکی نهێنی نێودەوڵەتی کە پێکهاتوون لە شەیتان پەرستەکان، پێدۆفایلەکان، مرۆڤخۆر و منداڵ کوژەکان.

لەلایەکی ترەوە بیردۆزی جێگرتنەوە هەبوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کەسایەتییە ناسراوەکانی دیموکراتەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دانیشتووانە سپی پێستەکانی ئەمریکا ڕابگوێزن و بەو کۆچبەرانە جێگەیان بگرنەوە کە ڕەنگی پێستیان سپی نییە. لە باڵی چەپڕۆکانیشدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە هێرشە تیرۆرستییەکەی یانزەی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١ دەستی ناوخۆیی تێدا بووە و لەلایەن حکوومەت و لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانەوە جێبەجێ کراوە. بیردۆزەکەی هۆفستاتەر جێگەی سەرنجە چونکە بنچینەی پیلانگێڕییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆسەی کارلێکی نێوان کۆمەڵەکان، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە بیردۆزەکەی دەتوانێت هەڵکشان و داکشانی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان بەپێی کات ڕوونبکاتەوە.

بە درۆخستنەوەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان

توێژینەوەیەک لە ساڵی ١٩٩٥  لەلایەن دەروونناسێکی ئەمریکییەوە بە ناوی جۆن مکهۆسکی ئەنجامدرا، کە هەوڵی دا ڕوونکردنەوەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی وای کردووە بە درۆخستنەوەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان کارێکی قورس بێت. مکهۆسکی دەقێکی هاوسەنگی دا بە هەردوو لایەنی لایەنگیر و دژ بەو بیردۆزەی دەڵێت جۆن کەنەدی تیرۆر کراوە، دەقەکە زانیاری و سەرچاوەی جیاواز جیاوازی تێدا بوو. دەروونناسەکە پێشبینی ئەوەی کرد هەردوو لایەن هەمان دەق وەکوو بەڵگە بەکاردەهێنن بۆ پارێزگاری کردن لە پێگەکانیان.

مکهۆسکی باوەڕی وابوو ئەمە بۆیە ڕوودەدات چونکە هەردوو لایەنی داکۆکیکار هەوڵی شێواندنی زانیارییەکان دەدەن، بە شێوەیەک ئەو زانیاریانەی لە قازانجی خۆیانە بە بێ پەڵپ قبووڵی دەکەن و زانیارییەکانی تریش بە وردی لێیدەکۆڵنەوە و کپی دەکەنەوە. پاشانیش بەهۆی ڕەفتاری دابەشبوون و جیاوازی بیروڕاوە، کاتێک خەڵک ڕووبەڕووی زانیارییەکی ناڕوون دەبنەوە کە دەکرێت بە چەندین واتا لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەمە وایان لێ دەکات زیاتر دەست بگرن بە پێگە و بیروڕای خۆیانەوە. لە دۆسیەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکەی کەنەدیدا ئەمە بەسەر هەردوو لایەنی لایەنگیر و دژدا سەلمێندرا.

نموونەی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان

بەناوبانگترین نموونەکان لەسەر بیردۆزی پیلانگێڕی بریتین لە:

١.پیلانگێڕییەکەی ١١ی سێپتێمبەر: سەرەڕای بەڵگە زۆرەکان سەبارەت بەوەی ئەمە هێرشێکی تیرۆرستییە بەڵام بیردۆزە پیلانگێڕییەکان دەڵێن کە دەستی ناوخۆیی تێدا بووە و حکوومەتیش بەرپرسیارە لەو کارەساتە.

٢.کوشتنی شازادە دایانا: کوژرانی شازادەیەکی خۆشەویست لای خەڵک لەناو تونێلێکی ڕێگایەکی سەرەکی پاریس لەلایەن هاژۆرێکی سەرخۆشەوە، خەڵکی تووشی شۆک کرد و بانگەشەی ئەوە دەکرا کە لەلایەن بریکارێکی بەریتانییەوە کوژراوە بە فەرمانی خێزانی شاهانە.

٣.فێڵی نیشتنەوە لەسەر مانگ: لە ساڵی ١٩٦٩ چەند ئاسمانەوانێکی ناسا لەسەر مانگ نیشتنەوە. ساڵێک دوای ئەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە ئەمە بیردۆزی پیلانگێڕییە و کەس نەچووەتە سەر مانگ. پیلانگێڕییەکە لەناو کتێبێکدا بە ناوی (We Never Went to the Moon: America's Thirty Billion Dollar Swindle) و فیلمێک بە ناوی (Capricorn One 1978) باسکراوە و باسی ئەوە دەکات کە پڕۆژەی ئەپۆلۆ بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ هەمووی درۆ بووە.

٤.تیرۆرکردنەکەی جۆن کەنەدی: جۆن کەنەدی لە ساڵی ١٩٦٣ تەقەی لێ کرا و کوژرا. کەسێک بە ناوی لی هارڤی ئۆزواڵد دەستگیرکرا بە تاوانی کوشتنی کەنەدی. بەڵام بیردۆز هەیە لەبارەی ئەوەی ئۆزواڵد بە تەنها نەبووە و تەقەکەری تریشی لەگەڵدا بووە.

٥.پرۆتۆکۆڵی پیرە خوێندەوارەکانی زایۆن: کتێبێکی فێڵاوی دژەجوولەکەیە باسی پیلانگێڕی و هەوڵی جوولەکەکان دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی فەرمانڕەوایی جیهان. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٥ لە ڕووسیا دەرکەوت و باسی ئەوە دەکات چۆن لایەنی ڕەوشتی، دارایی و تەندروستی مەسیحییەکان دەکرێتە ئامانج لەلایەن کۆمەڵەیەکی بچووکی جوولەکەوە. بیرۆکەی دژەجوولەکە سەبارەت بەوەی جوولەکەکان خەریکی پیلانگێڕین شتێکی تازە نییە و بێگومان لەلایەن کەسە دیارەکانەوە دووبارەکراوەتەوە وەکوو میڵ گیبسن و هێنری فۆرد. لە ساڵی ١٩٢٠ هێنری فۆرد پارەی تەرخانکرد بۆ بڵاوکردنەوەی نیو ملیۆن کۆپی لە کتێبەکە و لە ساڵانی ١٩٣٠ـیەکاندا کتێبەکە لەلایەن نازییەکانەوە بەکارهێنراوە وەکوو پاساوێک بۆ جینۆسایدکردنی جوولەکەکان، هەروەها ئەدۆڵف هیتلەریش لە کتێبەکەیدا بە ناوی نەبەردی من ئاماژەی بە پرۆتۆکۆڵەکان کردووە.

٦.ترس لە شەیتان پەرستەکان: بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا، خەڵکی ئەمریکا باوەڕیان وابوو کە تۆڕێکی نهێنی شەیتان پەرست پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕفاندن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان. هیچ یەکێک لەوانە ڕاست نەبوون بەڵام بیردۆزە پیلانگێڕییەکان ژیانی چەندین کەسیان لەناوبرد.

٧.شوێنەواری کیمیایی فڕۆکەکان: کاتێک فڕۆکەکان دەفڕن، شوێنەوارێکی درێژی ئاوی چڕبووەوە لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن کە پێی دەوترێت شوێنەواری چڕبووەوە و بە خێرایی لە هەوادا نامێنن. بەڵام هەندێک لە بیردۆزە پیلانگێڕییەکان دەڵێن ئەمانە ماددەی کیمیایین و حکوومەت و زاناکان دەیخەنە هەواوە وەکوو چەکی بایۆلۆجی، کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان یان هەوڵێکە بۆ دەستکاریکردنی کەشوهەوا.

٨.کۆڤید و 5G: لە دوای ڕووداوەکەی ١١ی سێپتێمبەرەوە هیچ شتێک وەکوو پەتا جیهانگیرەکەی کۆرۆنا بیردۆزی پیلانگێڕی بۆ دانەڕێژراوە. بیردۆز هەیە سەبارەت بە بنچینەی ڤایرۆسەکە و هەندێک کەس دەڵێن پزیشکەکان درۆ دەکەن لەبارەی مردنی نەخۆشانی کۆرۆنا کە دەڵێن هۆکارەکە ڤایرۆسەکە نییە بەڵکوو بەهۆی ئەو کێشانەیە کە بۆ کەسەکەی دروست دەکات. یەکێک لەو بیردۆزانەی بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترسێکی زۆر، بەستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بە تەکنەلۆجیای بێتەلی5G. بیردۆزی پیلانگێڕی کۆڤید 5G دەڵێت، لەرەلەری کارۆموگناتیسی کە لە مۆبایلەکانەوە دەردەچێت دەبێتە هۆی دابەزاندنی سیستمی بەرگری و وا دەکات خەڵک تووشی کۆڤید ببن.

یەکێکی تر لە بیردۆزە پیلانگێڕییەکان باس لەوە دەکات پێکوتەکانی کۆڤید-١٩ چیپی شوێنکەوتنی تێدایە کە پەیوەست کراوە بە تۆڕی5Gـەوە بۆ ئەوەی حکوومەت و بلیۆنێرەکان و ئەو کەسانەی یارمەتی دروستکردنی پێکوتەکەیان داوە وەکوو بیڵ گەیتس، بتوانن ئاگاداری جووڵەی هەمووان بن. لەمبارەیەوە تۆڕی CNBC ئەوەی خستووەتە ڕوو کە چیپەکانی 5G ئەوەندە گەورەن لەناو سرنجی پێکوتەدا جێگەیان نابێتەوە.

٩.باڵندەکان ڕاستی نین: جووڵانەوەیەکی پیلانگێڕییە لەلایەن پیتەر ماکندۆوە گەشەی پێدراوە. بانگەشەی ئەوە دەکات کە باڵندەکان ڕاستەقینە نین بەڵکوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە دانراون بۆ چاودێریکردنی خەڵک.


سەرچاوەکان



1393 بینین