بەردە ڕەشەکە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-12-23:32:00 - کۆدی بابەت: 9378
بەردە ڕەشەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەردە ڕەشەکە یان بەردی پیرۆز (بە عەرەبی: الحجر الأسود، بە ئینگلیزی: Black Stone) ئەو بەردە پیرۆزەیە کە دەکەوێتە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کەعبەی پیرۆز کە خاڵی دەسپێک و سەرەتا و کۆتایی تەوافکردنە. بەردێکی گۆییە و ڕەنگێکی ڕەشی مەیلەوسووری هەیە و تیرەکەی 30 سانتیمەترە، بەرزییەکەی لە ئاستی زەوییەوە نزیکەی مەتر و نیوێکە و بە چوارچێوەیەکی زیوی تایبەت داپۆشراوە.

تایبەتمەندییەکانی بەردەکە

بەردەکە لە چەند بەشێکی بەیەکەوە بەستراو پێکهاتووە نزیکەی هەشت بۆ پازدە بەشی بچووکی بەیەکەوە بەستراوە، حەوت بەشیان بە هەویرێکی قاوەیی لە مۆم و میسک و عەنبەر دروستکراو داپۆشراوە، لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی زیوی هەموو بەردەکە داپۆشراوە.
قەبارەی بنەڕەتی بەردەکە نزیکەی 20 سانتیمەتر بە 16 سانتیمەترە، بەهۆی دروستبوونی گۆڕانکارییەکان لە پێوانەی بەردەکە قەبارەکەی زۆر دیاریکراو و ورد نییە. بەشی سەرەوەی بەردەکە ڕەشە درێژییەکەی نزیکەی باڵێکە (1.14 مەتر).

مێژووی بەردەکە

بنەچەی بەردەکە

بەپێی گێڕانەوەکانی هەریەک لە "نیسائی" و "ئیبن عەباس" و "ترمیزی" ئەم بەردە ڕەشە بەردێکی بەهەشتییە و لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ڕەنگی سپی بووە، بەڵام گوناهـ و تاوانەکانی نەوەکانی ئادەم بوونەتە هۆی گۆڕینی ڕەنگەکەی بۆ ڕەشێکی مەیلەوسوور.
هەندێک لە زانایانی ئیسلام پێیان وایە بەردەکە دراوە بە پێغەمبەر ئادەم، هەندێکی تریش پێیان وایە کە لەو کاتەی خوا فەرمانی بە بنیاتنانی کەعبە کردووە، جوبرەئیل بەردەکەی لە بەهەشتەوە داوە بە پێغەمبەر ئیبراهیم و ئەویش لەکاتی دروستکردنی کەعبە لەنێو کەعبە دایناوە.

سەردەمی قوڕەیش

لە کتێب و گێڕانەوەکان باسکراوە کە کاتێک قوڕەیش کەعبەی پیرۆزی نۆژەنکردەوە لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە ناکۆک بوون و نەیاندەزانی شانازی دانانەوەی بەردەکە لە جێی خۆی بدەن بە کێ، ئەوان پێغەمبەر ﷺـیان بۆ ئەو کارە هەڵبژارد، پێش ئەوەی سروشی بۆ دابەزێت و لە تەمەنی 35 ساڵیدا ئەو شکۆیەی پێدرا، ئەو بە پارچە قوماشێک بەردەکەی هەڵگرت و هەر سەرۆک هۆزێک پارچەیەک لە بەرگەکەیان گرت و خستیانەوە جێگەی تایبەتی خۆی لەنێو کەعبە.

سەردەمی ئومەوی و عەباسی

عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر یەکەم کەس بوو کە چوارچێوەی زیوی بۆ بەردەکە دروستکرد. دوای ڕووداوەکانی ساڵی 64ـی کۆچی و هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان یەزیدی کوڕی مەعاوییە و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر بەشێک لە کەعبە سووتا، بۆیە عەبدوڵڵا بەردەکەی لە چوارچێوەی زیوی ئاڵان تاکوو زیانی بەرنەکەوێت، لە سەردەمی عەباسییەکان هارونە ڕەشید بە ئەڵماس و زیو چوارچێوەکەی دەوری بەردە ڕەشەکەی دروستکرد و نۆژەنی کردەوە.

ڕووداوی دزینی بەردەکە

"قەرامیتەکان" شانشینێک بوون لە دەسەڵاتی فاتیمییەکان جیاببوونەوە ونیشتەجێی چەند ناوچەیەکی بەحرەین بوون، لە ساڵی 339ـی کۆچی لەکاتی حەجی ئەو ساڵە ڕۆژێک پێش عەرەفە، سەرکردەکەیان "ئەبووتاهیری قەرامیتی" هێرشی کردە سەر مەککە و ژمارەیەکی زۆری لە حاجییانی ئەو ساڵەی کوشت و بەردە ڕەشەکەی لە شوێنی خۆی دەرهێنا و لەگەڵ خۆیان بردیانەوە بۆ ناوچەکەیان، هەوڵی دزینی ڕووگە و شوێن پێی ئیبراهیمیان دا، بەڵام لەلایەن بەرپرس و پارێزگارەکانیان شاردرایەوە. دوای 22 ساڵ توانرا بەردەکە بهێنرێتەوە کەعبە.

تایبەتمەندیی بەردەکە لەڕووی زانستییەوە

توێژینەوەی زانستی زۆر کراوە لەسەر پێکهاتەی سروشتی و جۆری بەردەکە، دەرکەوتووە کە ئەو بەردە لە بازلت و پارچە شووشەی سروشتی و نەیزەکی بەردین پێکهاتووە. توێژینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو بەردە نەیزەکە و لە ئاسمانەوە کەوتووەتە خوارەوە بۆ سەر زەوی. بەردەکە لە جۆری "Tektites"ـە کە ڕەنگی ڕەشێکی مەیلەو سوورێکی تۆخ یان قاوەیی  هەیە و بە شووشەی سروشتی یان خۆڵی سووتاو ناسراوە.

پێگەی بەردە ڕەشەکە لە ئیسلامدا

ئەم بەردە خاڵی دەسپێک و کۆتایی تەوافکردنە بە دەوری کەعبەدا، لە کاتی تەوافکردن بە دەوری کەعبەدا لە پڕۆسەی حەجکردن و عەمرە، لە گۆشەی بەردە ڕەشەکەوە دەست بە تەوافکردن دەکرێت، ئەگەر توانرا دەکرێت بەردەکە ماچ بکرێت و دەستی لێبدرێت، چونکە پێغەمبەر ﷺ لە کاتی تەوافکردندا ماچی بەردەکەی کردووە و دەستی لێداوە. بەپێی گێڕانەوەکانی پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژی دوایی ئەو بەردە دەبێتە پارێزکار و شاهێدی ئەو کەسانەی کە لە دوونیادا دەستیان لێی داون. بۆیە دوای ئەو جێنشینەکانی و هاوەڵان بە گشتی ئەو سوننەتەیان جێبەجی کردووە و لەسەری بەردەوام بوونە.


سەرچاوەکان



1349 بینین