ئینگلتەرا

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-07-18-19:22:00 - کۆدی بابەت: 9445
ئینگلتەرا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئینگلتەرا (بە عەرەبی: ٳنجلترا ٲو ٳنکلترا، بە ئینگلیزی: England) گەورەترین وڵاتە لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، لە باکوورەوە لەگەڵ سکۆتلەندا و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ وێڵز هاوسنوورە، دەریای ئێرلەندا لە باکووری ڕۆژئاوا، دەریای سێڵتیک لە باشووری ڕۆژئاواوە نزیکە، ئینگلتەرا بە دەریای باکوور لە ڕۆژهەڵات و کەناڵی ئینگلیزی لە باشوور لە کیشوەری ئەورووپا جیابووەتەوە، ئینگلتەرا پێنج لەسەر هەشتی خاکی بەریتانیای مەزن پێکدەهێنێت، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەی بەریتانیای مەزن و لە ڕووی دانیشتوانەوە چڕترین بەشی دوورگەکەیە، ڕووبەری گشتی وڵات ١٣٠٫٢٧٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

پایتەختی ئینگلتەرا شاری لەندەنە، کە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوچەی شارستانییە لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیادا. ئینگلتەرا لە سەدەی ١٨ـدا لانکەی شۆڕشی پیشەسازی بووە، کە وڵاتەکەی گۆڕی بۆ یەکەمین نەتەوەی پیشەسازی لە جیهاندا.

ناوی ئینگلتەرا

ناوی ئینگلتەرا لە وشەی کۆنی ئینگلیزی (Englaland)ـەوە هاتووە، کە بە واتای زەوی ئەنگڵەکان دێت، ئەنگڵ ناوی یەکێک لە هۆزە ئەڵمانییەکان بووە کە لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا (پێنج و شەشی زایینیدا) لە دوورگەی ئەنگلن لە ئینگلتەرا نیشتەجێبوون، بەپێی فەرهەنگی ئۆکسفۆڕدی ئینگلیزی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٨٩٧ ناوی ئینگلتەرا بەکارهاتووە، کە ئاماژە بووە بە بەشی باشووری دوورگەی بەریتانیا، بەڵام لە چەرخی هاوچەرخدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٥٣٨ لە نووسراوەکاندا بەکارهاتووە. 

مێژووی ئینگلتەرا

کۆنترین بەڵگەی زانراوی بوونی مرۆڤ لەم ناوچەیەی کە ئێستا بە ئینگلتەرا ناسراوە باووباپیرانی هۆمۆ (Homo) بوون کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٧٨٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا. هەروەها مێژووی کۆنترین ئێسکی مرۆڤی دۆزراوە لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا. مرۆڤە هاوچەرخەکان بەدرێژایی چەرخی بەردینی کۆن نیشتەجێی ناوچەکە بوون. دوای کۆتا چەرخی سەهۆڵی تەنها ئاژەڵە شیردەرە گەورەکانی وەکوو مامۆسەکان (کە جۆرە فیلێکی زەبەلاحی لەناوچووە)، بایسوون (گایەکی ئەمریکی ڕەشتاڵەیە) و کەرکەدەنی کوڵکدار مانەوە. بەنزیکەیی ١١ هەزار ساڵ پێش ئێستا و کاتێک سەرقاپە سەهۆڵییەکان دەستیان کرد بە توانەوە مرۆڤەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوونەوە، لێکۆڵینەوەی بۆماوەیی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم مرۆڤانە لە بەشی باکووری نیمچەدوورگەی ئیبریاوە هاتوون.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

ئینگلتەرا قەرەباڵغترین وڵاتی شانشینی یەکگرتووە و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە زیاتر لە ٥٣ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت کە (٪٨٤)ـی دانیشتووانی بەریتانیا پێکدەهێنێت. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە (٢٥)ـەم گەورەترین وڵاتی جیهانە. ئینگلیزەکان هاوڵاتی بەریتانین، هەندێک بەڵگەی ڕەچەڵەکی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ٪٧٥-٩٥ی دانیشتووانی وڵاتەکە لە بنەڕەتدا لە نیمچەدوورگەی ئیبریاوە هاتوون و (٪٥)ـیان لە ئەندامانی گەلی کۆنی ئەڵمانیا ئەنگڵەکان و ساکسۆنەکانن و لە وڵاتەکەدا سەقامگیر بوون.

زمان

دانیشتووانی وڵاتەکە بە ژمارەیەک زمانی جیاواز دەدوێن، زمانی ئینگلیزی کە ئەمڕۆ سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا قسەی پێدەکەن، لە وڵاتی ئینگلتەراوە سەرچاوەی گرتووە، زمانی سەرەکی وڵاتەکەیە و وەکوو زمانی سەرەکیش دەمێنێتەوە. بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١، (٪٩٨)ـی دانیشتووانی وڵاتەکە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. لە خوارەوە ئاماژە بە زمانەکان و ژمارەی قسەپێکەرانی دەکەین:

زمانەکان ژمارەی قسەپێکەران (بە هەزار)
ئینگلیزی ٤٦٫٩٣٧
پۆڵەندی ٥٢٩
پەنجابی ٢٧٢
ئوردو ٢٦٦
بەنگالی ٢١٦
گوجەراتی ٢١٢
عەرەبی ١٥٢
فەڕەنسی ١٤٥
پورتوگالی ١٣١
وێڵزی ٨
کۆرنوالی ٠٫٦
زمانەکانی تر ٢٫٢٦٧

ئایین

لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١دا، ئایینی مەسیحی بەربڵاوترین ئایینی وڵاتەکە بووە و (٪٥٩٫٤)ـی دانیشتووانی ئینگلتەرا لەسەر ئایینی مەسیحی بوون، (٪٢٤٫٧) خۆیان بە بێ ئایین و (٪٥)ـیان خۆیان بە ئیسلام لە قەڵەم داوە، لە کاتێکدا (٪٣٫٧)ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی ترن و (٪٧٫٢) وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە.

سیاسەت

سیستمی دەسەڵاتی باوی سیاسی ئینگلتەرا سیستمی پادشایی دەستووریی دیموکراتی پەرلەمانییە، کە بەشێکە لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، سیستمی پەرلەمانی ئینگلتەرا کۆنترین سیستمی جیهانە، لەبەرئەوە یاسا دەستووریی و حکوومییەکان و داهێنانە یاساییەکان کە لە ئینگلتەراوە سەرچاوە دەگرن، بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن وڵاتانی ترەوە پەیڕەوکراون و بەکارهێنراون. 

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتەکە مامناوەندە و کاریگەری زەریای لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشی وڵاتەکە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا فێنکە. لە بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا لەڕادەبەدەر باران دەبارێت، ساڵانە دەگاتە ٨٠٠ مللیمەتر، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوادا دەگاتە ١٫٠٠٠ مللیمەتر. هەروەها لە دەشتەکانی ڕۆژهەڵات و باشووردا باران زۆر دەبارێت بەڵام لەڕادەبەدەر نییە، ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ مللیمەتر دەبارێت. 
زستانی ئینگلتەرا سارد و هەوراوییە، هەندێکجار تەماوییە و هەندێک جار بای هەیە. تێکڕای پلەکانی گەرما لە کانوونی دووەمدا و لە بەشی باکوور نزیکەی سێ بۆ چوار پلەی سیلیزییە، لە بەشی باشووردا چوار بۆ شەش پلەی سیلیزییە. بەهاری وڵاتەکە زۆر فێنکە و وردەوردە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، هێشتاش باران دەبارێت بەڵام وەکوو وەرزەکانی زستان و پایز نییە، کۆتایی بەهار خۆرەتاوترین کاتەکانی ساڵە و گوڵەکان سەراپای وڵات دادەپۆشن. پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا بەرزدەبنەوە بۆ ١٩ تا ٢٤ پلەی سەدی، لە کاتە زۆر گەرمەکاندا پلەکانی گەرما دەگەنە ٣٥ پلەی سەدی، وەرزی پایز باراناوییە و هەندێک جار ڕەشەبای هەیە، لەوانەیە لە تشرینی دووەمدا، یەکەم بەفر ببارێت.


سەرچاوەکان



962 بینین