هەتاهەتایە و یەک ڕۆژ (٢٠١٦)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-23-18:24:00 - کۆدی بابەت: 9510
هەتاهەتایە و یەک ڕۆژ (٢٠١٦)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەتاهەتایە و یەک ڕۆژ (بە ئینگلیزی: life and a day، بە فارسی: ابد و یک روز) فیلمێکی ئێرانییە لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە. فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی (سەعید روستایی)ـیە و لەلایەن (سەعید مەلیکان)ـەوە کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە. نمرەی ٨٫٢/١٠ وەرگرتووە و چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانی بردووەتەوە.
تەواوی فیلمەکە باس لە ژیانی کەسانی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر دەکات، و زۆر بە وردی کاری تێدا کراوە.

نواندنکار و کەسایەتییەکان

نواندنکار کەسایەتی
نەوید محەمەد زادە موحسین
پەیمان مەعادی موڕتەزا
پەریناز ئیزەدیار سومەییە
شەبنەم موقەدەمی ئەعزەم
ریما ڕامین فەر شەهناز
مەهدی قوربانی نەوید
شیرین یەزدان بەخش دایکییان
مەعسومە ڕەحمانی لەیلا

کورتە چیرۆک

سومەیە بڕیارە هاوسەرگیری بکات و خێزانەکەی خەریکی ئامادەکاری هاوسەرگیرییەکەن. بەڵام لەناکاو دەزانن براکەیان بەناوی موحسین کە لە کەمپی تەرککردنی ماددە هۆشبەرەکانە ڕایکردووە و بۆ ماڵەوە دێتەوە، بە هاتنەوەی تووشی کۆمەڵێک کێشە دەبنەوە.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • ئەم فیلمە یەکەمین کاری سەعید ڕوستاییە وەک دەرهێنەر لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا. 
  • فیلمەکە باشترین فیلمی سی و چوارەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی فەجر بوو، کە توانی نۆ خەڵاتی سیمورغی بلوورین بباتەوە.
  • چوار نواندنکاری فیلمە پاڵێوراوبوون بۆ بردنەوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورین کە لە کۆتایدا، نەوید محەمەد زادە باشترین سیمورغی بۆ ڕۆڵی پاڵپشتی پیاو، و پەریناز ئیزەدیار باشترین سیمورغی بۆ ڕۆڵی سەرەکی ئافرەت بردەوه.
  • نەوید محەمەد زادە لە ماوەی مانگێکدا ١١ کیلۆ لە کێشی دابەزاندووە تاکوو بتوانێت بەباشی ڕۆڵی کەسێکی ئالوودەبوو بگێڕێت.
  • سەرەتا بڕیار بوو خانمە نواندنکار (مەهناز ئەفشار) ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێت لەم فیلمەدا و بەڵام دواتر نەگونجا، بۆ ئەمە ئەو خانمە دەڵێت کە زۆر بەداخەوە بووە.
  • بەپێی ڕای زۆرینەی ڕەخنەگرانی سینەما فیلمەکە بووە باشترین فیلمی ئەو ساڵە.
  • پەیمان مەعادی دەڵێت: "دەرهێنەر ئەوەندە جوان وردەکاری فیلمەکەی نوسیبوو، کە لێم پرسی ئایا خۆی یان کەسێکی خێزانەکەی ئالوودە بووە!؟".
  • لەبارەی ئەوەی چۆن توانیوویەتی ئەو هەموو وردەکارییە لەسەر خێزانێکی ئالوودە بە ماددەی هۆشبەر بەدەست بخات سەعید ڕوستایی دەرهێنەر دەڵێت: "پێشتر دەمویست فیلمێکی بەڵگەنامەیی دروست بکەم و نزیکەی دوو ساڵ کارم تێدا کرد. لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا ژن و پیاوێکی ئالوودەم دۆزییەوە کە دەیانویست منداڵەکانیان بفرۆشن. لە بەرانبەر هاوکاری لەم فیلمە بەڵگەنامەییەدا پارەیان لە من وەرگرت و پارەکەیان برد و هەڵهاتن. هەربۆیە کارەکە بە تەواونەکراوی مایەوە، هەر ئەمەش هۆکار بوو بۆ ڕووداوێکی باشی وەک درووستکردنی ئەم فیلمە".
  • مەهدی قوربانی کە ڕۆڵی نەوید دەگێڕێت دەڵێت: "بۆ ئەم فیلمە سێ جار تاقی کراومەتەوە جارێک لە بەردەم کارمەندانی دەرهێنەر، جارێکیش خودی دەرهێنەر و وەبەرهێنەر بەجیا و باوەڕیان نەدەکرد کە دەتوانم بەو جوانییە ڕۆڵ بگێڕم. سەعید ڕوستایی پێی وتم وابزانە من برای تۆم و هەرچیت ویست پێم بڵێ و شەرم مەکە، ئەمە وای لێ کردم زۆر ئاسوودەبم لە کارەکەدا".

خەڵاتەکان

خەڵاتی ناوخۆیی

  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین دەرهێنەر بۆ (سەعید ڕوستایی).
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین ڕۆڵی پاڵپشتی پیاو بۆ (نەوید محەمەد زادە).
  • براوەی باشترین خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین خانمە نواندنکاری ڕۆڵی سەرەکی بۆ (پەریناز ئیزەدیار).
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین دەرهێنەر لە بەشی نگای نوێ بۆ (سەعید ڕوستایی).
  • براوەی خەڵاتی سمورغی بلوورینی باشترین میکیاج لە بەشی نیگای نوێ.
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلم لە ڕوانگەی بینەرانەوە لە بەشی نیگای نوێ.
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین سیناریۆ.
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین مۆنتاژ. 
  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلم لە بەشی نیگای نوێ.

خەڵاتە بیانییەکان

  • خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی داکا ٢٠١٧.
  • خەڵاتی باشترین فیلمی پارسی لە ئوستوڕالیا ٢٠١٦.
  • خەڵاتی وێنەدانەوەی ئاڵتوونی لە ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی جنێف ٢٠١٦.
  • خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەت لە  ڤیستیڤاڵی فیلمی خیخۆن لە ئیسپانیا ٢٠١٦.
  • خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانگەی دەرهێنەرەکانی ئەمریکا ٢٠١٦.
  • خەڵاتی باشترین نواندنکار بۆ (پەیمان مەعادی) لە سینەمای ئەمریکادا ٢٠١٦.
  • خەڵاتی سیمورغی بلوورینی لە سینەمای ئیتاڵیا ٢٠١٧.
  • خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە سینەمای فەڕەنسا ٢٠١٦.


سەرچاوەکان



2443 بینین