باشترین کات بۆ پیادەڕەوی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-23-17:57:00 - کۆدی بابەت: 9511
باشترین کات بۆ پیادەڕەوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پیادەڕەوی (بە عەرەبی: المشي، بە ئینگلیزی: walking)، یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی گواستنەوە و جووڵە لە نێوان ئاژەڵ، زیندەوەران و مرۆڤ. بەگشتی پیادەڕەوی بە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی بوونەوەرەکان دادەنرێت.

ئایا بەیانییان باشترین کاتە بۆ پیادەڕەوی؟

وەرزشی بەیانیان یارمەتی ماسولکەکانی لەش دەدات بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەبن بۆ سووتانی شەکر و چەوری لە ڕۆژەکەدا، بۆیە بەباشترین کات دادەنرێت بۆ لاوازبوون و سووتانی چەوری، بەگوێرەی توێژینەوەكان مرۆڤ دەتوانێت ٪٢٠ـی چەوری لەش بسووتێنێت بە ئەنجامدانی وەرزشی بەیانیان پێش نانی بەیانی، بەڵام بە مەرجێک دوای ئەوە نانی بەیانی بخوات، بێگومان سووتانی چەوری تەنها سوودی پیادەڕەوی بەیانیان نییە، هەروەها دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن بدات بەتایبەتی بۆ کەسانی بەتەمەن و ئەو کەسانەی کێشیان زیادە.
جگە لە هەموو ئەمانە، پیاسەیەکی بەیانیان حاڵی مرۆڤ باش دەکات، کەواتە دەکرێت بڵێین بەیانی زوو باشترین کاتە بۆ پیادەڕەوی، دەستپێکردنی ڕۆژ بە چالاکییەکی تەندروست وا دەکات کە بە درێژایی ڕۆژەکە ئاسانتر بتوانیت تەندروستیت بپارێزیت، جگە لەوەش بەهۆی وەرزشی ڕۆژانە مێشکت ئارام دەبێتەوە.

سوودەکانی پیادەڕەوی لە بەیانیاندا

  • ٤٥ خولە‌ك ڕۆیشتنی خێرا لە‌ بە‌یانیاندا ئارە‌زووی خواردنی مرۆڤ لە‌ ڕۆژدا كە‌م دە‌كاتە‌وە‌.
  • وەرزشکردن لە کاتژمێر ٧ـی بەیانی یارمەتیدەرە تاکوو بەیانیان وزەمان زیاتر بێت و شەوان زووتر بخەوین.
  • پیادەڕەوی بەیانیان فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە.
  • بیرکردنەوە نەرێنییەکان پاک دەکاتەوە.
  • پیسبوونی هەوا لە بەیانیاندا کەمترە.

زیانەکانی پیادەڕەوی لە بەیانیاندا

  • باشترین کاتی پیادەڕەوی بۆ دابەزاندنی کێش پێش نیوەڕۆ یان شەوانە، بەگشتی نیوەی دووەمی ڕۆژ کالۆری زیاتر دەسووتێت.
  • بەیانیان پلەی گەرمی لەش نزمترە و ماسولکەکان توندترن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وزەمان کەمتر بێت بۆ وەرزشکردن.

ئایا نیوەڕۆ باشترین کاتە بۆ پیادەڕەوی؟

پیادەڕەوی پێش نانخواردنی نیوەڕۆ ڕێگری لە زیادەڕەوی کردن لە خواردن دەکات، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وەرزشکردن دوای ئەو ئەرکانەی کە لەڕووی دەروونییەوە قورسن، وەکوو نووسینی ڕاپۆرتێکی قورس، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، وادەکات مرۆڤ کەمتر مەیلی لە خۆراکی پڕ کالۆری بێت و ئارەزووی خواردنی تەندروستتر بکات.
لە ژینگەی کارکردنی ئەمڕۆدا ڕێژەی جووڵە کەمترە و چالاکی دەروونی زیاترە، هەر بۆیە نیوەڕۆیان پێش نانخواردنی نیوەڕۆ دەتوانێت باشترین کات بێت بۆ پیادەڕەوی، چونکە ترشی لاکتیک و گلوکۆز کە لە ئەنجامی وەرزشکردن لە جەستەدا بەرهەم دێن، وزە بۆ مێشک دابین دەکەن.
بەپێی توێژینەوەکان، توانای بڕیاردانی کەسەکان دوای وەرزشکردن زۆر بەرزدەبێتەوە، جگە لەوەش هێزی چارەسەرکردنی کێشەی داهێنەرانە زیاد دەکات، ئەو فشارە کەم دەکاتەوە کە بەهۆی سەرقاڵی بەیانییەوە دروست دەبێت، هەر بۆیە پێشنیار دەکەرێت کە نیوەڕۆیان پیادەڕەوی لەبیر نەکەن.

ئایا شەو باشترین کاتە بۆ پیادەڕەوی؟

ئەگەر تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرس بوویت، شەو باشترین کاتە بۆ ئەوەی بەپێ بڕۆیت، بەتایبەتی دوای نانخواردنی ئێوارە، توێژینەوەیەک لەسەر سوودەکانی پیادەڕەوی لە شەودا دەریدەخات کە ١٥ خولەک ڕۆیشتن لە شەودا دوای نانخواردن خێرایی هەرسکردن زیاد دەکات. جگە لەوەش رۆیشتن باشترین کاتی پیادەڕەوییە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی دڵەکزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆک. هەندێک کات تەنیا چەند خولەکێک وەرزشکردن کاتێکی تەواو دەدات بۆئەوەی بزانین شیرینیمان ناوێت. توێژینەوەیەکی دروست و نوێ دەریدەخات کە وەرزشکردن لە شەودا هەستی برسێتی زۆر کەمدەکاتەوە و جەستە ئامادە دەکات بۆ پشوودان.

ڕۆیشتن لەسەرەتای ڕۆژدا وزەی پێویست بۆ تەواوی ڕۆژەکە دابین دەکات، لەکاتێکدا ڕۆیشتن لەشەودا بە کەمکردنەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ، فشار لەسەر کەسەکە دوور دەخاتەوە، تا ئامادەبێت بۆ پشوودان، جگە لە هەموو ئەمانە، پیاسەکردن لەگەڵ هاوبەشی ژیان، منداڵەکانت یان هاوڕێکانت باشترین دەرفەتە بۆ باسکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژەکە، قسەکردن لەسەر پلانەکانی داهاتوو و بەسەربردنی کاتەکە دوور لە مۆبایل و تەلەڤزیۆن.

سوودەکانی پیادەڕەوی لە شەودا

  • پیادەڕەوی لە شەودا کالۆری زیاتر دەسوتێنێت لە چاو وەرزشکردن لە بەیانیاندا.
  • بەپێی توێژینەوەکان پیادەڕەوی لە شەودا شەکری خوێن ڕێکدەخات.
  • پیادەڕەوی دوای نانخواردنی ئێوارە یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ خێراکردنی کرداری هەرس.
  • ڕۆیشتن لە شەودا هەموو نیگەرانی و فشارەکانی ڕۆژ لە جەستە لادەبات و دەروون پاک دەکاتەوە.
  • بەپێچەوانەی باوەڕی باوەوە، وەرزشکردن لە درەنگانی شەودا خەوی شەوانە تێکنادات، بەڵکوو گرژی ڕۆژ ناهێڵێت و خەوتن و بارودۆخی پشوودانی باشتر دابین دەکات، بێگومان بەمەرجێک دوای وەرزشکردن یەکسەر نەخەویت و کات بدەیت بە جەستەت بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە.

زیانەکانی پیادەڕەوی لە شەودا

  • ڕۆیشتن بە پێ لە شەودا هێندەی ڕۆیشتن لە بەیانیاندا سەلامەت نییە.
  • بەگشتی پیسبوونی هەوا لە شەودا لە بەرزترین ئاستیدایە و هەڵمژینی پیسکەرە ژەهراوییەکان لە کاتی وەرزشکردندا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان هەبێت.
  • زۆرجار ماندوویەتی لە ڕۆژدا وا دەکات پیادەڕەوی لە شەودا قورس بێت.

باشترین کات بۆ ڕۆیشتن بەپێی توێژینەوەکان

بەپێی توێژینەوەیەکی پشت پێ بەستراو، پیادەڕەوی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک دوای نانی ئێوارە، دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەرزبوونەوەی گلوکۆزی خوێن دوای خواردن، واتا تەنیا شەو باشترین کات نییە بۆ پیادەڕەوی بۆ لاوازبوون، بەڵکوو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشتر هەرسکردنی خۆراک، تەندروستی دڵ، ڕێکخستنی شەکری خوێن و فشاری خوێن. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، ئەو کەسانەی کە تووشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بوون، لەبری ئەوەی دوای نانخواردن پشوو بدەن پیادەڕەوییان کردووە، نیشانەکانیان کەمتر بووە وەکوو دڵەکزێ.

باشترین کاتی پیادەڕەوی بۆ دابەزاندنی کێش

دابەزاندنی کێش یەکێکە لە هەزاران سوودە تەندروستییەکانی پیادەڕەوی، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن بچنە هۆڵی وەرزش یان وەرزشێکی قورس ئەنجام بدەن، ئەم کەسانە دەتوانن پیادەڕەوی ئەنجام بدەن وەکوو باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی لەشجوانی، تەندروستی جەستە و ڕۆح. توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە پیادەڕەوی دوای نانخواردن سوودی زیاتری بۆ تەندروستی هەیە. بێگومان پێویست‌ بڵێین ڕۆیشتن لە هە‌ر كاتژمێرێكی ڕۆژدا زۆرباشە بۆ تەندروستی جەستەیی و دە‌روونی مرۆڤەكان، بە‌ڵام ئەگەر دوای نانخواردن ئە‌نجام بدرێت ئەوا یارمەتی زۆری دابە‌زاندنی كێش و بەڕێو‌بردنی نەخۆشی شەكرە دەدات.


سەرچاوەکان



399 بینین