پیانۆ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-29-17:36:00 - کۆدی بابەت: 9602
پیانۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیانۆ یان ئامێری پیانۆ (بە ئینگلیزی: piano instrument یان pianoforte، بە عەرەبی: بیانو) ئامێرێکی تەختەکلیلە، بەهۆی بوونی ژێ و چەکوشە سەرسوڕهێنەرەکانی چەندین ئاوازی نایاب دروست دەکات. ئەم ئامێرە بە جووڵەی زۆری ژێیەکانی ناسراوە، بەشێوەیەکی گشتی پیانۆ لە ٥٢ کلیلی سپی و ٣٦ کلیلی ڕەش پێکهاتووە کۆی گشتی کلیلەکانی ئامێری پیانۆ ٨٨ کلیلە، بەڵام هەندێک جۆری ئامێری پیانۆ ژمارەی کلیلەکانیان کەمترە. دەربارەی ڕەنگی کلیلەکان دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونی یەکەم  باس لەوە دەکات کە کلیلەکانی پیانۆ بە کەڵبەی فیل و درەختی ئەبەنووسی ڕەش داپۆشراون لەبەر ئەمەش کلیلەکانی پیانۆ ڕەنگیان ڕەش و سپییە و ئەو دوو ڕەنگە ڕەنگی سروشتی کلیلەکانن. بۆچوونی دووەم پێیان وایە جیاوازی ئەم ڕەنگانە لە کاتی پیانۆ ژەنیندا یارمەتی پیانۆژەنەکان دەدەن. وشەی پیانۆ کورتکراوەی فۆرتپیانۆیە سەرەتا ناوی ڕەسەنی ئامێرەکە فۆڕتپیانۆ بووە، لە زمانی ئیتاڵیدا فۆڕت و پیانۆ بە واتای (نەرم) و (بەرز) دێن کە ئاماژەن بۆ دەنگی ئامێرەکە. ئامێری پیانۆ یەکێکە لە ئامێرە باوەکان لە ڕۆژاوادا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئارەزووی گوێگرتن و فێربوونی ئەم ئامێرە دەکەن.

مێژووی داهێنان

پیانۆ لە ساڵی ١٦٥٥ـ١٧٣١ لەلایەن (بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری) لە ئیتاڵیا داهێنرا. بارتۆلۆمیۆ کاری بۆ شازادە (فێردینادۆ دی مێدشی) دەکرد، چاودێری ئامێری هارپسیکۆرد (ئامێرێکە وەک پیانۆ وایە) و ئامێرە مۆسیقییەکانی تری دەکرد. ئامێری پیانۆ تاوەکوو گەیشتووە بە تازەترین جۆر و شێوەی خۆی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە، گۆڕانکارییەکان زیاتر لە ڕووی شێوە و قەبارەوە بوون.

چۆنیەتی ئیشکردنی پیانۆ

کاتێک دەست لەسەر کلیلەکانی پیانۆ دادەنرێت چەکوشە بچووکەکانی ناو ئامێری پیانۆ لە ژێیەکان دەدرێن، هەر کلیلێک بە چەکوشێک یان کۆمەڵە چەکوشێکەوە بەستراوە و هەر چەکوشێکیش بەر ژێیەک یان کۆمەڵە ژێیەک دەکەوێت. کاتێک چەکوشەکان بەر ژێیەکان دەکەون ژێیەکان دەلەرنەوە و دەنگ دروست دەکەن. لەرینەوەی ژێیەکان بۆ تەختەی دەنگی دەگوازرێنەوە، تەختەی دەنگی دەکەوێتە ژێر ژێیەکان و ئەم تەختەیە دەنگێکی تایبەت بە هەر پیانۆیەک دەبەخشێت، یارمەتی زیاتر بەرزکردنەوەی ئەو دەنگانەی کە لە پیانۆوە دەردەچن دەدات، هەروەها یارمەتی گواستنەوەی دەنگەکان بۆ هەوا دەدات. جگە لە چەکوشەکان لەناو پیانۆدا کپکەرەوەکان (damper) هەن، کاتێک ئیش بە پیانۆ ناکرێت کپکەرەوەکان لەرینەوەی ژێیەکان دەوەستێنن. کاتێک دەست لە کلیلەکانی پیانۆ دەدرێت کپکەرەوەکان لە ژێیەکان جیادەبنەوە، بەمەش ژێیەکان دەست بە لەرینەوە دەکەن و دەنگ دروست دەبێت، بەڵام کاتێک دەست لەسەر کلیلەکان لا دەبرێت کپکەرەوەکان دەچنەوە شوێنی خۆیان و ژێیەکان لە لەرینەوە دەوەستن.

ژێیەکان

هەرچەندە ٨٨ کلیل لەسەرئامێری پیانۆ هەیە، بەڵام زیاتر لە ٨٨ ژێ لە پیانۆدا هەیە، پیانۆیەکی ئاسایی ڕەنگە زیاتر لە ٢٣٠ ژێی هەبێت، هەندێک لە نۆتە بەرزەکان سێ ژێیان هەیە و هەندێک لە نۆتە نزمەکان دوو ژێیان هەیە بەهۆی ئەمەش ٢٣٠ ژێ یان زیاتر لەناو ئامێری پیانۆدا هەیە، تاوەکوو نۆتە جیاوازەکانی پیانۆ دروست ببن ژێیەکان ئەستووری جیاوازیان هەیە. نۆتە نزمەکان ژێیەکانیان ئەستوورترە بەبەراورد بە ژێی تۆنە بەرزەکان.

سوودەکانی گوێگرتن لە پیانۆ

  • دەتوانێت سوودی لە باشترکردنی بارودۆخی دەروونی هەبێت.
  • ئەو کەسانەی ئارەزووی ژەنینی پیانۆ دەکەن بە گوێگرتن لە پیانۆ زیاتر شارەزا دەبن.
  • کەمکردنەوەی فشار.
  • هەستکردن بە ئارامی لە کاتی خەودا.
  • هەندێک کات بۆ ئارامکردنەوەی منداڵان بەکاردێت.
  • زیاتر سەرنج خستنە سەر شتەکان.
  • یارمەتی دابەزینی پەستانی خوێن دەدات.
  • زیادکردنی توانای داهێنان.


سەرچاوەکان



1244 بینین