ڕوقیەی کچی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-07-23:49:00 - کۆدی بابەت: 9751
ڕوقیەی کچی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕوقیە یاخود ڕوقییە یان ڕوقەیەی کچی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: رقية بنت محمد ﷺ) دووەمین کچە گەورەی پێغەمبەر ﷺـە لە خاتوو خەدیجەی هاوسەری، خێزانی عوسمانی کوڕی عەففان بووە و نازناوی "دایکی عەبدوڵڵا" و "خاوەن دوو کۆچ"ـەکەی هەبووە، چونکە لە کۆچی یەکەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە و لە کۆچی دووەمی موسڵمانان بۆ شاری مەدینە بەشداری کردووە.

ژیاننامەی

بە حەوت ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی و دابەزینی سروش لە مەککە لەدایکبووە و پێغەمەر تەمەنی ٣٣ بووە کە بووەتە خاوەنی خاتوو ڕوقییە.
یەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ "عوتبەی کوڕی ئەبوولەهەب" کردووە، دوای بانگەوازی و بڵاوبوونەوەی ئیسلام، ڕوقییە ڕاستەخۆ باوەڕی تەواوی بە ئیسلام هێناوە، بەڵام هاوسەرەکەی هەر لەسەر بت پەرستی مایەوە، بەهۆی دژایەتی کردنی ئیسلامەوە لەلایەن ئەبوولەهەب و ژنەکەی و پاشان دابەزینی "سوورەتی المسد"، لەسەر داوای ئەبوولەهەبی باوکی عوتبە لە ڕوقیەی کچی پێغەمبەر ﷺ جیابووەوە.
پاشان ڕوقییە لە مەککە هاوسەرگیری لەگەڵ عوسمانی کوڕی عەففان کردەوە، لە کاتی کۆچی یەکەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە لەسەر داوای پێغەمبەر ﷺ ڕوقییە و عوسمان بە یەکەوە بۆ شاری حەبەشە کۆچیان کرد.
لە حەبەشە بوونەتە خاوەنی کوڕێک ناویان لێناوە عەبدوڵڵا بۆیە خاتوو ڕوقییە نازناوی دایکی عەبدوڵڵای هەبووە، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە هەر لە تەمەنی شەش ساڵی لە ساڵی چواری کۆچی ئەو کوڕەی کۆچی دوایی کردووە و دوای ئەو هیچ منداڵێکی تری نەبووە.

کۆچی دوایی

ڕوقییە لە جەنگی بەدر لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی دووی کۆچی بەرانبەر ٦٢٤ـی زایینی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە. کاتێک نەخۆش بووە و لە مەرگ نزیکبووەتەوە، پێغەمبەر ﷺ فرمانی بە عوسمانی کوڕی عەففانی هاوسەری کردووە کە لە نزیکی بمێنێتەوە و بەجێی نەهێڵێت، بۆیە عوسمانی کوڕی عەففان بەهۆی ئەوەی هاودەمی و هاوخەمی خێزانەکەی بووە، بەشداری جەنگی بەدری نەکردووە.

بەپێی گێڕانەوەکان کاتێک خاتوو ڕوقییە کۆچی دوایی کردووە عوسمانی کوڕی عەففان خۆی بەرپرسی پڕۆسەی ناشتنەکەی بووە و هەر لە مەدینە نێژراوە، لەو ڕۆژەدا موسڵمانان لە جەنگی بەدر بوونە و لەو ڕۆژە سەرکەوتنیان بەسەر بێباوەڕان بەدەستهێناوە، لە هەمان ڕۆژ هەواڵی سەرکەوتنی موسڵمانان لەلایەن زەیدی کوڕی حاریسەوە بۆ شاری مەدینە هێنراوەتەوە.


سەرچاوەکان



496 بینین