سەماکەرێک لە تاریکی (٢٠٠٠)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-11-22:50:00 - کۆدی بابەت: 9805
سەماکەرێک لە تاریکی (٢٠٠٠)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەماکەرێک لە تاریکیدا (بە ئینگلیزی: Dancer in the dark، بە عەرەبی: الراقصة فی الظلام)‌ فیلمێکە لەلایەن وڵاتی دانیمارکەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەرهەم هێنراوە. لە چەشنی درامی، تاوانکاری، مۆسیقییە. لە دەرهێنان و نووسینی (لاس ڤۆن ترێیر)ـە و بە بەشداری نواندنکاران بیۆڕک، کاسرین دینێڤ، دەیڤد مۆس، پیتەر ستۆرمە.
کاتی فیلمەکە ١٤٠ خولەکە و نمرەی ٧٫٩ـی پێدراوە لەلایەن ماڵپەڕی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان. 

چیرۆک

چیرۆکی فیلمەکە لە ساڵی ١٩٦٤ ڕوویداوە، سەلما ژنێکی گەنجی کۆمۆنیستە کە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و کوڕێکی هەیە بەناوی (کۆستیک)، سەلما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا تاکوو کار بکات و چارەسەری کوڕە نەخۆشەکەی بکات و لەو نەخۆشییە بۆماوەییە ڕزگاری بکات. سەلما خۆی بەهۆی نەخۆشییەکی بۆماوەییەوە چاوەکانی لەدەستداوە و نایەوێت کوڕەکەشی هەمان چارەنووسی ئەوی هەبێت، بۆیە هەموو قوربانییەک دەدات لە پێناویدا، لە کارگەیەک کار دەکات و خەونی ئەوەیە ببێتە سەماکەرێک، وادەزانێت ژیان لە ئەمریکا هاوشێوەی فیلمەکانی هۆڵیوودە، بەڵام نازانێت چی چاوەڕێی دەکات.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • دەرهێنەری فیلمەکە بۆ ماوەی ساڵێک هەوڵیدا تاکوو نواندکاری سەرەکی (بیۆڕک) ڕازی بکات ڕۆڵی سەلما بگێڕێت.
  • هەرچەندە فیلمەکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا لە ڤیستیڤاڵی کاندا، بەڵام فرۆشێکی باشی نەبوو لە بەریتانیا. تا ئەوەی کە ئەو کۆمپانیای فیلمەکەی بڵاوکردبوویەوە ڕایگەیاند ئەگەر فیلمەکەتان بە دڵ نەبوو ئەوا پارەی بلیتەکەتان بۆ دەگەڕێنینەوە. بەمەش توانی هەواداری زۆر ڕابکێشێت بۆ سینەما و لە ئەنجامدا تەنها پێنج کەس داوای پارەی بلیتەکەیان کرد.
  • دەرهێنەر لە سەرەتادا وای پێ باشبوو کە خۆی ڕۆڵی پیاوە تووڕەکە ببینێت، کە شەڕ دەکات لەگەڵ سەلما و کێتیدا. بەڵام بەهۆی پەیوەندیی نێوان خۆی و سەلما پەشیمان بوویەوە، چونکە پەیوەندییەکی پڕ ململانێیان هەبوو.
  • دوای تەواوبوونی وێنەگرتنی فیلمەکە، تەواوی زیندانەکە ڕەنگکرا بە ڕەنگی پەمەیی و دواتر بۆ وێنەگرتنی فیلمێکی تر بەکارهات.
  • کەسایەتی بیۆڕک چاویلکەی ئەستووری لە چاو دەکرێت، بۆ ئەوەی لە فیلمەکەدا بەباشی ببینێت هاوێنەی پزیشکی بەکاردەهێنا. 
  • کەسایەتی کێتی هاوڕێی نزیکی بیۆڕک، لە سەرەتادا وەک نواندنکارێکی ئەفریقی-ئەمریکی نووسرابوو، بەڵام دوای ئەوەی لەسەر ئەم فیلمەی بیست، حەزی خۆی بۆ نواندن لەم فیلمەدا بە دەرهێنەر وت، ئەویش کەسایەتی کێتی پێ بەخشی.
  • بیۆڕکی نواندنکاری مەزاجی بوو و کێشەی زۆری هەبوو لەسەر کار، بیۆڕک و دەرهێنەر کێشەی زۆریان هەبوو و قسەی زۆریان لەسەر دەکرا. هەر لەسەر ئەمەش بیۆڕک لە شوێنێکدا دەڵێت بەهۆی کێشەی زۆری لەگەڵ دەرهێنەردا بڕیاری داوە کە واز لە فیلمەکە بهێنێت، بەڵام بەهۆی ڕێزی بۆ نواندنکارەکانی تر ئەم کارەی ئەنجام نەداوە.
  • لە گرتەیەکی فیلمەکەدا بیۆڕک لەسەر درەختێکی ئەسپیندار پاڵدەکەوێت، لە زمانی سویدی و نەرویجیدا بیۆڕک بە واتای درەختی ئەسپیندار دێت، دەرهێنەر واتای ناوی ئەم نوانکارەی بەلاوە سەرنجڕاکێش بوو هەر بۆیە ئەم درەختەشی بەکارهێنا.
  • لە سەرەتای فیلمەکەدا چەند کرێکارێک دەبینرێت لەناو کارگەکەدا کە لە ناویاندا ژنێک و دوو منداڵی تێدایە، کە ژن و منداڵی دەرهێنەرەکەن.
  • هەرچەندە فیلمەکە باسی واشنتن دەکات بەڵام لە سوید کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە. کۆمەڵێک لە نواندکارەکانیش سویدین و بەڵام بە ئینگلیزی ئەمریکی قسەیان کردووە.
  • لەگەڵ ئەوەی فیلمەکە وەک فیلمێکی مۆسیقی ناسراوە، بەڵام یەکەمین بڕگەی مۆسیقی فیلمەکە لە خولەکی٤٠ـدایە. 
  • بیۆڕک دوای نواندنی لەم فیلمەدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە هیچ فیلمێکی تردا کاری نەکرد، پاشان گەڕانەوەشی بۆ سینەما ڕایگەیاند هەرگیز ئامادە نییە کە لەگەڵ لاس ڤۆن تێری دەرهێنەردا کار بکاتەوە.
  • لەماوەی وێنەگرتنی فیلمەکەدا بیۆڕک بەبێ ئەوەی دەرهێنەر و ئامادەکارانی فیلم ئاگادار بکاتەوە. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نەڕۆشتە سەر کار، بەهۆی ئەم کارە ناپەسەندەشییەوە گرووپی فیلمەکە بڕیاریاندا کە گاڵتەی لەگەڵدا بکەن، بەمەش دوای چوونەوەی بیۆڕک بۆ وێنەگرتنی فیلمەکە پێیان وت کە دەرهێنەر ئەمڕۆ ئامادە نییە بۆ دروستکردنی فیلمەکە.
  • فیلمەکە چەندین خەڵاتی بردووەتەوە وەک خەڵاتی باشترین خانمە نواندنکار بۆ بیۆڕک لە فێستیڤاڵی کان. هەروەها دەرهێنەر لاس ڤۆن تێر خاوەنی خەڵاتی خورمای ئاڵتوونییە بۆ ئەم فیلمە. هەروەها پاڵێوراو بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین میوزیک.


سەرچاوەکان



289 بینین