تەمیمی کوڕی حەمەدی کوڕی خەلیفەی ئالی دووەم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-13-23:18:00 - کۆدی بابەت: 9824
تەمیمی کوڕی حەمەدی کوڕی خەلیفەی ئالی دووەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ تەمیمی کوڕی حەمەدی کوڕی خەلیفەی محەمەد ئالی دووەم (بە عەرەبی: تميم بن حمد آل ثاني، بە ئینگلیزی: Sheikh Tamim bin Hamad Al Thani)، هەشتەمین ئەمیری جێنشینی دەسەڵاتداری وڵاتی قەتەڕە. لە ساڵی ٢٠١٣ دوای دەست لەکارکێشانەوەی شێخ حەمەدی باوکی لە دەسەڵات، بە فەرمی شێخ تەمیمی کوڕی بوو بە جێگرەوەی. شێخ تەمیم بووە گەنجترین دەسەڵاتداری نێو ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی عەرەبییە.

لەدایکبوون و ئەزموونی خوێندنی

تەمیمی کوڕی حەمەد لە سێی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٠ لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ لەدایکبووە، کوڕی چوارەمی شێخ حەمەدی کوڕی خەلیفەی ئال دووەمە، دایکی ژنی دووەمی باوکی بووە و ناوی "مۆزا مەسنەد"ـە. خوێندنی سەرەتایی لە قەتەر تەواوکردووە و بۆ خوێندنی ئامادەیی نێردراوە بۆ شانشینی یەکگرتوو، پاشان لە ساڵی ١٩٩٧ لە "خوێندنگەی شێربۆرن" بڕوانامەی بەدەستهێناوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ لە ئەکادیمیای ساندهێرستی سەربازی دەرچووە. سەرباری زمانی عەرەبی هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بەباشی دەزانێت. شێخ تەمیم لە ساڵی ٢٠٠٦ هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامێکی خۆی کردووە و بوونەتە خاوەنی سێ منداڵ، بەڵام لە ئێستادا شێخ تەمیم خاوەنی سێ ژنە و دە منداڵی هەیه.

ئەزموونی کارکردن و پۆستەکانی

لایەنی سەربازی

ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی لە کۆلێجی ساندهێرستی سەربازی گەڕاوەتەوە بۆ قەتەڕ و وەکوو سەرداری دووەمی فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی قەتەر دەستنیشانکرا. لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای ئەوەی برا گەورەکەی لە پۆستی جێنشینی دەستی لەکارکێشایەوە، بە فەرمی شێخ تەمیم کرا بە شازادەی جێنشینی باوکی، بۆیە هەر لە تەمەنی لاوییەوە پلە و پۆستی باڵای وەرگرتووە، هەر لە هەمان ساڵ بووە بە فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی قەتەڕ.

گرنگیدانی بە بواری وەرزش

شێخ تەمیم گرنگییەکی زۆر تایبەتی بە بواری وەرزش داوە ئامانجی بریتیبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی نێودەوڵەتی وەرزش لە وڵاتەکەی. بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٥ "کۆمپانیای قەتەر بۆ وەبەرهێنانە وەرزشییەکان"ـی دامەزراند کە لە ئێستادا خاوەن یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسییە.

لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە سەرۆکی ڕێکخەرانی خولی پازدەیەمینی یارییەکانی ئاسیا لە دەوحە، بەهۆی لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی کارەکان لەو ساڵەدا وەکوو باشترین کەسایەتیی وەرزشی لە جیهانیی عەرەبی هەڵبژێردرا و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا. هەر بەهۆی ئەوەوە وڵاتی قەتەر توانی لە ساڵی ٢٠١٤ میوانداری پاڵەوانیەتییەکانی مەلەوانی جیهانی کرد، هەروەها بەهۆی توانایی و هەوڵەکانی ئەوەو جامی جیهانیی فیفای ٢٠٢٢ لە قەتەڕ ئەنجام دەدرێت.

گرنگیدان بە بواری وەبەرهێنان

شێخ تەمیم بەڕێوبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیای وەبەرهێنانی قەتەرە، وەبەرهێنانی لە چەندان پڕۆژەی گرنگی جیهاندا کردووە نموونەی کۆمپانیاکانی بەریتانیا کە بە ملیاران دۆلار قازانجی تێدا کردووە. هەروەها پشکی وەبەرهێنان و قازانج کردنی لە چەندان بانکی جیهانی هەیە نموونەی هارۆدز و پارکلیز. تەنانەت پشکی وەبەرهێنانی لە فڕۆکەخانەی هێسرۆی لەندەن هەیە، هاوکات پشکی وەبەرهێنانی لە چوارەم درێژترین تاوەری ئەورووپا هەیە کە ناوی "تاوەری شارد"ـە.

خەڵاتە گرنگەکانی کە بەدەستی هێناوە

  • خەڵاتی شێخ زاید بن سوڵتان ئەلنەهیان کە مەدالیای میرنشینی ئیماراتی یەکگرتووی ساڵی ٢٠٠٤ـی پێبەخشی.
  • خەڵاتی عیسا بن سەلمان ئەلخەلیفە لە شانشینی بەحرەین کە لە ساڵی ٢٠٠٤ وەریگرتووە.
  • مەدالیای باڵای ئەنجوومەنی ئۆلۆمپی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدەستی هێناوە.

قەتەر لە سەردەمی دەسەڵاتی

لە ساڵی ٢٠١٣ دوای دەست لەکارکێشانەوەی شێخ حەمەدی باوکی لە دەسەڵات، لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنی بە فەرمی کرا بە شازادەی جێنشینی بەڕێوەبەری وڵات. شێخ تەمیم کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و کەسێکە متانەی زۆری بە دەسەڵاتەکەی و بڕیارەکانی هەیە، هاوکات پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژاوا زۆر بەهێزە بە تایبەتی وڵاتانی ئەمریکا و فەڕەنسا.

جیاواز لە سیاسەتی باوکی کە زیاتر تیشکی خستبووە سەر پەیوەندی و پرسە دەرەکییەکانی قەتەر، شێخ تەمیم گرنگی بە چارەسەرکردنی بارودۆخ و پرسە گرنگە ناوەکییەکانی وڵات دا، لایەنی ئابووری و بازرگانی پتەو کرد، هەردوو وەزارەتی ئابووری و کشتوکاڵی کردە یەک وەزارەت و ئابووری وڵاتەکەی بووژانەوە، هەروەها گرنگی تەواوی بە بواری وەرزشدا.

لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٧ قەیرانی دیپلۆماسی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتەڕ دەستیپێکرد، هەریەک لە سعوودیە، بەحرەین، ئیمارات، میسڕ، یەمەن، ئوردن و موریتانیا بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییه دیبلۆماسی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکە ڕابگرن، بەهۆی پاڵپشتی کردنی قەتەڕ بۆ چەند گرووپ و کەسایەتییەکی ئیسلامی کێشەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتەر زیاتر بوو، نموونەی پاڵپشتی کردنی قەتەر لە ئیخوان موسلیمین و یوسف قەرزاوی.


سەرچاوەکان



181 بینین