خۆشویستنی خود

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-20-23:36:00 - کۆدی بابەت: 9928
خۆشویستنی خود

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشویستنی خود (بە ئینگلیزی: Self love، بە عەرەبی: حب الذات) حاڵەتی نرخدانانە بۆ خودی کەسێک لەو چالاکییانەوە سەر هەڵدەدات کە پاڵپشتی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحیمان دەکات، خۆشویستنی خود واتە ڕێز و گرنگییەکی زۆر بۆ تەندروستی و دڵخۆشی خۆت دابنێیت، گرنگی بە پێویستییەکانت بدەیت و خۆت نەکەیتە قوربانی بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانی تر هەروەها خۆت نەخەیتە ژێر بارودۆخێکەوە کە شایەنی نەبێت.

خۆشویستنی خود لای خەڵکی مانای چییە؟

خۆشویستنی خود واتە خۆت پەسەند بکەیت وەک چۆن هەیت و بە کەسایەتی و هەستەکانت ڕازی ببیت و هەموو شتێکی خۆتت خۆش بوێت، دانانی تەندروستی جەستەیی و دەروونیت لەسەروو هەموو شتێکەوە، خۆشویستنی خود لای ئەو کەسانەی کە تازە دەست دەکەن بە خۆشویستنی خۆیان ئەم مانایە دەبەخشێت:

  • قسەکردن دەربارەی خۆت بە خۆشەویستییەوە
  • بەرز ڕاگرتنی خۆت
  • دوورکەوتنەوە لە بڕیاردان لەسەر خۆت
  • متمانەبەخۆبوون
  • ڕاستگۆبوون لەگەڵ خۆت
  • نەرم و نیانی بەرامبەر بە خۆت
  • دانانی سنووری دروست بۆ خۆت
  • لێخۆشبوون لە خودی خۆت لە کاتێکدا ڕاستگۆ و نەرم و نیان نەبوویت لەگەڵ خۆتدا

لای هەندێک کەسانی تر خۆشویستنی خود مانای گرنگیدانە بە خود وەک:

  • گوێگرتن لە جەستەی خۆت
  • وەرگرتنی پشوو لە کار و دابینکردنی کات بۆ خۆت
  • بەکارنەهێنانی مۆبایل و ئەنجامدانی چالاکی داهێنەرانە
  • خواردنی خۆراکی تەندروست و چاوپۆشیکردن لە خۆت لە کاتی خواردنی خۆراکە ئارەزوومەندەکانت

بۆچی دەبێت خۆمان خۆش بوێت؟

خۆشویستن و پەسەندکردنی خۆت هەمیشە یارمەتیت دەدات بڕیارە باش و دروستەکان بدەیت لە ژیانتدا، کاتێک خۆت لەسەرووی هەموو شتێک دادەنێیت ئەو شتانە بۆ ژیانت هەڵدەبژێریت کە پەروەردەت دەکات و بەباشی خزمەتت دەکات و ژیانت بەرەو پێش دەبات ئەوانەش لە خواردنی تەندروست و وەرزشکردن و هەڵبژاردنی پەیوەندییە دروستەکان خۆیان دەبیننەوە، هەروەها پێویستە دایک و باوکان منداڵەکانیان هەر لە بچووکییەوە فێربکەن خۆیان خۆشبوێت چونکە یارمەتییان دەدات لە ژیان و پەیوەندییەکانیان سەرکەوتوو ببن.

چۆن خۆمان خۆش بوێت؟

چەند ڕێگایەک بۆ خۆشویستنی خود:

  1. هۆشیاربوون: بۆ ئەوەی خۆتت خۆشبوێت هەوڵبدە خۆت بناسیت و لە بیرکردنەوە و هەستەکانت تێبگەیت و پێویستییەکانت بزانیت.
  2. ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانت لەسەر بنەمای پێویستییەکانت نەک خواستەکانت: جەختکردنەوە لەسەر ئەو شتانەی کە پێویستن لە کەوتنە کێشەوە و ئەنجامدانی هەندێک ڕەفتار بەبێ بیرکردنەوە و مانەوە لە ڕابردوودا دوورت دەخاتەوە.
  3. گرنگی بە خۆت بدە: تۆ خۆتت زیاتر خۆش دەوێت کاتێک گرنگی بە خۆت دەدەیت و خواردن و خەوت تەندروستە و وەرزش دەکەیت و کارێک ئەنجام نادەیت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت تێکبچن و دڵتەنگت بکەن، گرنگیدان بە قژ و پێست چونکە هەستی دڵخۆشی و خۆشەویستی بە مرۆڤ دەبەخشن.
  4. کارەکانت بە خۆشەویستییەوە ئەنجامبدە نەک لەبەر ئەوەی ناچاریت: بەڵکوو بەهۆی ئەوەی گرنگە بەلاتەوە کە ئەمەش ڕێزگرتنت بەرامبەر خۆت زیاتر دەکات.
  5. نەرم و نیانی و ئارامی و لەسەرخۆیی و میهرەبانبوون بەرامبەر بە خۆت: یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ خۆشویستنی خۆت و کەسایەتیت.

تەندروستی دەروونی و خۆشویستنی خود

چەندین توێژینەوە سەلماندوویەتی خۆشنەویستن و پەسەند نەکردنی کەسایەتی، گەورەترین هۆکاری دروستبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و هەوڵدانە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان لە چەندین کەسدا، خۆشویستنی خۆت وا دەکات بتپارێزێت لە چەندین نەخۆشی دەروونی و نائاسوودەبوون بەرامبەر خەڵکی، ئەو کەسانەی بەها بۆ خۆیان دادەنێن و ڕێز لە خۆیان دەگرن گوێ نادەن بە قسەی خەڵکی و لەبەر ئەوەی کەسانی تر کەسایەتی ئەوانیان لا پەسەند نییە خۆیان دڵگران ناکەن، خۆشویستنی خۆت مانای ئەوە نییە خۆپەرستیت بەڵکوو مانای ئەوەیە ڕێز بۆ خۆت دادەنێیت.


سەرچاوەکان



2570 بینین