ئەو ڕەفتارانەی کە نابێت کچان ئەنجامی بدەن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-21-22:48:00 - کۆدی بابەت: 9947
ئەو ڕەفتارانەی کە نابێت کچان ئەنجامی بدەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو ڕەفتارانەی کە نابێت کچان ئەنجامی بدەن (بە عەرەبی: سلوكيات التي لا یجب علی البنات اتباعها، بە ئینگلیزی: the behaviors girls shouldn't doزۆرێک لە خانمان تەنیا سەرنج دەخەنە سەر ڕوخسار و شێوەی دەرەوەیان بۆئەوەی سەرنجڕاکێش بن، بەڵام کاریگەری بکەنە سەر کەسانی تر، توانا و سەرنجڕکێشی خۆیان نیشان بدەن، شتێکی زیاتر لە جوانی ڕووکەش پێویستە، خانمی سەرنجڕاکێش و مەتین، تەنیا گرنگی بە جلوبەرگ و شێوەی ڕووکەشی نادات، بەڵکوو بۆئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێش بێت ڕەچاوی هەندێک خاڵی تر دەکات.

ڕەفتارەکان

ئەو ڕەفتارانەی کە لە سەرنجڕاکێشی خانمان کەم دەکەنەوە:

  1. نەبوونی ئامانج و پلان بۆ ژیان: کەسانی بێ ئامانج کە هیچ پلانێکی دیاریکراویان بۆ ژیان و داهاتوویان نییە، ناتوانن گۆڕانکاری گەورە لە ژیانیاندا بکەن و هەموو تەمەنیان بەبێ ئەوەی بزانن لەبەرچی و بۆچی دەژین، بەفیڕۆ دەدەن. ئەو کەسانەی کە ئامانج و پلانیان هەیە و هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لە چاوی کەسانی تردا زیاتر سەرنجڕاکێشن، بۆیە ئەگەر هەرگیز ئامانجت نەبووە، هەوڵبدە پلان و ئامانجی خۆت دابنێیت و هەنگاوی بچووک بۆ هەر یەکێک لە ئامانجەکانت بنێیت، بەشێوەیەک بژی کە شانازی بە خۆتەوە بکەیت، بۆئەوەی کەسانی تریش شانازی پێوە بکەن.
  2. زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: ئەو خانمانەی کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشیان هەیە بەزۆری سەرنجڕاکێشترن، ئەو کەسانە سەرنجڕاکێشن لای مرۆڤەکان کە ڕەفتاری باش و ڕێز نیشان دەدەن، لەبەر ئەوە ئەگەر زۆر نوقم بوویت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی زۆری کاتە بەنرخەکانت لە کاری بێ سوودی وەکوو گەڕان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەیت، لەلای کەسانی تر سەرنجڕاکێش نابیت.
  3. هەمیشە ڕازیبوون بە هەموو شتێک: ئەگەر تۆ یەکێکی لەو کەسانەی کە هەمیشە لەگەڵ هەموو شتێک هاوڕایت، سەرنجڕاکێش نیت، کەسانێک کە توانای وتنی نەخێریان نییە و پێیان وایە مافی ڕادەربڕینیان هەیە تا ئەو کاتەی لەگەڵ کەسانی تر هاوڕابن، توانای ئەوە لە خۆیاندا نابینن کە بیانەوێت لەسەر بابەتێک ڕای جیاواز و پێچەوانەی ئەوانی تریان هەبێت، ئەم کەسانە بەها بۆ بیرکردنەوە و بۆچوونی خۆیان دانانێن، کەواتە نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەن لە دیدی ئەوانی ترەوە سەرنجڕاکێشبن.
  4. بەدوای گۆڕینی ئەوانی ترەوە بیت: خانمی سەرنجڕاکێش سەرنجی دەخاتە سەر ڕەفتارەکانی خۆی و هەستەکانی کۆنتڕۆڵ دەکات، دەزانێت هەتاکوو کەسێک خۆی نەیەوێت بگۆڕێت، هیچ گۆڕانێک لەو کەسەدا ڕوو نادات، بۆیە کاتەکانی بۆ گۆڕانکاری لە خۆیدا دادەنێت لەبری ئەوەی کەسانی تر و جیهانی دەورووبەری بگۆڕێت.
  5. خۆبەکەمزانین: هەمیشە ئەو خانمانە سەرنجڕاکێشن کە متمانە بەخۆبوونێکی باشیان هەیە، ئەو کەسانەی کە بەکەم سەیری خۆیان دەکەن و بەهای خۆیان لەناو بردووە، ڕێز لە خۆیان و پێویستی، ئارەزوو و هەستەکانیان ناگرن، ئەم کەسانە لە چاوی کەسانی تردا سەرنجڕاکێش نین.
  6. بێتوانایی لە بەرگریکردن لە خۆی: ئەو کەسانەی کە بەهۆی ترس و فشارەوە لە قوتابخانە، شوێنی کار یان تەنانەت لە ماڵەوە، ناتوانن بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و داوای مافی خۆیان بکەن بەبێ پێشێلکردنی مافی کەسانی تر، سەرنجڕاکێش نابن، ئەگەر دەتەوێت کەسێکی کاریگەر و سەرنجڕاکێش بیت، دەبێت سەرەتا ڕێز لە خۆت بگریت و توانای ئەوەت هەبێت بەرگری لە خۆت بکەیت.
  7. بێ بەهاکردنی ساتەکانی ژیان: هەتاکوو مرۆڤ زیاتر نرخی ساتەکانی ژیانی بزانێت، کەسایەتییەکەی لای خۆی و ئەوانی تریش سەرنجڕاکێشتر دەبێت، کەسانی سەرنجڕاکێش و شکۆمەند دەزانن کە ئەزموونی ژیان زۆر بەنرخە، بۆیە هەمیشە سوپاسگوزارن.
  8. هەمیشە نیگەرانی ڕووکەش بیت: زۆرێک لە خانمان لە شێوەی ڕوخساری خۆیان ڕازی نین، هەندێکیان عەیبە زۆر بچووکەکانی ڕوخسار یان جەستەیان زۆر گەورە دەکەن و نیگەرانی دەبن، ئەو خانمانەی بەردەوام خۆیان بەناشرین دەبینن، پەنا دەبەنە بەر نەشتەرکاری جوانکاری و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاری لەپێناو باشتر دەرکەوتنی ڕوخساریان، هەروەها هەرگیز بەبێ ئارایشت لەبەردەم کەسانی تر دەرناکەون، دەبێت بزانن ڕوخسارێکی پڕ لە ئارایشتی دەستکرد بەهیچ شێوەیەک سەرنجڕاکێش نییە.
  9. هەمیشە گلەییکردن: زۆرێک لە خانمان هەمیشە خەریکی گلەیی و گازندەکردنن بە بۆچوونی زۆر کەس ئەو خانمانەی کە بەردەوام گلەیی دەکەن، بەهیچ شێوەیەک سەرنجڕاکێش نین، ئەگەر کەسێکی بە گلەییت، ئەم خوە تەرک بکە، چونکە ئەگەر بەردەوام بیت لەسەری بەئەگەری زۆر هەندێک لە هاوڕێکانت لەدەست دەدەیت.
  10. زیاد لەپێویست وابەستەبوون بە کەسانی ترەوە: ئەو خانمەی کە وابەستەی کەسێک بێت (بەتایبەت پیاوەکەی)، هەمیشە بەوەوە نووساوە و بەبێ ئەو ناتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، لەچاوی کەسانی تردا سەرنجڕاکێش نییە.


سەرچاوەکان



1017 بینین