موحەڕەم محەمەد ئەمین

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-22-23:50:00 - کۆدی بابەت: 9962
موحەڕەم محەمەد ئەمین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موحەڕەم محەمەد ئەمین (بە ئینگلیزی: Muharram Mhamad Amin)، یەکێک بووە لە نووسەرە کوردە دیارەکانی سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەم، لە ساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ٢٣ی تەممووزی ساڵی ١٩٨٠ لەسەر چالاکیی سیاسیی بانگ کراوە بۆ ئەمنە سوورەکە و گرتوویانە، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە و کۆچی دوایی کردووە.

ناو موحەڕەم محەمەد ئەمین
ساڵی لەدایکبوون ١٩٢١
شوێنی لەدایکبوون گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی
پیشە نووسەر
زمان کوردی، عەرەبی
نەتەوە کورد
ساڵی مردن ٢٣ی تەممووزی ١٩٨٠
شوێنی مردن شاری سلێمانی

خوێندن

موحەڕەم لە ساڵی ١٩٢٨ خراوەتە بەر خوێندن و لە ساڵی ١٩٣٦ قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کردووە، هەروەها لە ساڵی ١٩٤٣ قوتابخانەی دواناوەندی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٨دا لە کۆلێژی مافەکان لە شاری بەغداد وەرگیراوە، پازدە ڕۆژ خوێندوویەتی، بەڵام لەبەر ھەندێک تەنگ و چەڵەمەی تایبەتی خوێندنەکەی بەجێیھێشتووە.

بەشێک لە کارەکانی

موحەڕەم محەمەد لە ساڵی ١٩٤٤ لە بەڕێوەبەرایەتی ئازووقەی شاری سلێمانی وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٤٥ لە بەڕێوەبەرایەتی مەعاریفی شاری سلێمانی بووە بە مووچەخۆر، لە پاشاندا بووە بە ئەمینداری نامەخانەی گشتی شاری سلێمانی. لە ساڵی ١٩٥٢ تا ساڵی ١٩٥٦ لە بەڕێوەبەرایەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی مەلاریا لە سلێمانی دامەزراوە.

لە ساڵی ١٩٦٠ بۆ ١٩٦١ بەشداری لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئەدەبی مانگانەی ڕۆژی نوێ کردووە و ھەندێک بەرھەمی تیادا بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی بە مووچەخۆر دامەزراوە و دواتر بووەتە سەرۆکی شارەوانی. لە ساڵی ١٩٧٥ لە دەزگای ھاوکاری بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە سەرنووسەری گۆڤاری بەیان بووە و لە ساڵی ١٩٧٧ خانەنشین بووە.

بەرهەمەکانی

  • مام ھۆمەر (چیرۆک) ھەولێر – چاپخانەی کوردستان ١٩٥٤.
  • گۆمی شڵەقاو (چیرۆک) بەغداد ١٩٥٧ – چاپخانەی ئەسعەد.
  • یادی گۆڕستانەکە (وەرگێڕان لە عەرەبییەوە) ١٩٥٨.
  • گردی شەھیدان (چیرۆک) چاپی یەکەم – سلێمانی ١٩٥٨ – ٢٤ لاپەڕە، چاپی دووەم – سلێمانی ١٩٥٩ – ٦٤ لاپەڕە.
  • ڕێگای ئازادی – سلێمانی ١٩٥٩ – ٦٤ لاپەڕە.
  • شۆڕشی بەرزان – (وەرگێڕان لە عەرەبییەوە) ١٩٥٩ – ٦٥ لاپەڕە.
  • مەبدەئە بنەڕەتیەکانی فەلسەفە – سلێمانی ١٩٦٠ – ١٠٤ لاپەڕە.
  • ئادەمیزاد (چیرۆک) سلێمانی ١٩٦٩ – ٣٦ لاپەڕە.
  • مافی بڕینەوەی دواڕۆژ (وەرگێڕان لە عەرەبییەوە) سلێمانی ١٩٧٢ – ٦٢ لاپەڕە.


سەرچاوەکان



221 بینین