چۆن بوەستین لەوەی خۆمان بەخت بکەین بۆ دەوروبەر؟

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-08-31-17:40:00 - کۆدی بابەت: 10090
چۆن بوەستین لەوەی خۆمان بەخت بکەین بۆ دەوروبەر؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەسانی خۆبەختکار (بە ئینگلیزی: People-pleaser) بەو کەسانە دەوترێت کە هەموو شتێک دەکەن لە پێناو دڵخۆش کردنی ئەوانی تردا. بەشێوەیەکی گشتی بوون بە کەسێکی میهرەبان و یارمەتیدەر شتێکی باشە، بەڵام زیادەڕەویکردن و قوربانیکردن لە پێناو ئەوانی تردا وادەکات هەست بەوە بکرێت کە لە پێناو ئەوانی تردا بەکارهێنراویت و فشار و دڵەڕاوکێ دروست دەکات.

خۆبەختکردن

خۆبەختکردن لە پێناو کەسانی تر بریتییە لەو کردارەی کە پێویستی و خواستەکانی کەسانی تر لە پێش پێویستی و خواستەکانی خۆت دابنێیت. خۆبەختکارەکان بە کەسانێکی گونجاو لەگەڵ دەوروبەردا دادەنرێن و زۆرجار بە کەسانی پەسەند و یارمەتیدەر و باش دێنە بەرچاو، هەرچەندە کێشەی فەرامۆشکردنی خۆیانیان هەیە کە دەیانگەیەنێت بەوەی خۆیان بە تەواوەتی بکەنە قوربانیی دەوروبەر و خۆیانیان بیر بچێتەوە. خۆبەختکردن پەیوەندی بە سیفەتێکی کەسایەتییەوە هەیە کە پێی دەوترێت سۆسیۆترۆپی (sociotropy)، یان گرنگیدانێکی زۆر بە دڵخۆش کردنی کەسانی تر و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندییان وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان. هاوکات بوون بە کەسێکی خۆبەختکار لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ هەبوونی بارێکی نەخۆشیی دەروونییەکانی وەک:

نیشانەکانی کەسانی خۆبەختکار

  1. زۆر بە قورسی دەتوانن بڵێن “نەخێر”.
  2. هەمیشە لە خەمی بیرکردنەوەکانی کەسانی چواردەوریانن. 
  3. وا دەزانن بە وتنی نەخێر بۆ کارێک کە بۆیان ناگونجێت، ناشرین دەبن.
  4. ڕازیبوون بە کردنی ئەو شتانەی کە نایانەوێت بیکەن و تەنیا لە پێناو کەسانی تردا دەیکەن.
  5. لەگەڵ بەرزنرخاندنی خۆیان ململانێیان هەیە و لە بەرانبەر هەڵەیەکدا کە ئەنجامیان نەداوە خۆیان تاوانبار دەکەن.
  6. کاتی زۆریان نییە چونکە هەمیشە سەرقاڵی قوربانین لەپێناو ئەوانی تردا.
  7. خۆیان بە هاوڕای بیرۆکەکانی دەوروبەریان دەزانن تەنانەت ئەگەر بیرکردنەوەکانیشیان جیاواز بێت.

کەسانی خۆبەختکار هەستەکانیان بە بیرکردنەوەی کەسانی ترەوە دەبەستنەوە، بە قبووڵکردنیان لەلایەن ئەوانەوە دڵخۆش دەبن و بە ڕەتکردنەوەیان نیگەران دەبن و زۆر هاوسۆز و خەمخۆرن. هاوکات ئەم هەستانە پێویستە دەستیان بەسەردا بگیرێت چونکە دەبنە هۆی خۆبەکەمبینین و دروستکردنی خواستی زیادەڕەویکردن لە خۆبەختکردندا.

هۆکارەکانی بوون بە کەسێکی خۆبەختکار

بۆ ڕێگریکردن لە بوون بە کەسێکی خۆبەختکار، پێویستە ئەو هۆکارانە بزانرێت کە ئەم جۆرە کەسایەتییە دروست دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە:

  1. کەمی ڕێزگرتن لە خود: بە کەم نرخاندنی خواست و پێویستییە تایبەتییەکانی خود، دەبێتە هۆی دروستبوونی حەزی خۆبەختکردن لە پێناو ئەوانی تردا، بەهۆی کەمیی هەستی باوەڕبەخۆبوونەوە کەسانی خۆبەختکار پێویستیان بە هۆکارێکی دەرەکی هەیە تاوەکوو هەست بە بەهای خۆیان بکەن هەربۆیە وا بیردەکەنەوە کە قوربانیدان بۆ دەوروبەریان وا دەکات بە تەواوی قبووڵ بکرێن و هەبوونیان بە هەند وەربگیرێت. 
  2. نادڵنیایی: لەلایەکی ترەوە، ئەوانەی خۆبەختکارن گومانیان لەوە هەیە کە بە دڵی دەوروبەریان بن، هەر بۆیە هەوڵدەدەن کردار گەلێکی قوربانیدەرانە ئەنجام بدەن تاوەکوو دڵخۆشیان بکەن.
  3. هەوڵدان بۆ تەواو بەدڵبوون لەلایەن دەوروبەرەوە: هەندێک کەس دەیانەوێت هەموو شتێک هەر ئەوەندە بێت کە ئەوانی تر بە دڵیانە و ئەوە بە کامڵبوون و بەسبوون دەزانن.
  4. ئەزموونی ڕابردوو: ڕەنگە ئەزموونە ئازاربەخش و پڕ سەختییەکان و زەبرە تووندەکانی ڕابردووش کاریگەر بن بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی خۆبەختکار. بۆ نموونە ئەو کەسانەی ئەزموونی ئازاردان و تووندووتیژییان کردووە دەیانەوێت هەموو کارێک ئەنجامبدەن بۆ ڕازیکردنی بەرامبەریان تاوەکوو تووشی کردەوەیەکی ناشرین و سووکایەتیکردن نەبنەوە.

کاریگەرییەکان بوون بە کەسێکی خۆبەختکار

بوون بە کەسێکی خۆبەختکار کارێکی تەواو چەوت و خراپ نییە، نیگەرانبوون و بایەخدان بە کەسانی تر بەشێکی گرنگە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەگەر هۆکاربێت بۆ کەمبوونەوەی باوەڕبەخۆبوون و گوێ نەدان بە خۆشبەختی خود و لەناوبردنیان بەهۆی لە پێشینە دانانی خۆشبەختی کەسانی ترەوە ئەوا ئەوکات دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە. هاوکات لە نێوان بوون بە کەسێکی بەڕێز و مامەڵە جوان و کەسێکی خۆبەختکاردا جیاوازی هەیە، مرۆڤەکان زۆرجار کرداری جوان ئەنجام دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک وەک هەستکردن بەباشی، بۆ یارمەتیدانی بەرانبەر، بۆ کردنی چاکەیەک یاخود بۆ وەرگرتنەوەی پاداشت هەر بۆیە ئەگەر کارێک دەکەیت تەنیا لەبەر ئەوەی دەترسیت ڕەتبکرێیتەوە و کاتێک وتت “نەخێر” وا بکات بە کەسێکی شیرین گفت نەناسرێیت ئەوا ئەگەرێکی زۆر هەیە ببیتە کەسێکی ئاسان بۆ خەڵکی تا بتکەن بە کەسێک خۆی لە پێناویاندا بەخت بکات.
بوون بە کەسێکی خۆبەختکار دەبێتە هۆی:

  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
  • زوو توڕەبوون و هەڵچوون.
  • دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندیی لاواز و ناڕاست.
  • وەک مرۆڤێکی لاواز و بێ ویست دەردەکەون.

چەند خاڵێک بۆ ڕێگریکردن لە بوون بە کەسێکی خۆبەختکار

خۆشبەختانە، چەند هەنگاوێک هەن بۆ ڕێگریکردن لە بوون بە کەسێکی خۆبەختکار و فێربوونی چۆنیەتی هاوسەنگکردنی ئەو حەزانەی بۆ دڵخۆشکردنی کەسانی تر هەن بەبێ خۆبەختکردن، ئەوانیش بریتیین لە:

  1. سنوور دانان: گرنگە سنووری ڕوون و تایبەت بە خۆت دابنێیت و پەیڕەویان بکەیت. ئەگەر کەسێک داوای کرد کە کارێکی زۆری بۆ بکەیت و لە پێناویدا زۆر بچێژیت، وای لێبکە کە هەست بەوە بکات لە سنووری تۆ دەرچووە و بەوە ڕازی نیت لە پێناویدا قوربانی بەخۆت بدەیت، هەروەها چەندەها ڕێگەی تر هەن بۆ دانانی سنوور لە ژیانتدا بۆ دوورکەوتنەوە لەوەی ببیتە کەسێکی ئاسان بەکارهێنراو بۆ دەوروبەر، بۆ نموونە پێویستە کاتی تایبەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکان دابنێیت و هاوڕێ و دۆستەکانت ئاگاداربن لەوەی کاتی خەوتن و کار و نانخواردنت تایبەتن و فەرامۆشیان ناکەیت. زۆر باشترە ئەگەر کاتێکی دیاریکراویان پێ بڵێیت چونکە لەوکاتەدا مێشکت سەرقاڵی هیچ شتێکی تری لاوەکی نابێت و باشتر ئاگاداری پەیوەندییەکان دەبیت.
  2. هەنگاوی بچووک بنێ: گۆڕانکاری گەورە و لە پڕ قورسە، بەم هۆیەوە زۆرجار سووربوون و بەردەوامبوون لەسەر هەنگاوە بچووکەکان ئاسانتر دێن بەدەستەوە، لەبەر ئەوە ساناتر و یارمەتیدەرتر دەبێت کاتێک بە هەنگاوی بچووک دەست دەکەیت بە کەمکردنەوەی خۆبەختکردنت لە پێناو ئەوانی تردا، بۆ نموونە کاتێک نامەیەکی تەلەفۆنیت بۆ دێت و لەو کاتەدا سەرقاڵیت، بە خۆت بڵێ “نەخێر” و وەڵام مەدەرەوە. پاشان کاربکە لەسەر ئەوەی بە کەسەکان بڵێیت نەخێر لە کاتێکدا کارێکت پێ دەکەن خواستی تۆی لەسەر نییە.
    هەوڵبدە بیروبۆچونی خۆت لەسەر شتە بچووکەکان دەرببڕیت یان تێیان بگەیەنیت کە تۆ چیت پێویستە چونکە هەرجارێک بە هەنگاوێکی بچووک دەست دەکەیت بە کەمکردنەوەی خۆبەختکردنت لە پێناو ئەوانی تردا ئەوکات زیاتر هەستی بڕوابەخۆبوونت زیاد دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە بەڕێوبردنی ژیانت بە ئاڕاستەیەکی شیاوتر و باشتر.
  3. ئامانج دانان و زانینی کارە یەکەمینییەکانت: تێڕابمێنە و بزانە دەتەوێت کاتەکانت لە کوێدا بەهەدەر بدەیت و دەتەوێت یارمەتی کێ بدەیت و ئامانجەکانت کامانەن کە ویستتە پێی بگەیت. زانینی کارە یەکەمینەکانت یارمەتیدەر دەبێت لەوەی بزانیت ئایا کات و وزەت هەیە بۆ ئەوەی بۆ کەسانی تری تەرخان بکەیت یان نا، هەروەها ئەگەر شتێک وزەی زۆر یان کاتی زۆری ویست، ئەوا هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی بنێ، وەک دانانی سنوور و ڕەتکردنەوەی ئەوەی خواستت لەسەری نییە ئەوکات هەست دەکەیت کە کاتی زیاترت هەیە تەرخانی بکەیت بۆ ئەو شتانەی یەکەمین و گرنگترینن بۆت.
  4. درێژکردنەوەی کات: لە کاتی داواکاری کەسێکدا، ڕاستەوخۆ وتنی بەڵێ و ڕازیبوون ڕەنگە وا بکات مرۆڤەکە هەست بە ناچارکردن بکات، هەر بۆیە مۆڵەتدان بە خۆت و وەرگرتنی کات یارمەتیدەر دەبێت لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا ئەو شتە ویستراوە یان نا. پێش بڕیاردان ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:ئایا ئەم کردارە چەند کاتی پێویستە؟
    ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە بەڕاستی دەمەوێت؟
    ئایا کاتم هەیە بۆ کردنی؟
    ئایا بە وتنی بەڵێ تا چ ڕادەیەک دوودڵیم زیاد دەکات؟
    توێژینەوەکان دەریان خستووە، وەستانێکی کەم پێش بڕیاردان وردی و دڵنیایی لە بڕیارەکەدا زیاتر دەکات.
  5. داواکارییەکە بخەمڵێنە: هەنگاوێکی تر بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا و نەبوون بە کەسێکی ئاسان لەبەرانبەریان، گەڕانە بەدوای ئەو نیشانانەی وادەکەن کەسانی تر سوود لە بەخشندەییت وەربگرن و پاشان هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان. لە خۆت بپرسە کە ئایا کەسانێک هەن کە هەمیشە شتێکیان لە تۆ دەوێت بەڵام تۆ لەو کاتەی پێویستت پێیانە بۆ گەڕاندنەوەی پاداشتەکەیان، بەردەست نین؟ یان زۆرجار کەسانێک هەن ئاگایان لە سروشتی بەخشندەیی تۆیە و هەمیشە داوادەکەن چونکە دەزانن ناڵێیت نەخێر.
  6. دوورکەوتنەوە لە بەهانە هێنانەوە: گرنگە کاتێک وتت نەخێر، سووربیت لەسەری و لۆمەی کەسانی تر نەکەیت لە کاتێکدا کاتی پێویستت نەبووە بەشداربیت لەو داواکاریی و بڕیارەی پێشکەشیان کردوویت. ئەگەر یەکجار بەهانە بهێنیتەوە ئەوکات ئەوانی تر خواستی زیاتر زانینیان بۆ دروست دەبێ و پرسیاری زۆرترت ئاڕاستە دەکەن بەم هۆیەوە هەوڵ بدە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بەکاربهێنیت کاتێک شتێک ڕەت دەکەیتەوە و بەرگری بکە لە داواکاریەکە بۆ زیادکردنی وردەکاریی ناپێویست دەربارەی بەهانەکەت و بیری خۆتی بخەرەوە کە “نەخێر” ڕستەیەکی تەواوە.
  7. لە بیرت بێت پەیوەندییەکان پێویستییان بە بەخشین و وەرگرتنە: دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و بەهێز بە بەخشین و پاداشتکردن لە بەرانبەردا دروست دەبێت، ئەگەر لایەنێک هەمیشە ببەخشێت و لایەنی بەرانبەر هەمیشە وەربگرێت مانای ئەوەیە کەسی بەخشەر ئەو شتانە فەرامۆش دەکات کە دەیەوێت، لە پێناو ویستی بەرانبەر، تەنانەت ئەگەر دڵخۆشبیت بەوەی کەسانی تر ڕازی بکەیت ئەوا گرنگە لە بیرت بێت کە هەندێک کات لە بەرانبەر بەخشیندا پێویستە پاداشت هەبێت.
  8. ئەو کاتەی کە دەتەوێت یارمەتی کەسانی دیکە بدە: پێویست ناکات وازبهێنیت لەوەی ببیتە کەسێکی باش و ڕەفتار جوان، چونکە ئەمانە ئەو جۆرە خاسییەتانەن کە خوازراون و بنیادنەری پەیوەندییەکی دروست و بەهێز و ماوەدرێژن. تەنیا لەبەر ترسی ڕەتکردنەوەت شتانێک مەکە کە زیادەڕەوی بێت، هەروەها بەردەوام بە لە کاری باشە بەڵام بە پێی ڕێسا و سنوورەکانی خۆت چونکە میهرەبانی داوای خەمخۆری و پاداشت ناکات بەڵکوو زۆر بە سادەیی، پێویستی بە ئارەزوویەکە بۆ باشترکردنی شتەکانی کەسانی دەوروبەر.


سەرچاوەکان



399 بینین