بانکی ناوەندیی ئەورووپی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-02-21:19:00 - کۆدی بابەت: 10120
بانکی ناوەندیی ئەورووپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بانکی ناوەندی ئەورووپی (بە ئینگلیزی: European Central Bank، بە عەرەبی: البنك المركزي الأوروبي) کورتکراوەی (ECB)، دەسەڵاتی بانکی ناوەندی ناوچەی یۆرۆیە، یەکێکە لە گرنگترین بانکە ناوەندییەکانی جیهان، کە پێکدێت لە ١٩ وڵاتی یەکێتی ئەورووپا کە یۆرۆیان وەک دراوی هاوبەش وەرگرتووە، ئەرکی سەرەکی بانکی ناوەندی ئەورووپی بریتییە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراو لە ناوچەکەدا بە بەڕێوەبردنی خستنەڕووی یۆرۆ و پاراستنی سەقامگیری نرخەکان.

دەربارەی بانکی ناوەندی ئەورووپی

لە ساڵی ١٩٩٨ لە پەیماننامەی ئەمستردام دامەزراوە، بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیایە. بانکی ناوەندی ئەورووپی و بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا سیستمی یۆرۆ پێکدەهێنن.

هەروەها بانکی ناوەندی ئەورووپی بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی دامەزراوە قەرزدەرەکان لە سیستمی یۆرۆ و لە وڵاتانی ئەندامی بەکارنەهێنەری یۆرۆ.

بانکی ناوەندی ئەورووپی لەلایەن ئەنجوومەنێکی حوکمڕانی سەرپەرشتی دەکرێت، کە لە شەش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پێکدێن، یەکێکیان وەک سەرۆک کاردەکات، لەگەڵ ١٩ پارێزگاری بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی تری ناوچەی یۆرۆ.

ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکمڕانی لەلایەن ئەنجوومەنی ئەورووپاوە دەستنیشان دەکرێن. بانکی ناوەندی ئەورووپی بە کۆنتڕۆڵکردنی خستنەڕووی یۆرۆ لە ناوچەکەدا سیاسەتی دراو بەڕێوەدەبات.

ئەگەر نرخەکان لە ناوچەی یۆرۆ دەستبکات بە بەرزبوونەوە، بۆ نموونە زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی خواست و کەمبوونەوەی لەناکاوی خستنەڕوو، بانکی ناوەندی بە خستنەڕووی یۆرۆ بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر نرخەکان وەڵام دەداتەوە، بە پێچەوانەشەوە.

زانیاری گشتی

بانکی ناوەندی ئەورووپی
ڕۆڵ بەڕێوەبردنی یۆرۆ، جێگیرکردنی نرخەکان و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری و دراوی یەکێتی ئەورووپا.
سەرۆک کریستن لاگارد
ئەندامان سەرۆک، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەورووپی و پارێزگاری بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکان لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا.
دامەزراندن ١٩٩٨
شوێن فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا

مێژووی بانکی ناوەندی ئەورووپی

بانکی ناوەندی ئەورووپی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٨ پاش پەیماننامەی ئەمستردام دروستکراوە. بانکی ناوەندی ئەورووپی بۆ یەکەمجار لە ١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەکارهێنا پاش ئەوەی دراوی یۆرۆ وەکوو دراوی فەرمی ناوچەی یۆرۆ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەو ماوەیەدا بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی ١١ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا ئەرکی سیاسەتی دراوی خۆیان بۆ بانکی ناوەندی ئەورووپی گواستەوە.

دواتر وڵاتانی یۆنان، سلۆڤینیا، قوبرس، ماڵتا، سلۆڤاکیا، ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٥ پەیوەندییان بە یەکێتی ئەورووپاوە کرد، فراوانکردنەکە مەودای بانکی گەورەتر کرد، هەروەها ئاماژەیەکی گرنگ بوو لە پرۆسەی ئاڵۆزی یەکگرتنی یەکێتی ئەورووپادا.

یەکەم سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەورووپی ویم دویسێنبێرگ بووە، سیاسەتوان و ئابووریناسێکی هۆڵەندی بووە کە لە ساڵی ١٩٩٨ تا ساڵی ٢٠٠٣ سەرۆکی بانکەکە بووە، پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی بەهۆی ناکۆکییەوە دەستی لە کار کێشایەوە، جێگەکەی بە فەڕەنسییەک پڕ کرایەوە. سەرۆکی ئێستا کریستن لاگاردە کە سیاسەتوان و پارێزەرێکی فەڕەنسییە.

بەڕێوەبردنی خستنەڕووی یۆرۆ

بانکی ناوەندی ئەورووپی تاکە دامەزراوەیە دەتوانێت ڕێگە بە چاپکردنی دراوی یۆرۆ بدات، هەروەها کاریگەری لەسەر خستنەڕووی یۆرۆ لە بازاڕدا هەیە، بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆی بڕی یۆرۆی بەردەست.

بانکی ناوەندی ئەورووپی چی دەکات؟

  • ڕێژەی سوودی ئەو قەرزانە دیاریدەکات کە بە بانکە بازرگانییەکانی ناوچەی یۆرۆی دەدات، بەم شێوەیەش کۆنتڕۆڵی خستنەڕووی پارە و هەڵاوسان دەکات.
  • یەدەگی دراوی بیانی ناوچەی یۆرۆ و کڕین یان فرۆشتنی دراوەکان بەڕێوەدەبات بۆ هاوسەنگکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ.
  • دڵنیا دەبێتەوە لەوەی بازاڕە داراییەکان و دامەزراوەکان لەلایەن دەسەڵاتە نیشتیمانییەکانەوە بەباشی سەرپەرشتی دەکرێن و سیستمی پارەدان بەباشی کاردەکات.
  • سەلامەتی و تەندروستی سیستمی بانکی ئەورووپی مسۆگەر دەکات.
  • ڕێگە بە بەرهەمهێنانی دراوی یۆرۆ دەدات لەلایەن وڵاتانی ناوچەی یۆرۆوە.
  • چاودێری ڕەوتی نرخەکان دەکات و مەترسییەکان بۆ سەقامگیری نرخەکان هەڵدەسەنگێنێت.

بانکی ناوەندی ئەورووپی چۆن کاردەکات؟

بانکی ناوەندی ئەورووپی لەگەڵ بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کاردەکات، پێکەوە سیستمی ئەورووپی بۆ بانکە ناوەندییەکان پێکدەهێنن. سەرکردایەتی هاوکاری نێوان بانکە ناوەندییەکانی ناوچەی یۆرۆ دەکات ئەمەش بە سیستمی یۆرۆ ناودەبرێت. ئەندامە بەڕێوەبەرییەکان:

ئەنجوومەنی حوکمڕانی یان ئەنجوومەنی بڕیاردان: هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە ئابووری و دراوییەکان دەکات، سیاسەتی ناوچەی یۆرۆ و ڕێژەی سوود دیاریدەکات کە بانکە بازرگانییەکان دەتوانن قەرز لە بانکی ناوەندی ئەورووپی بکەن.

دەستەی جێبەجێکار: سیاسەتی دراو جێبەجێ دەکات، کارەکانی ڕۆژانە بەڕێوەدەبات، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی حوکمڕانی ئامادە دەکات و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن ئەنجومەنی حوکمڕانییەوە پێی سپێردراوە.

ئەنجوومەنی گشتی: لە کاری ڕاوێژکاری و هەماهەنگی بەشداری دەکات، یارمەتیدەرە بۆ ئامادەکاری بۆ وڵاتانی نوێ کە پەیوەندی بە یۆرۆوە دەکەن.

وڵاتانی بەکارهێنەری دراوی یۆرۆ


سەرچاوەکان



607 بینین