چۆنیەتی دۆزینەوەی بەهرە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-02-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10129
چۆنیەتی دۆزینەوەی بەهرە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی دۆزینەوەی بەهرە (بە ئینگلیزی: How do you discover your talent، بە عەرەبی: كيف تكتشف موهبتك)، بەهرە ئەو جۆرە لێهاتووییەیە زۆرجار بەبێ ڕاهێنانکردن لەسەری و لە لەدایکبوونەوە لەگەڵ کەسەکەدایە. کاتی ئەوەیە هەوڵی دۆزینەوەی بەهرە و تواناکانت بدەیت. بەهرە دەکرێت هونەری، دەروونی یان جەستەیی، کەسایەتیی یان کۆمەڵایەتی بێت. دەشێت ئەو بەهرەیەی هەتە، بەسوود نەبێت و هەروەها لە هەموو کەسێدا نەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەوە شتێکی باش نییە. زۆر کەس گرفتیان لەگەڵ دۆزینەوەی بەهرەکانیاندا هەیە، واتە نازانن لە چی شتێکدا لێهاتوون. بە جێبەجێکردنی چەند تەکنیکێک دەتوانیت توانا و لێهاتووییەکانی خۆت بدۆزیتەوە و بەرەوپێشیان ببەیت. 

چەند ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانت

چاوەڕێ مەکە بەهرەکانت هەڕەمەکییانە دەرکەون

چاوەڕێ مەکە بەهرەکانت خۆیان دەربکەون بەبێ ئەوەی تۆ هەوڵی دۆزینەوەیان بدەیت، بۆ نموونە تۆ نازانیت کەسێکی بەهرەمەندیت لە ژەنینی گیتاردا ئەگەر هەوڵی ژەنینی نەدەیت. بەهرەیەک بدۆزەرەوە لات سەرنجڕاکێش بێت و هەوڵی دۆزینەوەی هەموو شتەکان بدە لەسەری، بیربکەرەوە شتەکە چییە و تۆ دەتوانیت چی بکەیت. ئەگەر هەرگیز هەوڵ نەدەیت، ئەوا هەرگیز ناتوانیت بیاندۆزیتەوە و ناتوانیت لێهاتووییەکانت دەربخەیت. دەتوانیت توانا سروشتییەکانت و لێهاتووییەکانت بدۆزیتەوە کاتێک بوێرییەکانت تاقیدەکەیتەوە و هەوڵی تاقیکردنەوە و ئەنجامدانی شارەزایی نوێ دەدەیت. ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببەوە و ئەرکە سەختەکان تاقیبکەوە تاکوو بەهرەکانی خۆتت بۆ دەربکەوێت. 

هەوڵبدە هەموو هەفتەیەک شتێکی نوێ تاقیبکەیتەوە. لەوانەیە ئەو شتە نەدۆزیتەوە کە زۆر تیایدا شارەزایت، بەڵام دەکرێت ئەمە ڕێگەیەک بێت بۆ دۆزینەوەی ئەو شتانەی وات لێ دەکەن هەست بە ئاسوودەیی بکەیت، لەوانەیە سەرنجت ڕاکێشێت و بتەوێت شتی زیاتر لەبارەیەوە بزانیت. لە ئەنجامدا ئەو چالاکییەی هەرگیز ئەنجامت نەداوە تاقیدەکەیتەوە.

بڕۆرە دەرەوە و هەست بە شتەکانی ناو سروشت بکە، چالاکییە وەرزشییە جیاوازەکان تاقیبکەوە، خولیاکانی وەک ماسیگرتن، شاخەوانی و پیادەڕەوی ئەنجام بدە تاکوو بزانیت ئارەزووت لە جێبەجێکردنیان هەیە یاخود نا. 

شتە ئاسانەکان تاقیبکەوە

ئەو شتانەی ئارەزووی کردنیان دەکەیت ئەنجامیان بدە، هەروەها ئەوانەی بەبێ بیرکردنەوە و هەڕەمەکییانە دەیکەیت. بەدوای خولیا و ئارەزووەکانتدا بگەڕێ، سەرنجت بخەرە سەر ئەو بەهرانەی ئاسان دێت بە دەستەوە. 

بۆ نموونە ئەگەر لە قوتابخانە دەخوێنیت، بزانە کام بابەتەت زۆر لات ئاسانە، ئارەزووی کردنی دەکەیت و کاتی بۆ تەرخان دەکەیت و چێژی لێ دەبینیت، یان چی بابەتێک لات پەسەند نییە و ئارەزووی کردنی ناکەیت. 
سەرنجت بخەرە سەر ئەو لێهاتووییانەی کەسانی تر لە تۆدا هەستیان پێ کردووە. هەندێک جار کەسانی دەوروبەر باشتر لە خودی خۆت دەتناسن و دەزانن لە چی شتێکدا لێهاتوویت. دەتوانیت پرسیار لە خێزان و هاوڕێ و مامۆستاکانت بکەیت، تاکوو بزانیت ئەوان سەرنجی چی لێهاتووییەکی تۆیان داوە. 

شتە سەختەکان تاقی بکەوە 

ئەو شتانەی لە ئەنجامدانیان دەترسیت بیانکە، بۆ نموونە لەوانەیە لە چوونە سەر سەکۆ یان لە قسەکردن لە شوێنێکی گشتیدا بترسیت. ڕووبەڕووی ئەرکە سەختەکان ببەوە و ئەو شتانە بدۆزەوە کە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی تیایدا باش بیت. (جەیمس ئێرل جۆنز) یەکێکە لە باشترین نواندنکارەکان لە مێژووی ئەمریکادا، هەمیشە کێشەی لەگەڵ ئەوەدا هەبووە لەناو خەڵکی و شوێنە گشتییەکاندا قسە بکات، بەڵام بەسەر ترسەکەیدا زاڵبووە و ڕووبەڕووی بووەتەوە. بە خۆشحاڵیەوە سەرکەوتوو بووەو و لەناو خەڵکدا بە بەهرەمەندترین نواندنکاری دەنگ لە تەواوی جیهاندا ناسراوە. 

دوای ئارەزووەکانت بکەوە

ئەو شتانەی بە بەردوامی لەسەر زمانتن و باسیان دەکەیت، تەنانەت لەوانەیە ئەوەندە باسیان بکەیت بە شێوەیەک دەوروبەرەکەت بێزارکردبێت، ئەو شتانەی هەموو کاتێک ئارەزووت بووە بیانکەیت ئەنجامیان بدە. دەتوانیت لە ڕێگەی ئارەزووەکانتەوە ئەو لێهاتوویی و بەهرانەی لە تۆدا هەیە بیاندۆزیتەوە. لەوانەیە ئارەزوویەکت هەبێت و وا هەست بکەیت هیچ پەیوەندی بە بەهرە و لێهاتووییەوە نییە بۆ نموونە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن یان فیلم. هەندێک کات بە خۆت بدە و پەلە مەکە، لەوانەیە بەهرەی باسکردن و شیکردنەوەی چیرۆک و فیلمت هەبێت. دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئارەزووەکانتەوە توانیت ئەو بەهرە شاراوەییەی خۆت بەدەربخەیت، هەوڵبدە بەرەوپێشی ببەیت و گرنگی پێ بدەیت. هەوڵبدە و بزانە چۆن دەکرێت لە بوارەکەدا لێهاتووتر بیت و باشتر بیت.

گرنگی بە سەرکەوتنەکانت بدە 

ئەگەر وا هەست دەکەیت کەسێکی بێ بەهرەیت و لە هیچ شتێکدا شارەزاییت نییە، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت لەبیرت کردبێت و بیرت نەکردبێتەوە چیت بەدەستهێناوە، واتە بیرت لە دەستکەوت و لێهاتوویەکانی خۆت نەکردبێتەوە. هەوڵبدە گرنگی بە سەرکەوتنەکانت بدەیت، بە بچووک و گەورەکانیشەوە. بە قووڵی بیربکەوە و بزانە چۆن دەتوانیت سەرکەوتنەکانت بە بەهرە و تواناکانتەوە ببەستیتەوە. 

بزانە بە زۆری پارەکانت لە چیدا خەرج دەکەیت 

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانت، ئەوەیە بزانیت زیاتر پارەکانت لە چیدا خەرج دەکەیت و چی دەکڕیت. بۆ نموونە ئەگەر کەسێکیت زۆربەی پارەکانت لە چوون بۆ هۆڵی لەشجوانی و کڕینی پێداویستییەکانی خەرج دەکەیت، ئەوا لەوانەیە ئارەزووی یاریکردنت هەبێت و لەو بابەتانەدا شارەزا و لێهاتوو بیت. 

بزانە بە منداڵی ئارەزووەکانت چی بووە

پرسیار لە دایک و باوک و خوشک و براکانت بکە، بزانە بە منداڵی ئارەزووی چی شتێکت هەبووە. لەوانەیە تۆ نەتوانیت ئەمە بزانیت و شتەکانت بەجوانی لەبیر نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان لە بیریانە و ئەمانە ئەو کەسانەن لە هەموو کەسێکی تر باشتر تۆ دەناسن. لەوانەیە شتێک هەبێت لە منداڵیدا زۆر ئارەزووی ئەنجامدانیت کردبێت و داوات لە خێزانەکەت کردبێت ڕێگەت پێ بدەن ئەنجامی بدەیت، بەڵام ئێستا لەبیرت نەمابێت. ڕەفتارەکانی ڕابردووت، ئەو شتانەی ئارەزووت کردوون و حەزت پێ نەکردوون لەگەڵ گەورەبووندا کاریگەریان لەسەر کەسایەتی تۆ دەبێت. هەوڵبدە لە ڕێگەی دۆزینەوەی ئارەزووەکانی منداڵیت، بەهرە و لێهاتوویی ئێستات دەربخەیت. 

بزانە بەهرەی کەسانەی تر چییە 

فشار لەسەر خۆت دروست مەکە و زۆر لە خۆت مەکە، پشوویەک وەربگرە و بزانە بەهرە و لێهاتوویی کەسانی تر چییە. هەندێکجار بەهرەی کەسانی تر دەبنە هاندان بۆت و هانت دەدەن، زۆرجار ئەوەی کاریگەریت لەسەر دروست دەکات دەبێتە بەهرەیەک بۆت. هەروەها سەیرکردنی کەسانی تر وات لێدەکات و بیرت دەهێنێتەوە کە تۆش لەو شتەدا لێهاتوویت. بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێ بە ڕۆحی خۆت دەبەستنەوە و وات لێ دەکەن هەست بە دڵخۆشی بکەیت. هەندێک کات سەیرکردنی کەسانی تر لەوانەیە وات لێ بکات هەست بە ئیرەیی بکەیت، بەڵام هەوڵبدە سوود لەمە وەربگریت و تەنانەت داوا لە کەسەکە بکەیت یارمەتیت بدات، بۆ ئەوەی هەستی نەرێنی بە سەرتدا زاڵ نەبێت. 

هەوڵبدە بنووسیت

هەندێکجار چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر تاقی دەکەیتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابیت. لەگەڵ ئەوەشدا ناتەوێت هەستەکانت لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا باس بکەیت. لەم کاتانەدا باشترین کار ئەوەیە، پێنووس و کاغەز بێنیت و ئەوەی لە مێشکتداتە بینووسیت. هەموو ڕۆژێک شتێک بنووسە ئەگەرچی کەمیش بێت، ئەمە بکە بە خوویەکی ڕۆژانە. بەم شێوەیە وا دەکەیت هەستەکانت ئازاد بن و ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانت. دوای چەند هەفتەیەک یان مانگێک هەوڵبدە ئەوانەی نووسیووتە بیانخوێنیتەوە، ئەگەری هەیە لە نووسینەکانتدا سەرنجی شتێک بدەیت و و وات لێ بکات بەئاسانی بەهرەکەت بدۆزیتەوە. ئەم نووسینانە وەڵامی لێهاتووییە شاراوەکانی تۆیان تێدایە، پشانت دەدات لە ژیانتدا چیت دەوێت و دەتەوێت چی بکەیت، هەروەها یارمەتی دۆزینەوەی ئارەزووەکانت دەدات.


سەرچاوەکان



3395 بینین