فەرەنگی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-03-21:27:00 - کۆدی بابەت: 10137
فەرەنگی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فەرەنگی یاخود زهوری یان سیفلیس (بە ئینگلیزی: Syphilis، بە عەرەبی: الزهري) یەکێکی ترە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD). ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکتریایەکەوە بەناوی تریپۆونیما پاڵیدم (Treponema pallidum)ـەوە تووشی کەسەکە دەبێت. ‌یەکەمین نیشانەی ئەم نەخۆشییە دەرکەوتنی برینێکی بچووک و بێ ئازارە. ئەم برینانە لە ناوچەی زاوزێ، دەم، کۆمدا دەردەکەون. بە ئەم برینانە دەوترێت شەنکر (Chancre)، کە جۆرە برینێکی پێستە و بێ ئازارە، لە قۆناغی یەکەمی تووشبوون بە نەخۆشی فەرەنگیدا دەردەکەوێت. برینەکان بەشێوەیەکی مامناوەندی ٢١ ڕۆژ دوای تووشبوون بە بەکتریای تریپۆنیما پاڵیدم دەردەکەون. دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە هەندێک جار دەکرێت زۆر قورس بێت. چونکە دەگونجێت کەسێک ساڵانێکی زۆر تووشبووی فەرەنگی بێت و بەڵام هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرنەکەوێت. 

قۆناغەکانی تووشبوون بە فەرەنگی

قۆناغی یەکەمی فەرەنگی 

ئەم قۆناغە بەنزیکەیی سێ بۆ چوار هەفتە دوای تووشبوونە بە بەکتریاکە. ئەم قۆناغە بە برینێکی بچووک و ورد بەناوی شانکر دەست پێ دەکات. ئەم برینە هیچ ئازارێکی نییە بەڵام هەوکردنێکی زۆری هەیە. برینەکە دەکرێت لە هەر شوێنێک کە بەکتریاکە لێوەی بچێتە ژوورەوە برین دروست بکات. وەک ناوەوەی دەم، ئەندامەکانی زاوزێ، کۆم. دەرکەوتنی برینەکە نزیکەی سێ هەفتەی پێ دەچێت، بەڵام گەشەکردنەکەی ١٠ بۆ ٩٠ ڕۆژی پێ دەچێت. ئەم برینانە دوو بۆ شەش هەفتە دەمێننەوە. 

قۆناغی دووەمی فەرەنگی

قۆناغی دووەم لەوانەیە سووربوونەوە و ئازاری گەرووی لەگەڵدا بێت. سووربوونەوەکان بەگشتی لە دەست و پێیەکاندا دەردەکەوێت، بەبێ هیچ خورانێک. بەڵام ئەگەریشی هەیە لە هەر شوێنێکی تری جەستەدا دەربکەون. دەکرێت قۆناغی دووەم چەند نیشانەیەکی تری هەبێت، ئەم نیشانانە بە دەرمان چارەسەر دەبن، ئەگەر لەم قۆناغدا ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت، ئاوا دەچێتە قۆناغەکانی ترییەوە. هەروەها زۆرجار قۆناغی دووەمی فەرەنگییان لەگەڵ یەکێکی تر لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی تردا لێ تێک دەچێت، نیشانەکان بریتین لە:

قۆناغی شاراوەی فەرەنگی

ئەم قۆناغە پێی دەوترێت قۆناغی شاراوە. نیشانەکانی قۆناغی یەکەم و دووەم دیارنامێنن. هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا لەم قۆناغەدا دەرناکەوێت. بەڵام بەکتریاکان لە جەستەدا هەر دەمێننەوە. ئەم قۆناغە دەکرێت چەند ساڵێک بخایەنێت.

قۆناغی سێیەمی فەرەنگی

کۆتایەمیین قۆناغی فەرەنگی، قۆناغی سێیەمە. بەنزیکەیی ١٥٪ بۆ ٣٠٪ ئەو کەسانەی کە فەرەنگییان هەیە و چارەسەرنەکراون، دێنە ئەم قۆناغەوە. دەکرێت ئەم قۆناغە دەیەها ساڵ بخایەنێت، قۆناغی سێیەم مەترسیدارە و دەکرێت کەسەکە تووشی ئەم حاڵەتانە بکات:

  • لەدەستدانی هەستی بینین
  • لەدەستدانی هەستی بیستن
  • نەخۆشیی دەروونی
  • لەدەستدانی یادەوەری
  • تێکشکانی شانە نەرمەکان و ئێسکەکان
  • جەڵتەی مێشک
  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • هەوکردنی پەردەی مێشک
  • تووشبوونی میکرۆبی مێشک یان دڕکەپەتک

ڕێگاکانی گواستنەوە

  • ئەم نەخۆشییە لەڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە.
  • بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە برینەکان.
  • ئەنجامدانی جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.
  • ماچکردن.
  • لە کاتی منداڵبووندا لە دایکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی.
  • لە خوێنی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.
  • بەکارهێنانی هەمان دەرزی کەسی تووشبوو بۆ کەسێکی تر.
  • هاوبەشیکردنی دەرزی لە کاتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا.
  • بەڵام لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەوالێت، خواردن، گەرماو، جلوبەرگ، دەسکی دەرگاوە ناگوازرێتەوە.

کێن ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان زیاترە؟

  • ئەوانەی پەیوەندی ناشەرعییان هەیە.
  • کەسێک سێکس بکات لەگەڵ کەسی تووشبوودا.
  • پیاوانی هاوڕەگەزخواز.
  • ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی ئایدزن.

دەستنیشانکردن

ئەگەر هەستت بە هەر نیشانیەک لە نیشانەکانی فەرەنگی کرد، ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکە، پزیشک بە بینینی نیشانەکانی جەستە، یاخود پشکنینیی خوێنی کەسەکە دەتوانێت نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات. یاخود پزیشک نموونە وەردەگرێت لە برینەکان و دەینێرێت بۆ پشکنین.
لە کاتێکدا نەخۆشەکە لە قۆناغی سێیەمی نەخۆشییەکەدا بێت، پێویستە نموونە وەربگیردرێت لە شلەی ناو دڕکەپەتک و بنێردرێت بۆ پشکنین.

چارەسەر

نەخۆشی فەرەنگی کاتێک لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا بێت، بە ئاسانی لە ڕێگەی دەرزی پێنسلین (Penicillin) چارەسەر دەکرێت. ئەم دەرمانە یەکێکە لە دژەبەکتریا زۆر باشەکان و سوودی دەبێت لە چارەسەری فەرەنگیدا. ئەگەر کەسێک هەستیاری بە پێنسلین هەبێت دەکرێت یەکێک لەمانەی بۆ بنوسرێت:

  • دۆکسیسایکلین (Doxycycline)
  • ئەزیسرۆمایسن (Azithromycin)
  • سفتریاکزۆن (Ceftriaxone)

کاتێک نەخۆشەکە لە قۆناغێکدا بێت کە تووشی نیورۆسیفلیس (Neurosyphilis) بووبێت، واتە فەرەنگی گەشتبێت بە مێشک و دڕکەپەتکی پێویستە ڕۆژانە، دووجار دەرزی پێنسلینی لێ بدرێت و لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت. دەکرێت ئەم چارەسەرە بەکتریاکان لەناوببات، بەڵام ئەو نیشانانە لەناو نابات و مێشک و دڕکەپەتک وەک خۆیان دەمێننەوە. 
بەدرێژایی وەرگرتنی چارەسەرەکان بۆ نەخۆشییەکە پێویستە کەسەکە دووربکەوێتەوە لە پەیوەندی سێکسی.

لێکەوتەکان

گرێی گوما

گوما (Gumma) جۆرە گرێیەکە لە کۆتا قۆناغی ئەم نەخۆشیەدا. لەسەر پێست، ئێسکەکان، جگەر، یاخود ئەندامەکانی تری جەستەدا دروست دەبێت. ئەم گرێیە دەکرێت چارەسەر بکرێت بە دەرمانی دژەبەکتریا.

کێشەکانی مێشک

نەخۆشی فەرەنگی دەتوانێت چەند کێشەیک دروست بکات لەسەر مێشکی کەسەکە. وەک:

  • سەرئێشە
  • جەڵتەی مێشک
  • هەوکردنی پەردەی مێشک
  • لەدەستدانی هەستی بیستن
  • کێشەکانی بینین، لەدەستدانی بینایی
  • تێکچوونی ئەقڵ
  • لەدەستدانی هەستی هەستکردن بە ئازار
  • کێشەی جنسی بۆ پیاوان
  • ڕانەگرەتنی میز

کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن

فەرەنگی دەتوانێت زیانبگەیەنێت بە دەرچەکانی دڵ، هەروەها ئاوسانی شاخوێنبەر (Aorta) یاخود تەواوی خوێنبەرەکانی تریش.

‌تووشبوون بە ئایدز

ئەو کەسانەی کە بەتەمەنن و تووشی نەخۆشی فەرەنگی دەبن، دوو بۆ پێنج بەرانبەری کەسانی گەنج ئەگەری تووشبوونیان بە ئایدز زیاترە. خوێنبەربوونی برینەکان زۆر زیاد دەکات و بەمەش تووشبوون بە ئایدز زۆر ئاسان دەکات.

کێشەکانی دووگیانی و منداڵبوون

کاتێک خانمێکی دووگیان تووشبووی ئەم نەخۆشییە بێت، دەتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بۆ کۆرپەکەشی. ئەمەش مەترسی لەبارچوون، مردنی منداڵ لە کاتی لەدایکبوونیدا، یاخود مردنی منداڵەکە چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون زیاتر دەکات. 
ئەگەریش منداڵەکە لەدایک ببێت تووشی چەندین کێشە دەبێتەوە وەک، زەردوویی، کەمخوێنی، سووربوونەوەی جەستە، ناتەواوی لە جەستەیدا، تا، برینی هەوکردوو. هەروەها دەکرێت زیانیش بگەیەنێت بە ئەندامەکانی وەک:

ڕێگریکردن

  • دوورکەتنەوە لە پەیوەندی ناشەرعی.
  • کەسی تووشبوو پێویستە لە کاتی جووتبووندا کۆندۆم بەکاربهێنێت.
  • دوورکەوتنەوە لە بووکەڵە و ئامێرە سێکسییەکان.
  • دوورکەتنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
  • دوورکەتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.
  • چاودێریکردنی دایکی تووشبوو لە کاتی دووگیانیدا.


سەرچاوەکان



703 بینین